• تاگەکان: ,

    مێژوو لە حەوزی دجلە ـ فوراتدا

    19 تشرینی دووه‌م, 2022

    ئورفا سیمبۆلی پیرۆزی و نەفرەت

    ریبەر ئاپۆ

    بەشی دووەم

           لە ئورفا و دەوروبەری پیرۆزی سۆزێکی بەربڵاوە. هەرلایەک پڕەلە پیرۆزی. ئەم مەسەلەیەش بەو واتایە دێت: لەهەر لایەکی ناوچەکەدا خۆراک فیچقە دەکات و هەموو شوێنێک سەوزاییە. بەجۆرێک لەجۆرەکان مێژووی خۆراک لەو ناوچەیە شاراوەیە. بەڵام چەندە شاراواەش بێت، بەهۆی بایەخەکەیەوە بەردەوام ئاسەوار و شوێنپەنجەی لەیادەوەرییەکانی کۆمەڵگادا دەمێنێت و ناسرێتەوە، ئەمەش هەڕەشەیەکی شاراوەیە. مێژووی خۆراک گەوهەری بیرۆکەی ئورفای پیرۆزە. نەک تەنیا خەڵکی ناوچەکە بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی لەمیانەی ئەم خۆراکەوە ژیاوە. تەنانەت تاوەکو ئێستاش لەو رێگایەوە دەژی. ساوار، جۆ، نۆک، نیسک، ترێ، هەنجیر و … هتد. تەنانەت لە رۆژگاری ئەمڕۆشماندا کێ دەتوانێت دەستبەرداریان بێت؟ ئەوەی سۆمەریەکان هاوتای پیرۆزییان بینیوە، بەبەروبوومی خوداییان داناوە و مەراسیمی جەژنیان بۆ کردووە ئەم خۆراکانەیە. ئەمەش مێژووی شاراوەی خۆیانە.

          لەبناخەی خۆراکدا چی هەیە؟ رەنج هەیە، رەنجی دایک هەیە. خولقێنەر و دۆزەرەوە و پێگەیەنەرەکەی دایکە. کێ دەزانێت کاتێک یەکەمین گوڵەگەنمەکانی کۆکردۆتەوە چەندە دڵخۆش بووە! ئەی چۆن دڵخۆش نەبێت؟ مرۆڤایەتی تەنها لەڕیگای ئەو بەرهەمانەوە بەردەوامی بەهەبوون و رەچەڵەکی خۆی دەدات، ئایا کاروچالاکییەکی لەمە واتادارتر دەبێت؟ ئایا دەشێت لێرەدا شەڕ و ئەشکەنجە بوونی هەبێت؟ ئەو خەریکی بەرهەمهێنانە. تەنیا ئەمە دەزانێت و دەناسێت. لەو رێگایەوە درێژە بەژیانی مرۆڤایەتی دەدات. بەمجۆرەش لەمرۆڤایەتی تێدەگات. مرۆڤایەتی دایک، مرۆڤایەتی ژن بەم واتایە دێت. ئەمە چەمکێکی ناسینی مرۆڤایەتییە کە بەواتای مرۆڤایەتی پیرۆزیش دێت. سۆمەرییەکان راستی هەڵدەسەنگێنن. ئەو ئامرازە گرنگانەی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا بەکاردەهێنرێن بەپیرۆز دادەنرێن. خەرماشە، گاسن، تەور، گا، گامێش و… هتد. تەنانەت هەریەکە و خوداوەندی تایبەتی خۆی هەیە. تەواوی جۆرەکانی خۆراک و سەرجەم ئەو شتانەی لەبەرهەمهێنانی خۆراکدا سوود بەخشە وەکو خاک، ئاژەڵ، باران، خۆر، با و ئاژەڵەکان یان خۆیان دەکرێن بەخودواوەند یان لەرێگای خوداوەندێکەوە نوێنەرایەتیان دەکرێت.

           بیرۆکەی پیرۆزی هێندەی دەچێت فراوان و ماناداریش دەبێت، چونکە مرۆڤایەتی لەمیانەی چۆنیەتی رێگا و رێچکەو پەیڕەوەکانی ئەم خۆراکانە گەورە دەکرێت، پەرەی پێدەدرێت و بەردەوامدەبێت. پەڕینەوە و گۆڕان لەو جۆرەی دوێنێ لەئاژەڵ دەچوو بۆ نێچیروانی و کۆکردنەوەی خواردەمەنی بۆ مرۆڤێکی بەرهەمهێنەر سانایی نییە. ئەمە شۆڕشێکی ئاوارتە و گەورەبوونە. ئەم راستییە پیرۆز و خوداوەندی دەکرێت. کەواتە لەبناخەی خوداوەندیبووندا پیرۆزی هەیە، لەهەمان واتاشدا خۆراک جێگای باسە. خوداوەندەکانی خۆراک (خواردەمەنی)، بەهۆی سوودەکانیانەوە، ئەو خوداوەندانەن کە مرۆڤ ناسنامەی پێبەخشیون. وەکو دۆستی خۆی نزیکترین ناسنامەن لێیانەوە. هێشتا سەردەمی ئەو خوداوەندە ژنانەیە کە مرۆڤ ناچەوسێننەوە، هەمیشە بۆیان دەبنە خۆراک و پێشکەشیان دەکەن، سەردەمی ئەو خوداوەندانەیە کە منداڵ (وەچە)دەخەنەوە و بەخێویان دەکەن. پیرۆزی بۆ ئەم خوداوەندانە تایبەت دەکرێت. واتە پیرۆزی پێشکەش بەراستینەی سەرەکیترین خوَراک دەکرێت. لای ئەم خوداوەندانە دروَ و فشار بوونی نییە. دایکی ئەم خوداوەندانەش دایکە خوداوەندە. راستینە و مێژووی خوداوەندەکان بەمجۆرەیە. زۆر روونە کە لەبناخەی رەنجی مرۆڤدا وەکو پێویستییەکی دەست لێبەرنەدراو، دەبێتە ناسنامەی پیرۆزی خۆراک کە ژیانیترین پێداویستییە، خوداوەندێکی پیرۆز بەمجۆرە واتا بەدەست دێنێت. لەبەرئەوە دەوروبەری ئورفا پڕە لەم پیرۆزییانە، کەواتە پڕە لەشتە ئیلاهییەکان. خودی ئورفاش بەوشێوەیە پیرۆزدەبێت.

           دواتر سۆمەرییەکان ئەم خوداوەندەیان زەوتکرد. لەپەرستگای راهیبەکاندا کران بەخوداوەندی کۆمەڵگای چینایەتی. بۆ ئاسمان بەرزیان کردەوە، خستیانە رەوشێکەوە کە دەرکی پێنەکرێت. کردیانە خوداوەندێک کە لێدەدات، سزا دەدات و تۆفان دەبارێنێت. ئەمانە خودی چین (گبقە)ن کە بڵند کراونەتەوە، ئەم چینەش خۆی کردووە بەخوودا. ئەمەش یەکەمین دەستدرێژی و داگیرکاری هەرە گەورەیە کە دەکرێتە سەر مێژوو و هۆشیاری مرۆڤایەتی. سەرەتای هۆنینەوەی تۆڕی درۆ، فشار و قەدەری خراپە. کەچی خوداوەندەکانی دایکە خوداوەندیش لە تەنیشتیانەوە لەتەک مرۆڤەوە بوون. بەرهەمهێنەر و دۆست بوون، بەهیچ شێوەیەک فشار و درۆیان نەدەزانی. بەمجۆرە راهیبەکانی پەرستگا بەشێوەیەکی نووسراو خوودا درۆزن و سزادەرەکانیان بەرهەمهێنا و بۆ ئاسمان بەرزکرانەوە، دواتریش چەندەی بڵێی مەزن و شکۆدارکران. زیادەڕۆیی بۆ کرا، لەڕادەبەدەر زلکران و نۆوەدونۆ سیفەتیان لێبارکرا. بەمجۆرە چینی دەسەلآتدار بەبێ ئەوەی کاربکەن، گەورە بوون، بوونە سزادەر، چەوسێنەر، رەنج و بەرهەمی خەڵکیان زەوتکرد و لەگەڵ دارودەستەکانیاندا بوونە خوداوەند. راهیبەکانی سۆمەر ئەم کارەیان بەشێوەیەکی زۆر ئاشکرا ئەنجامدا، واتە بۆ ئەوەی بزانین ئەمەبوو ئەو کارەی ئەنجامیاندا، بەبێ گەڕانەوە بۆ فەلسەفە و زانست کە سەر لە مرۆڤ دەشوێنێت لێی تێدەگەن، میتۆلۆژیا (ئەفسانە)یان وەکو چیرۆک دروستکرد و بەکاریان هێنا. دواتر بەڕادەیەی وەکو چینی دەسەلآتدار خۆیان جێگیرکرد، گووتیان ” جیهان هی منە” خوداکانیشیان بەپلە و ئادرەسی ” لەئەزەلەوە هاتووین، بۆ ئەبەدی و هەمیشەیی دەڕۆین”گەیاند. چونکە دەسەلآتدارەکان راستینەی هەرە گەورە و مسۆگەرن! هەروەکو چۆن خوداکانیان مسۆگەرن و گەورەترین راستین، ئەوانیش بەمجۆرە خۆیان دەنوێنن و خۆیان بەسەر کۆیلەکاندا دەسەپێنن.

          حەزرەتی ئیبراهیم بەکەسێکی خەڵکی ئۆرفا دەناسرێت، هەڵوێستی بەرامبەر ئەم زۆرداری و درۆ گەورەیە واتادارە و پیرۆزییەکی راستەقینە لەخۆوە دەگرێت. حەزرەتی ئیبراهیم دەڵێت:” ناشێت ئەم بتانە خووداوەندبن، تەنانەت بتی هەرە گەورەشیان نابێتە خوداوەند “. کاتێک نەمرود دەڵێت: ” نا”. ئەویش دەڵێت:” کەواتە من بتەکانم نەشکاند، بەڵکو بتە گەورەکە شکاندی” بەمجۆرە (نەمرود) دەخاتە نێو تەڵەزگەوە. ئەمە شەڕێکی ئایدیۆلۆژییە. لێرەدا شەڕ لەنێوان سیستەمی خوداوەندی گەل و سیستەمی خوداوەندی چینی کۆیلەدار ـ نەمرودەکان جێگای باسە. تاکە خوودای ئیبراهیم گوزارشت لە هەبوون و یەکێتی گەل، راستتر گوزارشت لەهەبوون و یەکبوونی تیرەکان دەکات. رزگاربوون لە بتگەرایی هەڵوێستێکە لەبەرامبەر هێزی درۆی زەق و خوداوەندێکی مەعنەوی و گشتگیر، کە بۆ ئەو سەردەمە جێگای تێفکراندنێکی زۆرە، هۆکاری یەکبوون و بەرەو پێش چوونە. بەمجۆرە پیرۆزی حاڵەتێکی ناراستەوخۆ لەخۆوە دەگرێت. گۆڕەپانی پیرۆزیی تایبەت بۆ ” ئەڵلآ” سنوردار دەکرێت، بەڵام دیسان لەبناخەکەیدا هێز و یەکێتی گەل هەیە. ئەم دووەمین قۆناخی پیرۆزییەی ئورفاش، هەڵمەتی نیشاندانی هەڵوێست بوو لەبەرامبەر خوداوەندی چینایەتی، کە بەپیرۆزی ئیبراهیمی و پێخەمبەرایەتی ناو دەبرێت. بەگوێرەی قۆناخی خۆی پیرۆزییەکی بەرخۆدانگەر و پێشکەوتنخوازە.

          ئەمە لەشەڕی نێوان خوداوەندەکاندا دەبێتە هەڵوێستێکی نزیک راستی. بەناوکردنی ئورفا وەکو شاری پێخەمبەران، کە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان بەمجۆرەبە، بۆ پیرۆزی خۆراک و رەنجەکەی، بەتایبەتیش بۆ ناوهێنانی بەووشەی پیرۆز دەگەڕێتەوە. کاتێک دەگوترێت ئورفای پیروَز، شاری پێخەمبەران، بەواتای ئەو ئۆرفایە دێت کە بەسیستەمی کشتوکاڵ و خۆراکەوە گرێدراوە. ناونانیشی بەناسنامەی شاری پێخەمبەران بۆ ئەو راستییە دەگەرێتەوە. کاتێک لەلایەن خووداوەندە دروَزنەکانی چینایەتییەوە، هێرش کرایە سەر پیرۆزییەکانی ناوەندی ئەو پێخەمبەر و مرۆڤانەی کە نوێنەرایەتی سیستەمی خودایی گەل دەکەن، ئەوانیش لە بەرامبەر سیستەمی خوداوەندی نەمرود راپەڕین.

          لەکاتێکدا مێژوو و پیرۆزی ناوچەی ئورفا بەمجۆرە بێت، ئایا بیرۆکە گرنگەکەی دیکە نەفرەت (نەعلەت) بەچ واتایەک دێت؟ زاراوەیەکی دیکەی (کلیل)یش خودی نەفرەتە. شیکاریکردنی ئورفا لەنزیکەوە پەیوەندی بەشیکردنەوەی نەفرەتەوە هەیە.

          هەرشتێک مێژوو و پیرۆزی تێکبدات نەفرەتە. نەفرەت هێرشێکی درۆزن و ستەمکارانەیە. شانبەشانی هێرشی دز و ستەمکاران، قۆناخی نەفرەتکردن بۆ سەر رەنج و رەنجدەران دەستپێدەکات. تەواوی کردەوەکانی پەلاماردان بۆ سەر گشت بەرهەمەکانی رەنج، گوند، شار، کێڵگە و پەرستگاکان بەلەعنەت ناودەبرێت. ئەم رەوشە لەنزیکەوە پەیوەندی بەپەڕینەوە بۆ کۆمەڵگای چینایەتییەوە هەیە. مرۆڤایەتی تا ئەو کاتە ئاشنای ئەو داگیرکردن، سزادان، تالآن، وێرانکردن، تەڵەکەبازی و زۆرردارییە نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو چینایەتییەدا رووبەڕووی دەبێتەوە. ئاشکرایە کە نەفرەت گوزارشت لەپێچەوانەی پیرۆزی دەکات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی کۆمەڵگای چینایەتی لە شاری ئورفا و دەوروبەری (نەفرەت)یش بەخێرایی زیاددەکات، چونکە هێندەی دەچێت بەرهەمەکانی رەنج زیاد دەبێت و دەوڵەمەندی پەرەدەسێنێت. لەحاڵەتێکی وەهادا جیابوونەوەی چینایەتی و هێرشکردن لەناویەکدا بەڕێوەدەچێت. چیتر ئەم ناوچانە ناتوانێت خۆی لەژێر دەستی هێرش، داگیرکاری و تالآنکاران رزگاربکات. نەفرەت تۆڕی خۆی بەسەردا دەکێشێت. تراژیدیا جێگای مەراسیمی پیرۆزی و جەژن دەگرێتەوە. جەژنەکانی پیرۆزی تێکدەچێت، قۆناخی تراژیدیا و شیوەن دەست پێدەکات کە نەفرەت رێگای لەبەردەم کردۆتەوە.

          پێشتر مۆسیقای ئایینی و دەنگەکانی پیرۆزی لە ئورفا و دەوروبەری جێگای باس بوو، تەنانەت گەر بگوترێت یەکەمین ناوەندەی مۆسیقای ئایینی جیهانە لەجێگای خۆیدایە. بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەمجۆرە بەردەوامبووە، بەڵام کاتێک سەردەمی نەفرەت دەستی پێکرد، ئەم مۆسیقایە جێگای خۆی بۆ داستان، هاوار و شیوەن بەجێهێشت. ئەو سەردەمە دەستیپێکرد کە بەگۆرانییەکانی ئورفا دەناسرێت. مۆسیقای پیرۆزی لەناو ئەم گۆرانیانە شاراوەیە. دەرفەتی بەردەوامبوونی رەچەڵەکی مرۆڤ لەنێو متمانە و خۆراکی زۆردا، لە شۆڕشی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا شاراوەیە. کاتێک مرۆڤ هێزی خۆراکی جێگیر بەدەستدێنێت دڵخۆش دەبێت، ئەم دڵخۆشییە دەبێتە دەنگ و گۆرانی لەدایک دەبێت، لەکەلتووری مۆسیقای ئورفادا بناخەیەکی بەمجۆرە هەیە. سەرەتا مۆسیقا بۆ پیرۆزی خوداوەندەکان دادەنێت، دواتر بەنەفرەت و ئاوازی خەمناک وەلآمی دەداتەوە. بەمجۆرە گۆرانییە خەمناکەکان (قوَریات) دەکەوێتە ناو دیرۆکی سترانەوە.

           گرێدراو بەم بیرۆکە (چەمک) سەرەکیانە (پیرۆزی ـ نەفرەت) دەتوانرێت چەندین چەمکی دیکەی کەلتووری وەکو: رەحمەت، زیارەت، سەبر، کفر، دوعا، قارەمان، عیبادەت، جەژن، خزمایەتی، شەیتان و پەرستگا… هتد بژمێردرێت. کەلتووری شۆڕشی کشتوکالأ و ئاژەڵداری قووڵە؛ لەتەواوی کیشوەر و سەردەمەکاندا کاریگەری لەسەر مرۆڤایەتی کردووە.

          هەروەکو دەزانین سۆمەرییەکان بەگەلی خولقێنەری ئەم سەردەمەیان گوتووە” ئاریانییەکان” کە بەواتای گاسنەوانی دێت، “ئۆرارتوو” بەواتای ” خەڵکی مەملەکەتی بەرزاییەکان” دێت، ” گۆتــی”  بەواتای ئەو کەسانە دێت کە لەگەڵ گا، مانگا و رەشەولآخەکانیاندا دەگەڕێن. تەواوی ئەو چەمک و تێگەیشتنانە ریشەکەیان بۆ سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە و گوزارشت لەخەڵکی میسۆپۆتامیای سەروو دەکەن. لەمێژوودا ئەم کەلتوورە بە (هیند و ئەوروپی)، بەواتایەکی بەرتەسککراو بە”کەلتووری ئاریان” بەناو دەکرێت. ئەم کەلتوورە تاوەکو سالآنی چوارهەزاری پێش زایین، لەکەنارەکانی زەریای مەزن، لەچینەوە تاوەکو زەریای ئەتڵەسی، تاوەکو دەگاتە دوا سنوورەکانی ئەوروپا بەهێزی پەلهاویشتن و بڵاوبوونەوە گەیشتووە.

          لەمیانەی هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسەکانەوە رۆژ لەدوای رۆژ راستینەی بۆچوونێکی هاوبەش دەخاتەڕوو کە ئەمجۆرە پەلهاوێشتن و بڵاوبوونەوە کەلتوورییەی ئاریان لەیەک ناوەندەوە سەرچاوەیگرتووە. لەهەمان لێکۆلێنەوەدا دەبینرێت کە مێژووی شار و جیابوونەوەی چینایەتی بەپشتبەستن بەسەرچاوە سۆمەرییەکان لەساڵی (2,000)ی پێش زایینەوە کاریگەرییەکانی دەبینرێت. دوای ئەوە سەردەمی مێژووی نووسراو دەستپێدەکات، بەڵام راستترین و قووڵترین مێژوو، چاخی کشتوکاڵییە کە زیاتر لە (10,000) ساڵ ناوەندێتی کرد، پێش ئەو چاخەش  بەدەیان هەزارساڵ، چاخی کۆکردنەوەی بەرووبوومی درەخت (خواردەمەنی)، چاخی هەرە پێشکەوتوو بووە. بەگوێرەی ئەمە مێژووی نووسراو هەم نوێیە، هەم بەخەستی دیرۆکی چینایەتی لەخۆوە دەگرێت. ئەمە مێژوویەکە تاڕادەیەکی مەزن راستییەکانی شێواندووە، هەڵکشانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەسەلآتدارانی پیرۆزکردووە، جۆرێکە لەمێژووی نەفرەت کە راستی مێژوو و پیرۆزی تێکداوە.

          لەسالآنی (2000)ی پێش زایین ئاشوورییە بەرەچەڵەک ئاموورییەکان کە دەکەونە باکووری بابل، وەک قەومێکی بازرگانی میسۆپۆتامیای سەروو بۆ ئەنادۆڵ هەڵدەکشێن. لەنێوان میسۆپۆتامیای خواروو کە سیستەمی شاری تێیدا زاڵبوو، لەگەڵ میسۆپۆتامیای سەرووی ئەنادۆڵ کە سیستەمی کشتوکالأ و کانزا (مەعدەن)گەری تێیدا پێشکەوت، ئاشورییەکان لەڕێگەی بازرگانییەوە هێزێکی زۆریان بەدەستخست. لەسالآنی (1300)ی پێش زایین تا کۆتاییەکانی (600)ی پێش زایین ئاشوورییەکان هێزی دەسەلآتداری سیاسی و بازرگانی بوون.

          ئورفا لەمیانەی بوون بەناوەندی ئەم کشتوکالأ و بازرگانییە گرنگی زیاتر بەدەست دەخات. لەسەردەمی (هۆری)یە کشتوکاڵکار و کانزاگەرە بەڕەچەڵەک ئاریانییەکان، دواتریش لەقۆناخی میتانییەکان کە بەردەوامێکی (هۆری)یەکان بوون، ئورفا ناوە بەناوە رۆڵی پایتەخت دەبینێت. ئەمە لەنێوان (ئاشووری و هۆری)کاندا دەستدەگۆڕێت، هەروەها دەبێتە ناوەندی هەرە گرنگی میتانییەکانیش. لەسەردەمی ئۆرارتووییەکانیشدا ئەم گرنگییەی خۆی بەردەوامدەکات. لەم سەردەمانەدا بەردەوام لەنێوان (هۆری ـ ئاشوری ـ هیتی)کاندا دەبێتە ناوەندێکی پەلاماردان و خێرا خێرا دەسگۆڕکێدەکات. لەدوای (میدی)یەکان دەکەوێتە ژێر دەسەلآتی (پارس)ەکانەوە. لەسەردەمی (ئەسکەندەر) ئاشنای (هێلینی)یەکان دەبێت. لەسالآنی (100)ی پێش زایینەوە دەکەوێتە ژێر دەسەلآتی رۆماوە. دیسان لەم سەردەمە دەبێتە ناوەندی دەوڵەتی (ئەبگار) کە بەڕەچەڵەک (ئاریانی ـ ئاشوری)ین. لەسەردەمی (بێزەنتی)یەکانیش کە شوێنی رۆمایان گرتۆتەوە، لەکاتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان (ساسان ـ بێزەنت) دەست گۆڕین بەردەوامدەبێت. هەروەها ئورفا لەسەرووی ئەو شوێنانەوە دێت کە ئایینی مەسیحی تێیدا لەناو (کورد ـ ئاشوری ـ ئەرمەن)ییەکاندا بڵاوبووەوە. پێشتر جەختمان لەسەر کردبوو، کە لەسالآنی (1800)ی پێش زایین ئورفا ناوەندی ئەو بزوتنەوانەیە کە پێخەمبەر سەرۆکایەتی دەکات. بەتایبەتی نەریتی پێخەمبەری کە نوێنەرایەتی بەرخۆدانی تیرە خۆجێیەکان دەکات بەرامبەر پادشا ـ نەمرودە بەڕەچەڵەک ئاشورییەکان، لەڕێگای حەزرەتی ئیبراهیمەوە قۆناخێکی مێژوویی دەستپێدەکات. ئەمە لەناوەڕۆکی خۆیدا نەریتی بەرگریکردنە لە ئازادی و بەرخۆدانی ئەو گەل ـ تیرانە بەرامبەر سیستەمی کۆیلەداری، کە نوێنەرایەتی ئەم نەریتە دەکەن. وەرچەرخانی ئایدیۆلۆژی لە تەوتەمپەرستی تیرەوە بەرەو یەکتاپەرستی، لەمیانەی ئایینە تاکخوداییەکانەوە گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی. بەشێوەیەکی بنەڕەتی پێخەمبەرەکان خوڵقێنەر و نوێنەری گۆڕانکاری ئەم قۆناخە مێژووییانەن. بەشێوەیەکی رێژەیی ئەم هەنگاوە لایەنێکی ئازادیخوازیشی هەیە. دەرکەوتنیان کاردانەوەیەکە لەبەرامبەر جیابوونەوە و سەرهەڵدانی چینایەتی. لەشێوەگرتنی ئایدیۆلۆژی قۆناخی ناوینی نێوان رێکخستنی دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتی پەرتەوازەی تیرە شاخاوییەکان رۆڵێکی سەرەکیان دەبێت. ئەم نەریتە کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر پەیدابوونی هێزە نوێکان هەیە. ئاوابوونی پادشایەتی (عیبرانی)یەکان لەسالآنی (1000)ی پێش زایین دەرئەنجامێکی ئەم کاریگەریەیە. ئەم نەریتە کە لەڕیگای تەوراتەوە بوو بە یەکەمین پەرتووکی پیرۆز، دواتر وەکو “عەهدولقەدیم” تا بڵێی پێشدەکەوێت. لەبنەڕەتدا هەوڵدەدات جموجوَڵە بێ ئەنجام و پەرتەوازەکانی تیرەکان رێکبخات، کە لەبەرامبەر سۆمەر و میسرییەکان ئەنجامیان دەدا. ئەم پەرتووکە بەقوولآیی لەژێر کاریگەری ئەفسانەکانی سۆمەری و میسرییەکان دان. بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەم کەلتوورانە بەگوێرەی پێکهاتەی تیرەکان دەگۆڕن و دەیگونجێنن. لەڕێگای حەزرەتی موساوە ئیسرائیل بەرەو ئایینی قەوم درێژە بەگوَڕانکاریدەدات. یەهودییەکان لەگەڵ دەرکەوتنی حەزرەتی عیساودا دووچاری پارچەبوونی چینایەتی هاتن، (تەورات یان ئینجیل) یاخود سەردەمی کوَن یان نوێ (عهد قدیم او جدید) بۆ دوو لایەن دابەش بوون. لەکاتێکدا ” عەهدولقەدیم” پەرتووکی کۆنی یەهودییەکانە، (عەهدولجەدید) دەبێتە پەرتووکی تەواوی مرۆڤی چەوساوە، بەمجۆرە رێکدەخرێت و دەبێتە خاوەن بانگەشە. لەم سەردەمەدا ئورفا دەبێتە ناوەندی ئایینی کریستیانی.

          ئەو بزووتنەوە ئایدۆلۆژییەی لەناوچەی ئورفا و دەوروبەری دەستی پێکرد، زۆر قووڵتربوو لەوەی کە شیمانە دەکرا. لێرەدا شوێن رۆڵێکی گرنگ دەبینێت. ئەم ناوچەیە کە بەمەودایەکی چۆنیەک لە ( هیتیت ـ ئاشور ـ میسر) دوورە رۆڵی هاوسەنگی دەبینێت. تاڕادەیەک لەنێو زەمینەیەکی ئازاد دایە. لەبەرامبەر نوێنەرەکانی خەڵکی خۆجێیی و نوێنەری ناوەندە ئیمپراتوَریەکان هێندە بەهێز نین. لەم واتایەدا لەسالآنی (2000) پێش زایین بەدواوە ئورفا رۆڵی ناوەندێکی گرنگی ئایدیۆلۆژی دەبینێت. پێکهاتەی خەڵک (گەل)ەکەی بناخەیەکی بەهێز پێشکەش بەمە دەکات. تیرە بەڕەچەڵەک ئاریان و ئامورییەکان بەشێوەیەکی تێکەڵ لەگەڵ یەکتریدا دەژین. تەنانەت لەڕۆژگاری ئەمڕۆشماند ئەم پێکهاتە دیموگرافییە بەردەوامە. لەباشوور عەرەبەکان، لەباکووریش وەکو کورد بەدرێژایی (5000)ساڵ ئەم ناوچەیە بەردەوام هاتوچۆی دانیشتوانی بەخۆیەوە بینیوە. دواتر ئەرمەنی و تورکەکان دێن بەشداری ئەم پێکهاتە دیموگرافییە دەکەن.

          هەم لەبواری جوگرافی، دیموگرافی، هەم لەبواری ئابووری و بازرگانی ناوەندێکی گرنگ و پڕ بایەخە. لەبەرامبەر هەرسێ ناوەندی کۆیلەداری، واتە کۆیلەداری ئەنادۆڵ، سۆمەر و میسر، لەمیانەی پێکهاتەی بەهێزی دیموگرافی، بازرگانی و ئابوورییەوە تەواو لەناوەڕاستیاندا دەبێتە زەمینەی بزووتنەوەیەکی نوێی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. ئەم تایبەتمەندێتییەی لەژێر ناوی شاری پێخەمبەرانەوە ئورفای پیرۆز نیشاندەدات. کاردانەوە و رقی گەلی ناوچەکە لەبەرامبەر کۆیلەداری لەمیانەی ئەم سەرهەڵدانە ئایدیۆلۆژییە نوێیەدا، رێگا لەپێش دەنگدانەوەیەکی مەزن دەکاتەوە. بەخێرایی دەبێتە موڵکی خەڵک و وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری لێدێت. لەدایک بوونی دەوڵەت بەپلەی دووەم رۆڵ دەگێڕێت. بۆ خۆیشی ناوەبەناوە دەبێتە ناوەندی دەوڵەتەکان. تاوەکو چارەگی یەکەمی سەدەی بیستەم درێژە بەو دۆخەی خۆی دەدات.

           دوای ئایینی کریستیانی سالآنی (640) بەدواوە ئاشنای ئایینی ئیسلام دەبێت. ئایینی ئیسلام لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا گەورەبوو، لەگەڵ بازرگانیدا بووە خاوەن هێز، کەلتووری بازرگانی و پیشەکاری کۆمەکێکی زیاترە بەکەلتووری شارەکان. لەناوچەکەدا رێگای بازرگانی باکوور ـ باشوور، رۆژهەلآت ـ رۆژئاوا زۆر چالاکە. کاریگەری هەزاران ساڵەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەرفەت بە بەردەوامبوونی پێگە گرنگەکەی دەدات. لەگەڵ هاتنی ئایینی ئیسلامدا رۆڵی ناوەندێتی بەردەوام و زیاتر دەبێت. تاوەکو سالآنی (1000)ی زایین لەژێر دەسەلآتی عەرەبەکاندا دەمێنێتەوە، (990 ـ 1080) لەژێر فەرمانڕوایی کوردە مەروانییەکان، دواتر دەکەوێتە ژێر دەسەلآتی تیرەی (ئارتوک ئۆغلولاری = کوڕانی ئارتوک) بەڕەچەڵەک تورک، لە (1200)ی زایینی دەکەوێتە ژێر دەسەلآتی بنەماڵەی (ئەیوبی ـ کورد). لەسالآنی (1500) بەدواوە دەکەوێتە ژێر دەسەلآتی عوسمانییەکان. لەکاتێکدا وەکو گەل کورد لەپێشەوە دێت، پاشماوەی ئاشورییە کوَنەکان، ئەرمەنی ـ سوریانییەکان، عەرەب و تورکەکانیش دەبن بەخەڵکی نیشتەجێی ناوچەکە. وەکو ناوەندێکی سەرجەم کەلتوورە ئایینی و پێکهاتە ئەتنیکییەکان، پێکهاتەیەکی تێکەڵ نیشاندەدات. لەناوچەکە تەنیا کەلتوورێک زاڵ نییە، هەمەلایەنە و فرەڕنگی پێکهاتە کەلتوورییەکەی بۆ کوَنترین سەردەمی مێژوویی دەگەڕێتەوە. بەگشتی پیرۆزی لەهەموو قۆناخێکدا جێگای باسە. وەکو روونمانکردەوە پێگەی ناوەندێتی شۆڕشی کشتوکاڵی و ئایدیۆلۆژیای پێخەمبەرایەتی لەپێشەوە دێت.

           ئەم کورتە باسەش دیاریدەکات کە ئورفا و دەوروبەری خاوەن پێکهاتەیەکی مێژوویی تێکەڵن. کەلتوورە ئەتنیکی و ئایینییەکەی بەناویەکدا چووە، لەناوەڕۆکی خۆیدا کەلتوورێک زاڵە کە پشت بەئابووری و بازرگانی دەبەستێت. لەکاتێکدا لە ناوچەیەکی بەرفراوانی دەشت و شاخەکاندا، لەنێو کشتیار و رەوەندەکاندا بەشێوەیەکی رێژەییش بێت سیستەمی تیرە ـ عەشیرەت زاڵە کە خەریکی بازرگانین، لەناوەندی شاریش دانیشتوانێک زاڵە کەخاوەن پێکهاتەیەکی فرە ئەتنیکی، کەلتووری و ئایینیین و خەریکی بازرگانیین. ئەم رەوشە وەکو تایبەتمەندی شارە سۆمەرییەکانە کە تارۆژگاری ئەمڕۆمان هاتووە. ناوچەیەکە بەچڕی دەسەلآتدارانی سەردەمی کۆیلایەتی ـ نەمرود، بەگ، میر و نەجیبزادە دەسەلآتدارەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتی ناسیوە. مەنجەنیق و فرێدانە ناو ئاگر کە لەسەردەمی نەمرودەکانەوە ماوەتەوە، پێویستە وەکو هێما و سیمبۆلێکی ئەم شەڕە ریشەدارە ئابووری و ئایدیۆلۆژیە توندوتیژە دەرکی پێبکرێت. چەمک و پێناسەی نوێ بۆ ئورفا پێویست ناکات، بەپیرۆزی و نەفرەتەکانی خۆیەوە بەمجۆرە گەیشتووەتە سەدەی بیستەم، بەڵام بەرچاوترین و سەرنجڕاکێشترین وەرچەرخان ئەو پێشکەوتنەیە کە لەنێوان پیرۆزی و نەفرەتدا روویداوە.

           کەلتووری پیرۆزی ئورفا هێشتا هەرە زێدە لەنێو بەرخۆداندایە، لەراستیدا لەبەرچاوانە پیرۆزی دووچاری خیانەتی هەرە گەورە بووە. سیستەمی درۆ و ستەمکاری کوَیلایەتی و دەرەبەگایەتی ناوەڕۆکی پیرۆزییان پووچکردووە. ئەم بیرۆکە شکۆدار و پڕواتایە تووشی داگیرکاری ئەو نەفرەت لێکراوانە بووەتەوە کە بەردەوام کارەکتەری دەسەلآتدارێتی و چەوسانەوەیان گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت. رەوشێک دێتە ئاراوە کە سەراوژێر و پێچەوانەکراوەتەوە. لەکاتێکدا ناوەڕۆکی راستەقینەی پیرۆزی مۆرکی نەفرەتی لێدەدرێت، نەفرەتیش بەتایبەتمەندی پیرۆزی دادەپۆشرێت. رەنجدەران دەخرێنە پێگەی نەفرتلێکراوی، شوێنکەوتو (اتباع) و نەوەکانی نەمرود پێستی پیرۆزی لەبەر دەکەن. ناوەوەی شار و بەکرێگیراو و نوَکەرەکانی ناوچەی (شاخ ـ لادێ) هەزاران ساڵە رێککەوتنێکی خیانەتکارانەیان لەدژی رەنجدەرە راستەقینەکان ئەنجامداوە. پێویستە ئەم رێککەوتنە بەباشی شیکاریبکرێت. تاوەکو ئەم رێککەوتنە شیکارینەکرێت، مەحاڵە ئورفا و دەوروبەری لەگەڵ مرۆڤایەتی شکۆداری رابردوو، سەرجەم بەها پیرۆزەکان، پێخەمبەر و شوێنکەوتووە بێشمارەکانی بەیەکتر بگەن.

          دوژمنانی پیرۆزی لەژێر دەمامکی پیرۆزیدا بەرامبەر بە(ڕەنج و گەل) لەنێو خیانەتێکی چوَندان؟ لەسەردەمی سۆمەرییەکان بەدواوە ئەم گەمەیە چۆن بەردەوامیکردووە و تا رۆژگاری ئەمڕۆمان هاتووە؟ هەوڵمدا سەرەداوی ئەمانە بەدەستبخەم. ئەمانە ئەو چینە خیانەتکارەن کە بەپێی بەسەرچوونی کات مارژیناڵ (پووچ)بوونە. هەم لەبەرامبەر هەمان گروپی ئەتنیکی، هەم لەبەرامبەر ئەو کەلتوورە پڕ لە پیرۆزییەی خۆیان خیانەت دەکەن. تەواوی هێزەکەیان؛ لەو هاوکارییەی کە لەگەڵ ناوەندەکانی کۆیلایەتی ئاوایانکردووە، پەیڕەوکردنی ئەشکەنجە و فشار، هەڕەشەی مەنجەنیق  و هاویشتنە ناو ئاگر، لەپووچکردن و خاڵیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژی وەردەگرن. ئەم هێزە لە لەسەر نانی رووپۆش و قاوخەکەی وەردەگیرێت. مسۆگەر ئەمانە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بەئایینی دایکە خوداوەند و ئایینی حەزرەتی ئیبراهیمەوە نییە. بەهیچ شێوەیەک ئایین ناناسن. ئەمانە ئایینیان کردۆتە ئامرازێکی ترساندن. بەدوای خوداوەندێکی ساختە کەوتوون کە لەخواوەندی راهیبەکانی سۆمەر مەترسیدارترە. هەرە زێدە ناوی خودا و ئایین دەکەنە وێردی سەر زمان و خوازیارن لەو رێگایەوە خیانەتە مێژووییەکەیان بشارنەوە.



    کژار