• تاگەکان: ,

    بەشداری کژار لە “سێیەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان بۆ ژنانی بنەڕەتی”

    16 ئه‌یلول, 2022

    چاوپێکەوتنی ماڵپەڕی کژار لەگەڵ “ئاسۆ کەمالی” ئەندامی دیپلۆماسی کژار لە ئەوروپا سەبارەت بە بەشداریان لە سێیەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان کە لە تونس بەڕێوەچوو.

    لە ڕێکەوتی ٣ تا ١٠ی سێپتامبەر سێیەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان بۆ ژنانی بنەڕەتی بە بەشداری زیاتر لە سی نەتەوەی جیاواز لە تونس بەڕێوەچوو کە ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەوروپا بەشداریان تێدا کردبوو. بەڕیز ئاسۆ کەمالی وەک نوێنەری کژار لەم کۆنفرانسەدا بەشداریان کردبوو. بۆ گفتوگۆی زیاتر سەبارەت بە وردەکاریەکانی کۆنفراسەکە و هەروەها ئامانج لە بەستنی ئەم کۆنفرانسە وەک ماڵپەڕی کژار چاوپێکەوتنێێکمان لەگەڵ ئاسۆ کەمالی کرد و لە چوارچێوەی ئەم پرسیارانە دا وڵامی داینەوە.

    ئامانج لە بەستنی کۆنفرانسەکە چی بوو؟ ئەو تەوەرانەی لە کۆنفرانسەکەدا هاتنە ئاراوە چی بوون؟ هەروەها وەک ئەندامێکی دیپلۆماسی کژار بەشداریت لەم کۆنفرانسەدا کردووە، هەڵسەنگاندنت بۆ ئەم کۆنفرانسە چییە؟ بابەتەکانی کە لەم کۆنفرانسەدا باستان لێ کرد چی بوون؟ پلانەکانی داهاتووی ئەم کۆنفرانسە چین؟

    ئامانج لە ‘کۆنفرانسی جیهانی ژنان بۆ ژنانی بنەڕەتی’، کۆکردنەوەی ژنان بوو لە هەموو وڵاتەکان. بۆ ئەوەی ئەزموونە جیاوازەکانیان و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵایەتی – سیاسی و فەلسەفەکانیان هاوبەشی پێ بکرێت. ئەمساڵ نزیکەی سی نەتەوەی جیاواز بەشدارییان لەم کۆنفرانسە دا کرد و شاندەکانی ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەوروپا بەشداریان تێدا کردبوو. ژنان بۆ دوو رۆژ لە تونس بۆ هاوبەشی کردن و بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان لەسەر پرسەکانی سەبارەت بە مافەکانی ژنان و بێگومان فێربوون لە یەکتر سیمینار و وۆرکشۆپیان لە دار خست.

    کژار (کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، سەرپەرشتی وۆرک شۆپێکی دوو ڕۆژەی کرد شانبەشانی دوو نوێنەری هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و ئێران. ئێمە سەرنجمان خستە سەر مێژووی خەباتی ژنان، نەک تەنها لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا کە تێیدا لەدایک بووە و تێیدا گەورە بووە، بەڵکو لەسەر ئەو جەسارەتەش کە ژنان نیشانی دەدەن لە پێچەوانەکردنەوەی ئەو ڕۆڵەی کە کۆمەڵگا چاوەڕێی دەکرد لێیان. ئێمە بەدواداچوونمان بۆ دۆخەکانی توندوتیژی خێزانی کرد کە ژنان بەرکەوتەی دەبن. لێرەدا، هەوڵماندا سەرنج بخەینە سەر قوربانییەکان، وەک مۆنا حەیدەری، کە لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا دوای ئەوەی تووشی ئازاری جەستەیی بوو لەلایەن هاوسەرەکەیەوە. وە دۆسیەی فاتمە ڕەسووڵی کە بە جێگاکەیەوە بەسترابوو و ئاگری تێبەردرابوو لەبەر ئەوە لە سۆنەردا دەرکەوت کە دووگیان بووە بە کچێک. پاشان باسمان لە مێژووی ژنان کرد لە سیاسەت دا. وە جەختمان لە سەر ئەوە کردەوە کە بۆ ژنان، شەڕی ئەوەیکە بخرێتە ناو سیاسەتەوە بە هاتنیان بۆ ناو سیاسەت کۆتایی نایەت؛ بەڵکو خەباتێکە بە درێژایی تەواوی ژیانیان.

    دواتر، ئێمە باسمان لە مێژووی ڕۆڵی ژنان کرد لە شەڕدا و ئەوەیکە چۆن شکستەکان بوون بە ئەزموون بۆمان و بیرۆکەکانمان پەرەیان سەند و گەشەیان کرد تا دامەزراندنی پژاک (پارتی ژیانی ئازاد کوردستان) کە بە ژنان لە چوارچێوەی دەستووری سیاسی پژاکدا کە بریتین لە کۆدار و کژار، هاوتای پاراستنی یاسایی پێدرا. پاشان باسمان لەوە کرد کە چۆن چەمکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و ژنۆلۆژی یارمەتیدەر بوون لە پێکهێنانی پۆتانسیەلێکی بە هێزی ژنان. دواتر باسمان لەوە کرد کە بۆچی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی توانای ئەوەی هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەندە سەرکەوتوو بێت و شیکاریەکی زۆری لە سەر کرا. هەروەها باس لەوە کرا کە چۆن نەناسینی فرە نەتەوە و جیاوازی ڕەگەزی دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین. و ئەوەیکە پاراستنی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەرمایەداری دەبێتە هۆی ئۆتۆکراسی و تیۆکراسی و جۆرەکانی تری دیکتاتۆری. بەراوردی هەموو ئەو باسانە دەکرێت لە سەرانسەری ئەفغانستان و ئێراندا ببینرێن. پاشان باسمان لە نموونەی ئەو ژنانە کرد کە بەهۆی داوای مافە سەرەتاییەکانەوە زیندانی کراون، لەوانە زەینەب جەلالیان و شیرین عەلەمهولی، هەر چەند بە هەردووکیانەوە سنووردار نەما.

    بەشداربووانی هەر ناوچەیەک هەریەکەیان شەوێکیان پێدرا بۆ نمایشکردنی هەمەجۆریی و کولتووری هەرێمەکەیان و بە تایبەتی خۆڕاگری ژنان. ڕۆژی سێشەممە داوا لە هەرێمی مێنا کرا نمایشێکی گۆرانی و سەما دابنێت. لێرەدا، کژار بەشداری شاندی کوردستانی کرد لە وتنی گۆرانییەکی بەرخۆدانی ژنان، لەلایەن دەڤریم دەمیر- ‘تو کێی’. گۆرانیەکە بە هەستێکی گەورەی شانازییەوە بوو کە ئێمەی کورد لێرەدا دەمانتوانی یەکبگرین، لە مەکۆیەکدا کە خەبات بۆ مافەکانی ژنان دەکات. بە نمایشێکی زیندوو لە بەرخۆدانی ژنانی کورد، گۆرانی شان بە شان لەگەڵ ژنانی ئێزیدی، ژنانی ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات، باکور و باشوری کوردستان.

    لە لوتکەی کۆنفرانسەکەدا ژنان بەشداری دوو ڕۆژی دیکەی وتار و دیبەیتیان کرد لە ڕۆژانی چوارشەممە ٧ و پێنجشەممە ٨ی سێپتامبەر. لێرەدا هەر بەشداربوویەک (نزیکەی ٣٠٠ کەس) پێنج خولەکی هەبوو بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆبوونەوەی ژنان بڵێت کە خەڵکی کوێیە و دۆخی ژنان لە وڵاتەکەیدا چۆنە. نەخشێک کە زۆرجار لەلایەن شاندی ئەفریقاوە باس دەکرا، دیاربوونی هاوسەرگیری منداڵان و خەتەنەکردنی مێینە و نەبوونی خوێندنی زیاتر بوو. لە نیوەگۆی ڕۆژئاوادا ژنانی ئەڵمانیا باسیان لەوە کرد کە چۆن ژنان لە گۆڕەپانی کاردا یەکسان لەگەڵ پیاوان مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، موچەیان کەمترە و پشتیوانی منداڵبوونیان کەمە. له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌وانه‌ش له‌ توركیا، ژنان باسی بارودۆخی ناوچه‌كانی شه‌ڕ و هه‌ڵاواردن له‌ناو سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و كار و دیلكراوانی جه‌نگیان كرد. له به رامبەر دا، هه رچه نده باكور و رۆژهه ڵاتی سووریا هێشتا له نێوان شەڕ و دۆخێكی بوژانەوه دا بوون، بەڵام سیستەمی كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی چرایەكی هیوا و رووناكی گەشاندەوە. ئەوان باسیان لە سەختی و کۆنتراستی گۆڕینی نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکان و ئەو دەرفەتانە کرد کە کۆنگرەی ستار پێشکەشی دەکرد بەجۆرێک کە ژنان دەبوو بەدوای بریکاردا بگەڕێن لەسەر ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا، لەوانە ژنوار و هەموو زانکۆکان.

    هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت، کە سەرەڕای ئەوەی پلانی بۆ دانەنراوە، ژنان بڕیاریاندا گرووپێک دروست بکرێت و هەر وڵاتێک نوێنەرێکی تێدا هەبێت بۆ هەماهەنگی بۆ پشتیوانی نێونەتەوەییەکان. لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا بەشداربووانی کیشوەری مێنا شەش ژنیان هەڵبژارد، یەکێکیان لە هەر چوار وڵاتێک کە ئامادەبوون بۆ کاری ناوخۆیی و دوو ژنی دیکەش بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە. ئەوە دەبیت باش بزانین کە ئەگەر کۆنفرانسێکی وا هەمەجۆر نەتەوی تێدا نەبوایە، ئەمە نەدەکرا. ئەمە ئەوەمان پێ دەسەلمێنێت کە ڕووداوەکانی وەک ئەمانە بەشێکی دانەبڕاون لە پێشکەوتنی مافەکانی ژنان. لە کۆتاییدا، ڕۆژی هەینی ٩ی سێپتامبەر، ئامادەبووان هەموویان دەنگیان لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دا کە نیازی کۆنفرانسی جیهانی ژنان بۆ ژنانی بنەڕەتی خستەڕوو بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێکەوە کاربکەن لە پشتگیریکردنی یەکتر لە ناڕەزایەتییەکان، لۆبیکردن، و جۆرەکانی تری چالاکیی.



    کژار