• ڕژیمی داگیرکەری تورکیە هەوڵی لە ناو بردنی گەلی کورد دەدات

    23 نیسان, 2022


    بە سەرچوونی پڕۆژەی سەدساڵ، جموجۆڵی خستۆتە ناو گۆرەپانی دەسەڵات دارانی جیهانی و ناوچەکەدا. جموجۆڵ بۆ بە دەست هێنانی ستاتۆی باڵادەستی لە ئاستی جیهانی، رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە تایبەت کوردستانی کردووە ناوەندی شەڕ و ململانێیەکی دژوار. ئەم جموجۆڵە کەوتە ناو هەموو ماڵان و خەسارێکی مێژویی بە گەلانی هەرێمەکە گەیاندووە. لەم قۆناخە دا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی به هۆی ئەم پەلامارەوە دژوارترین و بێرەحم ترین قۆناخی مێژووی خۆڕاگری تێپەر دەکەن. ڕژیمی داگیرکەری تۆرکیە کە لە لایەن سیستەمی دەسەڵاتی جیهانییەوە لە ناوچە “ئەرکدار کراوە” بە ناشیرین ترین ونامرۆڤانەترین رێبازەکان هەوڵی لە ناوبردنی گەلی کورد دەدات و دەیهەوێت بە هێرش لە سەر هێزی گەریلاکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد، هیوا و خۆڕاگری بەرەی دێمۆکراسی لە هەرێمەکە تێک بشکێنێت.
    بۆ پێک هێنانی ئەم پلانە پێویستییان بە سیستەمی دزە و هێزێکی نۆکەر لە کوردستان دا هەیە . سیستەمی دزه یەکێک له مەترسی دارترین ڕێبازه کانە که سازەی باڵادەستەکان به درێژایی مێژوو هەتا ئەمڕۆکه بۆ هەرمانی خۆیان بە کاری دەهێنن. بنەماڵەی بارزانی لە کوردستان ئەرکی دزە کردن و نۆکەریەک کە پێیان سپاردووە، لە پێناو بەرژەوەندی ماڵباتی خۆی، بە بێ پەروایی و لە بەرچاو گرتنی هیچ پێوەرێکی نەتەوی و ئەخلاقی، بە ڕێوەی دەبات.
    ئاشکرایە دەسەڵاتی حکومەتی تورکیە و بنەماڵەی بارزانی بە هەمان پیلان، هەوڵی گۆشەگیر کردنی هزر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ کە پێشەنگایەتی بۆ هێڵی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازاد لە کوردستان دەکات، دەدەن. بەڵام وەک دیار دەبێت فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ سنورە دەستکردەکانی دەسەڵاتداری تێپەڕاندووە و تەواوی هێز و کەسە پێشکەوتو و دیموکراسی‌خوازەکانی جیهان خاوەنداری لێدەکەن.
    پەلاماری ستاتوی سیاسی-کۆمەڵایەتی گەلی کورد لە لایەن حکومەتی تورکیە وبنەماڵەی بارزانی لە هەرچوار بەشی کوردستان دا هەر کەدەچێت پەرە دەسێنێت. هێرش لە سەر جوگرافیای کوردستان زاپ، مەتینا، ئاواشین و… لە ڕاستیدا شکاندنی مێژووی سیاسی-کۆمەلایەتی زاگرۆس نشینەکانە. بەڵام خۆڕاگری گەل و هێزی پاراستنی گەل، گەریلاکانی یەژاستار و ە پ گ خەیاڵی نەیارانی کوردستانی بۆ جارێکی دیکە تێکشکاندووە. لە ڕاستیدا شەڕ و خۆڕاگری بۆ گەیشتن بە ناسنامە، پاراستنی ئێکۆلۆژی، ئازادی ژنان، پێکەوە ژیانی گەلان، هەبوون و ئەزموونی نەتەوەی دیمۆکراتیکی گەلانە و گەلی کورد بۆ سەرخستنی ئەم ڕاستیە هێزی پێشەنگن و فیداکاری گەورە ڕابەر دەکەن.
    فەرماندە وپێشەنگی مەزن شەهید گۆلناز کاراتاش ناسراو بە بێریتان لە سالی ١٩٩٢ زایینی بە قارەمانییەتی لە چیای خواکورک سیستەمی خەیانەتی لە کوردستان دا تێکشکاند و ئاگری ورە و بڕوای یەکیێتی گەلی کوردی جارێکیتر داگیرساند. فەرماندە بێریتان لە چۆنیەتی تێروانینی زلهێزان بۆ مێژووی گەلی کورد تێگەیشتبو و دەروازەی چوونە ناو جیهانی تێکۆشان و شەڕ لە بەرانبەری زلهێزەکان و نۆکەرە هەرێمیەکانی بە ڕوویی جەوانانی کورد کردەوە.
    گەلی کورد بە تەواوی چین و توێژەکانەوە لە ناو گۆرەپانی سیاسی، کۆمەلایەتی و کولتوریدا تا ئەمرۆکە بە رۆحی یەکبۆن، ئەو هێڵە قارەمانیەتی کە دژ بە سیستەمی دەسەڵاتدار نیشانیان داوە، توانای تێکۆشان بۆ خەباتی ئازادیان سەلماندووە.
    بۆ سڕینەوەی سیستەمی پاکتاوکاری، عەقڵییەتی خەیانەت و جەلادانی گەلی کورد و کوردستان، هەر تاکێکی ئازادیخواز و نیشتمان پەروەر بەتایبەتی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کوردانی لە دیاسپۆرا و لە باشووری کوردستاندا، پێویستە بە هەڵوێستێکی ڕاشکاوانە و کاردانەوەیکی زانستیانە ببن بە دەنگی جەنگی ئازادی و یەکیەتی گەلان مسۆگەر بکەن، لە بەر ئەوەی کات کاتی ئازادییە.
    کۆردیناسیۆنی کژار
    ٢٠٢٢.٤.٢٢



    کژار