بەهێز کردنی ئافرەتان بەهێز کردنی سۆسیالیزمە

7 ئازار, 2021

لەبرگیراو لە پەرتووکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ژیانی نوێ (عەبدوڵڵا ئۆجالان)

رێپۆڕتاژی کەناڵی ئاسمانی مەد تیڤی لەگەڵ رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە رۆژی جیهانی ژنان ٨ی مارس

مەد تیڤی: بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان وەک دەزانن ئەمڕۆ  ٨ی مارس رۆژی جیهانی ئافرەتانە، ئێمەش بەم بۆنەیەوە دەمانهەوێت لە بابەتی دوا رەوشی بزوتنەوەی جیهانی شۆڕشگێڕانەی ئافرەتان بە گشتی و بەتایبەتیش رەوشی ئافرەتانی کوردستان و بزوتنەوەی ئازادی ئافرەتانی کورددا وردبینەوە و بۆیە لەمبارەیەوە کۆمەڵێک پرسیارمان لە جەنابتان دەبێت.

پێش هەموو شتێک ئایا لە رۆژێکی وەک ٨ی مارسدا، دەکرێت ئەو خاڵە هاوبەشە چی بێت کە پێویستە بزوتنەوەی ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهاندا لەسەری کۆک بن؟ هەروەها چۆن لە ٨ی مارس دەڕوانن سەبارەت بە ئافرەتانی کورد؟ ئایا چ رایەڵێک هەیە لە نێوان ٨ی مارس و ئەو بزوتنەوەیەی ئافرەتاندا کە بونیادتان ناوە؟ روونکردنەوەی ئەمانە بۆ بینەرانمان گرنگییەکی زۆری هەیە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان: پێش لە هەموو شتێک تەنها دانانی رۆژی ٨ی مارس بە رۆژی ئافرەتان بە شتێکی جێی سەرزەنشت دەزانم. ئەوە مەرجێکی ژیانە کە هەموو رۆژەکان ئافرەتانە بن و بۆنی ئافرەتانی ئازادیان لێ بێت. بەڵام هەر راستینەی رۆژی ٨ی مارس بۆخۆی ئەوەمان پیشان دەدات، کە ئافرەت لە ژیان‌دا هیچ جێگا و بوونێکی نییە. شایستە بینی ئافرەت بەوەی کە تەنها لە رۆژێکدا یادی بکرێتەوە و وەبیر بهێنرێتەوە، بۆخۆی رادەی قووڵی ئەو کۆیلایەتییەمان پیشان دەدات کە بەسەریدا سەپێنراوە. ئەم بابەتە بۆم بۆتە گۆڕەپانێکی کار کە تابێت زیاتر تێیدا قووڵ دەبمەوە. خودی خۆم بابەتەکە هەرگیز بە بابەتێکی دابڕاو لە شەڕ نازانم. تەنانەت هەروەک چۆن بۆ هەموو شۆڕشەکانی جیهانیش وەها بووە، بۆ شۆڕشەکانی رۆژی ئەمڕۆشمان و بە تایبەتیش شۆڕشی کوردستان دەبێت شیکردنەوە و تێگەیشتن لەو ژیانەی کە دەوری ئافرەت هاتۆتە کایەوە سەرەکیترین کار بێت، کە بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە ئەنجامی بدات. دەبێت ئافرەت هەر لە کێشە هەرە سەردەمییەکانی شەڕەوە تا دەگاتە ئاشتی و ئەو بنەما ئازادییەی لەسەری پێشدەکەوێت، لە جەرگەی هەموو کارێکدا جێ بگرێت.

تاوەکوو ئافرەت بە هەموو ئەو زیهنییەت، ئایدیۆلۆژیا، رێکخستن، گوشار و داگیرکارییانەوە تاوتوێ نەکرێت کە لە دەوری چنراون، چارەسەری لەسەر ئەو بنەمایە قووڵ نەکرێتەوە و شۆڕش و شەڕ دابڕاو لە ئافرەت تاوتوێ بکرێت، ئەوا نە ئەو شەڕەی کە دەکرێت دەبێتە شەڕێکی ئازادی و نە ئەو ئاشتییەش کە بەدوای ئەم شەڕەدا پێشبکەوێت دەبێتە ئاشتییەکی راستەقینە. مەرجی یەکەمین و ریشەییش بۆ ئەنجامدانی ئەمە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رایەڵانەی پەیوەندییە کە لەدەوری ئافرەت چنراون. دەبێت بە وردی هەموو ئەوانە شی بکرێتەوە کە ئایا هەر لە خێزانەوە تا ئەخلاق و تەنانەت تا فەلسەفە و ئایین هەموویان لەم بابەتەدا چی دەڵێن؟ لەمەش زیاتر ئایا چییان کردووە و بە نیازن لەمەودوا چی بکەن؟ بە تایبەتیش چ سیستەمێکیان داناوە؟

هەر کە زیاتر لەسەر شۆڕشی کوردستان قووڵ بینەوە تێدەگەین، کە کێشەی ئافرەت پێویستی بە سەرقاڵییەکی زیاترە و دابڕاو نییە لە شەڕ. بە شێوەیەکی جددی وای بە پێویست دەزانم کە ئەم کێشەیە چ لە رووی پیشخستنی شەڕ و چ لە رووی مەودابڕینەوە پشت بە واتای راستی شەڕ تاوتوێ بکرێت. هەروەک دەشوترێت نە شۆڕش و نە ژیان بە بێ ئافرەت نابێت و راستیشە. ژیانێک کە رەوشی ئافرەتێتی یان پیاوێتی ئەمڕۆی پێوە دیار بێت شێوازی ژیانێکی پەسەند نەکراوە لەلام. تەنانەت ئەگەر بڵێم لە پێناو گۆڕینی ئەم شێوازەی ژیاندا ئەم شۆڕشەم بەرپا کردووە، رەنگە بە شێوەیەکی زۆر سەرنج راکێش تیشکم خستبێتە سەر راستینەیەک.

ئەگەر وەک ئەوەی باوە بە بۆنەی ٨ی مارسەوە بپرسن کە واتای ئەم رۆژە بۆ ئافرەتانی جیهان چییە، ئەوا زۆر راشکاوانە دەتوانین بڵێین بە واتای وەبیرخستنەوەی کۆیلایەتییەکی قووڵ، شتێکی زۆر سمبوڵیانە و تەنانەت بە بڕوای من بایەخدانێکی زۆر ناجددیانە بە ئافرەت  دێت. بۆچی دەبێت تەنها یەک رۆژ رحژی ئافرەتان بێت؟ بۆچی بەشێکی سەرەکی و دەست لێ بەرنەدراوی ژیان شایستە بە تەنها رۆژێک یاد کردنەوەی دەبینرێت؟ رۆژێکی وەک رۆژی دایکانیش کراوەتە دیاری بۆ ئافرەت. بە بڕوای من ئەمانە نیشانەی نادرووستین و دەبێت تێپەڕ بکرێن. دەبێت تەواوی رۆژەکان بە ٨ی مارس بزانرێن و وەها تاوتوێ بکرێن.

هەرچی سەبارەت بە کوردستانە ناتوانین شتێکی ئەوتۆ سەبارەت بەم رۆژە بڵێێین. ئێمە بە کۆششێکی زۆرەوە بەردەوامین لەسەر پێشخستنی شۆڕشێک بە ئافرەتانەوە. هەر رۆژێکی  ئەم شۆڕشە لە ئاستێکی زۆر سەرووتر لە یادکردنەوەی ٨ی مارسەوە دەگوزەرێین. تەنانەت کارەکە لای ئێمە گەیشتۆتە ئاستێک، کە هیچ پیاوێک یان ئافرەتێک بە تەواوەتی لە ژیان‌دا جێی نابێتەوە، ئەگەر لەمبارەیەوە هەنگاوی نەنابێت و کۆمەڵێک قۆناغی نەبڕیبێت. تەنها لەسەر ئاستی کوردستانیش‌دا نا، بەڵکو لەسەر ئاستی نێونەتەوەیشدا ئەوانەی دەیانەوێت هەڵوێست پیشان بدەن و بە تایبەتیش خودی ئافرەتان ناچارن کە لەم قۆناغە تێبگەن. پێم وایە دەکرێت لە رێی ئەم گفتوگۆیانەمانەوە تا رادەیەک ئەمانە روون بکەمەوە. ئیتر لەمەودوا گرنگییەکی زیاتر بە کۆبوونەوەکانی ئافرەتان دەدەم. بە ئەرکی سەرشانمی دەزانم  ئەوەی دەکەوێتە سەر من جێبەجێی بکەم. بە تایبەتیش کە خاوەنی شەهیدانێکیب بەردەوام پێویستە یادیان زیندوو رابگیرێت. چ ئەو شەهیدانەی بە ئاگربەردان لە جەستەی خۆیان ویستوویانە خۆیان پاک بکەنەوە، ئەو ئەرکانەی هەموویان خستویانەتە سەر شانمان قەرزێکە و دەبێت بیدەینەوە و بە شیاوم زانی کە بەتایبەت لەم رۆژەدا  و بەم بۆنەیەوە جەخت لەسەر ئەم خاڵە بکەمەوە.

مەد تیڤی: لە وتنەکانتاندا باستان لەوە کرد کە سەرۆکایەتی پەکەکە و خوێندنەوەی پەکەکە بۆ کێشەی ئافرەت بۆتە جێی سەرنجی تەواوی ئافرەتانی جیهان. بە واتایەکی‌تر بەم نزیکایەتی و ئاستی گفتوگۆیەتانەوە بوونەتە سەنتەری سەرنجی جیهان. ئایا هەر لەبەر ئەمەیە کە جگە لە ئافرەتانی کورد، ئافرەتانی زۆر نەتەوەی‌تریش لەناو رەفەکانتاندا بوونیان هەیە؟ کۆششێکی بێ وێنە بۆ تێگەیشتن هەیە، ئێوە پابەندی زۆری ئافرەتان بە سەرۆکایەتی پەکەکەوە بۆچی دەگەڕێننەوە؟ ئایا بۆچی ئافرەتان تەنانەت ئافرەتانی نەتەوەکانی‌تریش هەست دەکەن کە نزیکن لێیانەوە و نزیکن لێتانەوە؟

عەبدوڵڵا ئۆجالان: من پێم وایە کە پەیوەندیداری و مەیلی ئافرەتان بە لای ئێمەدا زیاتریش دەبێت، هۆکاری سەرەکی ئەمەش بە سووربوونەوە بەردەوام‌بوونی سیستم و جیهانێکی پیاوسالاریابەیە کە لەسەر ئاستی جیهاندا لەکایەدایە. ئایدیۆلۆژیای پیاوسالاری و رەنگدانەوەکەشی لە ژیاندا کێشەی ئافرەتیان زۆر زیاتر قورس کردووە. سەرباری ئەوەی کە لە سەدەی بیستدا کۆمەڵێک کرانەوە لەبارەی کێشەی ئافرەتەوە لە شۆڕشەکاندا کراون، بەڵام هیچی نەگەیشتوونەتە چارەسەری. تەنانەت لە شۆڕشی سۆسیالیزم و لەو وڵاتانەش‌دا کە سۆسیالیزم بە شێوەیەکی  فەرمی دەست بە کار بووە، هەروەک دەبینرێت شۆڕش نەگوێزراوەتەوە بۆ رەهەندی شۆڕشی ئافرەت و تەنانەت دانسقەترین سەرۆک و سەرکردەکانیان لە کەسایەتییاندا درێژەیان بە پێوانەکانی ژیانێکی کلاسیک داوە.

هەرچی منم بە شێوەیەکی زۆر جیاواز و قووڵتر و لەسەر ئاستێکی گەردوونیدا تاوتوێ دەکەم. تەنها بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی شۆڕشی  رزگاری نەتەوەیی کێشەی ئافرەت تاوتوێ ناکەم و لێکینادەمەوە. تەنانەت چەمکێکی هەرزانی وەک ئەوەشم نییە، کە لە پێناو خۆ رزگار کردنێکی رۆژانەیی و خۆ مۆدێڕن پیشانداندا بڵێم:” ئافرەت نیوەی کۆمەڵە و بێ ئەوان شۆڕش ناکرێت.” زۆر لەمانە قووڵتر بەم کێشەیەوە سەرقاڵم. ئەمە بۆ من خەباتێکی فەلسەفی و موڕاڵییە. بۆ ئەوەی بتوانم ئەو چەمکی سۆسیالیستییە کە هەمە بیهێنمەدی ناچارم کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەم. وەک کەسایەتی پیاوێک هێشتا لێگەڕینم سەبارەت بە ژیان هەیە. لە خۆم دەپرسم:” ژیان بە شێوەیەکی گشتی پێویستە چۆن چۆنی بێت؟ ژیان لەگەڵ ئافرەتدا پێویستە چۆن بێت؟” بەتایبەتیش بەشی:” ژیان لەگەڵ ئافرەتدا پێویستە چۆن بێت؟” لە پرسیارەکەدا بەلای منەوە ئەو بەشەیە کە پێویستە زۆرترین قووڵبوونەوەی لەسەر بکرێت.

زۆر راشکاوانە دەڵێم کە لەمبارەیەوە نە پەنا بۆ هیچ پێشداوەرییەکی باوی نەریتی و نە بۆ هیچ بەهایەکی ئەخلاقی کلاسیک دەبەم. پێم وایە کە هەر لەرووی  بەشداری‌کردنی ئافرەتانەوە لە بوارەکانی سیاسەت و کارەکانی بە سووپا بوونەوە، تا دەگاتە رەهەندی سێکسی کێشەی جۆر بە جۆر هەن. من گرنگی دەدەم بەوەیکە بە ئاشکرا و شەفافانە ئەم کێشانە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. ئەوەی زیاتر من پەیوەندیدار دەکات، تەنها رانەوەستانە بەم گفتوگۆیانەوە و بەڵکو گەیاندنیانە بە ئاستی چارەسەرییەکی شۆڕشگێڕانەی زۆر دیار و سەرنج راکێش. ئەمەیان بە سەرەکیترین کار دەزانم کە سۆسیالیزمی ئەم سەردەمە پێویستە هەستێت پێی. ئیتر لە سۆسیالیزم دا بە تەواوەتی ئەوە پشتڕاست بۆتەوە کە تەنها تێکۆشانی چینایەتی بەس نییە. هەروەک چۆن لە رۆژی ئەمڕۆماندا رەهەندی کێشەی ژینگەیی زۆر زەبەلاح بووە و ئیتر پێویستە بە شێوەیەکی سۆسیالیستانە چارەسەری بۆ شێواندن و وێرانکردنی ژینگە لەلایەن سەرمایەدارییەوە بدۆزریتەوە، ئەوا پێویستە لەوەش زیاتر سەبارەت بە رەهەندی کێشەی ئافرەت ئەنجام بدرێت.

بە بڕوای من ئەم کێشەیە کە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە، پێویستە لەولاتری نزیکایەتییە باوە نەریتییەکانەوە، هەر لە نزیکایەتییەکی ئایدیۆلۆژییەوە تا هاوبەشی پراکتیکیانە و تەنانەت لێپێچینەوەی خێزانەوە پێویستی بە نزیکایەتییەکی نوێ هەیە. نزیکایەتییەکانی من لەمبارەیەوە تا بڵێیت نزیکایەتییەکە کە وردە وردە و پێ بە پێ پێشکەوتن دێنێتە کایەوە. ئەمە تەنها بە جەماوەری ئافرەتانی نەتەوەییەوە سنووردار نییە، بەڵکو کار لەسەر سەرنجراکێشانی ئافرەتانی گۆڕەپانی نێونەتەوەیش دەکات. بێگومان چەمکێکی سۆسیالیزم کە لەم چوارچێوەیەدا بێت لە داهاتوودا ئافرەت زیاتریش دەکاتە رۆژەڤێک. کێشەی ئافرەت تەنها لەڕووی سێکسی و رێکخستنییەوە نا، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا لە چوارچێوەی پرسیاری “چۆن بژین؟” دا تاوتوێ دەکات. کاتێک وەڵامەکان بۆ ئەم پرسیارە دەربکەون ئیتر ئەوە بەدی دەکرێت کە لە راستیدا کێشەی شەڕ و ئاشتی تەواو کێشەی ئافرەتن. بە واتایەکی‌تر ئیتر هەموو کەسێک تێدەگات کە تا کەسایەتی و ئیرادەی ئافرەت پێشنەکەوێت ق نەکەوێتە رۆژەڤەوە، ئەو چارەسەریانەی کە پشت بە چەمکی پیاوسالارانە دەبەستن نە شەڕ و نە ئاشتیان پێ ناهێنرێتەدی. هەر بۆیە شۆڕشەکانی ئەم سەردەمە، تەنانەت هەموو شۆڕش و شەڕەکانی سەدەی بیست و یەکەمین و هەموو ئەو ئاشتیانەش کە بەدوای ئەواندا پێشبکەون، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست لە دایک ببن و درێژەیان هەبێت، دەبێت شۆڕشی ئافرەت قووڵ بکەینەوە. پێم وایە پەیوەندیداربوون و زۆری مەیلی ئافرەتان بەلای ئێمەدا بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە.

پێوەندی‌دار