هەبوونی ژنان، گۆڕەپانی شەڕی هێزە هەژموونگەراکانە

7 تشرینی دووه‌م, 2020

هەرژین رۆژتیام

لەسەر بنەمای چوارچێوەی بابەتەکەمان لەم نەڤیسە‌دا جەنایەت و چارەنووسی ژنان تەنیا لە پێکدادانەکانی سەدەکانی دوایی (شەڕەکانی یەکەم و دوهەمی جیهانی) لێکدەدەینەوە و ئاشکرایان دەکەین.

شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی لە ئاکامی تەقینەوەی دیکتاتۆرییەت و رکابەری پیاوانی دەوڵەت لەسەر دابەش‌‌کردنی بەرژەوەندی، بە چەخماخەیەکەوە دەستی پێکرد و سەرجەم جیهانی گرتەوە. بەپێی ئامار و بەڵگەکان (نووسراوە، ڤیدیۆ و …هتد) کە لەم شەڕانەوە تۆمار کراون؛ هەرچەندە پەیوەست بێت بە بەرژەوەندی بەشێکی سنوورداریش، زۆرترین بۆردومانەکان لەسەر شوێنە ئاوەدانیەکان و زۆرترین کوژراوان گەلی ئاسایی وڵاتانی تێوەگلاو لەو شەڕانەدا بوون. لە شەڕی جیهانی یەکەم‌دا کە ٤ساڵی خایاند، بەبێ گەیشتن بە سەرکەوتنێکی گرنگ و تا گەیشتن بە سەرکەوتنی پێکهاتووش نزیکەی ١٠ملیۆن مرۆڤ کوژران و زیاتر لە ٧میلیۆنیش بێ سەروشوێن کران و بەشێکی زۆر لەوڵاتانیش بە سەر دەوڵەتەکانەوە دابەش کران. لە شەڕی جیهانی دووهەمیش کە بە هۆی ناڕەزایەتی لایەنی شکستخواردووی شەڕی جیهانی یەکەم‌دا بەتایبەت ئاڵمانیا، فۆڕم‌گرتنی دیکتاتۆرییەکانی هیتلێر و مۆسۆلینی (کە خەونیان پەرەپێدانی نەژادی رەسەنی ئاریەن و زیندوکردنەوەی شکۆی رۆمی دێرینە بۆ ئیتالیا بوو)  لەبەرەی لایەنەکانەوە مەسەلەی پەسەند نەکردنی هێندێک لە پەیماننامەکان و تەماحی پەرەپێدانی داگیرکارییەکان و یاخود گەڕاندنەوەی هێندێک لەو وڵاتانەی کە لە شەڕی جیهانی یەکەم‌ لەدەستیان دابوو، کردوویانەتە بیانووی شەڕ. شەڕی جیهانی دووهەم کە بە بەشداری وڵاتانێکی زیاتر هەڵدەگرسێت، نزیکەی ٧٠ میلیۆن مرۆڤ کوژراون. لەو شەڕەش‌دا کە هێزە سەربازییەکانی ٣٠ وڵات بە شێوەیەکی راستەوخۆ تێدا بەشدار بوون، ناوچەی پیشەسازی، لەشکەری و مەدەنییەکان دەکرێنە ئامانجی بۆردومانی لایەنەکان، هەندێک لەو نمونانەی کە هەرگیز لە یاد ناکرێن؛ بۆردومانی ناوەکی شارەکانی ناکازاکی و هیرۆشیمیای ژاپۆنن.

شەڕە جیهانییەکان و رووداوی بێ شووناس‌بوونی مرۆڤ

لە نمونەی جەنایەتەکانی شەڕە جیهانییەکان جیا لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنی، ئاشووری و کوردە عەلەوییەکان و پێکهاتنی بۆشاییە ئابوورییەکانی بە وێنەی قاتوقڕی ئێران کە ئەویش بەرۆکی گەلانی گرتەوە، جەنایەت‌گەلێکی دوور لە بڕوای‌تریش پێکهاتن کە لە نمونەکانیان دەتوانین ئاماژە بە توێکاری ئەندامی یەخسیرانی ئەمریکایی لە لایەن ژاپۆنییەکان، تاقی‌کردنەوە و لێدانی میکڕۆب و ماددە کیمیاییەکان بۆ مەزەندەکردنی ئاستی خۆڕاگری مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم ماددە و میکڕۆبانە لە ئۆردوگا(کەمپ)ی داخائۆ، ئەندازیارگەلێکی کلتووری و نژادی لە پڕۆژەگەلێکی فاشیستانەی وەک پڕۆژەی سەرچاوەی ژیان (لبنزبورن) کە لە لایەن هاینریش هیملێر فەرماندەی SS(سێ گرووهانی پاراستنی حیزبی نازی) پێکهاتن. لەم پڕۆژەیەدا ژنان و پیاوانێک کە دەیان‌توانی پاکی نژادی خۆیان بسەلمێنن، منداڵانێکیان بە نەژادی پاکی نازییان هێنا و ئیزنیان دەدا کە لە خوارنگای شیری SSدا گەورە بن. لەسەر بنەمای ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ١٩٣٩ لە پیاوانی بەشداری ئەم پڕۆژەیە خوازرا کە زیاتر لە درووست‌کردنی منداڵانی پاک‌دا هەوڵ بدەن و ئیزنی ئەوەیان‌دانێ کە ژنانی جیا لە ئەڵمانیاش بۆ منداڵ‌هێنان هەڵبژێرن. لە رەوتی ئەم پڕۆژەیەدا هێندێک منداڵیش رفێندران و بە خێزانە ئەڵمانییەکان دران، لە دۆخێکیش‌دا کە ئەو منداڵانە وەک ئەوەیکە چاوەڕوان دەکرا گەورە نەبووبان، رەوانەی ئۆردوگای مردن دەکران.

زیاتر لە ٣٠٠٠ دووانە کە زۆربەیان رۆمانیایی بوون لە تاقی‌کردنەوە ژێنێتیکییەکان لەلایەن دوکتۆر جۆزێف مێنگێل ناسراو بە فریشتەی مەرگ بەکار هێندران. نمونەکانی ئەم تاقی‌کردنەوانە: دروونی دووانەکان بە مەبەستی درووست‌کردنی دووانە پێکەوە نووساو، دانی رەنگ بەچاو بە مەبەستی گۆڕینی رەنگی چاو و دەرهێنانی چاوی کەسێک و موتوربەکردن بە پشتی سەری کەسێکی دیکە.

دابەش‌کردنی کەیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵکوژی کلتووری

جیا لەو جەنایەتانە، پراکتیک‌گەلێکی‌تریش لە لایەن دیکتاتۆرانی ئەم شەڕانەوە پێکهاتن کە هەتا ئەمڕۆکەش مرۆڤایەتی گیرۆدەی ئاسەوارەکانییەتی. لەو شەڕانەدا؛ سنوور، خاک، کۆمەڵگا و کلتوورەکان گیرۆدەی شەڕی لایەنەکان بوون، گەلان رووبەڕووی ژینۆساید و نەژادکوژی کلتووری بوونەوە. ئەندازیارییە فەرهەنگییەکان و دابەشکردنی جوگرافیاکانی ژێر دەسەڵات و داگیرکاری‌گەلێک کە لەسەر مێز و بە مەستەڕەوە بە بێ رەچاوکردنی راستییە کلتووری، جوگرافیایی و مێژووییەکانی گەلانی ناوچە و کۆچبەرکردنی زۆرەملێ و گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی ناوچەکە بوون کە ئەمڕۆکە بۆتە هۆی کێشەی شووناس و کەسایەتییەکان کە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهانی سێیەم تووشی بوون. چونکە ئەم کۆمەڵگا و وڵاتانە هەتا رۆژی ئەمڕۆشمان رۆڵی مشکی تاقیگاکان و بازاڕەکانی فرۆشتنی وڵاتانی سەرمایەدار و فەرمانڕەوایانی جیهانیان هەیە.

ژنان لە شەڕدا ئۆبژەی رەگەزی و دواتر تاوانبار و قوربانین

هەرگیز ناتواندرێت شەڕی ناو دەوڵەتییەکان بە تەبا لەگەڵ بەرژەوەندی گەلان لەقەڵەم بدرێن. بە تایبەت لە شەڕە جیهانییەکان کە بۆ کۆمەڵگاکان فۆڕمی شەڕی داسەپێندراویان هەیە، گەل بە ناچار خستراونەتە نێو شەڕ و بوونەتە قوربانی. لەم شەڕانەدا زۆر لە ژنان بەناچار و لە پێناو پاراستنی خاک‌، گەلەکەیان و خۆیان، لە پێناو پێشگرتن لە دەستدرێژی و پەلاماری سەربازانی ئەرتەشی بەرامبەر، بەشداری ئەرتەش یان سێ گرووهانی بەرگری زاتی بوونە. ژنان و منداڵان ناچار دەبوون بەشداری شەڕ ببن، خێزان و گەلان لێک بڵاو دەبوونەوە و هەر ئەندامێکی خێزان دەناردرا بۆ قوژبنێکی جیهان (هەڵبەتە بەمەرجێک کە زیندوو مابان)، دەستدرێژی، سزا و کوشتن بێ حیساب بوون و کەسێکیش توانای دادگایی کردنیانی نەبووە. تەنانەت بە ساڵان دوای شەڕیش بەهۆی بەرژەوەندییە دیپلۆماتییەکانی وڵاتان قوربانیان، جارێکی‌تر قوربانی بوون و پێش لە ئاشکراکردنی ئاکامی جەنایەتەکانی شەڕ گیراوە.

زۆر لەو وڵاتانەی کە ژنانیان لە ماوەی داگیرکردنی وڵاتەکەیان لە لایەن ئەرتەشی بەرامبەر دەستدرێژیان لەسەر کرابوو،  لە دوای رزگاربوونیان لە لایەن سەربازانی خۆیانەوە بە تاوانی هاوخەوی و خۆشەویستی لەگەڵ سەربازانی ئەرتەشی داگیرکەر، سزا دەدران؛ کە نمونەی ئەوانەش ژنانی فەڕانسی بوون کە لە لایەن سەربازانی ئەڵمانییەوە دەسترێژییان دەکرایە سەر و هاوکات ژنان بوون کە لێرە دوورخرانەوە و لەوە بۆ دواوە پێویست بوو لە دوای سووکایەتی ئەرتەشی دوژمن لە کۆمەڵگای خۆشیان وەدەربنرێن. هەتا رۆژی ئەمڕۆشمان نمونەگەلێکی زۆری بەمشێوەیە هەنە کە سەلمێنەری ئەو وتەیەیە کە قوربانیانی سەرەکە لە شەڕدا ژنانن.

لە خوارەوەش ئاماژە بە جەنایەتەکان دووشەڕی جیهانی بە تایبەت سەبارەت بە ژنان دەکەین:

لە شەڕی جیهانی یەکەم لە داگیرکردنی بەلجیکا و فەڕانسە لە لایەن سەربازانی ئەڵمانیا بە هەزاران ژن رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە. دواتر بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بەم رووداوانە کۆمیسیۆنێک دامەزرا. بەڵام، نە تەنیا ژمارەی راستەقیینەی ئەم رووداوەیان ئاشکرا نەکرد بەڵکو، بەپێی هاوپەیمانی دەوڵەتدارەکانی ئەو وڵاتانە شتگەلێک کە روویان‌دابوون مەحکومی قەتیس‌بوون و شاراوەبوون کران. رووداوگەلێکی هاوشێوە لە وڵاتانی‌تری تێوەگلاوی شەڕیش روویاندابوو.

رەگەزی کۆمەڵکوژی: ژنانی سوریانی و ئەرمەنی

دەوڵەتی عوسمانی لە دوای بەشداری لە شەڕی یەکەمی جیهانی، لە کاتێک‌دا کە لە دۆخی لەناوچوون‌دابوون؛ لە ساڵی ١٩١٥ یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژوویان پێکهێنا. لە کۆمەڵکوژییەک کە دوو گەل لە کۆنترین گەلانی مێزۆپۆتامیا، ئەرمەنی و سوریانەکانیان بە ئامانج گریرا، زیاتر لە یەک میلیۆن ئەرمەنی و نزیکەی ٥٠٠ هەزار سوریانی، ئاسووری و کلدانی قەتڵ‌کران. لە روخساری رەگەزی ئەو دووکۆمەڵکوژییەش‌دا ژنان کوژران، دەستدرێژییان کرایە سەر، ناچار بە رووسپێتی کران و بە قەدەغە‌کردنی هەبوونیان، بە درێژایی تەمەنیان تووشی زەربەی توندی دەروونی بوونەوە.

سیاسەتی کۆمەڵکوژییەک کە دەوڵەتی عوسمانی لەسەر مەسیحییەکان رەوایەتی پێ‌دابوو بە لەناو بردنی پیاوانەوە دەستی پێکرد و بە کۆچبەرکردنی بە ناچاری ئەو کەسانەی مانەوە بۆ بیابانەکانی سوریا درێژەی پێدا. ئەو کارە کە ناوی "تەهجیر"ی لەسەر نرا لە دوای ماوەیەک وەرچەرخا بۆ رێبواری مەرگ.  

ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان لەو کاروانانەدابوون. لەو رێگایەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەرمەنی لەلایەن تاوانبارانی ژێر کۆنتڕۆڵی سەربازانی تورک رفێندران. ئەوانەی خۆڕاگریشیان کرد قەتڵ‌کران. لەو رێگایەدا هەزاران ژن قەتڵ‌کران، هێندێکیشیان بە قەناعەت بەوەیکە لەبەرامبەر رفاندن و ئەشکەنجەکردن خۆ ناگرن، کۆتاییان بە ژیانیان هێنا.

لە ئاکامی مەودای تەهجیر و کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان بە هەزاران ژن لە خێزانەکانیان دوور خرانەوە. لە دوای هەنگاوی سەرەتای سیاسەتی لەناوبردن کە لەناوبردنی پیاوان بوو، ئێستاکەش نۆرەی ژنان بوو. لە دوای ئەویش دەستیان بە تەهجیری ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان کرد.

ژنانێک کە رفێندران و ناچار بە پەسەند کردنی ئیسلام کران، لەگەڵ بەسەرچوونی کات‌دا شوناس و زمانی خۆیان لەبیرچۆوە. بۆ رزگارکردنی خزمەکانیان و ژیانیان جیا لە پەسەندکردنی ئیسلام رێگایەکی‌تریان نەبوو.

بە پێی لێکۆڵینەکانی مێژووناسان سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنی و سوریانییەکان: لە نێوان ساڵانی ١٩١٥-١٩١٨ نزیکەی ٧٠٠هەزار ژن سەر بە کۆمەڵگای مەسیحی قەتڵ‌کران. لەم ژمارەیە ٣٥٠هەزار ژن لە رێگای کۆچ‌کردن‌دا کوژران یاخود لە برسان گیانیان لەدەست دا.

زیاتر لە ١٠٠هەزار منداڵ وێڵ بوون و دران بە بنەماڵە موسوڵمانەکان و بەدوور لە ناسنامەی خۆیان گەورە بوون.

لە پێناو پەسەندکردنی تاوانی کۆمەڵکوژی لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە کە بەردەوامی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانییە، گەیشتن بە ئەژمار و بەڵگەی تێرکەر مومکین نییە.

مریەم چیلینگیریان و خانوم کتانجیان دوو ژن بوون کە لە پێناو پاراستنی گەلەکەیان لە کۆمەڵکوژی ١٩١٥ی ئەرمەنییەکان بە مەبەستی تێکۆشان دەستیان بە رێکخستن‌کردن کرد و لە شاری ئورفا بزوتنەوەی ٢٥کەسی یەکێتی ژنانیان دامەزراند. ژنانی دژی کۆمەڵکوژی لە زۆر لە شارەکانی ناوچەی ئەناتۆلی رێکخراوی تێکۆشانیان دامەزراند.

ژنان و تاوانەکانی شەڕی نازییەکان

لە شەڕی جیهانی دووهەمیش سەربازانی ئاڵمان دەستدرێژییان  بۆسەر هەزاران ژنی روس و یەهودی کرد. لاپەڕە شاراوەکانی مێژووش پڕاوپڕن لە خۆڕاگری ژنان لە دژی فاشیزم و داگیرکاری.

لە دوای کۆمەڵکوژی یەهودییەکان ژمارەی قوربانییان بە تەواوەتی ئاشکرا نەکرا بەڵام، بەپێی وتەکان زیاتر لە ٥میلیۆن مرۆڤ بوونە قوربانی. لە نێو ئەو ژمارانەدا، کوشتنی نزیکەی ٢میلیۆن ژن تۆمار کراوە. لە گەڕەکە یەهودنشینەکان (پەراوێزگەلێک کە یەهودییەکان ناچاری ژیان‌کردن لەوان‌دا دەکران واتا گێتتۆ) و کەمپەکان، ژنان ناچار بە ئیشی زۆر دژوار کە دەبووە هۆی مردنیان، دەکران و یان بە شێوەیەکی دژە ئەخلاقی لە تاقی‌کردنەوەکان‌دا وەکوو کەرەستەی تاقی‌کردنەوە بەکار دەهێندران. لەو قۆناغەدا بە میلیۆنان ژن لە بەرامبەر فاشیزم و کۆمەڵکوژی ژنان بەرخۆدانییەکی مەزنیان بەڕێوەبرد. هێندێک لە ژنان بوون بە پێشەنگ یان ئەندامی بزوتنەوەی بەرخۆدانی تێکۆشەرانی گەڕەکەکان (getto). هۆکاری بە ئامانج گرتنیان تەنیا رەگەزیان نەبوو بەڵکو، گرێدراو بوونی ئەوان بە ئایین و سیاسەتیشەوە بوو. ژنان پێکێنەری یەکەمین و تەنیا خۆڕاگری جەماوەری مەدەنی لەبەرامبەر بە نازییەکان بوون. ژنانی ئاریایی کە بە پیاوانی یەهودی بەمێرد درابوون، بۆ رزگارکردنی هاوسەرەکانیان ماوەیەکی درێژ لە "رۆنستراس" لە مانگرتن دابوون.  

یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانە "لیری گێرۆ" بوو. ئەو هێشتا ١٣ساڵی تەمەن بوو کە لە ئاڵبانی لە بەرامبەر داگیرکاری نازییەکان تێکۆشانی کرد. سەرەتا وێڕای ٦٨ ژنی‌تر بەشداری بزوتنەوەی رزگاری نەتەوەیی ئاڵبانی و دواتریش "لیوای ١٦ـیەمی هێرش" کە لە مێژووی خۆڕاگری‌دا خاوەن پێگەیەکی گرنگە،بوون. لە یەکێک لە هێرشەکان‌دا نازییەکان ئەویان لە دۆخی بێهۆشی‌دا دیتبۆوە و قەتڵیان کردبوو. ئەمڕۆکەش بە رێزەوە ئەو ٦٨ژنەی‌تر کە لە خۆڕاگری‌دا جێگایان گرتبوو، یادیان بەرز رادەگیردرێت.

تسولا دراگۆیچوا، کە ناوی رێکخستنی سۆنیای بەکار بردووە وەک کابووسی نازییەکان و سەمبووڵی خۆڕاگری لەبەرامبەر ئەوان ناوبانگی دەرکرد. وێڕای ئەو بە میلیۆنان ژنی بۆلغاری لە تێکۆشان دژی فاشیزم‌دا جێگایان گرت.

الیزابێت رۆس کە بۆ هاندانی سەربازان لە بەرەکانی خۆڕاگری لە دژی فاشیزم نامەی بۆیان دەنووسی، فریدی ئۆرس تیگێن کە لە ١٤ ساڵی خۆیەوە وێڕای خوشکە گەورەکەی تروس لە بەرامبەر داگیرکاری نازییەکان دەستیان بە چالاکی نیشانەئەنگێو و میندانان کرد، جادوگەرانی شەو کە بەشداری چالاکییەکان دەبوون، ژنانێک کە لە کەمپەکان‌دا ژیانیان دەکرد و هەزاران ژنی‌تر لەو خۆڕاگرییانەدا رۆڵیان گێڕا.

تاوانەکانی شەڕگەلێک کە لە رۆژهەڵاتی دوور‌دا لە دژی ژنان روویان‌داوە

لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانی؛ ژاپۆنییەکان بوون بە هۆی پێکهێنانی رووداوگەلێکی هاوشێوە لەسەر ژنانی چینی و هەزاران ژنی چینی لە نیشتمانەکەیان دوور خرانەوە و ناچاری رووسپێتی کران.

هەروەها دیار بووە کە ئەرتەشی ژاپۆن لە ساڵی ١٩٣٧-١٩٤٥ لە کاتی داگیرکردنی کۆریادا نزیکەی ٣٠٠هەزار ژنیان بە ناچار بە سۆزانیخانەکان فرۆشتووە. سەربازانی ژاپۆن هەمان هەڵسوکەوتیان بەرامبەر ژنانی تایوانی کردووە، قوربانیان لە ٢٠٠٠ـەکان راستەوخۆ باسیان لەو کردەوانەی کە لەبەرامبەریان کرابوو، کردووە.

لە ساڵەکانی ١٩٤٧-١٩٥٢ کە ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆریایان داگیرکرد، نزیکەی ٤میلیۆن مرۆڤیان قەتڵکرد، بە سەدان ژن رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە. ژنانی کۆریا، چین و تایوان بۆ پاراستنی خۆیان لەبەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی ژاپۆن، یەکینەکانی پاراستن و خۆڕاگری گەوهەرییان دامەزراند. لەو کاتەدا هەبوونی زیاتر لە سەد یەکینەی خۆڕاگری گەوهەری کە لە لایەن ژنانێک لە ئاواییەکانی چین بوون، ئاوا کرابوو؛ سەلمێنەری ئاستی خۆڕاگرییە. 

ڤییێتنام

بە گوێرەی بەڵگەکان، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥-١٩٧٠ لە داگیرکردنی ڤییێتنام‌دا سەربازانی ئەیالەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەستدرێژییان کردە سەر هەزاران ژن. تەنیا لە ئاوایی "مای‌لای" ٤٥٠ منداڵ و ژنی ڤییێتنامی رووبەڕووی دەستدرێژی و قەتڵ‌کردن بوونەوە. لە هەمان کات‌دا لە شەڕی ڤییێتنامی باکوور و باشوور ژمارەی ژنانێک کە دەستدرێژییان لەسەر کراوە، لانیکەم ٣٠٠٠ ژن تۆمار کراوە.

لە ساڵەکانی داگیرکردنی ڤیێتنام، ژنان لە کۆمەڵەی (WILPF) و WSP کە لە ساڵی ١٩٦١ لە ئەیالەتە یەکگرتوەکان ئەمریکادا بونیادنرا، چالاکی جیددییان لە بەرامبەر بە داگیرکردنی ڤییێتنام لە چوارچێوەی ئاشتی‌دا پێکدەهێنا. بزوتنەوەکانی ژنان دەستیان بە رێکخستنی چالاکی بەکۆمەڵی کۆکردنەوەی واژۆ، دەرکردنی لێدوان، رێکخستنی کۆنفڕانس، گوشارخستنە سەر کۆنگرە، نوێنەرانی لایەنگری ئاشتی و رەدکردنەوەی ویژدانی(بە واتای نەچوونی سەربازی) یان کرد.

ژنانی ئەندامی WILPF کاتێک کە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیان ئەنجام دەدا، WSP و لە هەمان کاتیش‌دا لە ساڵی ١٩٦٥ ئەندامانی NLFی ڤییێتنامی باشوور و ژنانی کۆمینیستی ڤییێتنامی باکوور لە کۆتایی کۆبوونەوەیەک کە پێکیانهێنا، بانگەوازییەکی هاوبەشیان لە دژی دەستتێوەردانە لەشکەرییەکانی ئەیالەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەر ڤییێتنام واژۆ کرد. ژنانی ئەندامی WSP لە ماوەی شەڕدا لە دژی رۆیشتنی گەنجان بۆ شەڕ بوون و پشتگیری مافی "رەدکردنەوەی ویژدانی "ـیان دەکرد. تەنانەت بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵیش ئاسەوارەکانی شەڕ لەناو نەچوون. لە دادگاش سەبارەت بە  تاوانە پێکهاتووەکان لە شەڕی ڤییێتنام بەگوێرەی پێویست راوەستەیان لەسەر کرا.

ئەم ئامارانە و رەهەندەکانی‌تری کوشتنی ژنان کە بەپێی بەرژەوەندی‌گەلێکی وەکوو دیپلۆماسی و خەساندنی کۆمەڵگاکان لەلایەن پەرەپێدان و بەهێزکردنی سونەتە خەراپکەرەکان لەگەڵ یاسای شەریعەت و ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵ، وا لە مرۆڤ دەکات کە بەو دەرئەنجامە بگەین کە "کۆمەڵکوژییەکی سیستەماتیک لە بەرامبەر ژنان دەکرێت". لەم سۆنگەیەشەوە پێویستە پێناسەی ئەم کۆمەڵکوژییە وەکوو "فێمێنیسید" بەواتای قڕکردنی ژنان بناسرێت و بەگوێرەی ئەم پێناسەیە، پێویستە لە دژیشی تێکۆشانێکی هەمەلایەنە و مرۆڤایەتی بەڕێوەبچێت.

پێوەندی‌دار