• تاگەکان:

    لە دایکبوونی رێبەر ئاپۆ مێژوویەک لە خۆڕاگرییە

    8 نیسان, 2020

    جوانا سنە ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بەشداری بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو و سەبارەت بە ٤ی نیسان و هەروەها ڤایرۆسی کرۆنا هەڵسەنگاندنی کرد و لە کۆتاییدا بانگەوازی کەژار لە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی راگەیاند بۆ ئەوەی لەبەرامبەر سیاسەتەکانی رژێمی ئێران زیاتر خۆیان بپارێزن.

    "٤ی نیسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو مێژوویەکی لێهاتووە "

    جوانا سنە ٤ی نیسان لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆی وەکوو لە دایکبوونی گەلانی جیهان، لە دایکبوونێکی نوێ بۆ گەلانی بندەست و هەروەها بۆ ژنان پێناسە کرد. جوانا سنە بەمشێوەیە ئاماژەی بە سێ قۆناغی لە دایکبوونی رێبەر ئاپۆ کرد:"دەتوانین بڵێین کە وێڕای هەر سێ قۆناغی لە دایکبوونی سەرۆک ئاپۆ مێژوویەک لەدایک بووە؛ مێژوویەک لە خۆڕاگری، مێژوویەک لە نووسینی ژیانی نوێ کە لەگەڵ ئەم نووسینە مێژوویەک وەکوو مانیفێستۆیەک بۆ گشتی گەلانی جیهان و هەروەها گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان نووسراوە. ئەم مێژووە بە ساڵانە لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەدەستی رێبەر ئاپۆ دەنووسرێت. بەتایبەت ٤ی نیسان بۆ گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە؛ ئەگەر بڕوانینە مێژووی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت مێژوویەکە کە حیزبانێک وەکوو کۆمەڵە و دیموکرات بە هەموو بەدیلێک کە داویانە، بە هەموو بیرۆکەی تێکۆشانی خۆیان نووسیویانە لە دوای قۆناغێک گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی قۆناغێک بووە کە بێ هیواییەکی تێدا هەبوو. دامەزراندنی پەژاک لەم رۆژەدا هاوکات لەگەڵ لە دایکبوونی رێبەر ئاپۆ، لە دایکبوونێکی نوێ بوو بۆ گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت بۆ ژنانی رۆژهەڵات. رژێمی ئێران بە چاوترسێن کردنی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی ئەوە دەدات کە بەربەست درووست کات. سەرەڕای هەموو ئەم بەربەستانە دەبینین کە خەڵک بە هەر شێوازێک تەنانەت لە حەوشی ماڵەکانیان دا دەتوانن ئەم رۆژە پیرۆز بکەن کە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە و نیشاندەری ئەوەیە کە ٤ی نیسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نە تەنیا وەکوو رۆژێک بەڵکو وەکوو مێژوویەکی لێهاتووە."

    دەوڵەتی فاشیستی تورکیە شکاندنی ئیرادەی گەلی بەبنەما گرتووە

    جوانا سنە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گەمارۆدانی گوندی رێبەر ئاپۆ(ئامارا)ی لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کرد و گووتی:" ئەم کردەوەیەی دەوڵەتی تورکیا واتایەکی نادیاری نییە. رژێمی فاشیستی تورکیە لەم قۆناغەدا کە لەناو پەلەقاژەی مان و نەماندا ژیان دەکات هەموو هەوڵدانی بۆ ئەوەیە کە هەبوونی گەلی کورد نەهێڵێت. چوونی گەل بۆ گوندی ئامارە لە ٤ی نیساندا وەکوو کلتوورێکی کۆمەڵگای لێهاتووە کە هەرساڵ بە هەزاران کەس لە باکووری کوردستانەوە دەچن بۆ ئەم گوندە. هەڵبەتە ترسێکی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە لەمە هەیە؛ بۆ ئەمەش بە بەربەست خستنە پێش خەڵک، موڕاڵ خستن و شکاندنی ئیرادەی گەل بە بنەما وەردەگیرێت."

    "رێبەر ئاپۆ، رێبەرێکی گەردوونییە"

    جوانا سنە سەبارەت بە گرنگی ٤ی نیسان بۆ گەلی کورد و بە تایبەت ژنان ئاماژەی بە پیرۆزکردنی ئەمڕۆژە لە لایەن هەموو بەشەکانی کۆمەڵگاوە کرد و وتی:" ئەگەر بڕوانینە راستی سەرۆکایەتی دەبینین کە راستی رێبەر ئاپۆ لە فیکر و فەلسەفەیەک دا کە پێشکەشی هەموو کۆمەڵگای کردووە دیارە. ئیتر وای لێهاتووە کە ناتوانین بڵێین کە رێبەر ئاپۆ تەنیا رێبەری گەلی کوردە، زۆر جاریش بۆ ئەم وشەیە لە لایەن کەسە ئینتێرناسیۆنالەکانەوە رەخنەمان بۆ دێت و دەڵێن کە رێبەر ئاپۆ تەنیا رێبەری گەلی کورد نییە بەڵکو رێبەرێکی گەردوونییە. یەکەم کەسێک کە توانی راستی ژن و گەوهەری ژن هەڵسەنگێنێت و بۆ گەڕانەوەی ژن بۆ گەوهەرەی خۆی هەنگاو هەڵێنێت، رێگایەک دیار بکات، نەقشە رێیەک دیار بکات؛ رێبەر ئاپۆ بوو. هەروەها هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لە منداڵێکەوە هەتا بەساڵاچوویەک(چ ژن و چ پیاو) دەتوانن خۆیان لە فیکری رێبەر ئاپۆدا ببیننەوە. رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر لەویاتانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا پرۆژەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی دیار کردووە. لەم قۆناغەدا کە بە گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزییەکدا تێپەڕ دەبێت؛ لە چاوپێکەوتنی دواییدا رێبەر ئاپۆ زۆر بە بڕوا و باوەڕی بە فیکری خۆی وتی کە دەتوانم لە ٦ مانگدا ئەم قۆناغە وەرچەرخێنم بۆ قۆناغێکی دانوستاندن و هەنگاونان رووەو ئاشتی. ‌هێرشێک کە لەسەر رۆژئاوا کرا و هەروەها هێرشێک کە بە سووتاندنی دارستانی ئیمڕاڵی لەسەر رێبەر ئاپۆیان بەڕێوە برد، تاقی کردنەوەیەکی گەلی کورد بوو تاوەکوو بزانن کە بەڕاستی کاتێک ئێمە دەڵێین "بێ سەرۆک ژیان نابێت" تەنیا درووشمێک نییە و راستی گەلێک نیشان دەدات. ئەگەر چاو لێبکەین لە ٤ی نیساندا هەرکەس لە هەوڵدانی ئەوەدایە کە بە خۆشەویستییەوە هەستی ئەمڕۆژە بگوازێتەوە بۆ ئیمڕاڵی."

    "ڤایرۆسی کۆرۆنا راستەوخۆ مێژووی کۆمەڵگای بەئامانج گرتووە"

    جوانا سنە لە درێژەی بەرنامەکەدا رۆژەڤی سەرەکی جیهان واتا ڤایرۆسی کۆرۆنای هەڵسەنگاند و وتی:" رێبەر ئاپۆ ماوەیەکی درێژ لەمەوبەر بە تایبەتی لە بەرگرینامەی پێنجەمیدا ئاماژە بەم کارەساتە کە گشتی جیهانی گرتۆتە بەر دەکات  و لە بەرامبەریدا پرۆژەیەک کە هەیە کە بە چ شێوازێک کۆمەڵگا پێویستە خۆی بە رێکخستن بکات لە ٩ رەهەندی نەتەوەی دیموکراتیکدا دەخاتەروو. یەکێک لەم رەهەندانەش تەندروستییە. زۆرجار ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەمە شتێک نییە کە بەدەستی زلهێزان یان وڵاتانی زلهێز بە ئامانجێکی سیاسی-ئابووریەوە درووست کرابێت، ئەم ڤایرۆسە شتێکی دەستکرد نییە. رەنگە ئەم شتانەی کە لەبواری زانستەوە دەگووترێت راست بێت بەڵام، دەتوانین بەمشێوەیەش ئاماژەی پێ بکەین کە قۆناغێکە کە هەموو جیهان تێی کەوتووە. دەگووترێت کە بەم ڤایرۆسە زۆرتر کەسانێک کە تەمەنیان لەسەرووی ٦٠ساڵە و لەبواری جەستەیەوە کێشەیەکی ئەوان هەیە، گیانیان لەدەست دەدەن. لەنێو کۆمەڵگایەکدا مێژووی کۆمەڵگا لە تەمەنی سەرەوەدایە. رەنگە ئامانجەکانی ئەم ڤایرۆسە سیاسیش نەبێت، رەنگە ئابووریش نەبێت بەڵام، ئەگەر بڕوانین راستەوخۆ مێژووی کۆمەڵگای بەئامانج گرتووە. ئەمە شتێکی بەرێکەوت نییە؛ راستە دەڵێین دەستکردیش نییە بەڵام، مێژوویەکی کۆمەڵایەتی دەسڕدرێتەوە. ئەمە شێواز و تاکتیکێکی شەڕی تایبەتە. رەنگە ئەمە کێشەیەکی تەندروستی بێت بەڵام، بە بێ ئەوەیکە کاردانەوەی کۆمەڵگا دەرکەوێت، رۆژانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەکوژرێت و وەکوو شتێکی زۆر ئاسایی دەبیندرێت. ئەمە لە کۆمەڵگادا ناڕەزایەتییەکی لێناکەوێتەوە چونکە خوێن ناڕشترێت بەڵام، هەر رۆژ مرۆڤ دەمرێت."

    " تەگبیر نەگرتنی ئێران تا ئاستێک بە زانابوونەوەیە "

    جوانا سنە لە درێژەی باسەکەدا بەمشێوەیە باسی لە ئەنجامەکانی ئەم نەخۆشییە و هەروەها تەگبیر نەگرتنی رژێمی داگیرکەری ئێرانی کرد:" لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یەکەمین وڵات ئێران تووشی ئەم ڤایرۆسە بوو؛سەرەتا حاشای لە هەبوونی ئەم نەخۆشییە کرد. تا پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دانی بە هەبوونی ئەم ڤایرۆسەدا نەنا کە ئەمەش تەگبیرێکی سیاسی بوو چونکە بارودۆخێک کە ئێستا ئێران تێیدایە، بارودۆخێکی زۆر قەیراناوییە. ئێرانیش وەکوو دەوڵەتی تورکیە لە دۆخێکی پەلەقاژە دایە. هەوڵدانی ئەوەی هەیە کە بتوانێت بە دامارێکی زۆر هاڵۆزیش بێت، خۆی بگرێت و تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. ئێران بۆ ئەم نەخۆشییە تەگبیرێکی ئەوتۆی نەگرتووە؛ کە هەر لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە تا ماوەیەکی درێژ قەدەغەی هاتوچۆی رانەگەیاند. لەم کاتەشدا خەڵک زۆر بە ئاسایی هاتوچۆی دەکرد کە لە لایەکەوە ناچارن چوونکە خەڵک برسین؛ بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان ناچارن دەرکەون و لە ماڵێ نەمێنن. تۆ کۆمەڵگات برسی هێشتۆتەوە و لە لایەکیشەوە دەڵەی کە دەرنەکەون ئەمە ناکۆکییەکی گەورە درووست دەکات؛ رەنگە لە راگەیاندنەکاندا وای دیار دەکەن کە ئێمە دەتوانین کە تەگبیری خۆمان بگرین و پێویستیمان بە یارمەتی دەزگای تەندروستی جیهانی نییە هەموو ئەمانە وادەکەن کە توێژی فەقیری کۆمەڵگا ببنە قوربانی. کاتێک چاو لە راستی و قەیرانی ئێستای ئێران دەکەین؛ دەتوانین بڵەین کە تەگبیر نەگرتنی ئێران بۆ ئەم بابەتە تا ئاستێک بە زانابوونەوەیە. لە لایەکی تریشەوە ئەو هێزەی رژێمی ئێران نییە."

    سیاسەتەکانی ئێران، مەترسییە لەسەر ژیانی زیندانیان

    جوانا سنە نزیکایەتی ئێران بەرامبەر بە زیندانیانی وەکوو تاکتیکی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە هەڵسەنگاند و سەبارەت بە دۆخی زیندانیان و گرێدراو بەمەوە هەڵهاتنی زیندانیان لە رۆژهەڵات و ئێران وتی:" دەبینین کە هەم لە ئێران و هەم لە تورکیە ئەو کەسانەی کە مادەی هۆشبەر بەکار دێنن و قاتڵن، کردەوەی دژە ئەخلاقییان کردووە، هەموویان وەکوو لیستێک دیار کراون کە لە زیندان دەربخرێن بەڵام، ئەو کەسانەی کە لە زیندان دەهێڵدرێنەوە زیندانیانی سیاسین بەتایبەتی لە ئێراندا ناکۆکیەک کە بەدی دەکرێت ئەمەیە. ئەو کەسانەی کە ئازادیان دەکەن و دەیانخەنە نێو کۆمەڵگا کەسانێکن کە کۆمەڵگا رووبەڕووی کارەساتێکی تر دەکەنەوە. بە تایبەت لەم ماوەیەدا دەبینین کەسانی نیشتمانپەروەر، ژینگەپارێز و تەنانەت دایکانی ئاشتی دەستبەسەر دەکرێن و دەخرێنە زیندان. دەبینین کە لە زیندانەکاندا تەگبیرێک بۆ ئەوەی زیندانیان خۆیان بپارێزن نییە. زۆرجار دەنگۆی ئەوە هەبووە کە زیندانیانی سیاسی کە نەخۆشن بۆ چاودێری نابردرێنە لای دوکتۆر. زەینەب جەلالیان یەکێک لەم زیندانییانەیە کە نەخۆشی جەستەیی هەیە بەڵام، دەرفەتی چارەسەری بۆ ناڕەخسێت. هەوڵدانی زیندانیان بۆ دەرکەوتن لە زیندانەکان بە هۆی ئەم مەترسییانە و زانینی سیاسەتەکانی رژێمی داگیرکەری ئێرانە. زیندانیان بە دەرچوون لە زیندان هەوڵی پاراستنی گیانی خۆیان دەدەن."

    " رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت چۆنێتی رێکخستنی خۆی و خۆبەڕێوەبەری دیار بکات "

    جوانا سنە چالاکی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گنەبڕکردنی ئەم ڤایرۆسەی وەکوو هەڵوێستێکی پیرۆز و شایانی دەستخۆشی هەڵسەنگاند و بەمشێوەیە دوا:"هەڵبەتە کە ئەمە جاری یەکەم نییە کە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەهاناچوونی گەل هەنگاو هەڵدەگرێت. ئەوە راستییەکە کە پێویستە کۆمەڵگا پشتی خۆی بە دەوڵەتەوە نەبەستێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش خەڵک ماوەیەکی درێژە کە ئەم راستییەی بینیوە و سەبارەت بەوەیکە دەوڵەت هیچ هەنگاوێک بۆ کۆمەڵگا هەڵناگرێت، خوێندنەوەیەکی راستیان هەیە. ئەمە لە ساڵانی رابردوو لە بومەلەرزەیەک کە لە کرمانشان روویدا، لە لافاوێک کە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی گرتەوەدا بینیمان کە خەڵک بۆخۆی بەهانای هاوڵاتیانەوە دەچێت. ئەمەش ماتەوزەی رۆحی گروپ و کاری گروپییە کە وەکوو داماری کۆمەڵگا هەمیشە زیندووە. سەرەڕای هەموو ئەو زەخت و گوشارانەی کە لەلایەن رژێمەوە هەیە بۆ ئەوەی ئەو دامارە ئەخلاقییانەی کۆمەڵگا وشک بکات؛ ئەم هەوڵدانانەی هاوڵاتییان زیندووبوونی رۆحی کۆمەڵایەتییە. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگاداری سیاسەتەکانی دەوڵەتن و بۆ ئەوەیکە پشت بە دەوڵەت نەبەستن، بۆخۆیان بە رێکخستنەکانیان و خۆبەڕێوەبەری خۆیان رووەو خەباتێکی بەمشێوەیە هەنگاویان هەڵگرتووە؛ دەتوانین بڵەین کە هەموو ئەمانە دەتوانن وەکوو هەنگاوێک لە داهاتوودا بیبینین کە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆز بە هاسانی دەتوانێت چۆنێتی رێکخستنی خۆی و خۆبەڕێوەبەری خۆی دیار بکات."

    " بە رێکخستن کردن و یەکگرتن، دەتوانن لەبەرامبەر بەم کارەساتانەدا خۆیان بپارێزن "

    جوانا سنە لە کۆتایی بەرنامەکەدا بانگەوازی لە گەلی رۆژهەڵاتی کورستان و ئێران کرد تاوەکوو لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ئێراندا زیاتر خۆ بپارێزن و گووتی:" کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە ساڵانی رابردوودا و بەتایبەتیش لە ناڕەزایەتییەک کە لە مانگی ئابان دا لووتکەی داخوازی کۆمەڵگای نیشاندا؛ ئەمە دیار بوو کە کۆمەڵگا کام هێڵی بۆخۆی هەڵبژاردووە. لە سەرکەوتنی ئەو هێڵەدا کە هێڵی خۆڕاگری و هێڵی گەلانە، هەوڵدانی هەموو گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان دیار بوو. دەبینین کە لە هەموو مێژووی ئێراندا هەوڵدانی ئەوە هەبووە کە ئەم هەوڵدان و تێکۆشانەی گەلان مارژیناڵ بکەن و لە گەوهەرەی خۆی دەریخەن؛ کە بە خۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵەین کە ئەم هەوڵدانانە بە ئاکام نەگەیشتوون. لێرەدا بانگەوازییەک کە وەکوو کەژار بۆ گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەمانە ئەوەیە کە ئەو ماتەوزە و ئەخلاق و ویژدانی کۆمەڵایەتی کە زیندووە؛ مەگەر بە رێکخستن کردن و یەکێتی بتوانێت بە ئامانج بگات کە بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا کە گەلانی ئێران تێیدان و کارەساتی کۆرۆنا کە لە ئێراندا لە ئاستێکی هەرە بەرز دایە دەتوانین بڵەین کە خەڵک بە خۆ رێکخستن کردن و یەکگرتن، دەتوانن لەبەرامبەر بەم کارەساتانەدا خۆیان بپارێزن."

     



    کژار