• تاگەکان: , , ,

    ژنان تەنیا بە یەکگرتن، دەتوانن زیهنییەتی پیاوسالاری تێک بشکێنن.

    5 حوزه‌یران, 2019

      رۆژنامەوانان ماریا پەناهی و نەڤاڵ ژیان بەشداری بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوون. ماریا پەناهی لە درێژەی بەرنامەدا جەختی لەسەر کاریگەری ئاڵوگۆڕییە سیاسیەکان لەسەر ژنان کردەوە و هەروەها باسی لە چۆنێتی تێکۆشانی ژنان لەم سیاسەتانە کرد، هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتیش هەڵسەنگاندنیان کرد. نەڤاڵ ژیان سەبارەت بە زەرەرێک کە ژنان بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکان پێیان دەگات و لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە چۆنێتی بەرگری کردنی ژنان و ئاواکردنی بەرگری گەوهەری لەناو کۆمەڵگای ژنان دا کرد.

    هێزە هەژموونگەرا و دەوڵەت-نەتەوەکان ئەیانەوێت کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بخەنە ناو مەنگەنەوە.

    ماریا پەناهی سەبارەت بە کاریگەری ئاڵوگۆڕییە سیاسییەکان لەسەر ژنان وتی:" سەرەتا پێویستە لە واتای سیاسەت تێبگەین، سیاسەت وەکو دەستەواژە بە واتای بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا دێت. هێزە هەژموونگەرا و دەوڵەت-نەتەوەکان ئەیانەوێت کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بخەنە ناو مەنگەنەوە، بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان رێژەی ناڕەزایەتییەکانیش هەر دەچێت پەرە دەستێنێت، قەیرانە سیاسییەکان، کلتوورییەکان، ئابوورییەکان و …هتد، بونە هۆی ئەوەی کە ئەم شەپۆلە ناڕازییانە هەستن، لەناو کۆمەڵگاش دا ژنان کە سیاسەتێکی توندوتیژ لەسەریان بەڕێوە دەچێت، لە لایەن کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە زەختێکی زۆریان لەسەر هەیە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە رێژەی خۆکوژییەکان، رێژەی کوشتنەکان و رێژەی هاوسەرگیری لە تەمەنی بچوک دا پەرە بستێنێت و ئەمانە بوونە قەیرانێک لە کۆمەڵگای ژنان دا."

    ماریا پەناهی سەبارەت بە کوشتنی ژنان وتی:"لەم ماوەی دواییدا کوشتنی ژنان لە لایەن خێزانیانەوە و تەنانەت لە لایەن مۆرەکانی دەوڵەتەوە نیشاندەری ئاسایی دیتنی ئەم بابەتەیە، راستە کۆمەڵگا لە دژی ئەم کوشتنانە دەنگیان هەڵبڕی بەڵام، چونکە چالاکییەکان گرسەیی نەبوونەوە، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو. لەم ماوەی دواییدا کە شارەداری رابردووی تاران ژنەکەی خۆی کوشت شاهیدی ئەوە بووین کە هەڵسوکەوتێکی ئاسایی لەبەرامبەری بەڕێوە چوو، کۆماری ئیسلامی پێشوازی گەرم و گۆریان لێکرد،سەریان لەبەر دادەنەواند، کاتێک کە کۆمەڵگا دەبینن کە حکومەت لەبەرامبەر بەم شتانە بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات، کۆمەڵگاش دەبێت کاردانەوەیەکی ئەوتۆی هەبێت."

    ژنان لە هەر گۆڕەپانێک کە جێیان گرتبێت ورەی خۆیان بەرز کردووە و تێکۆشانیان بەردەوام کردووە.

    ماریا پەناهی سەبارەت بە چۆنێتی تێکۆشانی ژنان و دیاری کردنی پێگەیەک بۆ خۆیان وتی:" لە بەرامبەر بەم سیاسەتانە تێکۆشانی ژنان هەر هەبووە،بێ گومان ئەگەر تێکۆشانێک نەبێت هەرگیز هێرشێک نابێت؛ رێژەی ژنان لە زیندانەکاندا زۆرن ئەو ژنە چالاکوانانە ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر بەم سیستەم و سیاسەتە دەردەبڕن، بە هۆی ئەوەی کە تۆ دەڵێی: شێوازی رێوەبردنی تۆ هەڵەیە و زەبر لە کۆمەڵگا دەدات و تۆ خەریکی مافی هێندێک لە مرۆڤەکان پێشێل دەکەی، لە ئاکامدا سزای زیندانت بەسەر دادەبڕن. ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا بەشێوەگەلێکی جۆراوجۆر تێکۆشانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و هەروەها لەناو خێزانەکانیشدا ژنان تێکۆشان دەکەن. ژنان لە هەر گۆڕەپانێک کە جێیان گرتبێت ورەی خۆیان بەرز کردووە و تێکۆشانیان بەردەوام کردووە، لەم رێگایەدا رەنگە زۆر بەهاشیان دابێت تەنانەت هێندێک کەس گیانیان لەدەست داوە، بەڵام لە تێکۆشانیان پاشگەز نەبوونەوە."

    ئەو قەیرانە ئابوورییانە کە ئێستاکە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا هەیە کۆمەڵگای تەنگەتاو کردووە.

    نەڤاڵ ژیان سەبارەت بە زەرەر لێدانی قەیرانە ئابوورییەکان لە ژنان وتی:" ئەو قەیرانە ئابوورییانە کە ئێستاکە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا هەیە کۆمەڵگای تەنگەتاو کردووە و تەنیا پیاوان هێزی چارەسەر کردنی ئەم کێشانەیان نییە و لەناو ئەم کێشانە دا تەنگەتاو دەبن کە ئەمەش وایان لێدەکات کە لەناو خێزان دا ژنان دەخەنە ناو تەنگەتاوییەکەوە، ئەو قەیرانانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ژنان هەیە تا ئەو ئاستە کە ئێستاکە ژنان لەناو شەقامەکاندا لەناو زبڵەکاندا بەدوای خواردنێک دەکەون تاوەکو زگی منداڵەکانیان و خۆیانی پێ  تێر بکەن، ئەمانە سیاسەتێکی دەوڵەتن کە دەیانهەوێت ژنان و کلتوورێک کە لە کۆمەڵگادا هەیە رووەو خەراپ بوون ببەن."

    نەڤاڵ ژیان لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر جێگرتنی ژنان لە گۆڕەپانی ئابووریدا و چارەسەری ئەم قەیرانانە کرد و وتی:"لە چارەسەری ئەم کێشە و قەیرانگەلە، ژنان دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان هەبێت. لە مێژوودا ژنان جێگەیەکی تایبەتیان لە ئابووری دا هەبوو،  بۆ نمونە بە رێگەی کشتوکاڵەوە کە دەتوانین بڵێین کشتوکاڵ یەکێک لە سەرەکی ترین بابەتەکانی ئابوورییە، یاخود جل دورین و …هتد، ئەم کارانە کاریگەرییەکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لەم قەیرانانە رزگاری بێت، ژنان و پیاوان پێویستە یەکگرتوو بن تاوەکو ئەم قەیرانانە بەیەکەوە چارەسەر بکەن."

     

    بە درێژایی مێژوو دوو هێڵ بەڕێوە چووە کە یەکیان هێڵی خۆڕاگری و تێکۆشانە و ئەوەی تریش هێڵی خیانەت و رادەست بوونە.

    لە درێژەی بەرنامەدا ماریا پەناهی بارودۆخی کۆمەڵایاتی هەڵسەنگاند و وتی:" بە درێژایی مێژوو دوو هێڵ بەڕێوە چووە کە یەکیان هێڵی خۆڕاگری و تێکۆشانە ئەوەی تریش هێڵی خیانەت و رادەست بوونە. ئێستاکەش لە کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵات هەمان شێواز بەردەوامە. کاتێک دەبینین کە ژنان سەرکوت دەکرێن و هەروەها دیاردەگەلێکی جیاواز کە بە زیهنییەتی پیاوسالار لەسەر کۆمەڵگای ژنان بەڕێوە دەچێت، ژنان بە بەردەوامی لەناویدا تێکۆشان دەکەن و دەنگی خۆیان بەرز رادەگرن. ئەم دووهێڵە ئێستاکە لە کێبڕکێیەک دان."

    ژنان پێویستە لەوەدا قەناعەت بکەن کە لەبەرامبەر بەم سیستەم و سیاسەتە، پێویستییان بە بەرگری هەیە.

    نەڤاڵ ژیان سەبارەت بە چۆنێتی بەرگری ژنان لە بەرامبەر بەم سیاسەتانە وتی:" ژنان پێویستە لەوەدا قەناعەت بکەن کە لەبەرامبەر بەم سیستەم و سیاسەتە، پێویستییان بە بەرگری هەیە و ئەم توندوتیژییانە وەکو چارەنووسێک نەبینن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە چاویان زۆرتر کراوەبێت و ئەم شتانە پەسەند نەکەن. ژنان بە یەکگرتن پێویستە کۆمیتەکانی خۆیان ئاوا بکەن، بۆ ئەوەی لە دژی ئەم توندوتیژییانە راوەستن، کۆمیتەی بەرگری کردن ئاوا بکەن. پێویستە ژنان بە یەکگرتوویی خۆیان بتوانن ئەم کێشە هەییانە چارەسەر بکەن و پیاوانیش ئەم ئیزنە بەخۆیان نەدەن کە تەنگەتاوییەک کە لەبواری ئابووری دا لە دەرەوەی خێزان روبەرووی دەبێن، وەریچەرخێنن بۆ توندوتیژی سەر ژنان."

     

     

     

     



    کژار