• تاگەکان: , , ,

    مانگی گوڵان مانگی شەهیدانی رێگای حەقیقەت

    18 ئایار, 2019

    ساڵیادی شەهیدی گەورە، شەڕکەری حەقیقەت، شەهید حەقی قەرار

    مانگی گوڵان مانگی شەهیدانی رێگای حەقیقەت

                                                                     دیلان جودی

    لە کاتی باس کردنی شەپۆلە خرۆشانەکانی بەحری رەش، بێ کۆتایی شینایی بەحر، قووڵایی عەشق، دەتوانرێت لە دڵی وەکو بەحری شەهید حەقی قەرار(یەکەمین شەهیدی پەکەکە) دا بدۆزینەوە. سروشتێکی لێوانلێو لە جوانی و سوکنایی، هەستی هەڵفڕین بەسەر لوتکەی شاخەکاندا و نەرمونیانی و پاراوی دارستانە شخڵەکان و سۆزەی باران لە تەنیشت سنوورەکانی بەحری رەش، هەموو دیمەنێکن لە چیرۆکی منداڵێکی یاخی بە چاوانی رەش وەکو مرواریدێک لە قووڵایی شەپۆلەکانی بەحر کە وێڕای گۆرانی لاز وشەی ئازادی دەژەنێت. حەقی قەرار منداڵێکە لە کۆشی سروشتدا کە بە لایەلایەی ئازادی، یەکسان و دادپەروەری بەرەو رووناکی پێی هەڵگرتووە. حەقی قەرار منداڵێک لە زێدی نەوەکانی ئینانایە، پەیجۆری حەقیقەت و شەڕکەری ئازادی. عەشقی هەڤاڵ حەقی قەرار بۆ هەڵفڕین بەرەو ئازادی لە عەشقی سیمۆرغ بۆ گەیشتن بە دڵخوازی بە هەڵفڕینی ئازادی بەسەر بەرزیەکانی شاخەکانی بەحری رەش دا دەدۆزرێتەوە.

    شەهید حەقی قەرار یەکێک لە یەکەمین کەسانێکە کە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ لە سەرەتای چاندنی تۆوی رێکخستن، لەناو ئەم شەپۆلی ئازادییە دا جیگای خۆی گرت. چاوانی بە وێبەی مرواریدی و دڵی لێوانلێو لە سۆزی عەشق بە حەقیقەت ،لەگەڵ نیگای سەرۆکایەتی بوو بە یەک و بە جۆش و ورووژەوە تۆوی ئازادی لە ناو دڵی خۆیدا چاند و پێی خستە ناو دونیای رەنج و دەردی گەلێک کە ساڵانێکی دوور و درێژ شەپۆلەکانی بەحری رەشی نیشتمانی دایکی، دەنگی ناڵەیانی بەرەو دوورەدەس دەبرد. بەڵێ حەقی قەرار لەگەڵ گەلێک بە ناسنامە و زمانی کوردی بوو بە یەک و دەنگی لێدانی دڵی لەگەڵ دەنگی سەرکوتی ئەو گەلە هاودەنگ کرد. حەقی قەرار گەرموگووڕی و پابەندی خۆی بەم گەلە گەیاندبووە ئاستێک کە رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ئەو دەڵێت" حقی قەرار روحی شاراوەی منە." پێگە و کەسایەتی حەقی قەرار ئەوەندە پتەو و بە ئیرادە بوو کە هەر تاکێک بە منداڵ و ژن و پیاوەوەی سێحری قسەکانی خۆی دەکرد و هەر کەسی بەرەو ئامانجی خۆی رادەکێشا.

    لە سەرەتای گروپدا، یەکێک لەو کەسانە بوو کە بۆ پاراستنی رەنج و تێکۆشانێک کە سەرۆکایەتی بۆ پەرەپێدانی گروپ دەیدا، بە فیداکاری و ئازایەتی لە گیانی مایەی دادەنا و کاروخەباتی دەکرد. شەهید حەقی  بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی گروپ، تەواوی رۆژ فیداییانە کاریگەری دەکرد تاوەکو بەم شێوەیە بارێک لەسەر شانی سەرۆکایەتی هەڵگرێت و بۆ دەستبەر کردنی ئازادی گەلی کورد و تاوەکو بە هاوتەریبی ئەوەش گەلی تورک هەنگاوێک هەڵێنن. شەهید حەقی کەسایەتییەکی وابوو کە بە هیچ شێوازێت ئامادە نەدەبوو یەکێک لە ئەندامانی گروپ دەردەسەری و زەحمەتی ببینێت و بەرگەی رەنجی ئەندامانی گروپی نەدەگرت، بە هۆی ئەمەوە بەردەوام بەقەد هەموو گروپ کار و خەباتی دەکرد و ٢٤ کاتژمێر و رۆژانە بۆ ئاسوودەیی گروپ بە رەنجێکی زۆرەوە عارەقی دەڕێشت.

    رەنگە بە نمونە هینانەوەیەک بتوانین زاتی شەهید حەقی قەرار باشتر بخەینەڕوو و ئەوە بووە کە:" یەکێک لە ئەندامانی گروپ نوێ هاتۆتە ناو گروپ و بە هۆی نەبوونی ئاگایی تەواو سەبارەت بە ئامانجەکانی گروپ، لە کاتی هاتنەوە بۆ ماڵەوە، لە شەهید حەقی داوای کڕینی دۆندرمە(بەستەنی) دەکات، شەهید حەقی بۆ ئەوەی دڵی ئەو گەنجە نەشکێنێت هەموو حەق دەستی خۆی دەدات و دۆندرمەی بۆ دەکڕێت، بەڵام لە لایەکی تر بەرگەی ئەوەی نەبوو پارەیەک کە بۆ پەرەپێدانی بەشێک لە کاروخەباتی گروپ بوو، خەرج بکات و لەسەر ئەو بنەمایە بۆ قەرەبوو کردنەوەی، رۆژی دواتر بە ئەندازەی دوو کارگەر کاری کرد و بەم شێوەیە هەم دڵی ئەو گەنجەی بەدەست هێنا و هەم ئەو پارەیەی کە خەرجی کردبوو قەرەبووی کردەوە." ئەمە فیداکاری و پابەندی زاتی شەهید حەقی قەرار لە رێگای رێکخستنەوە بوو.

    شەهید حەقی قەرار وێڕای هاوڕێی رێزداری شەهید کەماڵ پیر، لە یەکەمین کەسانێک بوون کە تورک بوون و بۆ یەکگرتن و هاوئاهەنگی لە نێوان گەلی کورد و گەلی تورک، لە رێگای تێکۆشان، بوون بە هاوڕێی رێبەر ئاپۆ. خاڵێکی سەرنج راکێش کە لە کەسایەتی شەهید حەقی قەرار دا لەبەر چاو بوو ئەوە بوو کە بە خواستی خۆی و بە دڵخوازانە خوازیاری کار و خەبات لە کوردستان دا بوو، تاوەکو بەو شێوەیە تابۆیەک کە زیهنییەتی فاشیستی دەوڵەتی تورک بەسەر گەلی ئەو هەرێمە وێنای کردووە، بسڕێتەوە و لە جیاتی عەشق و گیانفیدایی شەهیدانێک بە وێنەی دەنیز گەزمیش و ماهیر چایان؛ کە بە هێنانە سەر زمانی دروشمی یەکێتی گەلی کورد و تورک و ئازادی گەلی تورک پەیوەستە بە ئازادی گەلی کورد، و تەنانەت بە هۆی ئەوانەوە لە سێدارەدران، زیندوو رابگرن و نەمریان بکەن.

    شەهید حەقی قەرار کەسایەتییەک بوو کە هەمیشە لەسەر قسە و بەڵێنەکانی پابەند بووە و گوتەکانی لەگەڵ پراکتیکی یەک بووە و هەرگیز رادەست بوون و ترسی بۆخۆی پەسەند نەکردووە. لەسەر ئەم بنەمایانە، بەڵێنێک کە بۆ هاودیتن لەگەڵ گروپێک بە ناوی ئەستێرەی سوور کە بانگەشەی چەپ بوونیان لە تورکیە و کوردستان دا هەبوو، پێکی هێنا و هاودیتنی کرد، سەرەڕای ئەوەی کە شەهید حەقی هەستی کردبوو  کە ئەم هاودیتنەوە لە فێڵ و تەڵەیەک بەولاوەتر هیچی تر نییە بەڵام بەهۆی راستگۆیی خۆی پاشگەز نەبۆوە و چوو بۆ شوێنی هاودیتن لەگەڵ ئەم گروپە و بەداخەوە بەشێوەیەکی خیانەتکارانە و ناجوامێرانە لە لایەن کەسانی نەناسراو هێرشی لەسەر کرا و بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشت. لە راستیدا شەهادەتی حەقی قەرار هەڕەشەیەک بوو لەسەر هەموو ئەندامانی گروپ کە ئەگەر لە تێکۆشان پاشگەز نەبنەوە، چارەنووسی ئێوەش وەها دەبێت و بەم شێوەیە خوازیاری پاکتاو کردنی گروپ بوون.

    بەڵام سەرەڕای ئیخانەتێک کە لەبەرامبەر بەئەوان کرا، رێبەر ئاپۆ لە پەیامێک کە دوژمن ناردبووی تێگەیشت و لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ تۆڵهەڵدانی شەهید حەقی قەرار، ویستی وڵامێکی مێژوویی بداتەوە، هەڵبەتە لەم کاتانەدا کەسانێک وەکو شەهید کەماڵ پیر بە پێشنیاز دان بە رێبەر ئاپۆ خوازیاری شەڕی چەکداری و تۆڵهەڵدانی خوێنی شەهید حەقی بە کوشتنی بکوژانی ئەو بوو کە سەرۆک ئاپۆ ئەم شتەی رەت کردەوە و رازی نەبوو. رێبەر ئاپۆ بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهید حەقی قەرار کە پیلانگێڕییەک لە دژی هەموو گروپ بوو پێشنیازی کرد کە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)ی دابمەزرێنرێت بە راگەیاندنی فەرمی ئەم حیزبە لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینی و پەرەپێدانی کار و خەباتەکانیان، وڵامێکی کوتەریان بە دوژمن دا و بە شێوەیەکی مێژوویی تۆڵەی خوێنی شەهید حەقی قەراریان ساند.

    بە هەمان شێوە کە بۆ تەڵهەڵدانی خوێنی شەهید حەقی قەرار  پەکەکە دامەزرێندرا کە وەکو وڵامێکی مێژوویی لە بەرامبەر دوژمن بوو، مانگی گوڵان بە هۆی شەهادەتی زۆرەوە کە زۆربەی هاوڕێیانمان لە رێگای گەیشتن بە ئازادی گیانی خۆیان فیدا کرد، بە پێگە و روحی شەهید حەقی قەرار وەکو مانگی شەهیدان ناوزەد کراوە و زیندوو راگیراوە. ئێستاکەش رێبەر ئاپۆ بە روح و پێگەی شەهید حەقی قەرار، شەهید کەماڵ پیر و شەهیدانی خۆڕاگری زیندانی ئامەد و تەواوی شەهیدانی رێگای ئازادی، روحی خۆڕاگری و تێکۆشانی لە دڵی تەواوی گەلی کورد و تورک لە تورکیەدا، بە شێوەیەکی سەقامگیرانە قووڵ کردووە و بەم شێوەیە بیر، ئەندێشە و ئامانجی خۆی لە هەموو جیهاندا پەرە پێدا و پێشی خست. رێبەر ئاپۆ لە بیری چەپەڵ و ناپاک کە بە تاریک کردنی ڤیهانی رووناکی گەلان، پەرە بە خۆیان دەدەن، بەم شێوەیە تۆڵە دەستێنێت و رۆڵەکانی رێگای ئازادی دەعوەتی تێکۆشان و خۆڕاگری دەکات و هەروەها بەم شێوەیە یاد و بیرەوەری هەزاران حەقی قەرار و کەماڵ پیران لە دڵی مرۆڤە ئازادیخوازەکان زیندوو رادەگرێت.

     



    کژار