بۆ کچە گریلایەك
23 ئهیلول, 2017تەنیا هایا
کەزیت چیرۆکی هەزار و یەک ئەفسانەیە
هەر تاڵێکی ئاواتێکە ،سترانێکە ،خەندەیەکە
ئاوێزانی بایەکی بەهاری ئەبن و
سەرلەنوێ ژیان ئەهۆننەوە!
کەزیت تاڤگەی ئازادییە…!
لە کانیاوی لێوانت بزە و بەهار چرۆ دەکا و
دەڕژێتە ناو خەونی پەپوولە و گووڵەوە!
زەوی بە ڕێژنەی بەزەییت پاراو دەبێ و
گەزیزە لە چاوتا چاو هەڵدێنێ!
چاوت ئاوێنە نوێنی هەزاران خەونی ئەسیرە
دەستت لانکی خۆرەتاوە
ترپەی هەنگاوت بەرەژانی داهاتووە…و
نیشتمان لەژێر دەواری میهرەبانیت وچان دەدات و
لە چیرۆکی پاڵەوانەتی سمێڵ دڕدۆنگ دەبێت!
سروەی بەخشندەییت خاک و زەوی شەرمەزار کرد
تۆ لە نەسڵی ئەو ڕەشەبا یاخییانەی
وا ساتەکان ڕادەچڵەکێنی و
خۆڵەمێشی خەم لە ڕوخساری نیشتمان ئەسڕیتەوە
زارۆکانی سبەی دەست دەگرن بە کەزیتەوە و
هەڵدەکشێن تا بزەی پیرۆزی خۆرەتاو
@page { margin: 2cm }
p { margin-bottom: 0.25cm; direction: ltr; line-height: 120%; text-align: left; orphans: 2; widows: 2 }