ژیانی کۆمەڵایەتی:
16 شوبات, 2024رێبەر ئاپۆ
وێڕای ئەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی دەستەواژەیەکی زۆر سادەیە، بەڵام وەک دەستەواژەی سەرجەم زانستەکان پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە. سەرەڕای بەکارهێنانی بەردەوامی، بەڵام بە پێچەوانەی مەزەندەکانهوه، دەستەواژەیەکە هێشتا بە ماناکەی خۆی نەگەیشتووە. چونکە ئێمە نازانین کە ژیانی کۆمەڵایەتی چییە. ئەگەر زانیبامان، دەبووین بە بەرگریکار و داکۆکیکارە بێئامانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیمان کە لەژێر حوکمڕانیی سیستەمە هەژموونگەراکاندا لەتلەت کراوە. چونکە جەهالەت و نەزانی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا زاڵە، نەک دانایی. لە بنەڕەتدا ئەوەی لە جەمسەری بەرامبەری ژیانی هەژموونگەراییدا لە ئارادایە ژیانیکی جاهیلی و نەزانانەیە؛ هەڵبەتە ئهگهر پەردەی نەزانی و جەهالەت بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیدا نەپۆشرێت، سیستەمە هەژموونگەراکان بەردەوام نابن.
بە لەبەرچاوگرتنی کارەکتەره ڕێژەییهكهی ژیان، هەوڵی پێناسەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی دەدەم. بەر لە هەموو شتێک، پێویستە بڵێم ژیانی کۆمەڵایەتیی چونیەک، بێسنوور و هاوشێوە لە هەر شوێنێک لە ئارادا نییە؛ چونکە ژیانی ڕێژەیی مانای ژیانێکی تاک و تەنهایە. هەر وەک زانراوە و پێویستە بزانرێت، تاقانەیی گەردوونیبوون ڕەت ناکاتەوە. چونکە نە تاقانەیی پەتی، نە گەردوونگەرایی پەتی، هیچ یەکێکیان بە تەنها لە ئارادا نین. واتە دوالیزمی تاکانەیی–گەردوونییش بە لانی کەمهوه بە قەدەر دوالیزمی مانا–ماددە بوونی هەیە. چونکە تاکانەیی نەبێت گەردوونیبوونیش فەراهەم نابێت. ئەگەر گەردوونیبوونیش نەبێت، هیچ تاقانەیەک ناژی. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر دەشێت نموونەیەک بێنمەوە: بە سەدان جۆری گوڵ هەریەکە و دانەیەکن؛ بەڵام تەواوی جۆرەکانی ئەو گوڵانە لایەنێکی هاوبەشیان هەیە كه وای کردووە بە گوڵ ناو ببرێن. ئەو لایەنە هاوبەشە گوزارشت لە گەردوونیبوون دەکات. ئەم ڕێسایە لە تەواوی هەمەڕەنگییەکانی گەردووندا بەرکارە.
لەبەر ئەوەی لە بەشە پەیوەندیدارەکانی بەرگرینامەکەمدا لە چوارچێوەی هەمەڕەنگی و مێژووییبوونیدا هەوڵی خستنەڕووی ژیانی کۆمەڵایەتیم داوە، بۆیه دووبارەی ناکەمەوە و تەنها وەبیرهێنانەوەی بەسە. چیرۆکی هۆمۆساپیانس (مرۆڤی بیركهرهوه) کە شیمانە دەکرێت لە خۆرهەڵاتی ئەفریقا ژیاوە و تەمەنی نزیکەی دووسەد هەزار ساڵە و پەنجاهەزار ساڵ بەر لە ئێستاش لەو خاکەی تێیدا لە دایک بووە بە زمانی هێمایی گەیشتووە، لەگەڵ توانەوەی دوایین قۆناغی سەهۆڵبەندان بیستهەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە بنارەکانی زاگرۆس–تۆرۆس لە کۆمەڵگهی بەر لە کشتوکاڵ دەرکەوتووە و پازدەهەزار ساڵیشە پهڕیوهتهوه ناو سیستەمێکی ژیانی کۆمەڵایەتی کە شێوەیەکی تێکەڵی قەبیلەگەرایی کشتوکاڵ و نێچیروانی – کۆکردنەوەی بەروبووم و خۆراکی لە خۆ گرتووە، پشکێکی گرنگی ڕاستی لە خۆ دەگرێت. هەروەها قۆناغێکی پێنجهەزار ساڵەی شارستانییهتی ناوەندی خرایە سەر ئەو شێوازەی ژیان کە بە شێوەی کۆمەڵگهی کشتوکاڵ–گوند پەرەی سەند. لەمیانەی هێڵی گشتی یاخود بە شێوەی قۆناغ – سەردەمەکان هەوڵی باسکردنی پەرەسەندنی کولتوورێکی ژیانی هەژموونگەرام داوە کە لە ڕێگهی دوالیزمی کۆمەڵگهی کشتوکاڵ–گوند و کۆمەڵگهی شار – بازرگانی – پیشەسازیی ئەمڕۆمانهوه کاریگەریی ههبووە. لە بەشی پێشتردا ئاماژەم بۆ ئەو کولتوورە هەژموونگەرایەی قۆناغی ئەوروپای پێنجسەد ساڵی دوایی کرد. زۆر ئاشکرایە کە ئەم کولتوورە لە پێکهاتن و پێگەیشتندا، تەنانەت قەیران و تەنگژە بونیادییەکانیشی لە بنەڕەتدا مۆرکی کۆمەڵگهی خۆرهەڵاتی ناوینی پێوەیە. ئەوە ئەو کولتوور و کۆمەڵگهیەیە کە هەوڵی خستنەڕووی ماناکەیم دا. هەرچەندە تاکانەییان زۆر بێت و مۆدێرنیتەی ئەوروپاش یەکێک لەو تاکانە گرنگانە بێت، بەڵام بە هۆی قۆناغ و شوێنەوە هەر کاتێک دەشێت پۆلێنبەندی و ئەبستراکتبوون بە مانای تاقانەی تاکەکان لە ئارادا بێت.
دۆخی کۆمەڵگه ژیانی جۆری مرۆڤ بە سیفەتی تاکانەیی دەستنیشان دەکات. واتە دۆخی ئەو کۆمەڵگەیە تاقانەیی و جیاوازیی نێوان ژیانی مرۆڤێکی ئەفریقیاو ژیانی مرۆڤێکی خۆرهەڵاتی ناوین دیاری دەکات. هەرچی نەژاد یاخود خەسڵەتە جەستەییەکانی دیکەیە دیاریکەر نین. چونکە تاکی مرۆڤ بەبێ کۆمەڵگە، ئەگەر بە خێرایی نەمرێت، نەک تەنها نابێت بە مرۆڤی دانا، بەڵکو دەشێت جۆرێکی نزیکی ئەو ئاژەڵانە بێت کە بە زمانی ئیشارەت قسە دەکەن. مرۆڤی بێ کۆمەڵگه دژهمرۆڤە. دەرکردنی مرۆڤ لە کۆمەڵگه و بوون بە مرۆڤی بێ کۆمەڵگه گەورەترین سزایە کە مرۆڤ دووچاری بێت، چونکە مرۆڤ هەموو هێزی خۆی لە کۆمەڵگه وەردەگرێت. ئاستی پێگەیشتووترین زانست و داناکانیش گرێدراوی کۆمەڵگهیە. هەرچی هەڵسەنگاندنی ژیانی کۆمەڵایەتییە وەک دیمەن و ژمارەی ماددیی گەورەترین خیانەتی پۆزهتیڤیزمە بەرامبەر بە مرۆڤ. لێرەوە گەیشتن بە ئاستی کۆمەڵگهی مرۆڤ تەنها لەمیانەی هەڵمەتێکی گەردوونییەوە مانای دەبێت.
با تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کارەکتەری ژیانی کۆمەڵایەتی بژمێرین بەو سیفەتەی هەڵمەتێکی گەردوونییە:
1– پێش هەموو شتێک پێویستە بە سیفەتی مێژوو کۆمەڵگە تاوتوێ بکەین. لە ئاکامی هەوڵی ملیۆنان ساڵەی جڤاتەکانی مرۆڤ لە شوێنی سەخت و تێکۆشانی شکۆدارانەی پڕ لە ئێش و بەردەوامەوە، جڤاتی تاکانەی پێگەیشتووتر ئاوا کراوە. هەندێک شوێن و قۆناغیش ڕۆڵی دیاریکەریان لە قەڵەمبازە کۆمەڵایەتییەکاندا بینیوە.
2– بە سیفەتی مێژوو، کۆمەڵگه پێویستی بە پێگەیشتنی ئاستی ژیرییە. چونکە ئاستی ژیریی مرۆڤ کۆمەڵگهبوونەکەی دەستنیشان کردووە. کۆمەڵگهبوونیش لە لای خۆیەوە ئەو ئاستەی ژیریی ناچار کردووە لە دۆخی زهنییەتدا کار بکات و گەشە بسەنێت. چونکە سروشتی کۆمەڵایەتیش پێویستی بە بونیادێکی نەرم و خاوەن زهنیەتێکی پێگەیشتوو هەیە.
3– زمان تەنها ئامرازی زهنییەتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا فاکتەرێکی بونیادنەرە. زمان یەکێکه لەو فاکتەرە سەرەکییانەی کە کۆمەڵگه پێکدێنێت. بەو سیفەتەی ئامرازی ژیریی دەستەجەمعییە، زۆر بە خێرایی پەرە بە نەرمایی سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگه دەدات.
4– شۆڕشی کشتوکاڵ ڕیشەدارترین شۆڕشی کولتووری ماددیی و مەعنەویی کۆمەڵگهیە لە مێژوودا. لە بنەڕەتدا کۆمەڵگهی مرۆڤ لە دەوری کشتوکاڵ شێوەی گرتووە. ناشێت بیر لە کۆمەڵگهیەکی بێ کشتوکاڵ بکرێتەوە. چونکە کشتوکاڵ تەنها بە چارەسەرکردنی کێشەی خۆراک ناوەستێت؛ بەڵکو لە بواری ئامرازە سەرەکییەکانی کولتووری ماددیی و مەعنەویدا، لە سەرووی هەمووشیانەوە ژیری، زمان، ژمارەی دانیشتوان، نیشتەجێبوون، ئایین، ئامراز و پۆشاک ڕێگه لە پێش گۆڕانکاری و وەرچەرخانی ڕیشەیی دەکاتەوە.
5– بە بەراورد لەگەڵ پیاو لە کۆمەڵگهبووندا ژن ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، چونکە لە بەدیهێنانی هەمیشەییبوونی کۆمەڵگهبووندا خاوەنی چڕترین هەوڵ و کۆششە. وەچەخستنەوە و بەخێوکردن و پاراستنی منداڵان ئاڕاستەی دایکانەیی پەرەسەندنی بەکۆمەڵگهبوون مەیسەر دەکات. هەربۆیە کۆمەڵگه زیاتر هەڵگری ناسنامەی دایک–ژنە. هەبوونی فاکتەر و توخمی مێیینە لە بنچینەی ئایین و زماندا ئەم حەقیقەتە دەسەلمێنێت. لە کۆمەڵگهی کشتوکاڵ–گونددا ناسنامە و دەنگی ژن درێژە بە هێزی خۆی دەدات.
6– سروشتی کۆمەڵگه لە ناوەڕۆکدا ئەخلاقی و سیاسییە. ئەخلاق سیستەمی ڕێسای کۆمەڵگه دەستنیشان دەکات، سیاسەتیش کارگێڕییەکەی. لە کاتێکدا ئەخلاق سیستەم و هەمیشەییبوونی کۆمەڵگه فەراهەم دەکات، سیاسەتیش پەرەسەندنە داهێنەرانەکەی زامن دەکات. هەربۆیە ناشێت بیر لە کۆمەڵگهیەکی بێ سیاسەت و بهبێ ئەخلاق بکرێتەوە. ئەو داماڵین و تێکچوونەی لە ئاستی ئەخلاقی و سیاسییەوە بێتە ئاراوە، بەشێوەیەکی تێکەڵ لەگەڵ هەر جۆرێکی نایەکسانی و کۆیلایەتی دێتە ئاراوە.