• دابڕان تەنیا لە پیاو نا، دابڕان لەتەواوی قێزەوەنیەکانی سیستەم ئەنجام دەدەین

    27 نیسان, 2023

    رێبەر ئاپۆ

    بێگومان ناکرێ تەواوی خێزانەکان تەڤلی تێکۆشان ببن. منێش بابەتەکە لەو چارچێوەیەدا گفتوگۆ ناکەم، بەڵکو لە ئاستی دەستەواژەدا ئاماژەی پێدەکەم. ئاشکراشە کە لەتوانای هەرکەسدا نییە ئەم دەزگایە دەرباز بکات، ئێوەش ناتوانن ئەمە دەرباز بکەن. ئەگەر ئەو هێزەتان هەبووایە ئەوا ئێستا دەبوونە سەرۆکێکی گەورە و جەنگاوەرێکی مەزنی تێکۆشانی رزگاری. تەنانەت منیش ناتوانم ئەوە دەرباز بکەم. واتە شەڕڤانێکی سەرگەرمم، بەڵام ئێستاکەش ئەگەر رۆژانە سەرقاڵی خۆم نەبم، ئەوا دەتوانێ منیش قووت بدات. واتە ئەم کێشەیە یەکجار سەختە. هەروەکو کێشەی کونە رەشەکان ئەم رووداو و دیارەدەیەش هەموو شتێک قووت دەدات. ئەو دەزگایە بەهەزاران ساڵ پێش ئێستا سەریهەڵداوهو تا ئێستا بەردەوامە.

    بێگومان ئێمە هەوڵدەدەین کە کێشەی کورد چارەسەر بکەین. واتە لەمیانەی هەوڵەکانم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ئەو مەسەلەیەی کە لەهێزە ئیمپریالیستەکان و داگیرکاری زیاتر بەشێوەیەکی مەترسیدار لەبەرامبەرمدا قووت دەبێتەوە، مەسەلەی خێزانە. هەر لەبەر ئەمەشە کە رۆژانە بەشەرڤانەکانمەوە سەرقاڵ دەبم. بە قارەمانانە دەکەن، وەلێ زۆر بەئاسانی شەهید دەبن، هەربۆیە دەمەوێ رێگا لەم رەوشە بگرم، بۆچی دەکەونە نێو رەوشێکی بەوجۆرە؟ بۆچی ئەو کوڕ و کچە لاوانە بەو شێوەیەی کە چاوەڕوان ناکەین، بەرەوپیری شەهید بوون دەچن؟ پێویستە ئێستا ئەم رەوشە چارەسەر بکەم.

    جا بۆ چارەسەرکردنی ئەوە، بەداخەوە، ناچارم هەڵسم بەتاوتوێکردن و باسکردنی چۆنیەتی مەزنکردن و پێشخستنی ئەو لاوانە. لەڕاستیدا چۆنیەتی پێگەیاندن و بەخێوکردنی منداڵ لەتەمەنی ٧ ساڵیەوە خۆی لەخۆیدا کارەساتێکە. شێوازی بەخێوکردن و پێگەیاندنی منداڵ لە نێو خێزان، تادواڕادە خراپە و ئەمڕۆ لە ئان و ساتێکدا ئەو کەسایەتیانە بەرەو نەمان دەبات. بێگومان ئەمە ئازارێکی مەزنە. دایکێک بۆ منداڵەکەی خەمبار دەبێت و دەگریت، وەلێ من بە هەزاران هەڤاڵی وەکو چیام هەن. تەنیا بەس نییە کە دڵتپێیانەوە بێت، بەڵکو پێویستە لە بواری فیکر و مێشکدا شیکاریان بکەین و تەمەنیان درێژبکەینەوە. هەڵبەتە ئەمە کێشەیەکی زۆر مەزنە. هەربۆیە دەڵێم: ئاخۆ ئەو شتانە چین کە تا ئەو رادەیە پیاو لەناو دەبات و لاوازی دەکات؟ لەم خاڵەدا پیاو بیر ناکاتەوە و تۆزقاڵێکیش چییە ئەو مەترسیانە نابینن کە لەئارادان. من ئەم مەسەلەیە تاڕادەیەک بەدەزگای خێزانەوە دەبەستمەوە. بەئامانجی دابینکردن و جێبەجێکردنی پێداویستیەکانی شەڕو تێکۆشان ئەم هەنگاوە دەهاوێژم. لێرەدا گەلێک لایەن و خاڵی دیکەش هەن. بێگومان مەبەستی من رزگارکردنی هەموو خێزانێک یاخود بەشداریکردنی هەموو خێزانەکان نییە لە ریزەکانی ئەم شەڕەدا. بێگومان ئەوە مەحاڵە و پێویستیش ناکات. وەلێ دەستەواژە و پێشەنگ پەرە پێدەدەین، بۆ ئەم مەبەستەش کچ و کوڕی پێشەنگ دەئافرێنین.

    پێویستی بە دابڕانێکی مەزن هەیە.

    ئێستا گەلێک لەنووسەران پێمان دەڵێن: ئەنجامدانی ئەوە زۆر زەحمەتە. کچ و کوڕە خوێن گەرمەکان کە دەگەنە تەمەنی ١٨ ساڵە دەکەونە نێو ئەشقێکی کوێرانەی سەیر، ناچاریشن بکەونە نێو ئەم رەوشەوە. وەلێ لەهەمانکاتدا ئەمە داڕووخانێکی مەزنە. چەمکێکی ئەشقی کوێرانەی بەمجۆرە، بەدڵنیاییەوە بەواتای بەرکەوتنی دووەمین گورزی کوشندە دێت. لەڕاستیدا خودی ئەشقی کوێرانە واتای دابڕانە لە هزر و کردنەوەی دەرگایە لەبەرامبەر هەر جۆرە کۆیلایەتییەک! واتە مانای داڕووخانێکی گەورەی سۆز و هزرە، واتای لاوازی و بێ هێزییە. ئەو دۆخەی دوای هاوسەرگیری دێتە ئاراوە؛ کێشە ئابوریەکان نزمبوونی ئاستی پێوانەکانی ژیان- هەڵبەتە دابەزینی ئاستی کولتووری، هونەری، ژیان و رەوشە جەستەییەکەی- رەوشێکی زۆر مەترسیدارە. کاتێک کچ و کوڕێکی گەنج دەگەنە تەمەنی ٢٠ ساڵان، جێ و شوێنیان لە نێو بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتییدا کۆتایی پێدێت و بەرهەمهێنان لای ئەمان کێشەیەکی زۆر مەزنە. ئەو جۆرە کەسایەتیانە لەنێو ریزەکانمانیشدا زۆرترین کێشەمان بۆ دەردەخەن. هەربۆیە ناچارین کار و خەباتێک پەرە پێبدەین کە بە خەیاڵی مرۆڤیشدا نایەت؛ پەروەردەیەکی بێهاوتا، سەرلەنوێ ئافراندنەوەی دڵ و هەستیان، پەرەپێدانی ئەقڵ و تەنانەت گەشەپێدانی هەمەلایەنەی جەستەشیان بە بنەما بگرین. ئەو ڕێگەچارەیەی بۆ ئەم دۆخە دۆزیومانەتەوە مەسەلەی دابڕانە، بەڵام زۆر زەحمەتە.

    لەم رووەوە ئێمە کەلەشەهیدە ژنەکان بۆ خۆمان بەبنەما دەگرین. من بەردەوام گوتوومە و دەیڵێمەوە: بەدڵنیاییەوە راستینەی زیلان، حەقیقەتی زەینەب کەناجی بۆ ئێمە وەسیەتە!

    من داوام لە هەڤاڵ زیلان نەکرد چالاکیەکی وەها ئەنجام بدات، وەلێ ئەو لەسەر بڕیاری شەخسی خۆی بەم چالاکییە هەڵساوە. سێ نامەی لەشێوەی وەسیەت بۆ بەجێ هێشتووین. هەمیشە ناچارین ئەو وەسیەتانە بەهەند وەربگرین. لەڕاستیدا ئەو نامانە هەر یەکەو مانیفستۆیەکن. لەرێگای هزر، ئایدیۆلۆژیا، چەمکە رێکخستنی و تەنانەت بەچەمکی چالاکیەکەی ئەو رێگەیەمان نیشان دەدات کە دەبێ چۆن بژین، یاخود چۆن شەڕ و تێکۆشان بکەین بە هیچ جۆرێک ناتوانین بێ رێزی لە بەرامبەردا بنوێنین.

    ئەگەرچی هەڤاڵ زیلان هاوسەرگیری کردبوو، وەلێ لەکەسێتی خۆیدا گورزێکی مەزنی لەدەزگای خێزان وەشاندبوو. هەروەها ئەشقێکی زۆر مەزنی بۆ ژیان هەیە، لەو بوارەشەوە ئاگادارە کە چ شیوازێک لەبەرامبەر کامە دوژمندا بەکار بێنێت؛ بە شێوەیەکی گیانبازانە چالاکیەکەی بەجەستەی خۆی ئەنجامدا. لە روانگەی ئێمەوە ئەوە دیاردەیەکی مەزنی شکۆمەند بوونە. کاتێک چاوپۆشی لەوانە بکرێت جێیەک بۆ ئاخافتن نامێنێتەوە. لەڕۆژانی بەمجۆرەدا، پێویستە کەسایەتی لەو جۆرە بەبنەما وەربگرین. لەڕاستیدا ئێمە ئەوانە، وەکو پیرۆزترین کەسایەتی لەقەڵەم دەدەین.

    ئەگەر سەرنج بدرێتدەبینرێت کە خاوەنی ئەمجۆرە چالاکیانە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر سنووردارن و رەنگە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک دەرباز نەکەن. لەم سۆنگەیەوە؛ ناچارین بەباشترین شێوە پێگەکەی لەناو ژنانی جیهان دەسنیشان بکەین و پەیوەستبوونی پێویست بە هەڤال زیلان پیشانبدەین. چونکە ئەوانە بەهای پیرۆزن. لەمێژوودا نەمانە بە عەزیزە( واتە ئەو ژن و پیاوانەی کە لەسەر رێبازی ئایینی مەسیحی دەستیان لەئارەزووەکانی ژیان بەردابوو- وەرگێڕ ) و فریشتە ناودەبرێن. ئەمانە ئەو کەسایەتیانەن کە پێویستە لەو ئاستەدا تاوتوێ بکرێن. لێرەدا دابڕنێکی مەزن لەئارادایە بە بڕوای من ئەوە رووداوێکی مەزن و شکۆدارە. ئەو دابڕانە تەنیا دابڕان نییە لە پیاو، بەڵکو دابڕنێکی سەرسوڕهێنەرە لەتەواوی سیستەم، چەپەڵیەکان و سەرجەم کۆت و بەندەکان. بە بڕوای من ئەوە بوویەرێکی مەزنە. ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە؛ شیکارکردنی ئەمە، تیۆریزەکردنی و هەڵسەنگاندنێتی وەک سەرچاوەی فەرمانێک. چونکە ئەنجامگەلێک هەیە کە ئەو بوویەرە پێمانی دەبەخشێت. رەنگە لە وەسیەت و نامەکاندا بەتەواوی باسی لەمانە نەکردبێت. وەلێ بەخوێندنەوە و شیکردنەوە وشە بە وشە و رستە بە رستەی نامەکان، وەفاداری و راستگۆیی خۆمان پیشان دەدەین و لەکەسایەتی خۆشماندا پێکی دەهێنین. لەدۆخێکی پێچەوانەدا باسکردنی هەڤال زیلان و هەڤالانی دەبێتە دووڕوویی. بەلای منیشەوە یەکیک لە خاڵە هەرە مەترسیدارەکان، دووڕووییە لەو بارەوە.



    کژار