رۆڵی رۆشنبیران لە شۆڕشی نەتەوەییدا

1 ئاب, 2022

رێبەر ئاپۆ

بەشی٢

ئەوانەی کە شەهید بوون، ئەوانەی کە خۆیان سووتاند، ئەوانەی کە لەسەری چیا شەڕ دەکەن، بۆ ناوی گەلێک بەبێ مەرج خۆیان فیدای گەل و وڵات دەکەن. من ناچارم بەوانەوە گرێدراوبم، بۆچی؟ چونکە ئەگەر بەوانەوە گرێدراو نەبین ــ کە گەورەترین قوربانی لەپێناویی گەلدا دەدەن ــ و لەهەموو روویەکەوە بە قووڵی و بەفراوانی لەسەر ئەوان رانەوەستین، ئەوا ناتوانین پیوەستبوونمان بەگەلەوە نیشان بدەین. ئەگەر ئێوەش لەگەڵ گەلی کورددا نەبن، ئایا چۆن خۆتان بە رۆشنبیری کورد دادەنێن. ئەگەر بە کوردێکی گرێدراوی دوژمن بڵێن ئەویش باشە، ئەوکاتە چۆن لەگەڵ گەلی کوردن. لێرەدا پێویستە مرۆڤ راستی خۆی باشتر بناسێ. مەسەلە من نیم، مەسەلە پارتی کرێکارانی کوردستانیش نییە، لەوانەیە ئەوانەی کە شەهید دەبن نەشزانن کە PKK چییە، بەڵام لەمێژووی هیچ گەلێکدا ئەو جەسارەت و خۆکردنە قوربانیە دروست نەبووە. ئێستا رۆمان چۆن بنوسین، کۆنسرتۆ چۆن دروست بکەین، شایی چۆن بکەین و….هتد، ئەو شتانە لەچاو ئەو قارەمانێتیەی شەهیدان ناتوانێ ببێتە هونەر و رۆمان. ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ کە رۆشنبیری کورد مردووە و ناتوانێ بنووسێ. ئەوە شتێکی بچووک نییە، کە ئێوە لەسەر ئەحمەدی خانی هەندێک شت ئەڵێن، هەموو کەسێک ئەحمەدی خانی و مەم و زین دەناسێ، بۆچی ئەحمەدی خانی بە مەم و زین بەناوبانگە؟ دیارە مەزنبوونی ئەحمەدی خانی لەسەر ئەشقی مەم و زینە. دەزانین مەم و زین لە جزرە بۆتان سوتاوون. ئەمڕۆکەش بە هەزاران مەم و زین دەسووتێنرێن، لەوانەیە مەم و زینی ئەحمەدی خانی کوڕ و کچی ئاغا و بەگ بووبن، زێدە ئەشقێکی وڵاتپارێزی نەبووبێ. بەڵام ئەمڕۆ بەهەزاران مەم و زین بەئەشقی بۆتان و ئەم وڵاتە دەسووتێنرێن. ئەحمەدی خانی نووسەرێکی دروست بوو، مەم و زینی دیت و یەکسەر دەستی بەنووسین کرد، بەڵام ئێوە هەزاران مەم و زین دەبینن و لەبەرچاوتانن، خەیاڵیش نین، بەڵکو حەقیقەتن. باشە بۆ ناتوانن شتێک بنووسن، بۆچی ئەو هێزەتان نییە، بۆچی ناتوانن وەکو ئەحمدی خانی بنووسن؟ بوێری ئێوە کوا تاوەکو بڵێن دەتوانین. بەرهەمی ئەحمەدی خانی مەم و زینە، بەرهەمی ئێوە کوا؟ ئەحمەدی خانی بە ئەشقی مەم و زین مەزن بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهەزاران مەم و زین لەبەرچاون کەچی ناتوانرێ دەرببڕدرێ و بنووسرێتەوە. ئایا چۆن ئەوشتانە لەگەڵ رۆژی ئەمرۆمان گرێ دەدرێت؟ بەدرخان بەگ چۆن بەئەمڕۆوە گرێ دەدرێ، شێخ سەعید چۆن بە ئەمڕۆوە گرێ دەدرێ؟ هەر رۆشنبیرێک ئەگەر ئەو شتانە نەزانێ و مێژوو و هونەری دوێنێ و ئەمڕٍۆ نەکاتە یەک، ئەو کاتە ناتوانێ بڵێ من رۆشنبیرم و مافی هیچ کەسێک نییە. هەر کەسێک ئەگەر بەناوی گەلی کورد و خوێنی شەهیدان قسە بکات، دەبێ جێگای خۆی بەو رەنگە بگرێت، ئەوە مێژووی منە.

هەنێک دەزگا هەن هونەری و کولتوورین و خۆیان بە سیاسی دادەنێن، هەندێکیان سیاسین و کاری سیاسی بەڕێوە دەبەن، بەڵام دەیانەوێ وەکو دەزگایەکی هونەری و کولتووری تەماشای خۆیان بکەن، ئەوانە هەردووکیشیان راست نین. هەر لەبەر ئەو هۆیانەشە خەبات گەلێک دوادەکەوێ. لەکۆندا ئەو شتە زۆر باو بوو، بە ئەزموون دەرکەتووە کە هەتا ئێستا ئەو کارەی کردوویانە، کارێکی کولتووریی و هونەریە، بەڵام بەناوی پارتی سیاسیەوە کراوە. وەکو پارتی سۆسیالیست، پارتی دیموکرات، پارتی شۆڕشگێڕ، بەڵام ئەگەر تەماشای کارەکانیان بکەى، ئەوا زیاتر کاری کولتوورین، نەک کارێکی سیاسی، بەڵام ئەوانە وا دەزانن کارێکی سیاسیان ئەنجام داوە. هەندێکیش هەن لەژێر ناوی کولتوور، کاری سیاسی دەکەن و دەڵێن ئێمە دەوڵەت هەڵدەخەڵەتێنین، ئەوە هەڵەیە. بەتایبەتی لەم دواییەدا گەلێک زەرەر لەو بۆچوونانە بینرا. دەبێ مرۆڤ کاری سیاسی و کاری کولتووری لەیەک جیا بکاتەوە و تێکەڵاویان نەکات. پێویستە هەموو کارێک بەئەندازەی خۆی نرخ و بەهای بدرێتێ. بۆ نمونە دەتوانم لەسەر خۆشم شتێک بڵێم؛ کاتێک لەسەر کاری سیاسی و سەربازی رادەوەستام، من خۆم زۆر بە سیاسەتمەدار و فەرماندەیەکی سەربازی دانانێم، بەڕەنگی نووسەر کاریگەرییان لەسەر دەکەم. بەڵام کاتێک نزیکی کارێکی سیاسی یان سەربازی دەبم، دەزانم ئەو کارە چۆن دەکەم، ئەوە چەندین ساڵە ئامادەکاری ئەو شتەش دەکەم. لەڕاستیدا هێدی هێدی خۆم لەکاری سیاسی نزیک دەکەمەوە. بەنووسین و وتاربێژی خۆم ئەو شتەم کرد و پارتی کرێکارانی کوردستان ناوبانگی دەرکرد.

بەمجۆرەش کای سەربازی و چەکداری ئەوەندە بەهێز دەرکەوت، بەڵام دیسان لەڕووی سیاسی و سەرباوییەوە بەهێزم. دەتوانم بڵێم رەوشی من رەوشی وەکو رەوشی رۆشنبیرێکی شۆڕشگێڕە. پێویستە هەموو کەسێک لەو رووەوە سەرنج بدات، ئەگەر هەر کەسێک بەمجۆرە بژی و کاری خۆی ئەنجامبدات، ئەوا دەتوانێت گەلێک شتی مەزن بەدەست بێنێ. ئێمە گەلێک مەزنمان خوڵقاند. ناڵم خەباتی کولتووری و هونەری هیچ نرخێکیان نییە، لەم میانەوە باسی ئارام تیگرانیشمان کرد، کاتێک یەکەم جار گوێم لە گۆرانی ئارام تیگران بوو، ئەو کاتە ووتم پێویستە ئەم دەنگەی کورد نەمرێ و مرۆڤ بۆ ئەم دەنگە خەبات بکات، ئەمەش بەکاری سیاسییەوە گرێی بدات، واتە لەو خاڵەدا خەباتی هونەری کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر سیاسەتی من دروستکرد، من گەلێک کەس بە مامۆستای خۆم دادەنێم، لێرەدا بەهیچ شێوەیەکیش خۆم بچووک نابینم، بەڵام خەباتی مامۆستایەتی و چلاکی هونەریش بە شتێکی گەلێک گەورە دادەنێم، واتە نرخ و بایەخێکی زۆریان هەیە، جێی ئەوانە لێرەدا گەلێک گەورەیە، لەسیاسەتی ئێمەشدا گەلێک گەورەن، پێویستە مرۆڤ هەست بەوە بکات، ئەگەر هەست بەوە نەکات و لەخەباتی خۆیدا ئەوشتە نەناسێت، ناتوانێت خۆی پێش بخات.

وەکو دەزانرێ لەناو ئێمەدا موریدێتی گەلێک بەهێزە، پێش ئەوەی ببین بە موسڵمان بووین بە مورید، ئەمەش گەلێک زەرەری پێ گەیاندین و، پێش ئەوەی ببین بە بزاڤی سیاسی، ئەمجارە بووین بە موریدی سیاسی، ئەوەشیان زەرەر و زیانێکی زۆری پێگەیاندین.

پێش هەموو شتێک ئێستا من بەناوی PKK خەبات دەکەم، لەناو PKKدا بەڕادەیەکی سەرسوڕهێنەر کادیری لەشێوەی مورید دروست دەبن، بەڵام کادیری سیاسی دروست نابن، ئەم رەوشەش گەلێک هۆکاری هەیە، یەکێک لەو هۆیانەش بۆ لاوازی رۆشنبیر و رۆشنبیرێتی دەگەڕێتەوە.

وشەی موریدایەتی لە مێژووی کورددا بەدی دەکرێت و بەمانای “مردوو” دێت، لەڕاستیدا ئەمە شتێکی باش نییە، چونکە مرۆڤی نەزان مردووە، تەنانەت دەتوانم وشەی “پێشمەرگە”ش بەمشێوەیە شیبکەمەوە کە بە مانای “پێش مردن” دێت، ئەمەش راستییەکە، چونکە مردن لەخۆوە دەگرێ. لەکاتێکدا کە پێویستە هەر کەسێک هەنگاو بەرەو ژیان بنێت، ئێمە مردوونین، بەڵکو لەهەموو روویەکەوە خاوەن بانگەشەی ژیانین. چونکە دوژمنان لەجیاتی ژیان مردن شایستەی ئێمە دەبینن. بۆیە موریدی لەنێو ئێمەدا بەڕێوە دەبەن، دژ بەم بۆچوونەش ئەرک و کارێکی زۆرمان دەکەوێتە سەر شان و پێویستە جێبەجێی بکەین. من لەلای خۆمەوە بەباشی ئەم ئەرکەم جێبەجێ دەکەم.

من ناڵێم دڵی رۆشنبیر گەرم نییە و گەیشتوونەتە رادەی گوناهبار، من هەرگیز ئەو شتە لەسەر نووسەرانی ئێستا و رابردوو ناڵێم؛ من پێناسەی شتێک دەکەم پێویستە کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێ، نووسینی ئێوە لەلامان گەلێک بەنرخە و کاریگەریشی لەسەر شۆڕش هەیە، ئەم راستیە نکۆڵی لێناکرێ، ناڵێم: دەبێت هەموو رۆشنبیرێک ببێ بە شۆڕشگێڕ و بەشۆڕشەوە گرێدراو بێت، رۆشنبیریش بەگوێرەی سەردەم رۆشنبیری سەردەمی خۆیانن، واتە هی کۆمەڵگای ئەو سەردەمەن.

ئەوە راستیەکە مرۆڤ ناتوانێ نکۆڵی لێ بکات، ئەو شتەی لێرەدا دەیڵێیم نکۆڵی کردن نییە و گوناهبار کردنی ئەوانەش نییە بەڵکو بەپێچەوانەوە ئێمە دەڵێین بە گوێرەی سەردەمە. ئەو رۆشنبیرە، ئەو هونەر و کولتوورەی کە هێناویانەتە بەرهەم پێویستە چۆن بیانگەیەنینە رۆژی ئەمڕۆ. پێویستە بە باشی لەمە بگەن، ئەو کەسانەی کە خۆیان سووتاند، رۆڵەی ئێوەن، هی PKK نین، بەڵکو هی کۆمەڵگای کوردن. بۆچی ئەو مرۆڤە خۆی دەسووتنێ، ئەمە پرسی ئەو گەلەیە با نووسەرێک بە رۆمانێک ئەم راستیە روون بکاتەوە. وابزانم ئەوەی خۆی دەسووتێنێ لاوازە، شتێکیان لەدەست نایەت و دڵیشی زۆر گەرمە. وڵاتپارێزە، ئازادی دەوێ، بەڵام ناتوانێ بیگاتێ، کەچی دڵی ئەمە دەخوازێت، لەبەرئەوەی ناتوانێت ژیانی خۆی بەردەوام بکات و خۆی دەسووتێنێ. 100% ئەو خۆسووتاندنە لە پێناو گەلێکە بۆ مێژووی کورد. بۆ مێژووی کەوتوو، بۆ ئەو مێژووەی کە بەدەستی دوژمن نوسراوەتەوە کە ئەو لاوازیەی لەسەر کۆمەڵگا و خێزان دروستی کردووە و، رێکخستنی بەهێزیش نین، شۆڕش بەهێز نییە، ئێمە بەهێز نین نەمانتوانی ئەوان لەخۆ سووتاندن رزگار بکەین، کچ و کوڕ سووتان، فەرهاد قورتای سووتا، هەروەها ئێمە ئەم راستیانە چۆن روون بکەینەوە ئەگەر ئێمە ئەو کۆمەڵگایە بە مێژووەوە گرێ نەدەین، ئەگەر رۆشنبیرانی ئێمە ئەمڕۆ ئەمانە لەگەڵ مێژووی دوێنێ و ئەمڕۆ گرێ نەدەن، ئەوا چۆن دەتوانن بڵێین ئێمە رۆشنبیرین. واتە لێرەدا کەموکوڕیەک هەیە ئێمە دەمانەوێت ئەو کەموکوڕیە لە کاری رۆشنبیراندا نەمێنێ.

دیسان لێرەدا دەمەوێ رەخنەیەکی بچووک بکەم، دوژمن هەتا ئێستا پڕوپاگەندەی مەزنی دژی شۆڕش کردووە، لەسەرەتادا دەیگوت ئەوانە چەند شوانێکن، لە دوایشدا لەگەڵ دۆستانی خۆی رێککەوتنێکی جیهانی لەدژی ئێمە ئەنجامدا و گوتی: ئەوانە تیرۆررستن و، گوتیان تیرۆرست، بەمڕەنگە و بەو رەنگە خراپن. بەداخەوە ئەم پڕوپاگەندانە گەلێک کاریگەریان لەسەر رۆشنبیری ئێمەش کرد بەتایبەتی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەوانەی کە لە ئەوروپادان کردووە، دڵی ئەوان لە شۆڕش سارد بۆتەوە، دەتوانم بە راشکاوی بڵێم لێرەدا تێکەڵی دوژمن کارێکی بنەڕەتییە.

ئێستاش شتێکی دیکە دەکەن و دەڵێن بۆچی بەباشی لەسەر ئەم شۆڕشە راناوەستن. شتێک بۆ ئەوانە دەڵێم، ئەگەر یەکێک رەخنە لەخۆی بگرێ، بەو کارە مەزنبوونی خۆی دەسەلمێنێ. ئەگەر حەفتا ساڵیش تێبپەڕێ بێ دیسان مامۆستای مەزن کەموکوڕیەکانی خۆی دەبینێ. ئیتر کەموکوڕی خۆت پەسند بکە و خۆی لێ رزگار بکە. ئەگەر بەم شێوەیە بڕۆی ئەوا لەوانەیە ئەو کەموکوڕیانە مەزن ببێ، ئێمە لە بنی پێمانەوە تا تەوقی سەرمان لەناو کەموکوڕیدا گەورەبووین، لەناو هەڵەی دوژمندا گەورەبووین، ئایا شیمانە دەکرێ لەتواناماندا بێ کە هەتا دوایی بەو شێوەیە بەردەوام بین؟ پێویستە ئەو کەموکوڕیانە دەرباز بکەین، ئێمە ناڵێین ئەوانەی ئەمە ئەنجامنەدەن گوناهبارن، مەسەلە گوناهباری و بێ گوناهی نییە، بەڵکو ئەوە مەسەلەیەکی ویژدانی و ئەخلاقیە. رۆڵەکانی ئێمە بۆ دەسووتێن، چۆن ئەو سووتانە بوەستێنین؟. ئەگەر رۆشنبیران وەڵامی ئەو پرسیارە نەدەنەوە، ئەوکاتە زۆر گوناهبارن.

من لەئێوە زیاتر لە ژوورێکدام، لەوانەیە ئێوە بچنە دەرەوە و دنیای دەرەوە ببیت، من زێدە دەرفەتی ئەوەم نییە. ئەوە خۆی لەخۆیدا شتی هەرە راستە کە ئەنجامبدرێ، بە پێچەوانەوە لە ژوورێکدا نوسەری مەزن دروست دەبن. مرۆڤ لە زیندانیشدا دەتوانێت ببێتە نوسەر و رۆشنبیری مەزن، لەوانەیە لەقسەکانم بەهەڵە تێبگەن، بەڵام دیسان دەتوانم باسی ئەحمەدی خانی بکەم، مەم و زین سەرەتای رۆمانێکە، بەڵام لەدوای ئەو بەرهەمی گەورە دروست نەبووە و بەردەوام نەبووە، بەگوێرەی سەردەمی خۆی ئەحمەدی خانی بەڕاستی دەیەوێت گەل بکات بەخاوەن دڵ و زمان، دیسان مرۆڤ دەتوانێ بڵێ مەم و زینیش لەوڵاتپارێزیدا بەگوێرەی سەردەمی ئێستا لەنوێوە دروست دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە مرۆڤ بەباشی لە هەندێک مەسەلە تێبگات. ئەوکاتەی ئەحمەدی خانی ئەو شاکارەی نووسی سەردەمی شۆرشی بۆرژوازی بوو، لە ئەوروپاش هەستی نەتەوەیی هاتبووە ئاراوە، دیموکراسیەتیش هێدی هێدی دروست دەبوو، وابزانم ئەو شتانە کاریگەریان لەسەر ئەحمەدی خانی دروست کردووە، بەڵام دیسان بەگوێرەی ئەو سەردەمە نەتەوایەتی و دیموکراسیەت گەلێک لاواز بوو. هۆی سووتاندنی مەم و زینیش ئەوە بوو! واتە کۆمەڵگای کورد تواناکاری ناداتە سەربەخۆیی و ئازادی. چی بکات و چۆن بیر بکاتەوە کۆتاییەکەی هەر سووتاندنە. ئەحمەدی خانیش ئەو شتەی باش نووسیوە و بەگوێرەی سەردەمی خۆی شتێکی لەجێدایە. لەڕۆژی ئەمڕۆماندا مرۆڤ ناتوانێ وەکو سێ سەد ساڵ پێش ئێستای دابنێ، دیسان سووتاندنیش بەهێزە، نەتەوەی کورد دووچاری قڕکردن دەبێت، ئەو شەڕەی لەسەری پیادە دەکرێ وەکو شەڕی دژ بە میللەتانی دیکەش نییە، بەڵکو شەڕی قڕکردنە. ئەمە خاڵێکی گرنگە، هەروەها ئەو کارەش کە میللەتی کورد دەیکات کاری دیموکراسیەت نییە، بەڵکو لەوە زیاتر کاری “مان و نەمانە” هەموو شتێک دەکات بۆئەوەی ژیانی بەردەوام بکات، بۆئەوەی وڵاتی بمێنێ و ژیانی بمێنێ، ئەوەش بە خاڵێکی دیکەوە گرێدراوە، ئەمەش سەربەخۆیی وڵات و ئازادی ژیانە. ئەوشتانە گەلێک یەکانگیرن و ناتوانین لە یەکیان جیابکەینەوە. تۆ لەهەر روویەکەوە بتەوێ رۆمان بنووسی دەبێ ئەو دوو وشەیە بەبنچینە بگری. ئەوەی دەیەوێ رۆمانی کوردی بنووسی، دەبێ ئەو قڕکردنەی لەسەر گەلی کورد پیادە کراوە بەشێوەیەکی زانستی ــ مێژوویی لێکبداتەوە. هەروەها دەبێ ئەمە لەلایەنی سۆسیۆلۆژی، سایکۆلۆژیشەوە شیبکرێتەوە. بۆ نمونە رۆمانی شەڕ و ئاشتی، ئەوەی ئەو رۆمانە بخوێنێ دەبینێ کە بەشێوەیەکی بەهێز لایەنی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی و مێژووی… هتدی، لەخۆوە گرتووە. هەروەها لەسەر ئەو شەڕەی کە ناپلیۆن لە بەرامبەر روسیا کردی، هەتا بچووکترین خاڵ لێکۆلینەوەی لەسەر کراوە و، گەلێک رۆمانی مەزنیان لەسەر نووسی و کاریگەریان تا رۆژی ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. بۆچی؟ چونکە ئەو شەڕە نەتەوایەتی و دیموکراسیەت بۆ میللەتی روسیا دەنوێنێ. لەو شەڕەدا سەربەخۆیی و ئازادی گەلی روسیا یان بن دەست دەبێ یان تەسلیم دەبێ، بەجۆرێک یان ئەوەتا گەلی رۆسیا سەردەکەوێ و پێش دەکەوێ یاخود شکست دێنێ، هەر لەبەر ئەمەشە کە تۆلستۆی بەباشی لەسەری راوەستاوە، رۆمانەکەش زۆر مەزنە، لە فەرەنساش شاکاری بەم رەنگە هەیە، لەمێژووی هەموو گەلانیشدا ئەمە بەدیدەکرێت.

پێوەندی‌دار