سەبارەت بە ژیانی بەندیخانەی دوورگەی ئێمڕالی

16 شوبات, 2022

رێبەر ئاپۆ

لە سەرجەم بەرگرینامە و دیالۆگە زارەکییەکان تا ئێستا زۆر باسی ژیانی شەخسی خۆمم نەکردووە. جگە لەهەندێک کێشەی تەندروستی و گرفتی رۆژانەیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی زیندان، باسی چۆنیەتی خۆڕاگری تەنیایی و بەرخودانم نەکرد بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییەی سیستەم بەتایبەتی ئامادەی کردووە و تەنیا لەسەر منی جێبەجێ دەکات. لەو بڕوایەدام زۆرترین شتی جێگای مەراقە، ئەزموونەکانی ژیانمە کە بەرامبەر ئەو بێدەنگی و تەنیاییە رەهایەدا پێشمخستووە. کاتێک هێشتا منداڵ بووم یەکێک لەدانا وەک دەزانرێت جیوە توخمێکی زۆر بزۆکە. منیش بەمجۆرە یەکێکی زۆر بزۆک و بە جموجۆڵ بووم. تەنانەت ئەگەر خوداوەندەکانی میتۆلۆژیاش بیریان کردبایەوە، بەهەر حاڵ سزایەکی هێندە قورسی وەک بەستنەوە لە گاشە بەردەکانی ئیمڕالییان بەخەیاڵدا نەدەهات. وێڕای ئەوەش دوازدە ساڵی خۆمم لە ژووری تاکەکەسی پڕکردەوە.

لە مێژوودا ئیمڕالی بەوە بەناوبانگە کە شوێنی جێبەجێکردنی ئەو حوکمانەیە کە سەبارەت کاربەدەستە باڵاکانی دەوڵەت دروان. کەشو هەواکەی زۆر شێدار و دژوارە. بۆ پووکاندنەوەی مرۆڤ لەبواری جەستەییدا لەبارە. کاتێک گۆشەگیری ژووری داخراویشی بێتەسەر کاریگەرییە پووکێنەرەوەکەی بۆ سەر جەستەی مرۆڤ زیاد دەکات. هەروەها لەسەرەتای دەستپێکردنی تەمەنی پیر بووندا بۆ دورگەکە هێنرام. ماوەیەکی درێژ لە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری فەرماندارێتی هێزی تایبەتدا راگیرام. لەو بڕوایەدام ئەو دووساڵەی دوایی چاودێری وەزارەتی داد کەوتەگەڕ. جگە لە پەرتووکێک، رۆژنامەیەک، گۆڤارێک و رادێویەکی یەک کەناڵی دەرفەتی گەیاندن و راگەیاندنم نییە. هەڵبەتە ئەگەر بەبیانووی” خراپی کەشوهەوا ” بەردەوام رێگیریشی لێبکرێت چەند مانگ جارێک سەردانێکی برا و خوشکەکانم، دیدارە هەفتانەییەکانی پارێزەرە کانم پەیوەندییەکانم لەگەڵ دەرەوە پێکدێنن. بێگومان ئەو هۆکارانەی پەیوەندی بچووک ناکەمەوە بەڵام بۆ لەسەرپێمانەوە بەس نین. زهنم و ئیرادەم دیاریکەری لەسەر پێمانەوە و رێگەندان بە پووکانەوەم بوو.

کاتێک هێشتا لەدەرەوە بووم هەم خۆمم تەنیا کردبوو، هەمیش بەرامبەر بە تەنیایی خۆمم ئامادە کردبوو. ئەزموونگەلێکم هەبوو کە پەیوەندییە هۆگرییە گرنگەکانی لەجۆری خێزان، خزمی نزیک، بگرە پەیوەندییە نزیکەکانی هەڤاڵ و هاوڕێیەتیشی دەرجەستە دەکرد. لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ژن زۆر گرنگە، ئەویش بوارێکی پەیوەندی بوو کە دەرجەستەم کردبوو. بە تەواوی پێچەوانەی نازم حکیمەت بووم. بەڵێنم دابووو نەبم بە خاوەنی مناڵ. کاتێک هێشتا لەدوا ناوەندی بووم یەکێک لەو داڕشتنانەی نووسیبووم و نمرەی تەواوم لێی وەرگرت لەژێر ناونیشانی:” تۆ بۆ من ئەو منداڵەیت کە هەرگیز لەدایک نابیت!”. هێندەی لەبیرمە لەو نووسینەدا باسی زۆری و زەحمەتی ژیانی منداڵانم کرد بوو. بەڵام تەواوی ئەو ئەزموونانەش بەشی روونکردنەوەی هێزی بەرخودانی ئیمڕالی ناکات.

بەبێ باسکردنی ئەو خاڵەش ناکرێ دەرباز ببم. ئەو پیلانگێڕییەی لە قۆناغی ئیمڕالی بەسەر مندا دەسەپێنرا چەشنێک بوو تۆزقاڵیک هیوا چییە نەیدەهێشتەوە. هەر بەو ئامانجەش ماوەیەکی درێژ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و شەڕی دەروونییان لە رۆژڤدا هێشتەوە. لە رۆژانی یەکەمدا خۆشم نەمدەزانی چۆن چۆنی بەرگەی دۆخەکە دەگرم. ئەک چەندین ساڵ، بەڵکو بەخەیاڵمدا نەدەهات تاکە ساڵێکیش بەسەر ببەم. بەزەیم بەخۆمدا هاتبوویەوە و فیکرێکی وەهام لا دروست ببوو:” چۆن دەتوانن ملیۆنان کەس لەژوورێکی تەسکدا رابگرن!” لەراستیدا بەسیفەتی رێبەرایەتی نیشتمانی کوردان لەکاتی هەلومەرجی کەوتنە زینداندا ببووم یاخود کرا بووم بە سرنتێزی ملیۆنان کەس. گەلیش بەوجۆرە دەرکی پێکردبوو. لەکاتێکدا مرۆڤ بە هیچ جۆرێک بەرگەی بێبەشبوون و دوورکەوتنەوە لە بنەماڵە و مناڵەکانی ناگرێت، ئەی من چۆن بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگەی جیابوونەوەی ئیرادەی ملیۆنان کەسم دەگرت کە تامردن لەگەڵمدا بوون! تەنانەت نامە چەند دێرییەکانی گەلیشم پێنەدەدرا. جگە لە چەند نامەیەکی سنوورداری هەڤاڵانی زیندان کە ئەویش بە ژێر چاودێرییەکی وردا تێپەڕدەبێت و چەند دانەیەکی دەرئاسا نەبێت هیچ نامەیەکم لەدەرەوە وەرنەگرتووە. نامەشم رەوانە نەکردووە. لەوانەیە ئەو خاڵانە تاڕادەیەک ئەو دۆخە روونبکاتەوە کە گۆشەگیری رێگای لە پێش کردۆتەوە. بەڵام پێگەی من لەیەنی تایبەت بە خۆی هەبوو. ئەو کەسە بووم کە سەبارەت بە کوردان هەنگاوی بۆ چەندین یەکەمەکان ناوە. تەواوی ئەو پێهەڵگرتنانەی بەنیوەچڵ مابوونەوە مەرجە ژیانییەکانی ژیانی ئازاد بوون. یەکەمین پێهەڵگرتنم سەبارەت بە هەر بوارێکی کۆمەڵگا و هەرکەسێکی گەلەکەمان هاویشتبوو. بەڵام هیچ یەکێکیانم لەژێر دەست و هەلومەرجی متمانەپێکراودا بەجێ نەهێشتبوو. بیر لە ئاشقێک بکەنەوە: هەنگاوی بۆ یەکەم ئەشقی خۆی ناوە، بەڵام تەواو لەکاتی بەدەستهێنانیدا دەستەکانی لە بۆشاییدا ماوەتەوە. قەڵەمبازی ئازادی م لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا هەر ئاوەهایی لە بۆشاییدا مابوویەوە. تەنانەت خۆمم لەناو مەیدانەکانی ئازادی کۆمەڵگادا تواندبوویەوە. شتێکم بەناوی” من ” لەدواوە بەجێ نەهێشتبووە. لەرووی کۆمەڵایەتییەوە قۆناغی زیندان لە ساتێکی وەهادا دەستی پێکردبوو.

لەراستیدا هەلومەرجە دەرەکییەکان، دەوڵەت، بەڕێوەبەرایەتی زیندان و خودی بەندیخانەش ئەگەر خاوەن بو نیادێکی تایبەت بە کۆشکەکانیش بێت، بەشی روونکردنەوەی چۆنیەتی بەرگەگرتنی گۆشەگیرییەکەی تایبەت بە من ناکات. پێویستە هۆکارە سەرەکییەکان لە هەلومەرج و هەڵوێستەکانی دەوڵەتدا نەبینرێت. ئەوەی دیاریکەرە خۆڕاهێنان و قەناعەتکردنی خۆمە بە هەلومەرجەکانی گۆشەگیریییەوە. دەبووایە پاساوێکی هێندە مەزنم هەبێت تا بەرگەی گۆشەگیری بگرم، لەهەلومەرجەکانی گۆشەگیریشدا نوێنەرایەتیکردنی ژیانێکی مەزن بسەلمێنم. لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە باسی هزر بکەم، بەر لەهەموو شتێکیش باسی دوو پەرەسەندنی دەستەواژەیی بکەم.

یەکەمیان؛ سەبارەت بە ستاتۆی کۆمەڵگا یاخود کۆمەڵایەتی کوردان بوو. بەمجۆرە بیرم دەکردەوە: بۆ ئەوەی ئارەزووی ژیانی ئازاد بکەم، پێویستبوو ئەو کۆمەڵگایە ئازادبێت کە من پێیەوە پەیوەستم. بەمانایەکی تر ئازادی تاکەکەس بەبێ کۆمەڵگا بەدینەدەهات. لەرووی سۆسیۆلۆژییەوە ئازادی تاکەکەس بەتەواوی گرێدراوی ئازادی کۆمەڵگا بوو. کاتێک ئەو ئەگەرە و گریمانەم لەسەر کۆمەڵگای کورد پەیڕەوکرد، هەستم بەوەکرد و حاڵی بووم کە ژیانی کوردان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زیندانێکی تارایکدا نییە کەچواردەوەرکەی شورا نەکراوە. ئەو حاڵیبوون یا خود هەستکردنە وەک باسێکی ئەدەبی پێشکەش ناکەم، بەڵکو وەک حەقیقەتی واقیعێکی بەرجەستە ئاماژەی پێدەکەم. دووەمیان؛ لە پێناو تەواو تێگەیشتنی دەستەواژە کە پێویستی وابەستەبوون بە پرەنسیپێکی ئەخلاقی هەیە. مسۆگەر خۆت لەو بارەیەوە حاڵی دەکەیت کە وابەستە بە کۆمەڵگایەک توانا و دەرفەتی ژیان هەیە. یەکێک لەگرنگترین ئەو هەستانەی مۆدێرنیتە نافراندوویەتی؛ تاکی لەو بارەیەوە رازی کردووە کە بەبێ رایەڵە یاخود پەیوەستبوون بە کۆمەڵگاوە دەتوانێت خۆی بژێنێت. ئەو رازیکردنە باسێکی دروستکراو و ساختەیە. لە راستیدا ژیانێکی بەمجۆرە لەئارادا نییە، بەڵام وەک واقیعێکی گریمانەیی (وەهمی) دروستکراو دەسەپێنرێت. بێبەشبوون لەو پرەنسیپە مانای هەڵوەشانەوەی ئەخلاقە. لێرەدا حەقیقەت و ئەخلاق تێکەڵن. تاکخوازی یاخود تاکگەرایی لیبرال تەنیا ئەو کاتە مەیسەر دەبێت کە کۆمەڵگای ئەخلاقی دەڵدەوشێتەوە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ هەستی حەقیقەتەوە دەپچڕێت. لەو سەردەمەماندا پێشکەشکردنی وەک شێوازی ژیانی زاڵ بەڵگەی راستبوونی نییە. وەک چۆن سیستەمی سەرمایەداری- کەلیبڕالیزم گەتەبێژەکەیەتی- یش تەنیا لەمیانەی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگای ئەخلاقی و لەدەستدانی هەستی حەقیقەتەوە هاتە ئاراوە. وەک ئەنجامێکی قاڵبوونەوەم سەبارەت بەدیاردە. و کێشەی کورد بەو داوەرییە گەیشتم.

پێویستە زۆر باش دەرک بە خاڵێکی دوولایەنەی ژیان بکرێت. ئەویش راکردن لە کوردێتی و پێچەوانەکەی چوون بەرەو کوردێتی بوو. وەک پێویستییەکی کۆمەڵگوژی کلتووری پەیڕەوکراو لەهەر شوێن و ئان ساتێک هەلومەرجەکان بۆ راکردن لەبار و ئامادەبوون. بەردەوام راکردن بابەتی هاندان و وروژێنراو بوو. تەواو لێرەدا پرەنسیپی ئەخلاقی دەکەوێتەگەڕ. رزگاری شەخسی باجەکەی راکردن لە کۆمەڵگای خۆت بێت تا چەندە راست یاخود باشە؟ گەیشتن بەدوا قۆناغی خوێندنی زانکۆ، لە راستیدا ئەو مانایەی دەبەخشی کە لەو سەردەمەدا رزگاری شەخسیم گەرەنتی کرابوو. تەواو لەو قۆناغەدا دەستپێکردن یاخود یەکلابوونەوەی هەنگاونان بۆ کوردێتی، مانای گەڕانەوە بوو بۆ پرەنسیپی ئەخلاقی. لەچوارچێوەی سۆسیالیستیدا دەشیا ئەو کۆمەڵگایە کورد نەبێت، تا بتوانیت ببیت بە تاکێکی ئەخلاقی. ئیتر ئاشکرا دەبوو کە هەرگیز نابم بەتاک یاخود کەسێکی بێ ئەخلاق. لێرەدا دەستەواژەی ئەخلاق بەمانای ئەتیک، واتە بەمانای تیۆری نەخلاق بەکاری دێنم. ئەگەرنا مەبەستم ئەخلاقی سەرەتایی نییە، بۆ نموونە؛ باسی ئەوە ناکەم کە بەدرێژایی تەمەن گرێدراوی خێزان یاخود جڤاتێکی هاوشێوە بژیت. چونکە پەیوەستبوون بە دیاردەی کورد و دۆخە بە کێشەکەی تەنیا لەمیانەی نەخلاقەوە فەراهەم دەبوو. دۆخی کۆیلایەتی رەهای کوردان- کەئێستاش وەهایە- مسۆگەر خەیاڵێکی بەمجۆرەی منی بەربەستکرد کە بڵێم” دەرفەتی ژیانی ئازاد هەیە”. باوەڕیم بەوە هێنا: دونیایەکم نییە بە ئازادی تێیدا بژیم. لێرەدا بەراورد کاریەکی زۆرم لەنێوان بەندیخانەی ناوەوە و دەرەوە کرد. لەئەنجامدا بینیم کە بەندێتی دەرەوە بۆ تاک زۆر مەترسیدارترە. ئەگەر تاکێکی کورد لە دەرەوە خۆی ئازاد ببینێت و بەمجۆرەش بژیت ئەوە بە هەڵەدا چوونێکی گەوەریە. ژیانێک لەژێر باڵادەستی بەهەڵدا چوون و درۆوە بەسەر بچێت، ژیانێکی دۆڕاوە و دووچاری خیانەت هاتووە. ئەو ئەنجامەی لێرەوە پێی گەیشتم: تەنیا بەیەک مەرج دەتوانیت لەدەرەوە بژیت، ئەوەیش تەنیا کاتێک شەو و رۆژ بیست و چوار کاتژمێر تێکۆشان لە پێناو بوون و ئازادی کوردان بکەیت- لەهەلومەرجی سەرمایەداریشدا لە پێناو رەنجدەرانی تورک- تەنیا لە میانەی جەنگاوەرێتیبوون و ئازادییەوە دەشێت ژیان بۆ کوردێکی بە ئەخلاق و شەڕەفمەند بەدیبێت.

کاتێک ژیانی دەرەوەم بە پارژنگی ئەو پرەنسیپەدا تێبەڕ بکەم، ناتوانم بڵێم تەواو بەگوێرەی ئەو پرەنسیپە ئەخلاقیانە ژیاوەم. کاتێک بەرامبەرەکەی یاخود باجەکەی مردن یاخود زیندان دەبێت ئەوەش پێویستییەکی سروشتی شەڕ و تێكۆشانە. وەک چۆن ژیانێکی بێ شەڕ و تێکۆشان مانای ساختەکاری و بێ شەڕەفییەکی گەورەیە، رەچاوکردنی مەرگ یاخود زیندانیش لەسروشتی کار و چالاکییەکەدا هەیە. بەرگەنەگرتنی هەلومەرجەکانی بەندیخانە لەگەڵ پاساوەکانم بۆ ژیان ناکۆکە. وەک چۆن هەرشێوەیەکی تێکۆشان و شەڕ لە پێناو بوون و ئازادی دەستلێبەرنەدراوە، ئەوا ناشێت خۆت لە بەندیخانەش لابدەیت. چونکە ئەویش پێویستییەکی ژیانی ئازادە بە سۆسیالیستبوونی خۆت هەبێت، ئەگەر لەژێر فەرمانی سەرمایەداری و لیبڕالیزم یاخود و ئەتیکانە جگە لە شەڕکردن ئەوا هیچ شتێکی دیکە نییە لەدەرەوە بیکەیت و دونیایەکی دیکەت نییە تێیدا بژیت. کاتێک لەژێر رۆشنایی ئەو دەستەواژەیەدا سەیرێکی ژیانی هەڤاڵانی ناو بەندیخانەکانم کرد بۆم دەرکەوت کە دووچاری بەهەڵەداچوونی بەرچاو هاتوون. باوەڕییان بە ژیانێکی ئازاد هێناوە کە لە دەرەوە لەئارا دایە یاخود ناچاری باوەڕهێنان کراون. خۆی لە خۆیدا کاتێک لەبواری سۆسیۆلۆژییەوە شیکار بکرێت دەبینرێت کە رۆڵی بەندیخانەکان ئافراندنی حەسرەتێکی خەستی ئازادییە لەتاکدا. لە هەلومەرجەکانی مۆدێرنیتەدا بەندیخانەکان بەتایبەتی لە پێناو ئەو ئامانجە بونیاد نراون. کاتێک تاکەکان لە زیندان دەچنە دەرەوە یان بە درۆ و ساختەکارییەوە ژیانیان پەسەند کردووە، لەدۆخێکی بەمجۆرەدا چاوەڕوانیکردنی ژیانێکی شۆڕشگێڕانە، ئەخلاقی و شەڕفمەندانە بێهودەیە و پووچە. یان لە میانەی ئەو پێگەیشتن و کامڵبوونەی پراکتیکی بەندیخانە پێی بەخشیون بە شێوەیەکی سەرکەوتووانەتر تێکۆشانی کۆمەڵایەتی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

زیندانەکان خانەکانی چاکسازی نین، بەڵکو ئەو شوێنەن کە تێیدا فێری چۆنییەتی جێبەجێکردنی لێهاتووانەی ئەرکە ئیرادەیی و ئەخلاقییەکان دەبیت بەرامبەر بە کۆمەڵگا. هەمان خاڵ بۆ جەنگاوەرانی ئازادیش لە جێگای خۆیدایە کە چوونەتە شاخەکان. بوون بە گەریلای ئازادی، مانای ئەوەیە لەبەرزترین ئاستدا ئەرکە ئەخلاقی و سیاسیەکانت دەرهەق بە کۆمەڵگابوون جێبەجێکردنی پێویستییەکانی بەرگری خۆییە لە پێناو ئازادیدا. بوون بە گەریلای ئازادی لە پێناو باڵادەستی شەخسی یاخود دەسەڵاتدارێتی نییە. چونکە ئەوە شەڕڤانێتی ئازادی نییە، بەڵکو چەکدارێتی دەسەڵاتە. ئەوانەی بەمجۆرەن دەرکەوتنیان بۆ شاخ و گەڕانەوەشیان ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی نییە. هەڵبەت ئەمجۆرانە کاتێک هیواکانیان بەدینایەت بەئاسانی خیانەت دەکەن. لە هیچ بوار و مەیدانێکدا پێویستی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیان جێبەجێ ناکەن. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە: ئەوانەی بوونی کۆمەڵایەتییان لەناو کۆیلایەتییەکی رەها دایە، یاخود تەنانەت دووچاری پەرتەوازەبوون هاتوون هەرشوێنێک هەڵگری هەمان تایبەتمەندێتییە. جیاوازییە نابەجێکانی لەجۆری ناوەوە خراپە و دەرەوە باشە، چەکدارەکەی خراپە و بێچەکەکەی باشە هەوڵە بنەڕەتییەکەی تێکۆشانی بوون و ئازادی ناگۆڕێت. لەکاتێکدا ژیانی مرۆڤ تەنیا لەدۆخی ئازادیدا مانای هەیە، بە بێ ئازادی لەهەر کوێیەک بژیت، بەردەوام ئەوێ زیندانێکی تاریکە.

دەستەواژەی دووەم؛ بەشێوەیەکی پەیوەست بەدوستەواژەی یەکەمەوە پەرەسەندنی هەست یاخود پەی پێبردنی حەقیقەتە. تاکە دەرمانی هێزی خۆڕاگری زیندان پێشخستنی دەرکپێکردنی حەقیەتە. ژیانداریکردنێکی بەهێزی دەرکپێکردنی حەقیقەت سەبارەت بە گشتی ژیان، گەیشتنە بە خۆشترین ساتی ژیان، بەمانایەکی‌تر گەیشتنە بە مانای ژیان. ئەگەر مرۆڤ بزانێت و راست تێگەیشیبێت بۆچی دەژی، ئەوا لەهەر شوێنێک بژیت بۆ ئەو کێشە نییە. ئەگەر ژیان بەردەوام لەناو هەڵە و درۆ و دەلەسەدا بەسەر بچێت مانای خۆی لەدەست دەدات. بەمجۆرەش ئەو دیاردە سەرهەڵدەدات کە بەخراپبوون و ناڕەسەنبوونی ژیان ناودەبرێت. خەمگینی، ناڕەحەتی، شەڕ و جنێو ئەنجامێکی سروشتی ژیانی ناڕەسەنە. خودی ژیان سەرچاوەی جۆش و خرۆشانێکی مەزنە. مانای گەردوون لەژیاندا شاراوەیە. کاتێک هەست بەو نهێنییە بکرێت، ئەگەر لە زیندانیش دابێت، کێشەیەک بەناوی بەرگەگرتنی ژیان لەئارادا نامێنێت. هەڵبەتە ئەگەر زیندان لە پێناو ژیاندا بێت، ئەوەی لەوێدا گەورەدەبێت دەرککردنی حەقیقەتە. ئەو ژیانەی لەگەڵ پەیبردنی حەقیقەتەوە گەورەدەبێت، دەتوانێت گەورەترین ئیێش و ئازارەکانیش بۆ بەختەوەری و ئاسوودەیی بگۆڕێت.

سەبارەت بە تێگەیشتنی دیارەدە و کێشەی کورد و ئافراندنی دەرفەتەکانی چارەسەری بەندیخانەی ئیمڕالی بۆ من تەواو بوو بە مەیدانی شەڕی حەقیقەت. لەکاتێکدا لەدەرەوە زیاتر گوتە و کردار لەجێگای خۆیدابوو، لەزینداندا مانا جێگای باس بوو. ئەو فیکرانەی لەو بەرگرینامەیەدا بەشێوەیەکی بەرجەستە و بەرفراوان سەبارەت بە فەلسفەی سیاسەت ئاماژەم پێکردوون لەدەرەوە زۆر زەحمەت دەبوو. تەنانەت تێگەیشتنی خودی دەستەواژەی سیاسەتیش پێویستی بە هەوڵ و کۆششێکی مەزن هەیە، پێویستی بە پەیبردنێکی بەهێزی حەقیقەت هەیە. دەتوانم بڵێم؛ لەقووڵاییەوە هەستکردنم بەدۆخی دۆگماتیزمی پۆزیتیڤیستی خۆم پەیوەندییەکی زۆری بە گۆشەگیرییەوە هەستکردنم لەهەلومەرجەکانی گۆشەگیرییدا زیاتر دەرکم بەو راستییە کرد کە دەشێت دەستەواژەی مۆدێرنیتە جیاوازەکان، مۆدیڵی جیاوازی بونیادنانی نەتەوە لەئارا دابێت، بونیادە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی بونیادگەلێکی وێناکراو و زادەی دەستی مرۆڤن و خاوەن سروشتێکی نەرمن. بەتایبەتیش دەربازکردنی هزری دەوڵەت- نەتەوە لای من زۆرگرنگ بوو. ماوەیەکی درێژ ئەو دەستەواژەیە لای من پرەنسیپێکی مارکسیست- لینینیست- ستالینی بوو، وەک دۆگمایەک بوو کە هەرگیز نەدەبووو بگۆڕێت. کاتێک زیاتر لەبارەی سروشتی کۆمەڵگا، شارستانی و مۆدێرنیتەوە قاڵبوومەوە، بۆم روونبووەوە کە ئەو پرەنسیپە پەیوەندی بە سۆسیالیزمەوە نییە، خڵتەیەکی شارستانی چینایەتییە و زۆرترین دەسەڵاتگەرێتی سەر کۆمەڵگایە کەبەدەستی سەرمایەداری رەواکراوە. لەو سۆنگەیەوە؛ دوودڵیم لەرەدکردنەوەی نەکرد. بەڕاستی وە باس دەکرێت ئەگەر دەیانەوێت سۆسیالیزمی زانستی هەبێت، ئەوەی پێویستە لەو بارەیەوە بگۆڕین وەستاکانی سۆسیالیزمی بونیادنراون. واتە خودی کەسانێکی وەک مارکس، نەگلس، لینین، ستالین و ماو و کاسترۆن. بەکارهێنان و خاوەندارێتیکردنیان بۆ دەستەواژەەیەکی سەرمایەداری (دەوڵەت- نەتەوە) هەڵەیەکی گەورە بوو و زیانێکی گەورەی بۆ دۆزی سۆسیالیزم هەبوو.

کاتێک لە قووڵاییەوە دەرکم بەو راستییە کرد کە لیبڕالیزمی سەرمایەداری هەژموونگەراییەکی ئایدیۆلۆژی بەهێزی، ئیتر دەستم بەشیکارە بەهێزەکانی مۆدێرنیتە کرد. لەدەرەنجام ئەو شیکارانەدا بۆم روونبوویەوە کە نەک تەنیا مۆدێرنیتەی دیموکراتی دەرفەتی هەیە، بەڵکو لە مۆدیرنیتەی سەرمایەداری واقیعیتر، هاوچەرخترە و بۆ ژیانیش لەبارترە. لەبەر ئەوەی سۆسیالیزمی بونیادنراو دەستەواژی دەوڵەت- نەتەوەی دەرباز نەکرد و وەک راستییەکی بنەڕەتی مۆدێرنیتەی بینی، بەهیچ جۆرێک بیرمان لە چەشنێکی دیکەی نەتەوە نەکردبووەە، بۆ نموونە؛ بیرمان لە ئەگەری نەتەوەی دیموکرات نەکردبووەوە. کە باسی نەتەوەت دەکرد شتێک بوو کە دەبووایە خاوەنی دەوڵەت بیت! ئەگەر کوردان نەتەوەیەک بن، مسۆگەر پێویستە دەوڵەتێکیشیان هەبێت! کەچی لە راستیدا چەندە سەبارەت بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان قاڵبوومەوە تێگەیشتم کە خودی نەتەوە ناڕوونترین واقیعی ئەو چەند سەدەیەی دواییە، لەژیڕ کاریگەری بەهێزی سەرمایەداری شێوەی گرتووە و بە تایبەتیش مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە قەفەسی ئاسنینی کۆمەڵگاکانە، هەر بۆیەش دەستەواژەی کۆمەڵگابوون و ئازادی بەهادارترن. کاتێک بۆم روونبوویەوە کە شەڕ و تێکۆشان لە پێناو دەوڵەت- نەتەوە مانای شەڕکردنە بۆ سەرمایەداری، وەرچەرخانی گەورە لە فەلسەفەی سیاسیمدا هاتە ئاراوە. چونکە تێکۆشانی چینایەتی و نەتەوەگەرایی بەرتەسک لەئاکامدا جگە لە بەهێزکردنی سەرمایەداری هیچ دەرەنجامێکی دیکەیان لێنەدەکەوتەوە. هەستمکرد و تێگەیشتم کە لە رووێکەوە من قوربانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریم. کاتێک دەرکم بەوە کرد کە ئەو زانستە کۆمەڵایەتییانەی مۆدێرنیتە دەیسەپێنێت زانست نییە، هوشیاریم سەبارەت بە کۆمەڵگا و مێژوو قووڵتر بوویەوە. شۆڕشێگی تەواو سەبارەت بە تێگەیشتم بۆ حەقیقەت روویدا. چەندە دۆگماکانی سەرمایەداریم شکاند و دامماڵین، بەچێژ و حەقیقەتێکی زیاتر و مەزنتر ئاشنای کۆمەڵگا و مێژوو بووم. لەو قۆناغەدا ناوی “نێچیروانی حەقیقەت” م لەخۆم نابوو. چەرخی ” کەروێشک راکە، تانژی بیگرە” کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەسەر کوردانی سەپاند بوو، لەبواری ماناوە بۆ چەرخی “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری راوبکە” م گۆڕی بوو. کاتێک هەست یاخود پەیبردنی حەقیقەت بەشێوەیەکی سەرانسەری پەرە بسەنێت، سەبارەت بە هەر کام لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان، بگرە مەیدانە بەرجەستەیی و بایۆلۆژییەکان بیربکەینەوە، باڵابوونێکی مانای دەستەبەر دەکرد کە لەگەڵ جاران بەراورد نەدەکرا. لەهەلومەرجەکانی بەندیخانەدا بە پێی داخوازەی خۆم دەمتوانی چەندین شۆڕشی رۆژانەی حەقیقەت ئەمجام بدەم. ئەو هێزی بەرخودانەی پێت دەبەخشێت هیچ شتێکی دیکە ناتوانێت پێشکەشی بکات.

بەهێزبوونی تێگەیشتنی حەقیقەت کاریگەری خۆی لەسەر پیشخستنی چارەسەری کرداریش خستەڕوو. بەردەوام زهنیەتی دەوڵەتگەرایی تورک پێروز دەکرێت و بەتاکانەیی پێشکەش دەکرێت. کاتێک دەڵێن بەڕێوەبەرایەتی، بەردەام بە دەوڵەتبوون بە خەیاڵیان دادێت. نەو زهنیەتە بنەچەکەی زادەی سۆمەرە، بەچڕی لەگەڵ ئیلاهیبوون گونجێنراوە، بەردەوام بۆ کلتووری دەسەڵاتی عەرەب و ئێرانیش گواستراوەتەوە. دیاردەی دەسەڵات شوێنێکی بەهێزی لە رەگ و ریشەی دەستەواژەی یەک خوداوەندێتی گرتووە. کاتێک نوخبەکانی دەسەڵات لەناو تورکەکانیش پێکهاتن، چوارەمین یان پێنجەمین ڤێرسێونی ئەو دەستەواژەیان پێشخستبوو. بە بێ زانینی مان ئەتیمۆلۆژییەکەی بە ئەنجامەکانی کاریگەر ببوون. لەکردار و رەفتارەکانی سەلجۆقی و عوسمانییەکان ببوو بە کوێرە مانا، بەواتایەکی تر بۆ بێمانایی گۆڕابوو. لە پێناو دەسەڵاتدا هەندێک جار لەچاوتروکانێکدا بەدەیان برا و خزم لە سێدارە درا بوون، لەرێگای کۆمارەوە کیفێکی تر بەسەر ئەو چەمکەوە کرا، بەمانەیەکی تر چەمکەکانی سەروەری نەتەوەیی و دەوڵەت- نەتەوە کە ئەوروپا داینێنابوو وەک خۆی بەدەسەڵاتەوە لکێنرا یاخود مۆنتاژ کرا. بەمجۆرەش دەوڵەت- نەتەوەی توک کرابوو بە لێویاتانێکی مەترسیدارتر ئەوەی دەستی بۆ بردبووایە لەسێدارە دەرا. دەوڵەت- نەتەوە لەسەرووی پیرۆزییە رەهاکانەوە دەهات. بەتایبەتیش ئەو دۆخە بۆ چینی بیروکراتیک بەمجۆرە بوو. کێشەی دەسەڵات و دەوڵەت ببوو بە ئاڵۆزترین کێشەی کۆمەڵایەتی مێژووەکەی.

کاتێک تێگەیشتم کە دەستەواژەکانی دەوڵەت و دەسەڵات- لەو دەستەواژانە بوون کە لە ئیمڕالی زۆرترین قاڵبوونەوەم لەبارەیانەوە کرد- چۆن رۆڵێکی لە پەیوەندی نێوان کورد و تورکەکاندا بینیوە، بەشێوەیەکی بە هێزتر هەستم بە پێویستی هەنگاونن بەرەو چارەسەری کرداری کرد. وەک چۆن سەبارەت بە گشتی ئەنجامدراوە، پێویستم بینی ل ەپەیوەندییەکانی تورک- کوردیش بەرەو سەردەمی هیتیتەکان ببمەوە. کاتێک پەیوەندییە ژئۆپۆلۆتیکی و ژیۆستراتیژییە توندەکەی نێوان کلتووری دەوڵەت و دەسەڵاتی مزۆبۆتامیا و ئەنادۆڵم بۆ رووونبوویەوە و لەگەڵ پەیوەندی نێوان کورد و تورکم گونجاند، بەدڵنیایەوە بینیم ک ەجیاکردنەوەی دەسەڵات و دەوڵەت رێبازێکی ئاقڵانە نییە. لەبەر ئەوەی دەستەواژەگەلێک بوون دژی دەستەواژەی دیموکراسی پێشخرابوون، دەستەواژەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتم پەسەند نەدەکرد. کاتێک بینیم هێشتنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بۆ هێزەکانی دەوڵەت و دەسەڵات زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت، زیاتر دەرک بەگرنگی دیموکراسی دەکرا. بەڵام کاتێک هەستم کرد نکوڵیکردنێکی ئەنارشیستانەی دەوڵەت و دەسەڵات لە بواری کرداریدا رێگا لە پێش بێچارەیی یاخود ناچارەسەری دەکاتەوە، هەرچەندە لەلام رێبازێکی چارەسەر پەسەندکراو نەبێت، لە قووڵاییدا هەستم کرد کە نکوڵیکردن لە هاوبەشێتی یاخود دابەشکردنی دەسەڵات و دەوڵەت لەگەڵ راستییە مێژووییەکاندا بینیم نکوڵیکردنی کلتوورەکانی دوڵەت و دەسەڵات کە بەدرێژایی مێژوو بووە بە تاکانە، ئەو لایەنانەی دەرکی پێنەکرێت کە لەرووی تەندروست ناگەین، زۆر باشتر لە گرنگی دەستەواژەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی هاوبەش تێگەیشتم.

لە سیاسەت و ستراتیژەییەکانی دوڵەت و دەسەڵاتەکانی ئەنادۆڵ و میزۆبۆتامیا بەدرێژای مێژوو پەیوەندی توندوتۆڵ لە ئارادا بوو، بەردەوام مۆدێلی هاوبەش تاقیکراونەتەوە. لەسەرجەم قۆناغە هەستیارەکانی پەیوەندی تورک- کوردانیشدا مۆدیلی هاوشێوە هەڵبژێردراون. هەرە دواییش ئەو مۆدێلە لەشەڕی رزگاری نیشتیمانیدا تایقکرا بوویەوە. لەبەرگرینامەدا بە تێروتەسەلی باسی ئەو بەشانەم کرد. شانبەشانی ئەوەی وەک مۆدێلێکی تیۆری پێشکەشم کردووە، کاتێک بکرێت بە پڕۆژەی چارەسەری پراکتیکی نەک تەنیا بۆ پەیوەندییەکانی نێوان کورد- تورک، بەڵکو سەبارەت بە کێشە هاوشێوەکانی خۆرهەڵاتی ناوینیش بەهایەکی مەزنی هەیە کە لەبنبەستبوونێکی مەزن دایە. بەتایبەتیآ لەبەرامبەر دۆگماتیزمی پۆزیتیڤیستی سەپێنراو لەلایە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە هەم لەگەڵ راستییە مێژووییەکان گونجاو و تەبایە، هەمیش سەبارەت بەرێگاچارەی پراکتیکی ئەو فاکتەرانەی لەخۆوە دەگرت کە لە نموونە و فیکرەکانی هەر کەسەوە نزیکە. لەژێر رۆشنایی پەرەسەندنە مێژووییەکاندا قاڵبوونەوە سەبارەت بە دەسەڵات و دەوڵەت کاریگەرییەکی گرنگی دەرهەق بە قاڵبوونەوە لەسەر دەستەواژەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، نەتەوە و خۆسەری دیموکراتیک هەبوو. راستییەکی دیکەی مێژووییش ئەو چەسپاندنە بوو کە: دەستەواژەی دەسەڵاتی ناوەندی دەرئاسایە، هەرچی دەستەواژەکانی دەسەڵاتی خۆجێییە رێسایە. لەڕۆژی ئەمڕۆشماندا کاتێک پێشکەشکردنی مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە وەک مۆدێلێکی رەها و تاقانە پەیوەندییەکەی بە سەرمایەدارییەوە راست دەرکی پێبکرێت و ناوەڕۆکەکەی رۆشنتر بکرێتەوە، ئەوا گرنگی رێگەچارە خۆجێییەکانی بۆ دیموکراسی باشتر دەرکی پێدەکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان توندوتیژی و دەسەڵات بە ئەنجامگەلێکی هاوشێوە گەیشتبووم. ناشکرابوو کە نەتەوەبوون و دەسەڵاتدارێتی لەرێگای توندوتیژییەوە نەدەبوو بە نژاری ئێمە. کاتێک پێویستییە ناچاریەکانی بەرگری خۆیی لەئارادا نەبێت، بەدەستهێنانی دەستکەوت و پێگەی کۆمەڵایەتی لەرێگای توندوتیژییەوە هیج پەیوەندییەکی بە سۆسیالیزمیشەوە نەبوو. جگە لە بەرگری خۆیی (رەوا) سەرجەم شێوەکانی توندوتیژی تەنیا بۆ قورخکارییەکانی دەسەڵات وچەوسانەوە جێگای باس دەبوون. پەرەسەندنی دەستەواژەیی ئەو لایەنە، بایەخێکی مەزنری بەهەڵوێستێکی مانادار و بە پرەنسیپانەی سەبارەت بەکێشەی ئاشتی دەبەخشی. لەو سۆنگەیەوە؛ بە توانستێکی دەستەواژەیی و تیۆری ئەوتۆ گەیشتبووم کە مۆرکی “جوداخوازی” و  “تیرۆریستی” مایە پووچ بکات کە نوجبەکانی دەوڵەت و دەسەڵات بەسەر کوردان و سەرجەم ئەو چین و توێژانەیاندا سەپاندبوو کە لەژێر سەرکوتکردن و چەوسانەوەدا بوون. ئەو دیالۆگانەی لەسەر بنەمای ئەو توانستە دەستەواژەیی و تیۆرییە لەگەڵ کارەبەدەستانی دەوڵەت پێشمخستن بە پیتتر بوو و دەرفەتی داهێنانی بۆ رێگاکانی رێگەچارەی کردارییانەش دەڕەخساند. وەک چۆن لەبەشە جیاوازەکانی بەرگرینامەدا دەرفەتی تێبینیکردنی دەبێت، لەمیانەی کۆمەکی پەرەسەندنەکانی پەیبردنی حەقیقەت و ئازادی کۆمەڵایەتی لە چەندین بواری هاوشێوەدا دەرفەتی پێشخستنی رێگەچارە تیۆری و کردارییەکان دەڕەخسا.

جگە لەو هۆکارە جەستەییانەی رێگا لە پێش گرفتی تەندروستی دەکەنەوە، ژیانی ئیمڕالی هیچ لایەنێکی نییە توانای بەرگەگرتنیم نەبێت. بەبەراورد لەگەڵ جاران ئاستی موراڵ، هوشیاری و هێزی ئیرادەم هەرگیز کەمی نەکردووە؛ بە پێچەوانەوە بە دۆخێکی پاڵاوتەتر گەیشتووە، لەمیانەی ئەستاتیکاوە خۆراکدراوە و بەلایەنی گەشەکردنی جوانەوە دەوڵەمەندکراوە. کاتێک روونکردنەوەی حەقیقەت کۆمەڵایەتییەکان لە میانەی زانست، فەلسەفە و ئەستاتیک پەرەبسەنێت، ئەوا دەرفەتەکانی ژیانی راستتر، چاک و جوان زیاتر دەبێت. لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ ئەو مرۆڤانە بژیم کەمۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رێگای حەقیقەت دووری خستوونەتەوە  و گۆمڕای کردوون، لەژووری تاکەکەسی تا دوا هەناسەم تەنیایی هەڵدەبژێرم.

پرسیارێکی پەیوەست بە ژیانی ئیمڕالییەوە لای گەلەکەمان مەراق دەکرێت لەبارەی چۆنێتی و جێگای ژیانمە لەکاتی دەرکەوتن لەزینداندا. کەسایەتییەک نیم خەیاڵپەرست بم. پێویستە زۆر باش بزانرێت خاوەن شێوازێکی ژیانم کە بە راستینەی شۆڕشگێڕی نا ودەبرێت. نەک ئەو ژیانەی دوای دەرکەوتن لە زیندان، بەڵکو ئەگەر سەیرێکی رێبازی ژیانی رابردووشم بکرێت کە لەمنداڵییەوە دەستیپێکردووە، ئەوا دەکرێ باشتر وەڵامی نەمجۆرە پرسیارانە بدرێتەوە. “یەکەمین یاخیبوونەکانی” ی لەتەەمنی ژێر دەساڵان بەرامبەر ئۆتۆریتەی دەسەڵات ئەنجاممدا لەو بارەوە سەرە دوای گرنگ لەخۆوە دەگرێت. هەر لەو کاتەوە یاخیبووێکی تەنیا بووم. لەبرگرینامەدا شوێن بە شوێن هەوڵمداوە ناڕەزاییەکانم سەبارەت بە کۆمەڵگای شار و گوند بخەمەڕوو. پەیوەندیدارەکان دەتوانن پرسیار و وەڵامی پێویست بەیەکەوە بدۆزنەوە. پێویستە زۆر بە کورتی پووختی بکەمەوە؛ لای من ژیان ئەوکاتە فەراهەم دەبێت کە ئازاد بژیت. وەک بناغەی ئەو بەرگرینامە پێنج بەرگییەی دوایی هەوڵمدا روونیبکەمەوە کە ژیانی ئازاد چییە. ژیانێک ئەتیک، عادیل و سیاسی نەبێت ژیانێکی پێویستە لەرووی کۆمەڵایەتییەوە نەژێنرێت، بەگشتی شارستانی، بەتایبەتیش مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەمیانەی قۆرخکارییەکانی چەوسانەوە و فشاری ئایدیۆلۆژییەوە کە خۆی ئاوایکردوون، لەرێگای ژیانی تاکخوازی، دیماگۆژی، پڕ لەدرۆ و تێوەگڵاو لەهەر جۆرێکی کۆیلایەتی ژیانی چەوت مەیسەر دەکات و دەیسەپێنێت. ئەو رووداوانەی بەکێشەی کۆمەڵایەتیش ناودەبرێت بەمجۆرە سەرهەڵدەدەن. هەر کەسێکی خۆی بە شۆڕشگێڕ دابنێت جا ئەوە بە سۆسیالیست و ئازادیخواز ناوببرێت یاخود دیموکراسیخواز و کۆمۆنیست ناچارە ناڕەزایی بەرامبەر شارستانی پشتبەستوو بە چەوسانەوە و فشاری چین، شار و دەسەڵاتی زێدەڕۆییانە و شێوازی ژیانی زاڵی قۆناغەکانی مۆدێرن پیشانبدات و دژی بوەستێتەوە. بە جۆرێکی دیکە شێوازی ژیانی عادیل، ئازاد، دیموکرات و کۆمەڵایەتی بەدینایەت؛ لەو سۆنگەیەوە؛ ژیانداری ناکرێت. ژیانگەلێکی پڕ لە درۆ، خراپی و قێزەوەنی جێگای باس دەبن. ئەوەش بەشێوازێکی ژیانی چەوت ناودەبرێت کە بناغەیەکی راستی نییە. پێویستە هەوڵە گەورەکانم سەبارەت بە رەتکردنەوەی ئەو شێوازەی ژیان مایەی تێگەیشتن بێت کە بە درێژایی ژیانم کردوومە بە کێشە یاخود خۆی بەکێشەیە. لەدۆخێکی پێچەوانەدا ناشێت وەک رێبەرایەتی و  کەسایەتی دەرکم پێ بکەن. ئەوانەی بەبێ تێگەیشتن خوازیارن تەڤلی کەسایەتی یاخود رێبەرایەتی من ببن و خوازیارن سوودی لێ ببینن لەوانەیە تووشی بێ هێواییەکی گەورە بێن. تێگەیشتن و تەڤلیبوونی راست کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە نەک کەسی.

لەو بارەیەوە پرسیارێکی دیکەی جێگاری مەراق سەبارەت بە شێوازی ژیانە لەگەڵ ژندا. لەتەواوی بەرگرینامەکاندا ناوە بە ناوە باسی چۆنێتی ژیانم لەگەڵ ژندا کردووە. بەتایبەتیش لەهەلومەرجەکانی مۆدێرنیتەدا ژیان لەگەڵ ژن گرنگیەکی مەزنی هەیە. ئەوە کێشەیەک نییە لەمیانەی داخوازیکردن، گەڕاان بەدوای ژن و فریودانی، یاخود بەیەکەوەبوون لەرێگای خانەی “گشتی” یان “تایبەت” و بەیەکەوە ژیانی منداڵدار یان بێ منداڵ چارەسەر بکرێت. لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی گۆشەی سەرەکی دڵ و مێشکی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی داگیرکردووە، پێویستە هەڵوێستی زانستی، فەلسەفی، ئەتیک و ئەستاتیک بەبنەما وەربگیرێت. لەهەلومەجەکانی ئەو سەردەمەماندا، واتە لەهەلومەجەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا هاوژیانی ئازاد لەگەڵ ژن ژیانێکە پێویستی بە بەر پرسیارێتییەکی گەورە و هێزی هەڵوێستی زانستی، فەلسەفی، ئەتیک و ئەستاتیک هەیە. بە بێ زانینی ئەو ستاتۆیەی لە مێژووی شارستانی و مۆدیرندا ژنی تێ ئاخێنراوە، بە بێ پیشاندانی هێزی هەڵوێستی ئەتیک و ئەستاتیک، کەمە چەشنی بەیەکەوە ژیان تاقیبکرێتەوە ئەوا بەچەوتی، بێ ئەخلاقی و قێزەوەنی ئەنجامگیردەبێت.

لەپێناو بە فیرۆنەدانی ژیان بەر لە هەموو شتێک فەراهەمکردنی شێوەیە راست، ئەخلاقی و ئەستاتیکەکانی ژیان لەگەڵ ژندا مەرجە. شیکارکردنی ناسنامەی ژن کە هەموو جۆرێکی کۆیلایەتی لەسەر کەسایەتیەکەی تاقیکراوەتەوە و ناچاری هەرسکردنی کراوە، بوون بە هاوڕێ و هاوژیانی دۆزی یەکسانی و ئازادی مەرجی سەرەکی بوونە بە پیاوێکی راست، جوان و بە ئەخلاق. ئەگەر خوێندنەوەیەکی راست بۆ دێڕە پەیوەندیدارەکانی بەرگرینامە بکرێت، ئەوا باشتر رووندەبێتەوە کە بۆچی گرنگیم بەو شێوازەی ژیان داوە و کردوومە بە پڕەنسیپ. بەمجۆرەش باشتر دەرکی پێدەکرێت. شێوازی ژیانی رەگەزگەرایی کە ئەخلاقی شارستانی تەوەرەی دەسەڵاتی مۆدێرنیتە سەپاندوویەتی و لەناو هەڵوێستێکی بەربەرێتی “دڕاندنی” کچێتی ژن دایە، قێزەونی و بێ ئەخلاقییەکی گەورە بەرهەم دێنێت. ئەگەر بەشێوەیەکی راست دەرک بە تێكۆشانە گەورەکەم بەرامبەر ئەو شێوازەی ژیان و دەرەنجامەکانی بکرێت ئەوا ژیان لەگەڵ ژن جوان و بە ئەخلاقانەتر دەبێت. لەو پێناوەشدا پێویستە هەر ژن و پیاوێکی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەردەوام هەڵوێست و پراکتیکێکی زانستی، فەلسەفی، ئەتیک و ئەستاتیک پێشبخەن تا بەتایبەتی ژن ئازاد و بە هێز بێت و لەسەرجەم مەیدان و بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاستێکی یەکسان و هاوتا بەدەستبێنێت، ئەمەش لە زهنیەت و دامەزراوەکانی نەتەوەی دیموکراتدا بەرجەستە بێت.

ئەگەر لەبەندیخانە بێت یان دەرەوە، لەناو سکی دایکدا بێت یان لەهەر سات و شوێنێکی فەزا تەنیا بەسیفەتی کۆمەڵایەتییەوە دەشێت ژیانی مرۆڤ لەناو ئازادی، یەکسانی (لەناو جیاوزییەکاندا) و دیموکراسیدا بێت. شێوەکانی دیکەی ژیانی دەرەوەی ئەوە لادانن، لەو سۆنگەیەوە؛ نەخۆشی و دەردەدارییە. بە ئامانجی راستکردنەوەی ژیان و گەیاندنی بە دۆخێکی تەندروستانە شۆڕشیشی لەناودا لە میانەی گوتە و کرداری کۆمەڵایەتی جیاوازەوە تێکۆشان بە ڕێوەدەبرێت. لەو پێناوەشدا زهنیەت و ئیرادەیەکی ئەتیک، ئەستاتیک، فەلسەفی و زانستیانە دە ئافرێنرێت.

لە حاڵەتێکی بەمجۆرەدا لەئەگەری دەرکەوتن لەبەندیخانە لەهەر کوێیەک بم و لەکامە ئان و ساتدا بژیم سروشتییە کە لەمیانەی هەر شێوازێکی پێویستی تیۆری و کردارییەوە تێکۆشان لە پێناو ئەو کۆمەڵگایەدا دەکەم ژە ئینتیمام بۆی هەیە، لە پێناو کورداندا تێدەکۆشم کە گوزارشت لە تراژیدیترین واقیعی ئەو کۆمەڵگابوونە دەکەن، بەڵێ دیسان تێکۆشان لە پێناو نەتەوەبوونی دیموکراتیانەیاندا دەکەم کە رێگای رزگاری و چارەسەرکردنی کێشەکانیانە، لە پێناو یەکێتی نەتەوە دیموکراتەکانی دونیا تێدەکۆشم کە کوردانیش بەشێکی پێکدێنن و رێگای رزگاری تەواوی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوینە، لەو سسۆنگەشەوە تێکۆشان لە پێناو یەکێتی نەتەوە دیمەکراتەکانی جیهان دەکەم کە رێگای چارەسەری و رزگاری تەواوی گەلانی دونیایە. لەمیانەی کەسایەتی حەقیقەت درێژە بە کاروانەکەم دەدەم؛ کە لەمیانەی هێزێکی ئەتیک، ئەستاتیک و فەلسەفە بەشێکی زۆری حەقیقەتی بەدەست هێناوە، هەر لەو رێگایەشەوە ژیان بەدەست دێنم و هەر کەسیش دەکەمە شەریک.

٢١ی کانوونی یەکەم. ٢٠١٠

عەبدۆڵانۆجالان

زیندانی داخراوی شێوەی.  F . ئیمڕالی

حوکمدراوی ژووری ئینفیرادی

پێوەندی‌دار
زۆرترین بینراو:
دوایین بەڕۆژکردنەوەکان:

ماڵپەڕی کەژار - کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان