ناتوانین بنەماڵەیەک کە ژن تێیدا رووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە، بە بنەماڵە لەقەڵەم بدەین

16 نیسان, 2020

رۆزەرین کەمانگەر، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری بەرنامەی راڤین لە تەلەڤیزیۆنی ئاریەن تیڤی بوو و سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژ بریتی لە: دۆخی رێبەر ئاپۆ، سیاسەتەکانی پشتی پەردەی رژێمی داگیرکەری ئێران بەرامبەر بە هەبوونی کۆرۆنا، دەرکردنی کارمەندانی تەندروستی لە لایەن دەوڵەتی ئێران، دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسی و کۆڵبەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆربوونی رێژەی تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان لە دوای دەرکەوتنی کۆرۆنا و هەروەها کردەوەی دژەمرۆڤانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بەرامبەر بە تەرمی شەهیدان، هەڵسەنگاندنی کرد.

"خەڵک ئیدی لەم شتەدا مسۆگەرە کە بێ رێبەر ئاپۆ ژیان نابێت"

رۆزەرین کەمانگەر لە سەرەتای بەرنامەدا باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە بەرامبەر زیندانیانی سیاسی بەتایبەت رێبەر ئاپۆ خەمسارد بووە و سەبارەت بە دۆخی رێبەر ئاپۆ جەختی لەسەر پێداگری گەل کردەوە بۆ زانیاری گرتن لە دۆخی رێبەر ئاپۆ و وتی:" سیاسەتەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ زۆر جیاوازە. ئێمە ئەوەمان بینی کە لە هەر قۆناغ و هەلومەرجێکدا گەل خاوەندارێتی لە رێبەری خۆی کرد و دەکات. بە سەرهەڵدانەکانیان، بە رۆژووەکانیانەوە، واتا بە هەموو شێوازێک خەڵک ئیدی لەم شتەدا مسۆگەرە کە بێ رێبەر ئاپۆ ژیان نابێت. ئەوەیکە هێزی چارەسەرییە رێبەر ئاپۆیە؛ کەواتە مافی ئەو گەلە هەیە کە ئاگاداری دۆخی رێبەر ئاپۆ بن. ئێستاکە لە هەلومەرجێکی وەهادا دۆخەکە زۆر هەستیارترە. لە دۆخێکی وەهادا کە هەموو زیندانیان سیاسی رووبەڕووی مەترسین، سەرۆکایەتیش لە ناویدا؛ خەڵک نیگەرانی ئەمەن. ئێمە ئەوە دەزانین کە گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە هەر جار زیاتر دەبێت. لە دۆخێکی وەهادا پێویستە بە شێوازێک زانیاری سەبارەت بە دۆخی رێبەر ئاپۆ بە پارێزەرانی بدرێت کە بۆ گەلی راگەیێنن. ئەمە ئەرکی سەرەکی دەوڵەتە، پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی خۆی نیشان بدات. ئەگەر باس لە دۆخی سەرۆک ئاپۆ نەکرێت، ئەوە پێشێل کردنی یاساکانە کە دەوڵەتی تورکیا خەریکە یاساکانی خۆیشی پێشێل دەکات. هەڵبەتە کە بۆ ئەوە خەڵک بێدەنگ راناوەستێت. گەلی کورد هەر لە باکووری کوردستانەوە بگرە هەتا هەر سێ بەشەکانی تری کوردستان و دەرەوەی وڵات هەرکاتێک بۆ رێبەری خۆیان لەسەر پێ بوون. هەر کۆمەڵگایەکی کوردی و نەتەنیا کوردیش کۆمەڵگاکانی تریش بە ئەرکی خۆیانی دەزانن کە پێویستە لەم دۆخەدا زیاتر پێداگر بن بۆ ئەوەی ئاگاداری و زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی رێبەر ئاپۆ بگرێت."

"رژێمی داگیرکەری ئێران بە سیاسەتەکانی خەڵک دەعوەتی مردن دەکات"

رۆزەرین کەمانگەر باسی لە سیاسەتەکانی پشتی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و سەرنجی راکێشا سەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و گووتی:" ئەم ڤایرۆسە، ڤایرۆسێکی جیهانییە و سیاسەتیشی لە پشتە. لە ئێرانیشدا بەهەمان شێوازە. ئێمە دەبینین کە کۆمەڵگایەک کە تەندروستییەکەی لە گەرەنتی دابێت، ئەو کۆمەڵگایە باشتر بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتیش یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی بۆ ئەوەی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگایە بە هەر شێوازێک بەخۆیەوە گرێبدات و لە ژێر دەسەڵاتی دابێت. باس لەوە دەکرێت کە دەوڵەتی ئێران کەرەنتینەی رانەگەیاند بەڵام، پێش ئەوە دەوڵەتی ئێران نکۆڵی لەوە کرد کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی هەبێت. کێشەی سەرەکی ئەم ماوەیەی دەوڵەتی ئێران شاردنەوەی راستییەکان بوو بۆ ئەوەی کە پێگەی نەکەوێتە مەترسییەوە و بۆ ئەوەیکە نیشانی بدات کە ئێمە بە هەر شێوازێک وڵاتێکی ئارامین و لە هەر بوارێکەوە تەگبیرمان هەیە. دواتر بینیمان کە هەمان ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد بە هۆکاری سەرنەکەوتنەکانی لە بواری سیاسیدا. هۆکاری سەرنەکەوتنی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی گەڕاندەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا. هەروەها یەکەمین شار کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو شاری قۆم ((یەکێک لە ناوەندەکانی ئایدیۆلۆژیای حکومەتەکەی)) بوو کە دەیزانی کە بە داننان بە هاتنی کۆرۆنا ئایدیۆلۆژیایەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە بۆ ئەمەش ناچاربوو کە بیشارێتەوە. دەوڵيتی ئێران بڕوای بە تەگبیرە سەرەتاییەکان کە هەموو وڵاتان گرتبوویان، نەبوو. ئێستاکەش هەمان سیاسەت بەردەوام دەکات. دەوڵەتی ئێران بەو سیاسەتەی کە خەریکە ئێستا بەڕێوەی دەبات، خەڵک دەعوەتی مردن دەکات. پێش کۆرۆناش دەوڵەتی ئێران لە دۆخی سوور دابوو و کۆمەڵگاشی خستببوە ناو ئەم دۆخەوە. کۆمەڵگای ئێران بە هەموو شێوازێک رووبەڕووی کێشەی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە. کۆرۆناش تەواوکەری سیاسەتەکانی ئێران بوو. سیاسەتەکانی ئێستای ئێران بۆ ئەوەیە کە هێندێک لە گەندەڵییەکانی خۆی پەردەپۆش بکات."

دەوڵەتی ئێران بۆ ئەوەی زنیاری راستەقینە بڵاو نەبێتەوە کارمەندانی تەندروستی دەردەکات

رۆزەرین کەمانگەر لە درێژەی بەرنامەکەدا رێز و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی دوکتۆران و پەرەستاران و ئەو کەسانە کرد کە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و هەروەها باسی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت کرد کە ئەو کەسانە لەسەر کارەکانیان دەردەکات و وتی:" ئەو کەسانەی کە لەم ماوەیەدا هەر لێدوانیان دەدا بەدوور لەم شتە بوون بەڵام، پەرەستاران و دوکتۆران بوون کە راستەوخۆ لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە دەست و پەنجەیان نەرم دەکرد. هەر ئەو کەسانەبوون کە ٢٤کاتژمێر نەدەخەوتن و لە هەوڵدان دابوون کە کۆمەڵگاکەیان رزگار بکەن. لە کۆمەڵگایەک دا تەندروستی و پەروەردە دووشتی هەرە گرنگن. پەرەستاران و دوکتۆران هەردوو ئەرکیشیان لەسەر شانە. ئەم دووشتانەشن کە دەوڵەت خەریکە خۆی لەسەر بەڕێوە دەبات. دەوڵەت نایهەوێت کە زانیاری راستەقینە بچێتە دەرێ بۆیە کەسانێک کە ئەو کارە دەکەن لەسەر کارەکانیان دەر دەکات؛ کێ ئەو کارانە دەکات پەرەستاران و دوکتۆران و پێرسونێلەکانن. دەوڵەتی ئێران بۆ ئەوەی راستییەکان بشارێتەوە دەڵێت کە ئەوانە بوختان دەکەن و دەنگۆ بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا بترسێنن، بەمهۆیەشەوە لەسەرکارەکانیان دەردەکات."

دەوڵەتی ئێران بە زانابوونەوە زیندانیانی سیاسی ئازاد ناکات

رۆزەرین کەمانگەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە گرنگی دۆخی زیندانیان سیاسی لە ئێراندا کرد و وتی کە زندانیانی سیاسی هەموو کاتێک رووبەڕووی هەرجۆرە کێشە و مەترسی لە لایەن دەوڵەتەوە بوونەتەوە و سەبارەت بەم بابەتە گووتی:" لێدوانێک درا کە پێویست بوو لەم هەلومەرجەدا زیندانیان ئازاد بکرێن کە لە سەراسەری جیهان تا ئاستێک پێکهات. ئێران نەیدەویست کە وڵامی ئەم لێدوانە بداتەوە بەڵام، ناچار مایەوە کە بیکات بەڵام، کێی ئازاد کرد و کێ لە زیندان دا مەیەوە؟! زیندانیانی سیاسی هەر رۆژ لێدوان دەدەن و باس لە دۆخی نالەباریان دەکەن. ئێران بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە زیندانیان لە زیندانەکان دەردەخات کەسانێکی ئازاد کرد کە کۆرۆنای کۆمەڵگان. بۆ ئەوەی کە بنەمای ئەخلاقی کۆمەڵگا بشێوێنی ئەو کەسانە دەردەخەی، ئەو کەسانە دەچنەوە ناو کۆمەڵگا و دووبارە ئەو کۆمەڵگایە رووەو لەناوچوون دەبەنەوە. بەڵام زیندانی سیاسی کێیە؟ ئەوەی کە بیرۆکەی هەیە و خوازیارە وڵاتەکەی رزگار بکات، ئەو کەسەی کە دژبەری دەسەڵاتە، ئەوەی کە دەیهەوێت پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگایەکەی بکات. بێ گومان کە ئەم کەسانە لە زیندانەکانی دەرناخات. بە هەر شێوازێکیش بێت حەولی ئەوە دەدات کە کۆرۆناش بخاتە ناو ئەو زیندانانەوە. لە تورکیاش دۆخی زیندانیانی سیاسی بە هەمان شێوەیە. ئەم سیاسەتانە لە هەردوو وڵاتیش بۆ ئەمەیە کە بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا لە ناوببرێت. پێش لە ئێستاش دۆخی زیندانیان سیاسی نالەبار بوو بەم دۆخی کۆرۆناشەوە زیاتر دۆخیان خراپتر بووە."

" کۆڵبەران بۆ ئەوەی کە پاروویەکیشیان هەبێت کە نمرن، ناچارن گیان بدەن"

رۆزەرین کەمانگەر لە قسەکانیدا باسی لە دۆخی نالەباری کۆڵبەران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کرد و وتی:" کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا لە لوتکەی هەژاربوون دا دەژی. کۆڵبەران لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوام رووبەڕووی کوشتن بوونەتەوە و هیچ کاتێک ژیانێکی ئاساییان نەبووە. کۆڵبەران بۆ ئەوەی کە پاروویەکیشیان هەبێت کە نمرن، ناچارن گیان بدەن. تۆ دەڵەی کە لەماڵەوە دانیشە، هەڵبەتە ئەگەر ماڵێک هەبێت؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لافاو هات و بەو هۆیەوە زۆر کەس بێ ماڵ مان، ئێستا ئەگەر ماڵێکیش هەبێت؛ لەم ماڵەدا پێویستە شتێک هەبێت کە بیخۆن و بتوانن پێداویستییە ژیانییەکانیان دابین بکەن، نییە بۆ ئەمەش ناچار دەبن کە دەرکەون و بچن کۆڵبەری بکەن. لەم دۆخەشدا هەم پێویستە مەترسی کۆرۆنا رەچاو بکەن هەمیش فیشەکی رژێم. کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا لە دۆخێکدایە کە لە هەر بوارێکەوە رووەو مردن دەڕوات. ئەو کەسانە دەڵێن کە ئامادەم بە کۆرۆنا بمرم بەڵام، با شەرمەزاری بنەماڵەکەم نەبم هەتاکوو پووڵێک ببەمەوە بۆ ماڵەوە؛ هەڵبەتە ئەگەر گەڕانەوەیەکی ئەم کۆڵبەرە لەسەر سنوورەکان هەبێت. هەژاری وای لە کۆمەڵگا کردووە کە بەرەو مردن بڕوات نەک کۆرۆنا."

"حوجرەی سەرەکی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە لایەن بنەماڵەی دیموکراتیکەوە درووست دەبێت"

رۆزەرین کەمانگەر لە درێژەی بەرنامەدا وەکوو کاریگەرییەکانی دەرکەوتنی کۆرۆنا باسی لە زۆربوونی رێژەی توندوتیژی لەسەر ژنان و منداڵان کرد و هەژاری کۆمەڵگای وەکوو هۆکاری سەرەکی ئەم توندوتیژییانە ناوزەد کرد و لەم بارەیەوە جەختی لەسەر بنەماڵەی دیموکراتیک کرد و وتی:" بنەماڵەیەک کە دەوڵەتی ئێران دەیهەوێت، بنەماڵەیەکە کە لە بچووکەوە هەتا گەورەکان هیچ پەیوەندییەکیان لە نێواندا نەبێت. بۆ ئەوەی کە کەس خۆی لە کاری ئەوەیتردا هەڵنەقورتێنێت. بنەماڵەیەک کە ئێمە باسی لێدەکەین ئەوەیە کە لە کاتێکی وەهادا کە ناتوانن بچنە دەرێ دەتوانن بە هاسانی پەیوەندییەکانیان پتەو بکەن. لە بنەماڵەی کورد دا دابڕانێکی زۆر لە نێو خێزاندا بەدی ناکرێت کە ئەمە ئەسڵی بنەماڵەیە. کێشەیەک کە بەردەوام لەنێو کۆمەڵگادا هەبووە ئەوە بووە کە دایک و باوکەکان لە منداڵەکانیان تێناگەن؛ ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەک دانیشن و لە یەکتر تێبگەن. حوجرەی سەرەکی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە لایەن بنەماڵەی دیموکراتیکەوە درووست دەبێت. ئەگەر ئەندامانی بنەماڵەیەک هەموو لە یەک ئاست دابن، ئەو کاتە ئەو بنەماڵەیە دەبێتە بنەماڵەیەکی دیموکراتیک. ئەو کاتە ژنانیش رووبەڕووی توندوتیژی نابنەوە. ناتوانین بە بنەماڵەیەک کە ژن تێیدا رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، بڵەین کە ئەو بنەماڵەیە هەشە. ئەم دۆخەی ئێستا بوارێکە کە هێندێک دیموکراتیک بوون لەناو بنەماڵەکاندا درووست بێت و پەیوەندییەکان چڕوپڕتر ببێتەوە."

"شەهیدێک کە لە باکوورە، هی هەر چوار بەشی کوردستانە"

رۆزەرین کەمانگەر لە کۆتایی بەرنامەکەدا باسی لە کردەوەی دژەمرۆڤانەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە تەرمی شەهیدان کرد و ئەم کردەوەی وەکوو شەڕی تایبەتی دەوڵەتی فاشێستی تورکیا لەبەرامبەر بە کۆمەڵگای کورد لە باکووری کوردستان بەناو کرد و گووتی:" ئەم کردەوەی دەوڵەتی تورکیا بۆ شکاندنی هێزی خۆڕاگری و چاو ترسێن کردنی گەل بوو. بۆ ئەوەی کە بڵێت ئێوە ئەگەر لە دژی من راوەستن، وڵامەکەی منیش ئەوەیە. هەڵبەتە کە ئەم کردەوە و سیاسەتانەی کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد دەیکات؛ نوێ نییە. زۆر جار خەڵکی کوردستان رووبەڕووی ئەم شتانە بووەتەوە؛ لە شەڕەکانی لە هەر قۆناغێکدا بگرە هەتا هەموو سیاسەتەکانی؛ ورەی خەڵک هەر بەرزتر بۆتەوە، هەڵوێستی گەل و بەتایبەت هەڵوێستی دایکی شەهید، وڵامێکی مەزن بوو بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا. ئەم کردەوەی دەوڵەت نیشانەی بندەست بوون و بێهێز بوونی دەوڵەتە. هەڵوێستی کوردان لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەوەی نیشانی دەوڵەتی فاشیسی تورکیادا کە ئەوەیکە جارێکی تر بندەکەوێت و رووڕەش دەبێت؛ تۆی. وتەکانی دایکی شەهید عەگید کە دەڵێت:" عەگید هەر لە کاتی لەدایک بوونیەوە هەتا ئێستا هەر قارەمانە، شەهادەتی عەگید بۆ من سەربەرزییە" هەڵوێستێکی یەکجار گەورەیە. ئەو شەڕە تایبەتە بەواتای ئەوە نییە کە خەڵک هێزی خۆی لەدەست داوە. دایکانی کوردستان گەیشتوون بەم زانابوونە کە هەر منداڵێکی گریلا، منداڵی خۆیەتی. شەهیدێک کە لە باکوورە تەنیا هی بنەماڵەیەک نییە بەڵکو، هی هەر چوار بەشی کوردستانە. ئەم خەڵکە، خەڵکێک نییە کە بەم شتانەوە راوەستێت. هەر شەهیدێک بۆ هەر بنەماڵەیەک، بۆ هەر دایکێک و بۆ هەر کۆمەڵگایەک نیشانەی بەرز کردنی خۆڕاگرییە. دەستی ئەو دایکانە ماچ دەکەین کە بە ورە و سەربەزی خۆیان ورە بەتەواوی کۆمەڵگا دەدەن."

 

پێوەندی‌دار