کێشە کۆمەڵایەتییەکان
27 ئازار, 2020(لەبەرگیراو لە پەرتووکی سۆسیۆلۆژیای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان)
١ــ كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت
به‌رده‌وام ناچارم دووباره‌ی بكه‌مه‌وه؛ هه‌روه‌كو چۆن مێژوو "ئێستا"یه، هه‌ر فاكته‌رێكی ئێستاش مێژووه. هه‌رچی پچڕان و دابڕاندنی مه‌زنه له‌نێوان مێژوو و ئێستاكه، ئه‌نجامێكی پڕوپاگه‌نده‌كانی هه‌ر هه‌ڵكشانێكی نوێی شارستانیه‌ته كه یه‌كه‌مین هه‌نگاوی سه‌ره‌تایه‌تی و به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی مه‌شروعیه‌ت و داخوازی به "ئه‌زه‌لی-ئه‌به‌دی"كردنی خۆی ئه‌نجامیده‌دات. له ژیانی كۆمه‌ڵگای راسته‌قینه‌دا دابڕانی به‌مجۆره بوونی نییه. خاڵێكی دیكه‌ی دەمەوێت جه‌ختی له‌سه‌ر بکەمەوه، تا مێژوو نه‌كرێت به‌گه‌ردوونی، نووسینه‌وه‌ی مێژووێكی خۆجێیی یاخود تاقانه هیچ واتایه‌كی نابێت. له‌م سۆنگه‌وه؛ كێشه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات لە یەکەمین ساتەکانی ئاواکردنیاندا، به‌جیاوازیه‌كی زۆر كه‌مه‌وه كێشه‌ی رۆژگاری ئهمڕۆشمانه. هه‌رچی جیاوازی نێوانیانه، ئه‌و به‌شه‌یه كه هه‌لومه‌رجه‌كانی كات و شوێن لێی زیادكردووه. كاتێك ئه‌م واتایه له دەستەواژەكانی جیاوازی و وه‌رچه‌رخان باربكه‌ین، ئاشكرایه کە به‌شی حەقیقەت لە شرۆڤهكانمان زیاد ده‌كات. پێویسته مەترسی و ریسکەکانی بچووككردنه‌وه یاخود گرنگی نه‌دان به جیاوازیه‌كان، وه‌رچه‌رخان و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان زۆر بە باشی ببینرێت. چه‌نده بێبه‌ریبوون له‌مێژووی گه‌ردوونی پڕوكێنهرو کوێرکەر بێت، تاوتوێكردنی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییش وه‌ك دووباره‌بوونه‌وه‌و بێبه‌ش بینینی له‌جیاوازی و وه‌رچه‌رخان، به‌و ئه‌ندازه‌یه راستی په‌رده‌پۆش ده‌كات و دەیشارێتەوە. نهخزانه ناو ئه‌م دوو شێوه‌یه‌ی مۆدێلی بچووككردنه‌وه بایه‌خێكی زۆری هه‌یه.
یه‌كه‌مین ده‌ستنیشان كردنێك كه له رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات بكرێت ئه‌وه‌یه كه؛ له‌سه‌ر كۆمهڵگاو لهناوهوهشی قه‌باره‌یه‌كی نائاساییان په‌یداكردووه. تا سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م حوكمڕانێتی زیاتر له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، به‌شێوه‌یه‌كی تۆقێنهرو چاوترسێنه‌ر ئاواکرابوون. به درێژایی چاخ و سه‌رده‌مه‌كان شارستانیه‌ت شاهیدی شێوه‌ی زۆر به‌كاریگه‌ری له‌مجۆره‌یه. ده‌وڵه‌ت بە سیفەتی گوزارشتی فه‌رمی ده‌سه‌ڵات، به‌وردییه‌وه هێڵه‌كانی سنووری خۆی كێشابوو. چونكه چه‌نده جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌ت-كۆمه‌ڵگا به‌تیژی بكێشرێت، به‌و ئه‌ندازه‌یه هیواو چاوه‌ڕوانییان بۆ سوود وه‌رگرتن زیاد ده‌بوو. وه‌ك دیارده‌یه‌كی ناو كۆمه‌ڵگا هێڵه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتیش زۆر ئاشكرا‌و بژارده بوون. هێڵه‌كانی راوه‌سته‌ی ژن به‌رامبه‌ر پیاو، لاوان به‌رامبه‌ر به‌ساڵاچووان، ئه‌ندامه ئاساییه‌كانی خێڵ به‌رامبه‌ر به سه‌رۆك خێڵ، ده‌سته‌ی باوه‌ڕمه‌ندان به‌رامبه‌ر به نوێنه‌ری ئایین و مه‌زهه‌ب له‌میانه‌ی ئاداب و رێسای زۆر روونه‌وه بە ئەدەبەوە دیاریكراون. له‌به‌رزی و نزمی ده‌نگه‌وه، تا ده‌گاته شێواز‌و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوون و دانیشتنه‌وه بابه‌تی بەڕێوەبەرو به‌ڕێوه‌براو بە وردەکاری رێساکانەوە گرێدراوبوون. بێگومان ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بەرامبەر بە کۆمەڵگا كه‌مترن، له‌پێناو پیشاندانی هه‌بوونی خۆیان بەم شێوەیە ئاواكردنی ده‌ستڕۆیی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌م لایه‌نه‌وه مایه‌ی تێگه‌یشتنه كه كه‌مینه‌ن. به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ش ئەو رێسایانە بەسیفەتی ئامرازەکانی مەشروعیەت رۆڵ دەبینێ، په‌روه‌رده‌و خزمه‌تیان پێشكه‌ش ده‌كرد.
هۆکاری ئه‌و وه‌رچه‌رخانه ریشه‌ییه‌ی كه له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی شارستانیه‌تی ئه‌وروپا هاته‌ئاراوه، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا پێویست بینینیان بوو بۆ دزه‌كردن بۆ ناو ته‌واوی مهمیلهكانی كۆمه‌ڵگا. له‌مه‌دا دەکرێ باس له دوو هۆكاری سه‌ره‌كی بكه‌ین کە لە پەلهاوێشتنی قووڵایی و بەرفراوانی دەسەڵاتدا رۆڵیان بینی: یه‌كه‌میان؛ گه‌وره‌بوونی جه‌ماوه‌ره چهوساوهكهیه كه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه. چونكه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌وره نه‌كرابوایه چه‌وساندنه‌وه‌ش به‌دینه‌ده‌هات. هه‌روه‌كو ئه‌و مێگه‌له گه‌وره‌یه‌ی پێویستی به‌چه‌ندین شوان هه‌یه، هه‌ڵئاوسانی بیرۆكراسی ده‌وڵه‌تیش به‌ڵگه‌ی ئاشكرای ئه‌م دیارده‌یه‌یه. هه‌روه‌ها پێویسته به‌شی سه‌ركوتكردنی كۆمه‌ڵگای ناوه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بخه‌ینه سه‌ر كه به‌شێوه‌یه‌كی زه‌به‌لاحانه گه‌وره‌ی کردووه. هه‌موو كاتێك شه‌ڕ بیرۆكراسی خوڵقاندووه. خودی سوپا گه‌وره‌ترین رێكخستنی بیرۆكراتییه. هۆكاری دووه‌م، زیادبوونی مه‌عریفه‌ی كۆمهڵگاو بهرخودانهكهیهتی. له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپا له قووڵاییه‌وه چه‌وسانه‌وه‌ی به‌خۆوه نه‌بینیوه، هه‌روه‌ها به‌هۆی به‌رخودانی به‌رده‌وامی، ده‌سه‌ڵات-ده‌وڵه‌ت ناچاری قه‌باره‌ی گه‌وره کردووە. تێكۆشانی بۆرژوازی به‌رامبه‌ر به ئهرستۆكراسی، هه‌روه‌ها تێكۆشانی چینی كاركه‌ر به‌رامبه‌ر به هه‌ردووكیان، له ئه‌وروپا ئاواكردنی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی ناچاری قووڵبوون كردووه. هه‌رچی بۆ یه‌كه‌مین جار به ده‌وڵه‌تبوونی چینی ناوینه له‌مێژوودا كه به‌شێوه‌ی بۆرژوازی به‌دیهات، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی بۆ پێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات هێناوه. به ده‌وڵه‌تبوونی كۆمه‌ڵێك مرۆڤ كه له‌ناواخنی كۆمه‌ڵگا ده‌ركه‌وتوون، له‌م سۆنگه‌یه‌وه؛ بوویه‌ری ده‌سه‌ڵات كه له‌زیادبووندایه، ناچاری كردووه خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا رێكبخات.
بۆرژوازی جیابوونه‌وه‌یه‌كی چینایه‌تی یاخود چینێکی هێنده مه‌زنه كه له‌ده‌ره‌وه ناتوانێت حوكمڕانی خۆی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تدا بسه‌پێنێت. ئاشکرایە کە ئەو چینە چه‌نده خۆی ده‌كات به ده‌وڵه‌ت، له ناوه‌وه‌ش خۆی لەناو ململانێ و پێكدادانە كۆمهڵایهتیهکاندا دەبینێتەوە. ئه‌و دیارده‌یه‌ی به ململانێ یان پێكدادانی چینایه‌تی ناوده‌برێت گوزاره له‌م راستیه ده‌كات. لیبڕالیزم كه ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازییه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌م كێشه‌یه بدۆزێته‌وه هه‌زارویه‌ك فرت و فێڵ ده‌كات. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی له‌ماوه‌ی رابردوو روویداوه، زیاتر گه‌وره‌بوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و شێرپه‌نجه‌ی بیرۆكراسییه. چه‌نده ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ناو كۆمه‌ڵگادا گه‌وره بێت، واتا به‌و ڕاده‌یه شه‌ڕی ناوخۆیی له ئارادایه. سه‌ره‌كیترین كێشه که له كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپادا په‌ره‌یسه‌ندووه، له‌سه‌ره‌تاوه ناوه‌ڕۆكێكی به‌م چه‌شنه‌ی هه‌بووه. تێكۆشانه مەزن و شكۆدارهكانی ده‌ستوور، دیموكراسی، كۆمار، سۆسیالیزم و ئهنارشیزم له نزیكه‌وه گرێدراوی شێوازی پێكهاتنی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته. به‌رچاوترین چاره‌سه‌ری كه له رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا راست ده‌بینرێت، مافه سه‌ره‌كیه‌كانی مرۆڤ و دیموكراسییه كه به رێسای ره‌های ده‌ستووره‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، له‌جیاتی چاره‌سه‌رییه‌كی هه‌میشه‌یی، ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا ناچار ده‌كات له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات رێكبكه‌ون و به‌مجۆره هه‌وڵده‌دات قۆناخی شه‌ڕه گه‌وره‌كانی جاران تێپه‌ڕبكات. واته كێشه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، ته‌نیا به پێگه‌یه‌ك گه‌یه‌نراوه توانای به‌رده‌وامكردنی هه‌بێت.
كاتێك له نزیكه‌وه سه‌یری بكه‌ین، ده‌بینین له رێگای میللیگه‌رایی، ره‌گه‌زگه‌رایی، ئایینگه‌رایی و زانستگه‌رایی هه‌مه‌جۆره‌وه به‌ناویه‌كداچوون و تێكه‌ڵكردنی كۆمهڵگاو ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات پێشده‌خرێت، واتا بۆ پارادایم(پارادیگما)ی "هه‌مووكه‌سێك هه‌م ده‌سه‌ڵات هه‌م كۆمه‌ڵگایه، هه‌م ده‌وڵه‌ت هه‌میش كۆمه‌ڵگایه" رابكێشرێت، به‌مجۆره‌ش هه‌وڵی درێژه‌دان به ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه ده‌درێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌ناوه‌وه شه‌ڕی چینایه‌تی سه‌ركوت ده‌كرێت، به‌رامبه‌ر به ده‌ره‌وه‌ش به‌رده‌وام دۆخی به‌رگری به‌كراوه‌یی ده‌هێڵرێته‌وه، به‌مجۆره بۆرژوازی شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه چاره‌سه‌ری ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌مه لە سه‌ره‌كیترین پهیڕهوهکانە له ئاستی جیهاندا تاقیكراوه‌ته‌وه، كه له‌جیاتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان سه‌ركوتیان ده‌كات. لەبەر ئەوەی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه بۆخۆی ده‌بێته گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، ناوه‌ڕۆكه فاشیزمیهكهی به‌ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش به روونترین شێوه له فاشیزمی ئه‌ڵمانیادا بینراوە.
یه‌كه‌مین نموونه‌ی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه له‌قۆناخی به‌رخودانی هۆڵه‌نداو ئینگلته‌را به‌رامبه‌ر به ئیمپراتۆریه‌تی ئیسپانی سه‌ریهه‌ڵداوه. ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه ته‌واوی كۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به هێزێکی ده‌ره‌وه ده‌خاته ناو سهفهربهریهوه کە بە دوژمنی خۆی دادەنێت و بیانووی ره‌وابوونی خۆشی ده‌ئافراند. ئاراسته‌ی راستینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی-نیشتیمانی ئەوروپا له سه‌ره‌تادا به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی فاكته‌ری ئه‌رێنی له‌خۆوه ده‌گرت. به‌ڵام ئاشكرایه كه ئەو نەتەوەبوونە هه‌ر له‌سه‌رده‌می له‌دایكبوونیه‌وه ئه‌ركی په‌رده‌پۆشكردنی فشار‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی جێبه‌جێده‌كات. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه مسۆگه‌ر نیشانه‌و ئەتەکێتی چینی بۆرژوازی هه‌ڵده‌گرێت. مۆدێلی ده‌وڵه‌تی ئه‌و چینه‌یه. دواتر په‌لاماره‌كانی ناپلیۆن ئه‌م مۆدێله‌ی له فه‌ره‌نسا به‌هێزتر كرد، له ئاستی ئه‌وروپاش رێگای بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی خۆشكرد. به‌هۆی دواكه‌وتوویی بۆرژوازی ئه‌ڵمانی و ئیتاڵی و ئه‌و زه‌حمه‌تییانه‌ی لە مه‌سه‌له‌ی یه‌كێتی نەتەوەییدا دووچاری بوونەوە، وایکرد روو لە سیاسه‌تی نهتهوهپهرستانهتر بکەن. مەترسی داگیركاری ده‌ره‌كی و به‌رخودانه‌كانی چینی كاركه‌رو ئهرستۆكراسی، له‌ناوه‌وه بۆرژوازی ناچاری مۆدێلی ده‌وڵه‌تێكی میللیگه‌رایی و شۆڤێنی زێدهڕۆكرد. دۆڕاندن و ته‌نگه‌ژه، له‌سه‌روویانه‌وه ئه‌ڵمانیاو ئیتاڵیا، چه‌ندین وڵاتی بۆ دووڕیانی یان شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی یان فاشیزم راكێشكرد. ئه‌وه‌ی تای ته‌رازووی به‌لادا شكایه‌وه مۆدێلی ده‌وڵه‌تی فاشیستی بوو. راسته هیتله‌ر، مۆسۆلۆنی و هاوشێوه‌كانی تێكشان، به‌ڵام سیسته‌مه‌كه‌یان سه‌ركه‌وت.
له‌ناوه‌ڕۆكدا ده‌توانرێت ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه وه‌ك هاوواتاكردنی كۆمه‌ڵگا به‌ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تیش به كۆمه‌ڵگا پێناسه بكرێت، ئه‌مه‌ش خودی پێناسه‌ی فاشیزمه. به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی نه كۆمه‌ڵگا ده‌بێت به ده‌وڵه‌ت، نه ده‌شێت ده‌وڵه‌تیش ببێت به كۆمه‌ڵگا. ته‌نیا ده‌شێت ئایدیۆلۆژیا شمولیەکان (تۆتالیتاره‌كان) بانگەشەیەکی به‌مجۆره بکەن. ناوه‌ڕۆكی فاشیستانه‌ی ئه‌م بانگەشانە ده‌زانرێت. وه‌ك شێوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام فاشیزم جێگایه‌كی له‌گۆشه‌ی دهیوهخانی لیبڕالیزمی بۆرژوازیدا هه‌یه. شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی قۆناخه‌كانی قه‌یرانه. له‌به‌رئه‌وه‌ی قه‌یران بونیادییه، شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیش بونیادییه. ناوه‌كه‌شی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌وڵه‌ت -نه‌ته‌وه‌یه. به لوتكه گه‌یشتنی قه‌یرانی قۆناخی سه‌رمایه‌ی فینانسه. پاوانی سه‌رمایه‌داری كه له رۆژگاری ئه‌مڕۆمان له ئاستی جیهانگیریدا به‌لوتكه گه‌یشتووه دهوڵهتهكهشی له كۆنه‌په‌رستترین و زۆردارترین قۆناخی خۆیدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فاشیستانه‌یه. هه‌رچه‌نده باس له داڕووخانی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه بكرێت، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی، ئه‌وه‌ی له جێگایدا بونیاد ده‌نرێت دیموكراسی ده‌بێت، ده‌بێته خۆشباوه‌ڕی. له‌وانه‌یه هه‌م پێكهاته‌ی سیاسی فاشیستانه‌ی گه‌وره‌ی جیهانگیری، هه‌میش پێكهاته‌ی سیاسی فاشیستانه‌ی خۆجێیی له رۆژهڤدابێت. ئه‌و بوویهرانهی له خۆرهه‌ڵاتی ناوین، به‌ڵقان، ئاسیای ناوین و قه‌فقاسیا رووده‌ده‌ن سه‌رنج راكێشن. ئه‌مریكای لاتین و ئه‌فریقیا به‌دوای ئه‌زموونی نوێوه‌ن. ئه‌وروپا له رێگای ریفۆرمەوە به‌دوای دوورکەوتنەوە له فاشیزمی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت. دیارنییه كه رەوشی روسیا و چین چیان لێدێت. هه‌ژموونگه‌رایی سوپه‌ری وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش دانوستاندن له‌گه‌ڵ هه‌رشێوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تدا ده‌كات.
ئاشكرایه كه كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت جارێكی دیكه له‌یه‌كێك له قۆناخه هه‌ره قورسه‌كانی خۆیاندا ده‌ژی. دووڕیانی "یان شۆڕشی دیموكراتی یان فاشیزم" لە رۆژەڤدایەو بایه‌خه ژیانیهكهی له بەرچاوانە. ته‌واوی رێكخراوه هه‌رێمی و ناوه‌ندیه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به سیسته‌م ناتوانن چالاك بن. له‌كاتێكدا سه‌رمایه‌ی-فینانس له جیهانگیرترین قۆناخی شارستانیەتدا به‌لوتكه گه‌یشتووه، رۆڵی ئه‌و به‌شه‌ی سه‌رمایه ده‌بینێت كه هه‌ره زێده قه‌یرانه‌كه‌ی هاركردووه. بهرامبهرو هاوتا سیاسی-سه‌ربازیه‌كه‌ی پاوانی سه‌رمایه‌ی فینانس، ئه‌و شه‌ڕه‌یه كه به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگا چڕكراوه‌ته‌وه. ئه‌مه ئه‌و راستیه‌یه كه له زۆربەی به‌ره‌کانی دونیا له‌ئارادایه. ئه‌و پێكهاته سیاسی و ئابوورییه‌ی له قه‌یرانی بونیادی سیسته‌می جیهانی ده‌رده‌كه‌وێت، له‌میانه‌ی ئاستی كار‌و خه‌باتی رۆشنبیری، سیاسی و ئه‌خلاقیه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێت، نه‌ك له رێگای كههانهتهوه.
له‌سه‌رده‌می سه‌رمایه‌ی ــ فینانس كه پاوانی سه‌رمایه‌ی وه‌همی – ئیفتیرازی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه، كۆمه‌ڵگا به‌جۆرێك رووبه‌ڕووی په‌رته‌وازه‌بوونه كه له هیچ قۆناخێكی مێژوودا رووینه‌داوه. شانه‌ی ئه‌خلاقی و سیاسی كۆمه‌ڵگا پارچه پارچه كراوه. ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه ده‌چێت "كۆمهڵگاكوژی" یه، كه دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و له ژینۆساید قورستره. باڵاده‌ستی میدیایی سه‌رمایه‌ی ئیفتیرازی چه‌كێكه كه كۆمهڵگاكوژیهكی زۆر قورس‌تر له کۆمەڵکوژیەکانی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی به‌ڕێوه‌ده‌بات. تۆپه‌كانی میللیگه‌رایی، ئایینگه‌رایی، ره‌گه‌زگه‌رایی، زانستگه‌رایی و هه‌ژموونگه‌رایی (وەرزش،زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی و..هتد) بیست و چوار كاتژمێر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا دەبارێت و ده‌ڕشێته‌وه، به‌رامبه‌ر به‌م چه‌كه‌ی میدیا، چۆن كۆمه‌ڵگا ده‌پارێزرێت؟
میدیاش وه‌ك جۆرێك له‌دووه‌مین ئه‌قڵی ئهنالیتیك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا چالاك و ده‌ست به‌كاره. هه‌روه‌كو چۆن ئه‌قڵی ئهنالیتیكیش سه‌ربه‌خۆ باش یان خراپ نییه، میدیاش به‌ته‌نیا ئامرازێكی نۆتره (خاڵی سفره). وه‌ك هه‌ر چه‌كێكی دیکە ئه‌وه‌ی رۆڵی خۆی ببینێت دیار دەبێت. هه‌روه‌كو چۆن هێزه هه‌ژموونگه‌راكان هه‌مووكاتێك خاوه‌نی به‌كاریگه‌رترین چه‌كن، هێزهباڵادهستهكهی چه‌كی میدیاشن. له‌به‌رئه‌وه‌ی میدیا وه‌ك دووه‌مین ئه‌قڵی ئانالیتیك به‌كاردێنن، له شكاندنی هێزی به‌رخودانی كۆمه‌ڵگادا زۆر بهكاریگهرن. له‌میانه‌ی ئه‌م چه‌كه‌وه كۆمه‌ڵگای وه‌همی بونیاد ده‌نرێت. كۆمه‌ڵگای وههمیش شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆمهڵگاكوژییه. ده‌شێت ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ش به یه‌كێك له شێوه‌كانی كۆمهڵگاكوژی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت. له هه‌ردوو شێوه‌شدا كۆمه‌ڵگا له ناوه‌ڕۆكی خۆی ده‌رده‌خرێت و بۆ ئامرازێكی پاوانی ئاراسته‌كار وه‌رده‌چه‌رخێنرێت. هه‌روه‌كو چۆن بچووك بینینی سروشتی كۆمه‌ڵگا زۆر مه‌ترسیداره، ده‌رخستنی له‌ناوه‌ڕۆكی خۆشی به‌واتای ئاواڵاكردنی دێت له‌پێش هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌ك كه سنووره‌كانی دیار نییه. هه‌روه‌ها سه‌رده‌می پاوانی وههمیش وه‌ك سه‌رمایه‌ی-فینانس ته‌نیا له‌میانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێت كه له‌ناوه‌ڕۆكی خۆیان ده‌رچوون. سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ردووكیان له‌هه‌مان قۆناخ‌دا رێكه‌وت نییه، له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌ناو په‌یوه‌ندیدان. لەمیانەی ئەو كۆمهڵگایەی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له ناوه‌ڕۆكی خۆی ده‌ریخستووه (خۆی به ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه داده‌نێت) له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی میدیا فریویداوهو شێواندوویه‌تی، به ته‌واوی مانای وشه‌وه كۆمه‌ڵگای دۆڕاون و شتی جیاوازتر لهپاشماوهكانیان بونیاد ده‌نرێت. هیچ گومانێكی تێدا نییه كه له‌سه‌رده‌می كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌مجۆره‌دا ده‌ژین.
ته‌نیا له‌ناو بهكێشهترین كۆمه‌ڵگادا ناژین، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتدا له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌ژین كه هیچ شتێك به تاكه‌كه‌ی نابه‌خشێت. ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی له‌ناویاندا ده‌ژین ته‌نیا متمانه‌ی سیاسی و ئه‌خلاقییان له‌ده‌ست نه‌داوه، ته‌نانه‌ت ههبوونهكهشیان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیدایه. نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی كێشه، به‌ڵكو له‌ژێر مه‌ترسی قڕكردندا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر سه‌رباری تەواوی ئه‌و هێزه زانستیه‌ی له‌ئارادایه له رۆژگاری ئه‌مڕۆمان به‌رده‌وام كێشه‌كان گه‌وره ده‌بن و ده‌بن به‌شێرپه‌نجه، ئه‌وكاته قڕكردنی كۆمه‌ڵگا ته‌نیا گریمانێك نییه، به‌ڵكو مه‌ترسیه‌كی واقیعییه. هه‌رچی ئه‌و بانگه‌شه‌یه كه گوایه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه كۆمه‌ڵگا ده‌پارێزێت، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنێكی مه‌زنه بۆئه‌وه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كه‌ی بكات به واقیعی. كۆمه‌ڵگا ته‌نیا رووبه‌ڕووی كێشه‌كان نییه، به‌ڵكو رووبه‌ڕووی قڕبوونیشه.
بەردەوامە…