• تاگەکان:

    گەلی کورد و نەورۆز

    16 ئازار, 2020

    ئوزگوور سەرهەڵدان

    هەر چەندە شوناسی گەلی کورد بە دەستی دەسەڵاتداران رووبەڕووی نکۆڵیش بووبێت، زمانیان پەسەند نەکرابێت، ئیرادەیان نەدیترابێت بەڵام، هەرگیز نەیانتوانیوە کلتوور و هونەری ئەوان لەناو ببەن. هەر کاتێک کوردان لە ژێر گوشار و زوڵم و هەژموونی دابوون بە کلتووری خۆیان ژیاون و لەم رێگایەدا بەدەڵی زۆریان داوە. گیانیان بەخت کردووە، کوژراون و کۆمەڵکوژ کراون بەڵام مەخابن دەستبەرداری کلتووری خۆیان نەبوون؛ یەکێک لەو کلتوورانەش جێژنی نەورۆزە.

    نەورۆز بۆ کوردان نیشاندەری شوناس، ئیرادە و زمان و بە کورتی هەبوونیانە. ئاگری نەورۆز بە کاوەی ئاسنگەرەوە دەستی پێکرد. ئاگری نەورۆز بە جەستەی مەزڵووم، بێریڤان، روناهی، فەرهاد و بە دەیان هەڤاڵیتر گڕی گرت و لە لایەن ئەم تێکۆشەرانە نەورۆز بەم شێوەیە پیرۆز کراوە. پیرۆزی نەورۆز بۆ گەلی کورد بە واتای خۆڕاگری، تێکۆشان و ژیانی ئازادە.

    ئاگری نەورۆز لە مێژووی هۆزە ئارییەکان تا رۆژگاری ئەمڕۆمان هەر داگیرساوە، کاوەی ئاسنگەر لە بەرامبەر زووحاک بۆ منداڵان و گەنجانی کورد شەڕی کرد. ئەمڕۆکەش لەبەرامبەر زیهنییەتی دەوڵەت یا مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری، بزوتنەوەی ئازادیخوازی لەشەڕ دایە. لەڕاستیدا زیهنییەتی دەسەڵاتداران و داگیرکەران پەسەند ناکات، لە دژی ئەوان تێکۆشان دەکەن. بە تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی ئاگری نەورۆز گەشتر لە هەرکاتێک سەمبووڵی تێکۆشان لە رێگای ئازادییە.

    ئاگری نەورۆز لە مێژوودا بە هێمای ئاگری تێکۆشان، ئازادی و سەرکەوتن هەڵدەکرێت. کاوە لە بەرامبەر زووحاک گەنجانی کوردی پاراست و نەیهێشت کە گەنجان ببن بە قوربانی دەسەڵاتگەرایان. بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، ئازادی گەنجانی کورد و سەرکەوتنی گەلی کوردی نیشانی حاکیمە زۆردارەکان دا. ئێستاکەش ئەم زۆردارانە بەردەوام خەریکی داسەپاندنی زوڵم و ستەم بەسەر گەلی کوردن. لەبەرامبەر بەم گوشار و زۆردارییە گەلی کورد بە سەرۆکایەتی رێبەر ئاپۆ راپەڕی و زۆرداری، ژێردەستی و نادادپەروەریان پەسەند نەکرد. بۆ گەیشتن بە ئازادی رووەو شاخەکان چوون و تێکۆشانی بێ هاوتای خۆیانیان دەست پێکرد. بە تێکۆشانی خۆیانەوە ئاگری نەورۆزیان گەشتر کرد.

    هەڤاڵ مەزڵووم لە زیندانی ئامەد بە هەڵکردنی ئاگر، سەرلەنوێ مێژووی نووسی و مەشخەڵی ئاگری لەدەستی کاوە گرت و نیشانی تەواوی جیهانی دا. ئەم ئاگرە، ئاگری ئازادییە. شەهیدانی نەورۆز، گیانێکی نوێیان بە مێژوو بەخشی و گەلی کورد و گەنجانی کوردیان وشیار کردەوە. ئاگری نەورۆز پەیامی تێکۆشانێکی هەمیشەیی و بەرفراوانی لە بەرامبەر زووحاکەکان بۆ ئێمە هێنا، ئەوەیکە بۆ ئازادی هەوڵ بدەین و لە تێکۆشانی ئازادیخوازی دا رۆڵمان هەبێت و بزانین کە هێندێک جار ئاگری نەورۆز بە جەستەی ئێمە هەڵکراوە و شەهیدان ئەم رەستانەیان هێناوەتە سەر زمان:" بەرخۆدان، ژیانە." و " هەر کەس ئەو ئاگرەی ئێمە بە جەستەمان هەڵمان کردووە، بکوژێنێتەوە؛ خائینە."

    کۆمەڵکوژی، زیندانی کردن، ئەشکەنجە کردن، هیچ یەک لەم کردەوانە نەیانتوانی پێش لە گڕگرتنی ئاگری نەورۆز بگرن و لە دواییدا نەورۆزیان کرد بە جێژنێکی نیزامی و دەوڵەتی.

    زووحاکەکانی ئەمڕۆکە لە مەهاباد، قامیشلۆ، عامودێ، هەولێر، جزیر، نسێبین، گەلیێ زیلان، دێرسیم و بە ئەنفال و … ویستیان کە ئیرادە و تێکۆشانی کورد تێکبشکێنن و لەناوی ببەن بەڵام، سەرکەوتوو نەبوون و تێکۆشان گەیشت بە سەرکەوتن و بە هەزاران ساڵە کە ئاگری خۆڕاگری، تێکۆشان و ئازادی نەورۆز هەر دەچێت گەشتر دەبێت.

    هەرچەندە کە نەورۆز بە خۆڕاگری و تێکۆشان ناسراوە بەڵام لە لایەکی ترەوە نەورۆز مژدەهێنەری بەهاری رەنگینە، نوێ بوونەوەی سروشتە، نوێ بوونەوەی مرۆڤایەتییە و هەستی بژۆنی بەهێزتر دەکات. دەتوانی هەست بە جوانی خاک و مەڵبەند بکەی. هەرچەندە ژیان بە دەرد و رەنجەوە بەڕێوە چووبێت، بە هاتنی نەورۆز، مژدەی بەهار، بە هاتنی بەهار، مژدەی پەیوەندی نێوانی سروشت و مرۆڤ دەستپێدەکات.

    گەلی کورد و تەواوی دونیا بە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆیان بوون بە هۆکاری خوڵقاندنی نەورۆز. ئاگری نەورۆز لە بەرامبەر دەسەڵاتخوازی، دزی و خەیانەت هەڵکراوە. هەڵکردنی ئەویش نیشاندەری خۆڕاگری و سەرکەوتن و ئازادییە.

    نەورۆز خۆڕاگری، تێکۆشان، هەبوون و ئازادییە.

    رێبەر ئاپۆ وتیان:" بە هەبوونی PKK نەورۆز زیاتر لە هەر کاتێک جوانترە و نیشانەی هیوایە."

     

     



    کژار