لە پێنووسی گریلا بۆ رێبەر ئاپۆ
17 شوبات, 2020
(ئاریوان شۆڕشگێڕ)
ئەوە دەستپێکی بێ کۆتاییەکانی دنیایە
ئازارێکە پڕ بە برین، تینوتر لە لێوی خەنجەر
مەرگەساتی ئەرغەوان و ئەنفالی گۆرانی و سەربڕینی پێکەنین
ئاشنای دێرین قارەمانی سەد چیرۆکی لە گەروودا خنکێندراو
لە خەیاڵدا ناحەجمێی، ئەی خەونی خۆش، وەنەوشەیی تر لە هەستم
وەکوو لاولاو لە غەڵفی شوشی شێعر دەهاڵێی و تا هەورەبانی نیگا دەڕسکێی
ئاشنای دێرین، رێبواری رێگەی رێبەندان
بەفر و باڕند دەستیان نابووە گەرووی جێ پێیەکانت و زریان چاڵی چاوی دەئاخنین
هەنگاوەکانت زایەڵەی نەورۆز بوون و دەستەکانت پڕ لە پەڕەسێلکە
پێش خۆرهەڵات، گوڵ ئەستێرە بووی و خشابووی، کاروان کوژە
لە چاوەکانتەوە هەڵدێ و تەوژمی گزنگی لە ئاواتی گوڵەباخدا
ئاشنای دێرین، پێش باران، کانی بوویو رێکەوتبووی
مزگێنی گوڵەگەنم بووی و خەمی نانت دەڕەواند
پێش شەماڵ گەزیزە بووی و مژدەی بەهار، پڕ لە چیرۆکی کۆن و دێرین
پڕ بە زاری منداڵان ترش و شیرین
ژیان لە سایەتدا باڵا دەکا و پاییز لە خۆشیت زێڕە و شانی سەمای بەفر