کچی ئاگر
30 كانونی دووهم, 2020ئارین زانا
لەم چیا بەرزانەوە لە چی ئەڕوانیت!؟ داڵغەی خەیاڵت تا کامە ماڵ و کامە شار وکامە دەشتی جەستەی چەماوەی ئەم وڵاتە شەکەتە ئەڕوات و خەمی کامە شەکرە ژن و شۆخە کچی ناو ئەم هەرێمە ڕەنگ پیاوانەیە؛ دیسان چاوەکانی بێ ئۆقرە کردووی!؟
ئەزانم لە چی وەڕەسی نازەنین! وەک شاعیر وتی ئاسمان قەڵەمڕەوی باڵندەیە، زەوی ئەو مەزنایی و ئەو عەزەمەتەی پێ لە کۆڵ ناگیرێت. تەوارەکان جگە لە تەشقەڵانی ئاسمان ئۆقرە ناگرن و جگە لە لووتکەی چیا قەت پشوو نادەن و بە تەنیا گراوی خۆرەتاون.
ناوت عەشقە و وەک ناوەکەت خۆشەویستی لە چاوانتەوە تیشکی دەدا هەتا قووڵایی دڵی ئەو کۆترە باڵکراوانەی وا خولیای ئازادی لە دڵیاندا لە پێش ئەوەی چرۆ بکات بە گوریسی نەگریسی شەرەف دەخنکێندرا.
ناوت عەشقە و عەشقت شەرمەسار کرد بەو ئاگرین سۆزە وا تا دوا پەتۆش بڵێسەی دا و قەقنەس ئاسا لە ناو ئەو گڕکانە هەڵچووە دا توایەوە و بووە بەشێک لەو مێژووە بە شکۆیە وا تەنها ئەڤیندارانی حەقیقەت هێزیان هەیە بینووسنەوە.
ئەی کچی وڵاتی ئاگر!
ئەو ژیلەمۆی تۆ دیسانەوە بە باگەری تۆڵە داتگرساند، گەرد ۆ تۆزی کەڵەکە بووی سەر دڵی زەردەشتی پیری ڕاماڵی و خەونەکانی ئەهوورامەزدای بە هەودای ئازادی گرێ دایە ڕۆحی سیسهەڵاتووی ئەم گەردوونە دۆش داماوەوە.
لەو شەوەوە ئاگر شەرم دەکات لە ڕوخساری ئەو فانووسە زەردهاڵاتووانەی وا لە سەر کێلی شەهیدێک بێدەنگ و ڕاماو، کز دەسووتێن و چیرۆکی نەمری پەپوولە بۆ ئەستێرەکان دەگێڕنەوە.
لە وڵاتێک کە یاسای نێرینە لە ناو شادەماری ساواکانیشیدا وەک پەتا پەرەی سەندووە و ژن بوون گوناحێک بوو لە بەر بارەگای خوداپیاوان؛ تۆ ئەو سوورگووڵە جاڕزە بووی وا لەناو دڕکەڵاندا سەرت هەڵدا و بەرەو ڕووگەی خۆرەتاو باڵات کرد و تا هەتا هەتایی هەرمان هەڵکشایت.
باشور لە سەر ترۆپکی قەندیلەوە سروودی نەبەزیت بە سەرهێلانەی دڵی ئەو پەرییە بەستەزمانانەدا دەخوێنێت وا فڕینیان لێ ڕفاندوون و بنمیچی قەفەسیان بۆ کردوونەتە نەهایەتی فڕین.
ئەی کیژۆڵە یاخییەکەی باشور!
بڕوانە لەو دوورانەوە دەنگی هەلهەلەی تیکەڵ بە بڵێسەت لە کۆبانێوە دەنگ دەداتەوە و ناوت لە ئامەدەوە دەڕوێت و خولیاکانت لە ناو لەپی دەستی کچە نێرگزێکی کرماشانەوە چرۆ دەکات.