لە وڵاتێک دا کە دەسەڵات بۆ زیاتر سەپاندنی هێزی دێسپۆتی خۆی، گوللە لە گیانی مەدیاکارەکانی بەر بدات، چارەنووسی بە دەستی هەمان ئەو رۆڵە بە جەرگ و ئازایانەی سەری خۆیان بۆ هیچ پوازێک نەوی ناکەن ئەنووسرێتەوە. ئەمە یەکەم جار نیە کە منداڵانی دڵسۆزی نیشتمان ئەبنە ئامانجی هێرشی دڕندانەی خەیانەت لە لایەن دەسەڵاتخوازان و کەسەنادیموکڕاتەکانەوە.
سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانەی کە هەموو ساڵێک لە لایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە لە سەروبەندی بەهار و جەژنی نەورۆزدا رووبەڕووی گەلەکەمان ئەبێتەوە، جارێکی تر و لە بەهارێکی تر دا نەورۆزی کوردستان بەرۆکی گوڵەکانی بە خوێنی ژنە قارەمانێکی دیکەی خۆی خەمڵاند . باوەشی بۆ لاواندنەوەی جەستەیەکی تر ئاوەڵا کرد و رووبارەکانی بە فرمێسکی چاوی دایکان پڕ کرد.
بۆ خۆڵقاندنی ژیانێکی نوێ بۆ منداڵانی گەلەکەی ، نووژیان بوو بە قوربانی. لەو کاتەدا کە پارچە پارچە ، جەستە زامدارەکەی کوردستان ئەفرۆشرا و لە لایەن بیرتەسکانەوە پێشکەش بە دوژمنان ئەکرا، (نووژیان) بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە بوو بە هیوای ژنانی شەنگالی . بوو بە دەنگی ژیان لە ناو کۆڵانە هەتیو ماوەکانی شەنگال دا و بوو بە کڵپەی ئاگری دەستی ئەرتەشی ئێزدیخان. (نووژیان) هەر چرکە لە ژیانی خۆی بۆ گەلی شەنگال و نیشاندانی هەوڵدانی شەنگال بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئازادیخوازانەکانیان بوو. قەڵەمی (نووژیان) رەنگی ژیانانەی ژنی لە رووداوە تاڵ و شیرینەکانی کوردستان دا تۆمار دەکرد. (نووژیان) قەڵەمی کرد بە قەڵغان ، مورەکەبی کرد به ههست و لە سەر باڵای شەنگال، داستانی دووبارە ژیانەوەی نووسییەوە. کوردستان هیچ کات جێ پێی نووژیانەکانی لە سەر دڵی ناسڕێتەوە . تابلۆی پڕ لە بوێری ئەگریجەکان یان بە ناو چاوانی شەقامەکانی دا هەڵدەواسێ و لە دەفتەری قارەمانتی یەکانی دا ئەیاندات لە شەقەی نوور.
(نووژیان ئەرهان) ، هاوڕێ و هاوخەباتی هەمیشە زیندووی دەنیز فورات ، لە بەرە جەژنانی ساڵی 2717 کوردی دا لە لایەن عەسکەری تورکیا و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردوستان (پ د ک) وە بوو بە ئامانجی دڕندانەیان و گیانی خۆی لە دەست دا. شەهید کردنی (نووژیان ئەرهان) لە راستی دا گورزێکی گران بوو لە جەستەی تازە پێگرتووی شەنگال و ویستیان بەو شێوەیە ئیرادەی گەل بن پێ بکەن. بەڵام پێویستە دوژمن و هاوکارەکانی باش بزانن کە رۆڵە قارەمانەکانی ئەم خاکە هیچ کات ناهێڵن بە ئامانجە پیسەکانیان بگەن و کوردستانیش هەر چرکە (نووژیان) ێک دێنێتە دونیا.
ئێمەیش بە ناوی کۆمیتەی راگەیاندنی (ک ژ ا ر) ەوە ، هەموو ئەو هێرشە دڕندانانەی کە رووبەڕووی کادێرانی راگەیاندنی ئازادیخواز دەبنەوە ، شەرمەزار دەکەین . پەیمان ئەدەین کە نەهێڵین خەون و خولیا و قەڵەمی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد بە فیڕۆ بڕوات. ناهێڵین ئۆبژێکتیڤی کامێراکەی (نووژیان) بۆ ساتێکیش راوەستێ و تۆڵەی ئەو قارەمانە بە نرخەی گەلەکەمان بە خەباتی خۆمان لە دوژمن ئەکەینەوە.
لە کۆتاییش دا داوا لە هەموو کادێرانی راگەیاندن بە تایبەت ژنان لە سەرتاسەری کوردوستان و ئێران دەکەین کە بە پشتگیری خۆیان، بکوژانی راگەیاندنکاران شەرمەزار بکەن و خاوەنداری لە دەنگی راگەیاندنی ئازاد بکەن.
کۆمیتەی راگەیاندنی ک.ژ.ا.ر
24/3/2017