ڕژێمی ئێران، ڕژێمی دژە ژن

16 حوزه‌یران, 2016

ئاڤین ڕۆژهەڵات ئەندامی ڕاگەیاندنی کەژار

کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەم ساڵانەی دوایدا لە کۆمەڵگای ئێراندا زیاتر بووە، ئەو چینەی کە لە ناوەندی ئەم کێشە و قەیرانانەدا ماوەتەوە ژنە، کێشەی وەك خۆکوژی، خۆسووتاندن، هاوسەرگیری بەزۆری و لە تەمەنی بچوکدا، کوشتنی ناموسی، حیجابی بەزۆری، پەیوەستبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، جیابوونەوە و لەشفرۆشی، وە دەیان کێشەی تر.

بێگومان ناوەندی درووستبوونی ئەو قەیرانانە سیستەمی دژ بە ژن و حکومەتی ئێرانە، کە هەرگیز هەوڵی نەداوە کە ئەم کێشانە چارەسەر بکات، نەك تەنها لە کۆمەڵگای ئێراندا بەڵکو لە هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە زیهنیەتی پیاو سالاری بەڕێوە دەچن، ئەم کێشانەش هەیە، هەتا ئەم سیستەمە دژە ژنە هەڵنەوەشێنرێتەوە، کێشەی ژن بە هیچ شێوەێك چارەسەرناکرێت، چونکە حکومەتی ئێران بە یاسا و لە چوارچێوەی ئاینی ئیسلامدا بەڕێوەدەچێت. هەڵقوڵانی بەشێك لەم کێشانەش ئاینی و مەزهەبین، چونکە ئێران بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەم یاساییە ئاینیانە لە دژی ژنان بەکار دەهێنێت، توندوتیژی دژی ژنان لە ئێراندا بابەتێکی نوێ نییە، ڕۆژانە بە سەدان ژن لە ئێراندا ڕووبەڕووی دەستدرێژی، کوشتن،…. دەبنەوە، ئیتر ئەوەندە ئەم دەنگوباسانە لەم بوارەدا زیاد بووە کە لەناو کۆمەڵگادا ئاسایی بووە، وە هیچ کەسێك سەرسام نابێت، کە بێگومان ئەمەش ئامانجی سیاسەتەکانی دەوڵەتە کە ئەم ڕووداوانە زۆر ئاسایی بکات.

سیستەمی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆی ژنان وەك ئامێرێك بەکاربهێنێت، وە هەموو سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆی لەبەرامبەر ژنان بەکاردەهێنێت، چونکە دەزانێت ژنان هێزی ئاوەدانکردنەوە و داینەمێکی کۆمەڵگان، وە ئەگەر کێشەی ژنان چارەسەر بێت، کێشەی هەموو کۆمەڵگاش چارەسەر دەبێت، لە کۆمەڵگای ڕژێمی ئێراندا هەمیشە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕێگری کراوە کە ژن لە کارو خەباتی سیاسی و کۆمەڵگایدا جێگە بگرێت، وە چالاك بێت، و خاوەن ئیرادەێك بێت، لەهەمان کاتدا هیچ کاتێك بۆ ڕەنجی ژن نرخی دانەناوە.

ئەم ڕاستییە هەمیشە لە سیاسەتی ئێراندا دەبینین، وە دەیەوێت ڕۆڵی ژن لەناو کۆمەڵگادا بێ ڕەنگ و مارژیناڵ بکات، دەیەوێت وا پیشان بدات کە ڕۆڵی هەرە گرنگی ژن کاری ماڵەوە و منداڵ دروستکردن، وە خزمەتکردنی پیاوە، ئەمە ڕاستی حکومەتی ئێرانە، لەم ڕۆژانەی دوایدا ئاماری خۆکوژی لە کۆمەڵگای ئێراندا، بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتۆتە ڕەوشێکی زۆر مەترسیدار، بە گشتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا لەناو مانگێکدا نزیکەی ١٢ لەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، هەروەها ٢ کچی ١٣ وە ١٤ ساڵان خۆیان هەڵواسیوە و بەم شێوەییە کۆتاییان بە گیانی خۆیان هێناوە.

بێگومان هۆکاری ئەم قەیرانانە لە کۆمەڵگای کوردیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، سیاسەت و شەڕی تایبەتی ئیرانە بۆ بێ هێز کردنی گەلی کورد بەتایبەت گەنجانی کورد، وە بێ هێزکردنی خواستی ئازادیخوازیان، یەکێکی تر لە هۆکارەکانی زۆربوونی خۆکوژییەکان کەمبوونی هیواییە بە ژیان!، وە هەروەها لەناوچوون و خەمۆکییە.

تاوەکو دەوڵەتی ئێران مافی هەموو گەل وە ئە‌قڵیەتی ئاینی و مەزهەبی بە فەرمی نەناسێت،  ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم کێشانە قوڵتر و قوڵتر ببێت، گرنگ ئەوەییە کە ژنان بەهیچ شێوەێك لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە چەپەڵانە خۆیان بە دەستەوە نەدەن و هەموو بەیەکەوە و بە هەموو هێزی خۆیانەوە دەنگی خۆیان بەرامبەر بە زوڵم و بێ دادوەری بەرز بکەنەوە، وە بۆ ئازادی ڕاستەقینە تا کۆتای تێکۆشان بکەن.

 

پێوەندی‌دار