• پرسەکانی قەبیلە- خێڵ و ئەتنیک و قەوم

    1 ئه‌یلول, 2023

    رێبەر ئاپۆ

    پرس و کێشەکانی قەبیلە – خێڵ، ئەتنیک و نەتەوە لە پێش ئەو کێشانەوە دێن کە لە دێرزەمانەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام لە کۆمەڵگه‌ی خۆرهەڵاتی ناوین لە ئارادا بوون. چەندە شارستانییەتی دەوڵەتی هەڵکشاوە، ئەم جۆرە کێشانەش هەم بەربڵاو بوون و هەم چڕ بوونەتەوە. بەر لەوەی شارستانییەت سەرهەڵبدات و پەرە بسێنێت، هاوشێوەی دۆخی ژن، لە تیرەو خێڵەکانیشدا ژیانێکی ئازادی سروشتییانە لە ئارادا بوو. ئەخلاقی تیرەو خێڵ زۆر باڵا بوو. تاک لەپێناوی تیرەو خێڵ، تیرەو خێڵیش لەپێناو تاکدا هەمووجۆرە فیداکارییەکی دەکرد. ئەوەی لە ئارادابوو تاک و کۆمەڵگه‌بوونێکی ڕاستەقینە بوو؛ بەڵام کاتێک بونیادەکانی شارستانییەت دەستیان خستە ناو تیرەو خێڵەکان و ویستیان بیانکەن بە کۆیلە، درێژترین و دژوارترین قۆناغی بەرخودانیش دەستی پێکرد. واتە ناکۆکیی سەرەکی لە پەیوەندیی و ناکۆکی نێوان دەوڵەت و خێڵە کە بەرامبەر بە کۆیلایەتی بەرخودان دەکات. چیاکان و بیابانەکان ببوون بە مەیدانی بەرخودان. چونکە بونیادی خێڵ مەرجی بنەڕەتی خۆپاراستن و خۆراک و زۆربوونە. پێویستە باش بزانرێت کە دوای بەکۆیلەکردنی ژن، دڕندانەترین ڕوخساری بینراوی مێژوو کۆکردنەوەی کۆیلە بووە لە تیرەو خێڵەکان. تیرەو خێڵەکان لەمیانەی بوون بە قەبیلەو هۆز خواستوویانە لە ڕێی پەرەپێدانی زیاتری بەرخودانەکەیانه‌وه‌ لەم کێشەیە ڕزگاریان بێت؛ بەڵام تەکنۆلۆژیای چەک و ڕێکخستنی هێزەکانی شارستانییەت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا باڵاتر و لە پێشتر بوون.

    ئۆرگانیزاسیۆنەکانی تیرەو خێڵ لە سەردەمەکانی ناویندا بە ئاستی ڕێکخستنبوونی میللەت- قەوم گەیشتووە. واتە هەنگاوێکی دیکە بەرەو نەتەوەبوون نراوه‌. ڕێکخستن و ئایدیۆلۆژیای قەوم لەسەر ڕێکخستن و ئایدیۆلۆژیای تیرە و خێڵ زیاد بووە. بەمجۆرە لە چین و هیندستان و ئایینە تاکخوداییەکانی خۆرهەڵاتی ناوین بە جۆرێک لە جۆرەکان مانای ئایینی قەومیان بە دەست دەهێنا. شەڕەکانی ئایین و قەوم لە ناو یەکتردا بە ڕێوە دەچوون. قەومەکانی گریک، ئەرمەنی، ئاشووری، عەرەب، فارس و کورد بەگوێرەی بەرژەوەندیی قەومەکانیان ئایینی خۆیان هەڵبژارد. هەندێکیان بوون بە موسڵمان و هەندێکی تریش کریستیان. هەڵبەتە قەومی یەهودی هەر لە سەرەتاوە وەک کۆتێزێکی قەوم و ئایین شێوەی گرتبوو؛ بەڵام نە ئایدیۆلۆژیای تیرە و خێڵ، نە ئایینەکانی قەوم توانا و کارامەیی چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەبوو. یەهودییەتیش هەر لە سەرەتاوە پرسێکی زیندوو بوو. هەرچی گەلانی ئاشووری و ئەرمەنی و هێلینین کە یەکەمین گەل بوون دەستبەرداری بتپەرستی بن، تەواو نەیانتوانیوە ئەو ئاشتی و برایەتی و یەکێتییە فەراهەم بکەن کە لە ئایینی کریستیانیدا بەدوایدا دەگەڕان. ئەم دۆخەش ڕێگه‌ی لە پێش بێبەختی و بوویەری کارەساتبار کردەوە کە چەندین سەدە دووچاری هاتن.

    ئایینی ئیسلامیش کە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی بتپەرستی هەڵکشا، هەرچەندە ئاشتی و یەکێتی و باڵادەستیی بۆ تیرە و خێڵە عەرەبەکان بە دەست هێنا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا خۆی لەناو شەڕ و پێکدادان لەگەڵ یەهودی و کریستیانەکاندا بینییەوە. بەمجۆرە لە کاتێکدا ئایینی ئیسلام هەوڵی دەدا ببێتە ڕێگەچارەی هەندێک کێشە، بەڵام ژماره‌یه‌كی زۆر كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا. بە تایبەتییش قەومەکانی ئەرمەنی، هێلینی، ئاشووری و یەهودی کە لە ئەنادۆڵ گیریان خواردبوو (تا ڕادەیەکیش وەک قوربانیی پەرەسەندنە پێشوەختەکەیان) بەرامبەر بە عەرەب، تورک، فارس و کوردەکان (کە ئاشنای موسڵمانێتی بوون) دەکەوتنە ناو قۆناغێکی زۆر دژوارەوە. کاتێک شەڕە مەزهەبییە بەردەوام و نەپساوەکانی نێوانیشیان هاتە سەر ئەو کێشانەی تێیدا دەژیان، ئیتر کێشەکان ڕێگه‌ی لەناوچوونیانی ئاوه‌ڵا دەکرد. هاوشێوەی ئەو قڕکردن و لەناوبردنەی موسڵمانەکان لە نیمچەدوورگەی ئیسپانیا دووچاری هاتن، لە هەمان قۆناغدا کریستیانەکانیش لە ئەنادۆڵ تووشی بوون.



    کژار