• تاگەکان: ,

    لە عەشتارەوە تا زیلان ژن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا

    7 نیسان, 2023

    بەشی یەکەم

    رێبەر ئاپۆ

     کۆمەڵگا بە ژنەوە دەستی پێکردووە.

    ا- ژن لە قۆناخەکانی پەرەسەندنی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا

     هەروەکو دەزانرێ کۆمەڵگا لەسەر بنەمای دووانەی ژن و پیاو دەستی پێکرد. هەڵبەتە لێرەدا باس لە تایبەتمەندییە سروشتی و ئاساییەکان ناکەین. بێگومان پەرەسەندنی پەیوەندیەکانی نێوان ژن- پیاو رۆلێکی مەزنی لە شێوەگرتنی نوێی کۆمەڵگادا هەیە و بناخەکەی پێکدێنێ.

     ئایدیۆلۆژیان لە قۆناخە سەرەتا و یەکەمینەکانی رێکخستنی کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی سەرەکی لە تەوەرەی ژندا خولاوەتەوە و مۆرکی ژنی پێوە بووە. ئەوەی پیاویشی لە نێو ریزی ئاژەڵەکاندا دەرخستووە هەر ژن بووە. هەروەها ئەوەی بۆجاری یەکەم جڤاتی خۆلقاند ژن بوو، ئەوەی بۆجاری یەکەم کۆمەڵگاشی پێشخست هەر ژن بوو. سەرەتا پیاو لەناو ژیانێکی هۆڤێتیدا دەژیا، واتە هۆڤ بوو. بەڵام ژن کۆمەڵگای خوڵقاندووە و فێری چۆنێتی بەدەستهێنانی خۆراک و خواردەمەنی بووە،ئاگری دۆزیوەتەوە، هەر بۆیە ژن بەهێزە. لەبەر ئەوەی لەکارکردندا بە شێوەیەکی کۆمەڵ و ژمارەیەکی زۆر لەگەڵ یەکتردا بوون هێزێکی لە پێشتریان دەئافراند، بۆیە مسۆگەر لەپیاو بەهێزتر بوون. لەبەر ئەوەی پیاو لەنێو هۆڤەکاندا بوو، بەمجۆرە چاونەترس بووە و کاری تەنیا لێدان و شکاندن بووە.

    راستینەیەکی بەمجۆرە لە مێژوودا هەیە کە: ژنان رۆڵێکی مەزنیان لە بەمرۆڤ بوونی مرۆڤایەتیدا هەبووە کە ملێونان ساڵی خایاندووە. ژنان ناتەواو نین، بەڵکو لەرەوشێکی تەواو و تەواوکاردان، ئەوەی لەلایەنی ژیان و بەکۆمەڵگا بووندا ناتەواوە پیاوە.

    ئەو هێزەی کە کۆمەڵگا کۆمۆنەی سەرەتایی خوڵقاند هێزی ژنە. خواوەندی ئەمەش عەشتارە کە تاوەکو ئێستاش لەسەر زمان و وێردی گەلان دایە و بە شێوەی” ستار “ە، ستێرێک دەگوترێتەوە. ئەستێرەش لەزمانی ئێمەدا مانای دیارە. خۆی لەراستیدا یەکەمین خواوەندە واتە یەکەمین مێخوداوەندە. نێرخوداوەندەکان دوای ئەو دەرکەوتن. واتا خوداوەندەکان ماوەیەک دواتر بە شێوەی پیاو خۆیان خستەڕوو. بێگومان ئەم دۆخە تا دواڕادە گرێدانی خۆی بەتایبەتمەندێتی بەرهەمهێنانی ژنەوە هەیە.

    سەرەڕای ئەوەی لەسەردەمی عەشتاردا دەستڕۆیی بەدەست ژنانەوەیە، بەڵام کەسایەتی گلگامێش هێدی هێدی دەخوازێ هێز بەدەست بێنێ و شەڕ بەمجۆرە دەستپێدەکات. عەشتار ئاشق نییە بەڵکو شەڕێک روودەدات کە ئاکامی ئەم شەڕەش خراپ نییە. لەراستیدا کەسایەتی عەشتار خۆی بەنوێنەرایەتی و بەخاوەنی ئەشق دەبینێ، هەربۆیە دەڵێ:” لەنێو ژیاندا نەمریش هەرلەرێی ئێمەوە دەبێت”.

    لەداستانی گلگامێشدا بەردەوام ژن وەک فاکتەرێکی وروژاندنی شەڕ دەبینرێ و بەمجۆرە پیشاندەرێ. راست تریشە بگوترێ بەردەوام جوانی و کەسایەتی و لایەنی سێکسی ژنان و خواوەندەکان سەبارەت بەمەسەلەی شەڕ دەردەخەنە پێش و بەکاری دێنن. ئەوەی لەم داستانەدا سەرنج رادەکێشێ ئەوەیە کە بەردەوام ژن هەوڵدەدات شەڕ پێشبکەوێت و بۆ ئەمە هەوڵدەدات، واتە ژنێکی بەمجۆرە وێنادەکات و پیشاندەدات. ئەمەش چەمکێکە زیاتر بەگوێرەی چەمکی باڵادەستەکانە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا گرنگە. ئەو راستینەیەی کە لەبەرزترین ئاستدا بەدیهاتووە ئەوەیە کە گلگامێش خواستوویەتی کەسایەتی پێویست بۆ هەموو ژنەکان نیشان بدات. ئەمەش هەڕەشە لەتەواوی ئەو سیستەمانە دەکات کە ئاوا کراون. لەلایەکی تریش گلگامێش هەوڵدەدات خۆی بەباشی نیشان بدات و بپارێزێت، ئەوەی کەوتۆتە نێو تەڵەزگەش ژنە.

    کەواتە لەو یەکەمین سەردەمی ئاواکردن و دامەزراندنی کۆمەڵگادا ژن نوێنەرایەتی گەورەیی و شکۆداری دەکات. پێویستە ئەو ڕاستیە پەسەند بکەین کە لەئاواکردنی یەکەمین جڤاتەکانی گوندەوە تا دەگاتە گرنگترین قۆناخی شۆڕشی بە کۆمەڵگابوون تا رادەیەکی مەزن لە دەوروبەری چالاکی ژندا پەرەیسەندووە.

    لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگای چینایەتی بەشێوەیەکی دیار و چڕتر هێز لەلایەنی پیاو کۆدەبێتەوە، هەرچەندە هێزی پیاو مەزن بوو بێت و زیاتر کۆبووبێتەوە، ژنان هێزی خۆیان لەدەستداوە. گوزەرکردن بۆ کۆمەڵگای چینایەتی لەبنەڕەتدا دەربازبوونە بۆ باڵادەستی پیاو. پەرەسەندنەکانی ژێر باڵادەستی پیاو هێندە بێ سنوور بووە، وایکردووە خواوەندەکانی دواتر هەموویان پیاو بن و هیچ خواوەندێکی ژن لەئارادا نەماوە.

    مێژووی سەردەمی کۆیلایەتی، مێژووی نایەکسانی و چەوسانەوەیە. تەواوی ئیمپراتۆرەکان پیاون، گەر بەڕادەیەکی کەم و دەگمەنیش ئیمپڕاتۆری ژن هەبێت ئەوانیش ژنی پیاوانەن، واتە ژنانێکن بەگوێرەی پیاوان، لە ٩٩٪ی تەواوی فەرماندە و سیاسەتمەدارەکان پیاون، ئەمەش باڵادەستیەکی زۆر ناهاوسەنگ پیشان دەدات. بێگومان جگە لەوەی کە تەنیا پەیوەندی بەجیاوازی چینایەتیەوە نییە، کاتێک بڵێین کە تاکە راستینەی پەرەسەندنی مرۆڤایەتییە، ئەوە گوتنێکی زێدەڕۆییە و لە جێگای خۆیدا نابێ. واتە گوزارشتی” ئەگەر پیاو باڵادەست نەبێ، ژیان نابێ” خۆی لەخۆیدا بەواتای بەبنچینەگرتنی زهنیەت و گۆشەنیگای چەوساندنەوە و سەرکوتکردن دێت.

    ژنێک لەو قۆناخەدا هەبوو کە مەراقمە و ناوی” زەنوبیا “یە. شاژنێک بوو. من بەچاوەکانی خۆم ئەو دەوڵەتە گەورە و سەیرەی” شار “م بینی. لەراستیدا چۆن بوو، چۆن ژیاوە و چۆن رووخاوە؟ وابزانم وایکردووە: کاتێ رۆماییەکان دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە ئەو خۆی لەدەرەوە بووە بەدوای هاوپەیماندا گەڕاوە، کاتێ گەڕاوەتەوە بینیویەتی” پالمێرا ” ( واتە تەدمووڕ) دەسووتێ، ئەویش ئەکسەر ژەهری خواردووە و خۆی کوشتووە. زۆر واتادارم بینی، بێگومان کاتێک “پالمێرا” سووتاوە ئیتر دوای ئەوە ژیان هیچ بەهایەکی نیە.

    هەرچەندە هێز لەپیاودا پێشکەوت، یەکەمین هەنگاو وبواری جێبەجێکردنی: ستاتۆیەکی بەسەر مرۆڤدا پێشخستووە. ستاتۆ چییە؟ یان لەرێگای ئەم پڕوپاگەندانەوە خۆی دەسەپێنێ کە وەک کەسایەتیەکی نائاسایی و مەعنەوی خۆی پیشاندەدات و لەرێگای شاگرد و دارودەستەکانیەوە ئەمە ئەنجام دەدات، یاخود لەڕێگای ئامێرەکانی فشار و چەوسانەوە، خەڵک( مرۆڤ ) لاواز دەکات و بەخۆیانەوە گرێدەدات. بەڵێ قۆناخی پەرەسەندنی ئەو هێزەی لە پێاودا کۆبۆتەوە بەمجۆرەیە. ئەمەش لە چۆنێتی هەڵوەستەکردنی بەرامبەر بە ژنان دەکەوێتە نێو رەهەند و شێوازێکی زۆر مەترسیدارەوە. بەمجۆرە هەرچەندە پیاو لەکەسایەتی خۆیدا هێزی فشار و چەوسانەوە قاڵبکاتەوە، بەداخەوە هەڵوێستی بەرامبەر بە ژنان زۆر ناهاوسەنگە و بەشێوازێکی زۆر مەترسیداری کۆکردنەوە و کەڵەکەکردنی موڵک دەبێت. لەڕاستیدا ئەو ئاست و رەهەندەی پێی گەیشتووە جێگای داخی مرۆڤە. تا دواڕادە ژنان دەخاتە نێو رەوشێکی بەندکراوی و موڵکایەتی و تا دواڕادە بچووکی دەکاتەوە. بە ئامانجی تێرکردنی ئیگۆیزمی خۆی تا دواڕادە ژن بێ هێز و بی ئیرادە دەکات و تەنیا لەڕەوشی بووکەڵە و رووخسارێکدا دەیهێڵێتەوە. واتە دەکرێتە سەگێکی جوان و ڕازاوەی خاوەنەکەی. لەبەر ئەوەی بەمجۆرە تێر دەبێت و دادەمرکێتەوە شانازی پێوەدەکات.

    لەزۆربەی زۆری ئایدیۆلۆژیاکاندا ئەم راستینەیە بەمجۆرە نەخراوەتەروو. هەر لەبەرئەوەی زۆربەی ئایدئۆلۆژیاکان لەسەر بنەمای باڵادەستی پیاو و باوکسالارین، پێویستی ئەوە نابینن کە لەراستینەی پیاو بکۆڵنەوە و ئاشکرای بکەن. ئەگەر کەسایەتیەکی سۆسیالیستی زۆر قووڵ لەئارادا نەبێ، پیاو هێندە رێگا بەم هزر و بۆچوونانە نادات کە باڵادەستی ئەو بخاتە نێو مەترسی و هەڕەشەوە و ناخوازێ خۆی بکاتە بابەت و رۆژەڤی رەخنەکردن. ئەمەش رەوشێکە لەپیاودا زۆر قووڵ بۆتەوە و چۆتە ناواخنیەوە.

    لەلایەکیترەوە یەکەمین پەیوەندی و دەزگا لەمیانی دەرکەوتنی خێزان پێکدێت و دێتە ئاراوە. شێواز و ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو رۆڵێکی دیاریکراو لەناو خێزاندا دەگێرێ، هەروەها وەک قۆناخێکی بەرزتری ئەم راستینەیە خێزانی خانەدان دەردەکەوێتە مەیدان. ئیتر هێدی هێدی هۆز و خێڵ زیاتر پەرەدەسەنن، بۆ نموونە لەسەردەمی دەرەبەگایەتی: هەرچەندە هەندێ کەس “حەزرەتی محەمەد” رەخنە دەکەن، بەڵام بەگوێرەی من هەڵوێستێکی ناسک و نیان لەودا دەبینرێ. حەزرەتی محەمەد ژمارەیەکی زۆر ژنی هێناوە، کاتێک بڵێن ١٣ کەنیزەکی هەبوو، ئەوکاتە بەشێوەیەکی بەرتەسک و سنووردار خۆشەویستی حەزرەتی محەمەد بەرامبەر بە ژنان تاوتوێ دەکەن. لەهەلومەرجی ئەو کاتدا ژنان بەشتێکی بچووک و بە عەیبە دەبینران و زیندە بەچاڵ دەکران. حەزرەتی محەمەد سەبارەت بە خۆشەویستی ژنەوە پەرەسەندنێکی نائاسایی هێنایە ئاراوە. لەوانەیە ئامانجگەلێکی ساسیشی هەبووبێت، بەڵام لەهەمانکاتدا هەروەکو دەبینرێ نرخ و بەهایەکی زۆری بەرامبەر بەژنەکانی پیشانداوە. زۆر دواتر پەرە بە حەرەمسەرا درا، عەباسییەکان و ئەمەوییەکان و عوسمانییەکان و تەنانەت مستەفا کەمالیش حەرەمسەرایەکی یەکجار پیسی بۆ خۆی ئاوا کردووە.

    سوڵتانەکانی عوسمانی و ئەمەوی شەو و رۆژیان لەگەڵ ژنان بەسەر دەبرد، بەڵام هەریەک لەوانە بووە بە زۆردارێکی مەزن. سەبارەت بەم مەسەلەیە ئیمپریالیزم هەنگاوێک لەپێشترە، بگرە بۆرژوازی لەم لایەنەوە گەلێک تەگبیری جیاجیای وەرگرتووە. بەبێ ئەوەی رێگا بەئازادبوونی ژنان بدات، ژنانی گەیاندۆتە رەوشێکی وەهای گێلی و نەفامی کە بڵێن:” چەندە ئازاد بووین، ئەمە بۆ ئێمە زۆریشە”. واتە چاوەکانی سواقداوە و بۆیەی کردووە. ژن بۆتە گەورەترین سەرمایە و ناسک و نیانترین کاڵا و گەمە و لەیستۆکی دەستی پیاو و کۆمەڵگا.

    لێرەدا هەم چین و رەگەز لەگەڵ یەکتردا ئاوێتە بوون و بوونەتە یەک، هەروەها لایەنی نەتەوەییشی هەیە. خیانەتی نەتەوەیی دەبێتە هێزێکی مەترسیداری هێرش کردن. شێوازی ژنانەی “تانسۆ چیللەر”یش بەمجۆرەیە. کاتێک سەرمایە و رەگەز و شۆڤێنیزم لەژنێکدا یەکانگیر بن و ببن بەیەک، بەتەواوەتی دەبێتە جانەوەرێک، یانیش پێی دەڵێن”براژنی ترسناک”. شتی وەها لەڤێتنامیش روویداوە، زۆر مەترسیدارە.

    هەروەها ئەو زەمینەیەی کە تەواوی سیستەمەکانی ئیمپریالیستی و سەرمایەداریو سیستەمەکانی شەڕی تایبەت خۆیانی لەسەر پەیڕەو دەکەن و درێژە بە تەمەنی خۆیان دەدەن، زەمینەی “خێزانە”. پێویستە بەشێوەیەکی چڕوپڕ ئەم دامەزراوە بە بەرچاودا دەرباز بکەین و  بەدژواری رەخنەی بکەین. ئەمەش بەو واتایە نایەت کە وەک دەستەواژەیەک نکوڵی لە خێزان دەکەین، نەخێر! بەڵکو باسی نکوڵیکردن و دەرباز کردنی ئەو خێزانە دەکەم کە ئاواکراوە. گوزارشتێکی بەمجۆرە گرنگی خۆی هەیە. دیکتاتۆریەت و موڵکایەتی لەناو خێزاندا هەیە، ژنان لە هەموو مافێک بێبەشن و لە نێو ئێش و ئازاردا دەژین. تا بڵێی بچووک دەبینرێن و بەنەزان دادەنرێن. بەر لەهەموو شتێک لەلایەنی جەستەیی( فیسیۆلۆژی )یەوە کۆتاییان پێهاتووە و هیچ داواکاریەکی وا جددیان نییە. هەربۆیەش باس لەسۆزدارێتی( عاطفە)ی ژنان دەکرێت. بێگومان کاتێ تەواوی هەلومەرجەکان بەم شێوەیە بن، هەڵبەتە ژن دەبێتە بوونەوەرێکی وابەستە، دەبێتە بوونەوەرێک تەنیا لەرێی هەست و سۆزەکانیەوە بژیت و ئەمەش گەورەترین بێ رێزییە بەرامبەر بەمافەکانی مرۆڤ و گەورەترین هێرشە کە دەکرێتە سەری. هەربۆیە کاتێ بخوازین باس لەڕزگاربوونی ژنان بکەین، پێویستە بە شێوەیەکی جددی و دژوار ئەم دەزگایە- دەزگای خێزان- رەخنە بکەین کە خنکاندوویەتی و هەناسەی لێ بڕیوە.

    بۆ نموونە: بەگوێرەی شۆڕشی ئێران دەبێ دەموچاوت داپۆشرابێت، بەڵام لەهەمانکاتدا شێوازێکی سەیری پەیوەندی لەئارادایە، زۆر بەڕەڵایە و لەلای ئێمەوە زۆر کۆنەپەرست و پاشڤەڕۆ دەبینرێ.

    هەروەها لە نێو سیستەمیشدا( مەبەست لە سیستەمی تورکیایە- وەرگێڕ ) مرۆڤ و خەڵکانی تورکیا کەوتوونەتە رەوشێکی گێلی و نەزانیەوە، لەراستیشدا ئەمەش جۆرێکی بەفاشیست کردنە. هەروەکو چۆن هیتلەر دەیگوت:” گەلان وەکو ژن وان” ئێستا رەوشێکی وەها لەتورکیا لەیارادایە کە سیستەم کۆمەڵگا وەکو مێگەڵ لێبکات. لەراستیشدا کراوە بە مێگەل. ئەمە داسەپاندنێکی فاشیزمە. مرۆڤ مێگەل نییە و نابێت بە مێگەڵ، بەڵام فاشیزم وەکو مێگەلیان لێدەکات.

    لەلایەکی ترەوە تەقینەوەی پەیوەندی سێکسی لەئارادایە، هەروەکو دەزانن تایبەتمەندییەکە لەئاستێکی بەرزدا کۆت و بەندێکی کردۆتە پێی کۆمەڵگاکان، بەتایبەتیش ئەو دۆخە لەناو چینە چەوساوەکان باوە و لەئارادایە. لەڕاستیدا پیاو و ژنێکی بەمجۆرەش لەئارادا نین کە تەقینەوەیەکی بەمجۆرە بکەن، بەڵام خۆیان وا دێننە بەرچاو و خۆیان بەمجۆرە لەقەڵەم دەدەن. سەبارەت بە مەسەلەی پەیوەندی سێکسیەوە پیاوێکی سوپەر- ژنێکی سوپەر لەئارادا نین. ئەمانە ئەو چەمک و مەیلانەن کە ئایدیۆلۆژیای فاشیزم پەرەی پێداوە و پێشی خستووە. لۆژیکێکی سێکسۆلۆژی پێشخراوە، ئەمەش دواترین داهێنانە کە گەلان لەناو دەبات و قووتیان دەدات. بەڵام نکوڵیکردنی ئەشق لەگەوهەری لۆژیکی سیکسۆلۆژیدا هەیە. ئەگەر سەدەی نۆزدەهەم سەدەی سەرکەوتنی ئەشق بێ، ئەوا لەسەدەی بیستەم لەژێر ناوی پەیوەندی سێکسی رەهاوە نکوڵی لەئەشق کراوە. بێگومان ئەمە پێداویستیەکی ئیمپریالیزمە و لەهەمانکاتدا بۆ رژێمی ١٢ی ئەیلولیش پێداویستیەکی تەواو و سەرتاسەرییە. بەڵام گەلان هیچ پێویستیەکیان پێی نییە، بێ واتایە و مەترسیدارە. ئەم لۆژیکە بۆ ئەو کەسانە زۆر بەئاستەم و مەترسیدارە کە دەخوازەن لەهەست و سۆز و ژیانی خۆیاندا ئازادبن. ئەگەر ئەو وزەیە سەبارەت ئەو بابەتە هەشبێت؛ ئەوا ئەو تایبەتمەندییانەی سەرچاوەی خۆی لەسێکسەوە وەردەگرێت پێویستە بۆ ترۆپکی ئەنجامدانی سەرکەوتنێکی مەزن ئاراستە بکرێت.

    لەلایەکی ترەوە سەرۆکایەتییە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان سەبارەت بەم مەسەلەیە کەم- زۆر هەڵوەستەیان کردووە، بەڵام سنوورەدار بووە و ئەو هەڵوێستانەیان تێنەپەڕاندووە کە سەرچاوەی خۆی لەتەوەرەی پیاو وەردەگرێت. بەتایبەتیش لەژیانی تایبەتی خۆیاندا چەمکی باڵادەستی خێزانیان تێنەپەڕاندووە کە لەئارادایە. دەکرێ ئەمەش وەک کەموکورتیەکی سۆسیالیزم ببیین. ئەگەر بخوازین و سووربین لەسەر رێبازی سۆسیالیزم، ئەوکاتە پێویستە ئەو راستیە تێبگەین کە بێ هێزکردن و تەپاندنی ژنان بەدرێژایی مێژووی شارستانیەت، رەوشێکی ئاسایی و سروشتی نییە، دەبێ ئەم راستییە ببینین کە ئەم رەوشە گرێدانی خۆی بەتەواوی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتیەکان و جیاوازییە چینایەتییەکانەوە هەیە و لەرۆژگاری ئەمرۆشماندا بۆتە سەرچاوەیەکی مەزن و زەبەلاحی کێشە و گیروگرفتەکان. لەو باوەڕەدام هەرچەندە ئەم راستیانە شیبکەینەوە و چارەسەری بکەین، ئەوا شۆڕش فراوانتر و قووڵتر دەبێتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا ئەو نایەکسانی و بێدادییەی لە نێوان پیاوێتی پیاو و ژنێتی ژندا هەیە لەئارادا نەمێنێ. قاڵبوونەوەیەکی چڕوپڕ سەبارەت بەم کێشەیە ئەنجام دەدەم. بە ئەندازەی پرسیاری” پێویستە پیاو چ جۆرە پیاوێک بێت؟” پرسی ” ژن پێویستە چ جۆرە ژنێک بێت؟” بۆ من پرسیارێکی ژیانی و گرنگە، چونکە مێژوو وەکو پێویستییەک ئەم پرسیارە بەسەرماندا دەسەپێنێ.



    کژار