پیڵانگێڕی ئەسینا بە پەراوێزکردنی یاسا پێک هات
19 تشرینی یهكهم, 2022رێبەر ئاپۆ
بۆئەوەی لەهەموو رەهەندەکانی رووداوی “دەرکردن” لەئەسینا تێبگەین، وەکوو چۆن دادوەری گشتی گوزارشتی لێ دەکات، پێویستە بەشێوەیەکی راست ئاستی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کۆماری هێلینیدا دیاری بکەین. ئەوەی تا ئێستا لە رەهەندە سیاسی و فەلسەفی و مێژووییەکان، بەهێڵە پانەکانی باسم کردووە، مەرجێکە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی یاسایی بەشێوەیەکی راست پێک بهێنین، چونکە یاسا بۆخۆی رووداوێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ئاستی سیاسی و مێژوویی و رەوشتی بناخەیی دەوڵەت یان کۆمەڵگایەک پێک دەهێنێت. “دەرکردن”یش کارێکی دوژمنانەیە، بەم رەوشەش، پێویستە بسەلمێنرێت کە من دوژمنی کۆماری هێلینیم. ئەمە و ئیتر ئەوە سەلمێنراوە کە ئەو ئەنجامانەی لێی کەوتەوە هەزار جار لە لەسێدارەدان زیاتر خراپتر بوو، هەروەها زۆر پێویستە ئەو پێوانانەی مافەکان دیاری بکرێن کە ئەم کاری “دەرکردن”ە پشتی پێ بەست، بەوپێیەی کە توندوتیژترین سزایە. ئەوە کارێک بوو کە خۆسووتاندنی سەدان کەس و کوشتن و گرتنیانی لێ کەوتەوە. هەربۆیە ناکرێت ئەگەر دادگا دادوەرانە بێت، ئەم راستیانە پشتگوێ بخات. دەتوانین زۆر بەئاسانی ئەو تاوانبارییە شی بکەینەوە “خراپکردنی بارودۆخی ئاشتی لەنێوان دۆستان و هاوپەیمانان” کە هیچ بناخەیەکی نییە. ئەوەی ئەمەوێت لێرەدا باسی لێوە بکەم ئەوەیە کە ئەو روداوە لەبواری ناوەرۆکەوە هیچ پەیوەندیەکی بەو شێوازەوە نییە کە دادوەری گشتی شی کردۆتەوە. پێویستیش ناکات کە بەشێوەیەکی روکەشی بەڵگە بۆ قسەکانی خۆی بهێنێتەوە. چونکە گەوهەر دیاریکەرە و، ناوەرۆکی زۆر جیاوازتری هەیە. لێرەدا بەزوویی دەمەوێت باس لەئیتاڵیا بکەم، چوونم بۆ ئیتاڵیا بەبێ هیچ پەیوەندی و هەواڵێکی پێشەکی بوو و، کەمتر لە ئەسیناییەکان بەچوونمیان دەزانی. بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بینی کە بەهیچ شێوەیەک جەسارەت ناکات من “دەربکات”، دەسەڵاتی ئەویش ریگەی نەدەدا. هەربۆیە ئەوەی پێی هەڵسان ئەوە بوو کە بۆ ماوەی دە رۆژ لە نەخۆشخانەیەک خستیانمە ژێر چاودێرییەوە، بەم شێوەیە لەبواری مافەکاندا وەڵامی دەست پێشخەریەکەیان دامەوە. دەوڵەتی هێلێنیش کە گرێدراوی هەمان پیوانەی یاسایی و نیشتمانی ئەوروپایە، دەسەڵاتی زیاتر و فراوانتری لەمەی نەبوو. ئەوەی دەیتوانی لەئاستی هەرە بڵنددا بیکات گرتنی من بوو، چونکە بێ رێگە پێدان چووبوومە وڵاتەکەیان. لەو کاتەشدا هیچ مانایەک بۆ ئەوە نەدەما کە پێیان دەووت ترساندنەکانی تورکیا کە دەڵێن لێی پەشۆکابوون. بەڵام ئەوان لەگەڵا ئەوەی نەیانگرتم، بردیانم بۆ جێگەیەکی “زۆر پاریزراوتر” و سوێندیان بە “شەرەفی” کۆماری هێلینی خوارد. زۆر شایەت و بەڵگەش بۆ چەسپاندنی ئەوە هەیە. لەکاتێکدا ئەمە راستی بێت، ئەوا باس نەکردنی ئەمانە لەیەن دادوەری گشتیەوە، وەکو کە رووی نەدابێت، جێگەی بیرکردنەوەیە. ئامانجیش لەوە پەردەپۆش کردنی تاوانێکی مرۆڤانەی قورس و گرانە، ئەمەش کارێکی زۆر ئاشکرایە. ئەگەر یاسا بریتی بێت لە کۆی ئەو ریسا بناخەییانەی کە دەوڵەت خۆی پێوە گرێ دەدات. ئەوا پێویستە لەسەر ئەوانەی لەسەر ناوی ئەو کار دەکەن، پێوەی گرێدراو بن. بەڵام چەمکی “ئێمە دەتوانین هەموو شتێک بکەین لەپێناوی بەرژەوەندی باڵای دەوڵەتەکەمان”. دەست لەوە بەردە کە لە دەوڵەتیکی یاسایی هاوچەرخدا هەبێت، ئەوە چەمکێکە کە لە داب و نەریت و یاسا عەشیرەتیەکانیش بەپلەی کەمیش بێت بوونی نییە. لەمیژووی مرۆڤایەتێدا دەبینین کە هانا بردن بۆ رەشماڵی کۆچەرێک، دەست بەردە لە هانا بردن بۆ دەوڵەت، وا لەسەر خاوەن ماڵ پێویست دەکات کە تا دواڕادە دڵۆپی خوێنی میوانەکەی بپارێزیت، نەک دەریبکات، ئەگەر مەترسیەک هەبێت و بەدوایەوە بێت. ئەمەش بناخەیەکی ناسراوە. بەڵام کۆماری هێلینی ئەندامی پەیمانی ناتۆ و یەکیتی ئەوروپایە و، پەیوەندی پتەویشی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و، گەلێکی بەشەرەفیشی هەیە. هەربۆیە بابەتی نییە، کە بە بناخە لەسەر ئەم راستیانە، دەوڵەت بەهۆی منەوە دووچاری ترسناکی ببێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا دەیانتوانی بۆ چەند مانگێک بمشارنەوە و، مۆڵەتێکم بدەنێ و هاوکاریم بکەن تا بچمە وڵاتی سێیەم یان بگەڕێمەوە نیشتمان، یان ئەگەر چارەیان نەما دەیانتوانی بمگرن. ئەمە بەو مانایە دێت “دەرکردن” کە پشت بەستووە بە ترساندن، هەڵسەنگاندنێکە رۆحی بەرپرسیاریتی تێدا نییە و، هیچ پەیوەندیەکی بە یاسا و سیاسەت و رەوشتەوە نییە. ئەوە دەمامکێکە بۆ چەواشەکردنی راستیەکان. پێداویستیەکی زۆر گرنگ هەیە بۆ شیکردنەوەی قووڵی ئەو بارودۆخە خۆیی و بابەتیەی کە رووداوەکەی تیادا پێک هات. ئەمەش لەپیناوی پاراستنی ئەو برایەتیەی کە لەنێوان گەڵانماندا هەیە. ئەوەی لیرەدا هەیە زیاترە لە پاراستنی خۆم و، یان پاڵنان بە بەرپرسیارەکانی دەوڵەتی هێلینی بۆ رەوشیکی تەنگ، بەڵکو ئەوەی گرنگە کە تێبینی بکرێت پیش هەر شتێک پێشکەوتنی راستی دۆستایەتیە لەنیوان هەردوو گەلدا.