گێژاوى شارستانییەتى رۆژهەڵاتى ناوین و ئەگەرەکانى چارەسەری

10 ئاب, 2022

رێبەر ئاپۆ

دەروازە:

ئەوە راستینەیەکە کەشەڕى سێیەمى جیهانى بەشێوازێکى تایبەت بەخۆى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئارادایە. بەڵام ئەم شەڕە بەبەراورد لەگەڵ رەهەندەکانى شەڕى سەربازى ــ سیاسی کلاسیک تایبەتمەندیەکى جیاوازترى هەیە. لەگەڵ ئەوەى پێناسەى شەڕى شارستانییەتەکان راست و بەجێیە، بەڵام هێشتا گەوهەرەکەی بەشێوەیەکى راست شرۆڤە نەکراوە. رەهەندە مێژوویى و کۆمەڵایەتییەکانى هێندە روون نەکراوەتەوە. لایەنەکان و شێوازەکانى شەڕو ئامانجەکان یەک‌لا نەبوونەتەوە. سەربارى ئەوەى باس لەگەلێک پلان و پرۆژە دەکەن، بەڵام شەڕێکى بێ‌پلان جێگاى باسە، تەنانەت لەخۆیەوە بەڕێوەدەچێت. هەروەکو بڵێى رووبەڕووى شەڕێکین کەئامانجى خوڵقاندنى گێژاو(کائوس)ە.

کۆمەڵگاو دەوڵەتەکانى رۆژهەڵاتى ناوین شوێنى کەڵەکەبوونى کێشەکانە. ئەو کێشە هەمەجۆرانەى لەسەردەمەکانى مێژووى دێرینەوە کەڵەکەبوون و سەرکوتکراون، هەناسەى لەبەر کۆمەڵگا بڕیوە. ئەو رژێمانەى لەلایەن سیستەمى سەرمایەدارى گوایە بەئامانجى دۆزینەوەى چارەسەرى سەپێنراوە، خۆیان بوونەتە سەرچاوەى کێشەکان. نەخۆیان دەتوانن ببنەهێزى چارەسەرى، نەرێگا و دەرفەتیش بەو هێزە ناوخۆو دەرەکییانە دەدەن کەهێزى چارەسەرین. تەنیا بەناوکردنى کێشەکە وەکو قەیرانى ئیسلام گەرایى کەموکوڕیەکى گەورەیە. هەندىێک عەقڵیەت هەن کەئایینە تاکخوداییەکان تێپەڕ دەکات و ریشەکەیان بۆ سەردەمى نیئۆلیتیک (چاخى بەردینى نوێ) درێژدەبێتەوە. چەندین شانەو سیستەمى کۆمەڵگا پێهکاتووە کەناتوانرێ لەمیانەى دیاردەى نەتەوە پێناسە بکرێن. نەک هەرتەنیا  خێڵێک، تەنانەت هەر بنەماڵەو خێزانێک بەئەندازەى کێشەى دەوڵەتێک ئاڵوزى و گێچەڵی لەخۆوە گرتووە. هەڵدێرو کەلێنى نێوان ژن و پیاو، بەئەندازەى هەڵدێرو کەلێنى نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا لەنێو نامۆییدا دەژیت. هەروەکو بڵێى گێژاوێکى هاوشێوەى گێژاوی لێکتێنەگەیشتنی کوێر و کەڕوڵاڵەکانى ژێر منارەى (تاوەر) بابل لە ئارادایە کە لە ئەفسانەداندا باسی دەکرا. دەڵێى دیسان ئەفسانە لەهەمان شوێندا زیندوو بۆتەوە. هێزى نزیکەى حەفتا نەتەوە لەنێو هەوڵ و کۆششدایە، بەڵام رۆژ بەدواى رۆژ گێژاو و ئاڵۆزى زیاتر دەبێ. شەڕى یەهودى ــ عەڕەب کە پاشماوەى سەردەمى فیرعەونەکانە هیچى لەخێراییەکەى خۆى وننەکردووە. ئەو شاڵاوە پاکتاوکاریانەى لەسەردەمى پادشاکانى سۆمەردا دەکرایە سەرگۆتییەکان (کوردەکان), بەهەمان خێرایى جاران بەردەوامە.

لەرەوشێکى وەهادا پێویستە لەوەڵامى روونترى ئەم پرسیارە بگەڕێین؛ چۆن کێشەکان لەرۆژهەڵاتى ناوین بەم حاڵەتە گەیشتوون؟

کۆمەڵگاى رۆژهەڵاتى ناوین خانەى بنچینەیى هەموو کۆمەڵگاکانە. هێزى خۆى  لەم کارەکتەرو ناوەڕۆکەى وەردەگرێت. تیۆرى خانەى بنچینەیى بۆ کۆمەڵگاکانیش راست و بەجێیە. سیستەمى سەرمایەدارى توانستى ئەوەى نیشانداوە کە لەنێو کولتوورى کیشوەرى ئەمریکاوە تادەگاتە کولتوورى ئوستوراڵیا ــ باسیفیک, لەوێشەوە تادەگاتە کولتوورى هیندستان, چین و ژاپۆن, لەئەفریقیاوە تادەگاتە کولتوورى  روسیا و سیبیریاى باشوور لەناو تەواوى کولتوورەکاندا بڵاوبێتەوەو پەلبهاوێژێ. واتە لەشەڕى کولتوورو  شارستانییەتەکاندا  سەرکەوتنى بەدەستهێناوە. بەڵام لەرۆژهەڵاتى ناویندا سەربارى ئەو هەنگاوانەى لەساڵانى..18 وە دە ستیپێکردووە, تائێستا نەیتوانیوە سیستەمەکەى فەتح بکات. لەوانەیە رەوشێک لەئارادابێت کەزۆر لەشەڕە جیهانییەکان بەکێشمەکێشترە. هەندێ ڵایەن و تایبەتمەندێتى وەها لەخۆوەدەگرێت کەشەڕە لاسەنگەکان  تێپەڕدەکات. ئاشکرایە کە  سەرەکیترین هۆکارى تەنگەتاویەکان سەرچاوەى خۆى لەکارەکتەرو  پێکهاتەى کۆمەڵگا وەردەگرێت. ئەو  پادشایەتى و دەرەبەگایەتییەى  شۆڕشى فەڕەنسا هەڵیوەشاندەوە, هەروەها ئەو دەرەبەگایەتى  و سیستەمەى قەیسەر کەشۆڕشى روسیا هەڵیوەشاندەوە, هەردووکیان  لێکدەچوون و خەریکى سەرخانێک بوون کەبۆخانەکان قووڵنەببۆوە.  بێگومان شیکردنەوەى ئەم بونیادانەو هەڵوەشاندنەوەیان, دیسان  زەحمەتى زۆرى لەخۆوەگرتووە. تەنانەت ئەم شۆڕشانەش کە لەپێکهاتەى سەرخان دەستیانپێکرد, نەیانتوانى خۆیان لەوە رزگاربکەن  و خۆیان لەئاوێتەبوونى سیستەمى سەرمایەدارى بەدووربگرن.  لەمیانەى سەپاندنى ئەم مۆدێلانە بەسەرکۆمەڵگاى رۆژهەڵاتى ناوین و پێکهاتە سەرخانییەکەى, نەک هەرنەتوانرا کێشەکان چارەسەربکرێت, بەڵکو بەزیاتر قووڵکردنەوەى کێشەکان ئەنجامگیربوو. ئەوەى دەمێنێتەوە پێویستى باش دەرککردنە بەسروشتى شەڕى  شارستانییەتەکان. راستتر ئەوەیە بپرسین, چییە ئەوەى وایکردووە  شارستانییەتى رۆژهەڵاتى ناوین تائەم رادەیە بەرخودان بکات و  بێچارە بمێنێ؟ بۆچى ئەنجام لەتەواوى ئەو دەستێوەردانانە بەدەست دێ کە بۆ شارستانییەتە ناسراوەکانى جیهان دەکرێت,  بەڵام هەمان  چارەسەرى بۆ شارستانییەتى رۆژهەڵاتى ناوین سەرکەوتوو نابێ؟

وەڵامى ئەم پرسیارە لەو راستینەیەدا شاراوەیە کە دایکی شارستانییەتەکانە. هەروەکو چۆن نابێ دایک لەمنداڵ بچێ, بەڵکو دەبێ منداڵ لەدایک  بچێ, بەهەمان شێوەش شارستانییەتەکانى دیکە ناتوانن شارستانییەتى دایک لەخۆیان بچوێنن. بەڵکو خۆیان ناچارن بەڵایەنى کەم لەهەندێ لایەنەوە بەشارستانییەتى دایک بچن. ئەگەردیسان بگەڕێینەوە سەر  نموونەى خانەى ریشەیى, دەشێ پێکهاتەى بوهێڵى (جینات) تەواوى ئەو خانانەدا بدۆزینەوە کە لەخانەى سەرەکى (بنچینەیى) کەوتوونەتەوە. بەڵام ناشێ هەموو بوهێلەکانى (جینەکان) خانەى دایک لەو خانانە بدۆزینەوە کە لێى بەرهەمهاتوون. بێگومان بەشێوەیەکى زێدەڕۆیى بەراورکردن و پێوانى دیاردەى کۆمەڵگا لەگەڵ دیاردەى بایۆلۆژى (زیندەوەرزانى) رێگا لەپێش هەڵەى گەورە دەکاتەوە، بەڵام دیسانیش بۆ تێگەیشتنێکى راست سەبارەت بەهێڵکاریەکان ئاسانکارى زۆرگرنگ دەڕەخسێنێ. ئاشکرایە کەپێویست دەکات  شارستانییەتى سیستەمى سەرمایەدارى بەشێوەیەکى قووڵ و تایبەت هەڵوەستە بەرامبەر شارستانییەتى رۆژهەڵاتى ناوین بکات.

کاتێک دەست بەشیکردنەوەى شارستانییەتى رۆژهەڵاتى ناوین دەکەین، بەر لەهەموو شتێک پێویستە تەماشاى پێکهاتەو بونیادى زهنییەتەکەى بکرێت. لەدایکبوون و بەڕیشەیی بوونى پێکهاتەى زهنییەتى هەرسێ ئایینە تاکخوداییەکە یەکێکە لەراستییەکانى ناوچەکە. لەم بوارەدا چەندین بابەتى سەرەکى هەیە کەپێویستە کۆمەڵناسى ئایین شی بکاتەوە. هەروەها پێویستە ئەم هەوڵە بە بوارەکانى ئەدەبیات و هەڵوێستە هونەرەکانى دیکە بەرجەستەبکرێت. بەبێ ئەوەى بەهاکانى کۆمەڵگاى نئۆلیتیک جیابکرێتەوە کە تائێستا لەناوچەکە بەکاریگەرە، دیاریکردنى هێڵکارى نەخشەى زهنییەت، کەموکورتییەکى مەزن لەخۆوەدەگرێت. لەڵایەکى دیکەشەوە ئەمە راستینەیەکە پێکهاتەى خێزان و هۆز و ئایینزایەک کە نزمترین یەکینەى دیاردەکانى ئایین و قەومە ئاوێتەبووەکانن لەگەڵا دەسەڵات تائێستاش بەشێوەیەکی بەربڵاو لەئارادان. بۆیە ئەو پێکهاتانەى زهنییەت کەسەرمایەدارى رێگاى لەپێشکردەوە، هەروەکو بڵێى لەواتایەکی شکست خواردوودا جێیان گرتووە وایە. بەدەستەوەگرتنى ریشەى قاڵبەکانى زهنییەت لەسەرەتاى مێژووەوە، تەنانەت گەڕانەوە بۆ پێشتر و بەدەستگرتنی لەسەردەمی فرەخودایى و جیهانى میتۆلۆژیەوە، بەتایبەتیش تاوتوێکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ میتۆلۆژیا (ئەفسانە)ی سۆمەریدا، رۆڵێکى بەرچاوى لەدەرککردن بە ئەڵقە یەک بەنێو یەکداچووەکانی زهنییەتدا دەبێت. ئێستا لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاڵۆزى و تێکچڕژان و خراپبوون و داتاشراوى لەنێوان قسەو کردار، چەمک و دیاردە، خەیاڵ و ڕاستى، ئایین و ژیان، زانست و ئایدیۆلۆژیا، فەلسەفەو ئایین, ئەخڵاق و یاساکان لەئارادایە. هەروەک کەڵەکەبوونی کێشە و قێزەوەنییەکانی هەموو ئەو چینە زهنییەتانەی مرۆڤایەتی ناسیبوونی قورسی کردبا لە جێی خۆی راوەستاوە. پێکهاتەکانى زمانیش، چ پێکهاتەکۆنەکان بن یاخود نوێکان، لەوە درەنگ نەماون کەرەوشى  زهنییان لەنێو موحافەزەکاریەکى مەزندا نیشانبدەن. نەزانییەکى بەربڵاوو تێڕوانینێکى بەرتەسک سەبارەت بەچەمکەکانى مەملەکەت، وڵات، نەتەوەو دەوڵەت لەئارادایە, کە لەسەدەکانى دوایى دۆزرانەوەو سنوورەکانیان دیاریکرا. هاوسەرێتییەکى ناتەواوو سەقەت لەنێوان فاکتەرەکانى زهنییەتى هاوچەرخ و فاکتەرەکانى زهنییەتى چەرخەکانى ناوین و کڵاسیک لەئارادایە. تاوەکو پێکهاتەی زهنییەتى رۆژهەڵاتی ناوین بۆردومان نەکرێت، ئەوا ئەو بۆردومانە فیزیکی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، مافپەروەرى و ئابووریەى دەکرێت، هەروەکو  ئێستا دەیبینین لەکردەوەى ئەشکەنجەدان و ژینۆساید و تیرۆرى  فەرمى و نافەرمى بەوڵاوە رێگا لەپێش ئەنجامێکى دیکە ناکاتەوە کە لەگەوهەرى خۆیدا لایەنى زیهنییان دەردەکەوێتە پێش.

پێکهاتەکانى دەسەڵات لەرۆژهەڵاتى ناوین جیاوازییەکى مەزنى لەگەڵ پێکهاتەى دەسەڵاتى گۆڕەپانەکانى دیکەى جیهاندا هەیە. ئاڵۆزى دیاردەکانى شەڕو دەسەڵات لەئاڵۆزى تۆڕى زهنییەت کەمترنییە.  سەربارى ئەوەى لەکۆنترین دەزگاکانى ناوچەن، بەڵام دابڕان و پێچەوانەبوونێکى سەیر لەنێوان ژیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و نێوان شەڕو دەسەڵات بەجێکراوە. پەیوەندییە دووڵایەنەکان لەقەباترینیان تادەگاتە وردەکارترینیان رێگا بۆ هەمووجۆرە دیماگۆژییەت و فشارێک کراوەیە. عەقڵانییەت لەنزمترین ئاستدا بایەخى پێدەدرێت. کۆمەڵناسیش وەکو دیاردەیەک کە شینەکراوەتەوە هەروەکو بڵێى بەند و داوە پەیوەستەکانی دەسەڵات و شەڕ، ئایین، ئابوورى، چینایەتى و سیاسى لەناوخۆیدا شاردۆتەوە. لەبیرۆکەیەکى داتاشراوى خودایى تادەگاتە قەباترین گورزى قامچى تاوەکو شیکردنەوەیەکی راست بۆ دەسەڵات و شەڕ نەکرێت، زۆر زەحمەتە رووخسارى راستینەى رۆژهەڵاتی ناوین بکەوێتەڕوو.

دەزگاکانى پێکهاتەى کۆمەڵایەتى بەتایبەتیش دیاردەى خێزان بەلانی کەم هێندەى دەسەڵات ئاڵۆزى لەخۆوەگرتووە. پیاوو ژنانى رۆژهەڵاتى ناوین هێندە ئاڵۆزى و پەرتەوازەیى لەخۆوەدەگرن پێویستیان بەشیکردنەوەى تایبەت هەیە. شیکردنەوەیەکى لەچوارچیۆەى قالبە گشتییەکانى سۆسیۆلۆژى سەبارەت بەخێزان، ژن و پیاوى دەسەڵاتدار ئەنجامبدرێت، کەموکورتى بەرچاو لەخۆوەدەگریت. وشکترین و تاریکترین لایەنەکانى راستینەى سیاسى،  ئایدیۆلۆژى و ئەخلاقى لەپیاوو ژندا رەنگدەداتەوە. ناکۆکییەکانى ناودەزگاى خێزان لەناکۆکییەکانى ناودەزگاى دەوڵەت کەمترنییە. خێزان واتاکەى لەوە زیاترە کەدەزگایەکى کۆمەڵایەتى بێت، هەروەکو بڵێى ” کونى رەش” ى کۆمەڵگاکانە. کاتێک ژن بخەینە ژێر زەڕەبینەوە، لەوانەیە بتوانین ئێش و ئازارو دراماى تەواوى مرۆڤایەتى بخوێنینەوە.   

هەم بەکۆمەڵگابوونى مێژوویى، هەم بەکۆمەڵگابوونى جوگرافى،  پێویستە لەمیانەى پەیوەندییەکى چڕى دیالەکتیکى نێوانیان هەڵوەستە بەرامبەر ناوچەکە بکەن. تاوەکو هەر قۆناخ و پارچەیەکى کاتەکانى مێژوو و شوێنەکانى جوگرافیا شینەکرێنەوە، ناشێ لەرۆژگارى ئەمڕۆمان و تەواوى سیستەمەکانى شارستانییەت تێبگەین.  مێژووى نەنووسراو لەمێژووى نووسراو گرنگ و بەبایەخترە. دیسان زیاتر لەو شوێنانەى بەردەوام ناویان دەهێنێرێ، چیرۆکى ئەو شوێنانە گرنگە کەباس نەکراون.

روون و ئاشکرایە تاوەکو دواکەوتوویى ئابوورى لەناو تەواوى ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەدا تاوتوێ نەکرێت ناتوانرێ ئەم دواکەوتووییە لەمیانەى پڕەنسیپە وشکەکانى تیۆرى ئابوورى شیبکرێتەوەو چارەسەربکرێت.

شیکردنەوەی گشت لەسەر بنەمای جیاکردنەوە و پارچەپارچەکردن نەخۆشییەکى گشتى کۆمەڵناسییە، هەرەزێدە ئەنجامەهەڵەکانى لەو خەباتەدا بەدی دەکرێت کەسەبارەت بەشارستانییەتى رۆژهەڵاتى ناوین ئەنجامدەدرێت. ئابووریش لەسەرووى ئەم خەباتەوە دێت. تاوەکو لەنێو بەیەکداچوونی شەڕ ــ دەسەڵات، زهنییەت ــ بەکۆمەڵگابووندا نەبێت ئەوا شیکردنەوەکانى ئابوورى تەنیا نەزانى و بێئاگایى قووڵتر دەکاتەوە.  ئاشکرایە کەقالبی شیکردنەوەکانى شارشتانییەتى رۆژئاواو لێکۆڵینەوەکانى رۆژهەڵاتى ناوین هەڵەى تیۆرى و پراتیکى بەرچاو لەخۆوەدەگرێت. ئەو گێژاوەی ئێستا رۆژانە لەئارادایە تاڕادەیەکیش بەرهەمى ئەم هەڵوێستانەیە.

ئەو ئاڵۆزى و گێژاوەی لەرۆژهەڵاتى ناوین لەئارادایەو ئەمڕۆ بابەتێکە  بەردەوام تاوتوێدەکرێ, ئیتر کەس ناتوانێ نکوڵى لێبکات. تراژیدیا ئەوەیە, نە ئەوانەى بانگەشەى خاوەندارێتى رەسەنى ناوچەکە دەکەن, نە ئەوانەى تازە بەدواى  بانگەشەى  خاوەندارێتى کەوتوون, هیچ یەکێکیان نزیکى شیکردنەوەیەکى بەواتاو بایەخدار نەکەوتوون, چونکە دەترسن. هەڵوێستێکى واقیعیانە سەبارەت بەناوچەکە تەنیا  بەواتاى کردنەوەى  قووتووى  پاندۆرا نایێت؛ بەڵکو بەواتاى  سەرلەنوێ گیرسانەوەى ” کەشتى نوح ” دێت لەسەر چیایەکى نوێ. تەنیا ئەوکاتە لەبوارى ژیانى  نەوەیەکى نوێ (بەمرۆڤبوون و ژینگەپارێزى) چەکەرە دەکات. ئەوژیانەى لەئارادایە لەتەوقى سەر تادەگاتە سەرەپەنجەکانى پێ لەنێو رەوشێکى  تایبەتى درۆو  ستەمکاریدایە. هەروەکو چۆن پڕە لەپاشخانەکانى هەڵوێستى بەکاربردن و دەستڕۆیى هەزاران ساڵە, دەمیلە کۆمەڵایەتییەکانیشی پڕە لە سۆزانێتی هەمەجۆری پێنج هەزارساڵە کە ریشەکەی بۆ دەوڵەتی راهیبی سۆمەر دەگەڕێتەوە, ئەگەر بەتەواوەتى بەمردووش  بەناونەکرێت, زۆر لەدوورى ژیانەو لەناو پەلەقاژەدایە.

ئایا ئیمپراتۆرەکانى ئەمریکا وەکو ئەسکەندەرە هاوچەرخەکان لەمیانەى دوا پرۆژەکانیان سەبارەت بەرۆژهەڵاتى ناوین دەتوانن رێگا لەبەردەم پێشکەوتن و گۆڕانکارییەک بکەنەوە کە هێلینیزممان بێنێتەوەیاد؟ وەک چۆن ئەسکەندەر لەرێگاى رێککەوتن لەگەڵ ئەرستۆکراتە کوردەکانى پێکهاتەى تایبەتى ئیمپراتۆریەتى پارس جوڵانەوەى هێلینیزمى بەهێزکرد، ئەمڕۆ ئەمریکا هاوشێوەى ئەسکەندەر دەتوانێ ئەمە لەگەڵ بەڕێوەبەرێتى ئەیالەتەکانى ئێراق و ئەرستۆکراتە کوردەکان ئەنجام بدات؟ گرنگتریش ئەوەیە، ئایا دەشێ رۆڵی بوونە ڵانکەی شارستانییەت دووبارە ببێتەوە کە هۆزە کوردە ئارییەکان بە دەستپێکردنی سەردەمى بەرەبەیانى مێژوو رێیان بۆ خۆشکرد؟ واتە ئایا دەتوانن لەهەنگاونانى رۆژهەڵاتى ناوین بۆ سەردەمى شارستانییەتى دیموکراتیانە رۆڵێکى هاوشێوەى ئەمە ببینن؟. لە مێژوودا رۆڵى هۆزە کوردەکان بەرامبەر ئەو شارستانییەتانەى لەدەوروبەریان ئاواکراوە زیاتر لەدەرەوە بەشێوازى کارلێکردن و کاردانەوە بووە. لەجوگرافیاى خۆیاندا ژمارەیەکى سنووردارى پێشکەوتنى شارستانییانەیان بەخۆیانەوە دیوە. بەرامبەر بەو دەستدرێژى و داگیرکارییەى لەدەرەوە دەهات زیاتر لەسەربنەماى ئەتنیک (خێل و تیرە و هۆزەکان) لەپێناو پاراستنى هەبوونى خۆیان بەرخودانیان کردووەو ئەو رێکەوتنانەیان ئەنجامداوە کەدەرفەتى خۆپاراستن و لەسەرپێ مانەوەى پێداون. لەرۆژگارى ئەمڕۆشماندا ئەم گەوهەرەى خۆیان دەپارێزن.

لەڵایەکى دیکەوە بەرامبەر بەسەرمایەدارى جیهانگیرى کەهەڵمەتێکى نوێى دەستپێکردووە، وابەسانایى ناتوانرێ بەهەمان رەوتی کۆن پارێزگارى لەهەبوون بکرێت و رێککەوتن پێشبخرێت. ئەگەر بنەماڵە ئەرستۆکراتە خەڕەکى و بەکرێگیراوەکانیش بخوازن بەردەوامى بەم سیاسەتە بدەن، وەک گەلێک کەچوارچێوەى ئەتنیکى تێپەڕکردووەو گەیشتۆتە ئاستى گەلێکى دیموکراتیک (گەلی سەرکەوتن)، ئیتر لەسایەى رەوتی کۆن نەخۆیان تێردەبن، نەئەم یان ئەو هێز دەتوانآ کۆنترۆڵیان بکات. لەجیاتى ئەوەى وەک گەل ئاوانەکردنى دەوڵەتێکى کڵاسیک وەکو زیان و ژێرکەوتن هەڵسەنگێنرێ، ئەوا هەڵسەنگاندنى ئاوانەکردنى دەوڵەت وەک شانسێک سەبارەت بەئازادیخوازەکانى کۆمەڵگا راستترە. چەند بەهاى ئازادى کۆمەڵگا و ئازادیخوازانى کۆمەڵگا هەیە کەناوەندەکەى دەوڵەت بێت و توانیبێتى گەڵانى خۆى رازیبکات؟ تەواوى گەڵانى ئەمریکاى ڵاتین، ئەفریقیا و ئاسیا بوونە خاوەن دەوڵەت, بەڵام ئایا توانیان پرس و کێشەکانیان چارەسەر بکەن؟ بەپێچەوانەوە ئەى لەجاران قورسترنەبوون؟.     

ئەوەى گرنگە ناسنامەى دیموکراتى و کۆمەڵکارى گەلان کە شێوازى سەرەکى بەرخورد و هەڵوەستەى گەلانە لەمێژوودا، لەگەڵ زانستى هاوچەرخ و تواناکارییە تەکنۆلۆژییەکان بکرێت بەیەک و بەدەزگا بکرێت. لەرۆژگارى ئەمڕۆماندا ئەوەى بەئەندازەى نان و ئاوو هەوا بۆگەڵانى رۆژهەڵاتى ناوین پێویستە دیموکراسییە. لەدەرەوەى دیموکراسى هیچ بژارێکى دیکە ــ بژارەکانى دیکە هەمووى تاقیکراوەتەوە ــ ئەو توانستەى نییە بەختەوەرى بۆ گەڵان بێنێ. گەلى کورد کە لەسەرووى ئەم گەڵانەوە دێت، ئەگەر رۆڵى ستراتیژى جوگرافیاکەیان و سەردەمى مێژوویى و تایبەتمەندێتییە کۆمەڵایەتییەکانى خۆى لەرۆژهەڵاتى ناوین لەپێناو شارستانییەتى دیموکراتییانە سەفەربەر بکات و سەربکەوێت، سەربارى خۆى ئەوا باشترین چاکە لەگەڵ مرۆڤایەتى و دراوسێکانی دەکات.