زیلان پەیماننامەیەکی گەورەیە
3 تهمموز, 2022رێبەر ئاپۆ
لە یەکەمین ساڵوەگەڕی چالاکییە مێژوویی و پیرۆزەکەی هەڤاڵ زیلان دا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین و جارێکی تر سوپاسگوزاری خۆمانی بۆ دووپات دەکەینەوە. گومانی تێدا نییە کە ئەمە وەک خودکوژییەک نا، بەڵکو وەک چالاکییەکی بەرخودانی هەڵدەسنگێنین. سەرباری ئەوەی کە لە واقیعی مرۆڤایەتی و گەلانی تریشدا نموونەی هاوشێوەی ئەمە بوونی هەیە، بەڵام لە واقیعی گەلەکەی ئێمەدا کەسایەتی زەینەب کناجی گوزارشتە بۆ سیمبولێکی گەورە کە لەناو PKK دا نموونەی زۆری هەیە. لەو نامەیەدا کە بۆی نوسیوم وەسێتێکی بۆ کردووم، منیش هەڵدەدەم ئەوەی دەکەوێتە سەر شانم بۆ بە جێگەیاندنی ئەم وەسێتە بیکەم. وتوویەتی:( لە هەموو کەس باشتر ئێوە دەتوانن لە پێویستی وەسێتەکەم تێبگەن و بە جێی بگەیەنن.) هەڵبەتە سەرباری ئەوەی کە ئەمە زۆر کاری لێکردووین لێکردووین، پێویستی ڕاست خاوەنداری کردن لە بەرپرسیارێتییەکانیشمانی پیشانداوین. ئێمە هەوڵمانداوە زۆر بیر بکەینەوە و بۆ جێبە جێکردنی ئەو بیرکردنەوانەش لە ئاستێکی سەروو ئاساییدا خۆمان ماندوو دەکەین. هەڵبەتە کۆمەڵێک پێشکەوتن دروستبووە. ئەو پێشکەوتنانەش سەبارەت بە تێگەیشین لەم کەسایەتییەو پێکهێنان و زیندوو ڕاگرتنێتی.
هەوڵێکی زۆرمانداوە بۆئەوەی چ لە ناو پارت و چ لەناو گەلەکەماندا، نموونەی ئەو کاێکتەرە دروست ببێت کە لەم شەڕەوە پەیدا دەبێت و ببێتە تایبەتمەندییەکی سەرەکی بۆ ئەم شۆڕشەو ژیانی نوێی گەلەکەمان. پێش هەموو شتێک دەبێت بزانرێت کە چالاکییەکەی زیلان وەڵامێکە بۆ سیاسەتەکانی ئەو دوژمنە بێ سنوورەی کە هیچ ڕێسایەک ناناسێت، گەلی کورد گەلێکە کە لە جیهان دا زۆرترین نکوڵی لێکراوە، زۆر دەمێکە دەرهەقی گەیشتوونەتە داوەرییەک کە دەڵێت: نەماوەو مردووە. کەم کەس بەدوزکەیەوە پەیوەندیدار دەبن و ئەگەر پەیوەندیداریش هەبێت، کەس بڕوا ناکات کورد بتوانێت بژی. هەرچەندە لەسەر ناوی ئەم گەلە ئێمە دەستمان داوەتە بەرخودانێکی گەورە، بەڵام ڕای گشتی نێونەتەوەیی بڕوای بەسەرکەوتنمان نییە، تەنانەت گەلی کوردستانیش ئیتر وەهای لێهاتووە ئەو مردنەی بەزۆر بەسەریدا دەیسەپێنن بە چارەنووسی خۆی دەزانێت. لە ساڵی ١٩٩٥ دا دوژمن بەو شەڕە سەرتاسەرییەی کە لەبەرامبەرماندا کردی ویستی ئەو ساڵەمان بۆ بکاتە ساڵێکی لەناوچوون و لەگەڵیشیدا هەرچییەک لەسەر ناوی ئازادیی بوونی هەیە ژێر گڵی بخات. بۆیە بەشێوەیەکی زۆر سامناک، بە هێزێکی زۆر گەوەرەو هێرشی دەکردە سەر بزووتنەوە و ژیان و شەرەڤمان. ئەگەر هیوایەک بۆ شەرەف و ژیان شین بووبێت دەیویست لە ناویبەرێت. زۆر ئاشکرایە ئەوەی تریشی کە دەمایەوە لە ژیانێکی بێ ستاتۆیی و بێ شەرەفانە زیاتر چاوەڕوانی شتێکی تری لێنەدەکرا لە دۆخێکی وەهاشدا شۆڤێنیزم بۆ تێکبەردانی خەڵک قووڵدەکرایەوە، گەلانی تورکیا سەرشێتانە دەکەوتنە هەوای زنجیرە ڕووداوە شۆڤێنییەکانەوە، لە ژێر ناوی( یەکێتی میللیدا) ڕق و کین بەرامبەر بچووکترین مافە مرۆیی و ڕەواکانی گەلێک گەورە دەکران.
هەڤاڵ زیلان قۆناغێکی بەم ڕەنگەدا خاوەنی کۆمەڵێک لایەنە کە هەر لە سەرەرتاوە لە پێناو ژیانێکی ئازاددا لە خۆیدا چاودێری کردوون. بۆ نموونە بە ئاگایە، کەسایەتییەکی خۆیی هەیە، تێگەیشتووە لەوەی ئازادیی چ واتایەکی هەیە، ئەوە زۆر ڕوون و ئاشکرا دەزانێت کە پشتگیری ئیمپریالیزم بۆ دوژمن بە جۆرێکە هیچ سنوورێک ناناسێت. سەبارەت بەخۆی زۆرباش دەزانێت چۆن هاتووە، بە چ ئامانجێک هاتووە و دەیەوێت بە چ ئەنجامێک بگات. سەرباری ئەوەی ماوەیەکی زۆر کەمە بەشداری ئاو ڕیزەکانی pkk بووە، بەڵام باش تێگەیشتووە کە pkk چ واتایەکی هەیە. تواناو بەهێزبوونێکی وەهای تێدایە دەتوانێت زۆر بەباشی وەسفی مێژووی pkk بکات. هاوشانی ئەمە پێگەو جێکەوتی شەخسی منیش زۆرباش هەڵدەسنگێنێت. بەگوێرەی ئاستی کولتووری خۆی لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر ئەوە کردووە کە چ واتایەکمان هەیە، چ بۆ مرۆڤایەتی و چ بۆ مێژوومان هەوڵی دروستکردنی چۆن سەرۆکایەتییەک دەدەین، بەڕادەیەک کە دەکرێت بڵێین پێناسەی سەبارەت بە من جاویدترین و واقیعیترین پێناسەیە لەناو ڕیزەکانماندا کرابێت.
ئەم هەڤاڵە ئێمەی نەبینیوە و ڕابردوویەکی هێندە زۆریشی لە ناو تێکۆشانەکەماندا نییە. سەرباری ئەوە توانیویەتی کە بە شێوەیەکی زۆر بە هێز هەڵسەنگاندنمان لەسەر بکات، بۆیە زۆر واتادارە بەلامەوە. دەبێت هەڵوێستێکی هاوشێوەی ئەمەی شەهید ڕووناهی ش لەسەر ئەمە زیاد بکەین. هەڤاڵ بەرماڵ یش بەهەمان شێوەیە. بەکورتی لە تەواوی ئەم جۆرە شەهیدانەماندا قووڵیی واتا هەیە. هەڵبەتە هەر ئەو قوولی واتایەشە کە شەهید بوونی وەها گەورەی لێ لەدایک دەبێت. بەڵام لە زیلان دا تا بڵێی ئەمە گەیشتۆتە ئاستی هۆشیارییەکی بەرز.
لێرەدا زیاتر لەسەر ئەم لایەنەیان ناڕۆم. ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە سەبارەت بەرەوشی مرۆڤایەتی، ڕاستی گەلی کوردستان، پارتمان و گۆڕەپانەکەمان وەک سەرۆکایەتی خاوەنی زانیاری و بە پێی ئاستی ئەو زانیارییەش خاوەنی بریارە. هەر بەمەوەشە ڕانەوەستاوە تا بڵێی دەرکی بەگرنگی ژیانی ڕێكخستنیش کردووە. لە ئاستێکدا کە دەتوانێت لەهەموو ڕوویەکەوە واقیعی ژن لێکبداتەوە. بەوپەڕی ڕوونی جیاوازی نێوان ژیانێکی کۆیلەو ژیانێکی ئازاد لەکەسایەتی خۆیدا پیشان دەدات. زۆر ڕێز لەمە دەگرم چونکە لەهەموو کەسێکدا ئەمە بەدی ناکرێت. بە شێوەیەکی زۆر ڕێز لەمە دەگرم چونکە لەهەموو کەسێکدا ئەمە بەدی ناکرێت. بە شێوەیەکی زۆر( خاکیانە) و بە بڕیارانە گەیشتنی بەمە، بە شێوەیەکی زۆر بەهادارو کورت و جەوهەری باسکردنی لێیان تابڵێی کاری لەمن کرد. زۆر بە کورتیش بێت، بەڵام بۆ باشتر ڕوونبونەوەی ئەم لایەنەی بە پێویستی دەزانم هەندێک لەو هەڵسەنگاندنانە بخوێنمەوە کە نووسیویەتی.
سەبارەت بە سەرۆکایەتی کۆمەڵێک خاڵی سەرنج ڕاکێش دەهێنێتە زمان و دەڵێت:( کاتێک لە مێژووی گەلان و بە تایبەتیش سەردەمی شۆڕشیان ورد بینەوە، هەر گەلێک سەرۆکێکیان هەیە تێکۆشەرە. بەرەو سەرکەوتن ڕزگارییان دەبات و مۆرکی خۆی لەو سەردەمە دەدات. مێژوو ئەوەشی پشت ڕاستکردۆتەوە کە هیچ بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی- نیشتمانی و چینایەتی بێ هەبوونی سەرۆکێک نەگەیشتۆتە سەرکەوتنی ڕاستەقینە. سەرۆک ئەو کەسەیە کە لەبەرزترین ئاستدا نوێنەرایەتی ئەو پێشکەوتن و نوێکاریانە دەکات کە بەدیهێنانیان کراوەتە ئامانج، بەواتایەکی تر مرۆڤێکی نوێیە. لەگەڵ هزری ئەو کۆمەڵگە نوێیەدا کۆک دێتەوە کە داخوازی بەنیادنانی دەکرێت. هەموو ژیانی خۆی بەگوێرەی ژیانی گەل ڕێکدەخات. چارەنووسی خۆی لە چارەنووسی گەلدا دەبینێتەوە، قوولترین سۆزو داخوازیەکانی گەل لەناخیدا هەڵدەگرێت و لە پێناوی ڕزگاریدا لەبەرزترین ئاستدا ئەرک دەگرێتە سەر شان.)
بڕواناکەم دانسقەترین کەسی ئەکەدیمی یان ملیتان بتوانێت پێناسەیەکی وەها بکات. لە پەڕەگرافێکی وەها کورتدا توانیویەتی لەهەموو ڕوویەکەوە پێناسەیەکی ڕاست بۆ سەرۆکایەتی بکات. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە کە ئاستێکی هۆشیاریی بەرزیی هەیە. بۆیە کاتێک ئەم چالاکییە هەڵدەسەنگێنین، زۆر گرنگە هەڵسەنگاندن لەسەر ئەوە بکەین کە تێڕوانینەکەی چ هێزێکی هەیە. هەندێک کەس هەن کە زۆر بەسۆزن، بەئێش و ئازارەوە خۆیان دەتەقێنەوە و گڕ لەجەستەیان بەردەدەن، بەڵام هەندێکی تریش هەن کە ئاوەها بە قووڵییەکی زۆرەوە لە هۆشیارییدا ئەمە دەکەن. بەبڕوای منیش ئەم جیاوازییە لەزیلان دا زۆر سەرنج ڕاکێشانە بە بەرچاوەوەیە.
لەنامەکەیدا بەردەوان دەبێت و دەڵێت:( گەلی کورد هەموو واقیعیەتێکی ژیانی لێسەنراوەتەوە، لەهەموو ڕوویەکەوە تووشی تیاچوون کراوە، بەئەندازەیەک کە لەگەڵ هیچ گەلێکی تردا بەراورد ناکرێت بەخۆی نامۆیە و لەدەستی داوە، لەبەرامبەر ڕاستینەی گەلێکی وەهادا هەڵبەتە سەرۆکایەتیی pkk دەبێت شتێکی زۆر جیاواز بێت. لەم واتایەدا سەرۆکایەتی پارت ناچارە کە لە زۆر لایەنەوە بەژیانی جیاوازتر، نوێتر، پێشکەوتوتر خۆی هەموو شتێک بژێنێت و هەرچی ژیانی تایبەتی خۆی هەیە لە پێناو مرۆڤایەتییەکی گەورەدا بەختی بکات. لەم خاڵەدا گرنگی و توانای دەستنیشانکارانەی شتێکە کە گفتوگۆ هەڵناگرێت).
لەمەشیاندا هۆشیارییەکی گەورە بەدی دەکرێت. ئەم لێکدانەوەیان هەم زۆر واقیعی و هەم زۆر بەرفراونە. ڕاستینەی گەلەکەمان لەگەل ڕاستینەی تەواوی گەلانی جیهاندا بەراورد دەکات. زۆر باش دەرک بەو ئاستی نامۆییە دەکات کە لەهەموو بوارەکاندا گەلی کورد تووشی هاتووە. تەنانەت زۆر لە تیاچوونی نەتەوەیی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیش زیاتر، بووەتە شتێک ناناسرێتەوە و گوزەرانێکی بەو شێوەیە لەمردنی زۆر خراپترە. لێرەوە دەچێتەوە سەر لێکدانەوەی ڕاستی سەرۆکایەتی، یاخود دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە چ واقیعێکمان لەبەردەمدایە. بەمەش ڕوونی دەکاتەوە کە بەچەمکێکی زۆر قووڵی تێدایە. جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەڵێت:( لەم خاڵەدا گرنگی و توانای دەستنیشانکارانەی شتێکە کە گفتوگۆ هەڵناگرێت.) شێوازی ئاماژە پێدانە سەرنجڕاکێشەکەی لە تیشک خستنە سەر ئەمەدا، زۆرترین کاریگەری لەسەرم بەجێهێشت.
پێم وایە هیچ هۆکارێک نییە بۆئەوەی لەسەر خوێندنەوەی نامەکەی بەردەوان نەبین. دەڵێت:(کاتێک تەماشای مێژووی شۆڕشەکانی جیهان دەکەین، دەبینین ئەو گەلانەی تێکۆشانی ڕزگاری نیشتمانی یان چینایەتییان گرتۆتە بەر، هۆشمەندییەکی کەڵەکەبوو، زەمینەیەکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری وەهایان هەیە کە هەلومەرجی شۆڕش دەدات بەدەستەوە. نکوڵیکردنی نەتەوەییان نییە. کێشەی کەسایەتییان وەک ئەوەی لای ئێمە قوول نییە. مێژوویان بە ئەندازەی ئەوەی ئێمە نەشێوێندراە. ژنیان هێندە داگیرنەکراوە، بێ هیچ دوودڵییەک دیاردە ئایینییەکان وەک ئەوەی لای ئێمە هێندە بە شێوازێکی خراپ بەکارنەهێنراوە. هێشتاش ئەو گەلانە ڕقێکیان بەرامبەر بەو ڕەوشە هەیە کە تێیدان. ئاستی ئازادیی و یەکسانییان پێشکەوتنێکی پێوە دیارە. کەم تا زۆر کۆمەڵێک رۆشنبیریان هەیە کە سەرۆکەکانیان هێزیان لێوەردەگرن. هەرچی لە شۆڕشی کوردستاندایە هەموو ئەم خاڵانە لەناو چون و بوونیان نییە).
لەمەشدا کۆمەڵێک لێکدانەوەی کردووە کە پێویستە هەموو ڕۆشنیرێک بیری لێبکاتەوە و وەک شێوازێک کە ئەنجامی لێ هەڵبهێنجێت بخوێنرێتەوە. ئەگەر یەکێک ئەم دێڕانە وەک تێز وەربگرێت و کاری لەسەر بکات، تێدەگات کە بەڕاستیش هەر پارەگرافێکی نرخی پەرتووکێکی هەیە. تا دوا ڕادە خاوەنی هزرێکی پوخت و ڕوونە و گەیشتۆتە ڕاستیەکان. لەم خاڵەدا زۆر دڵم بەرۆشنبیرانی کورد دەسووتێت. ئەم کەسە کۆپییەکی ئێمە نییە. خوێندکارێکی دەرچووی زانکۆیە. کەسایەتییەکی ڕۆشنبیرە کە بۆ خۆی هەستاوە لێتوێژینەوی کردووە و گەیشتۆتە ئەنجامەکان. بەداخەوە کە زۆر لەکادیرانمان و ڕۆشنبیران تەنیا پەنجە دادەنێتە سەر لایەنی سۆزداریانەی ئەم کارە، ئەمە هەڵوێستێکی زۆر کەم و کورتە.
زۆر ڕاستەهەموو گەلان کاتێک دەست بە شۆڕش دەکەن لە پشتیانەوە مێژوویەکی زۆر قووڵ هەیە. زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی، چینایەتی و کولتووری و ئەزموونی کەڵەکەبووی ئەم بوارانەیان هەیە. بەم ڕادەیە تووشی نکوڵی نەتەوەیی نەبوون و کێشەکانی کەسایەتی هێندە ئەمانەیە بە پێچەوانەوە بوونی هەیە. جگە لەمەش رەگەزی ژن لای ئێمە بۆ خۆی کراوەتە مەترسیدارترین سیخوڕ. ژن تەواوکراوەتە تەڵەزگەیەک، بەرەو رەوشێک براوە کە هەموو شتێک قووت دەدات و بەهاکانی چوار دەوری پێچەوانە دەکاتەوە. ئایینیش بەهەمان شێوەیە، ئایین لای ئێمە هیچ ڕایەڵێکی لەگەڵ ڕاستینەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیدا نییە. بە پێچەوانەوە مایەی داڕزان و دابڕانە لەهەموو تایبەتمەندییەکی ئەرێنی و بەرەو نەزاییەکی گەورەت دەبات. دەڵێت: هێشتاش ئەوە گەلانە ڕقێکیان بەرامبەر بەوە ڕەوشە هەیە کە تێیدان. ئاستی ئازادیی و یەکسانییان پێشکەوتنێکی پێوە دیارە. کەم تا زۆر کۆمەڵێک ڕۆشنبیریان هەیە کە سەرۆکەکانیان هێزیان لێوە وەردەگرن. هەرچی لە شۆڕشی کوردستاندایە هەموو ئەم خاڵانە لەناو چوون و بوونیان نییە.) جەختێش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ کام لەمانە بۆ کوردستان جێی باس نین. زۆر ڕاستە و لە جێی خۆیدایە. با ڕۆشنبیرانمان و بە تایبەتیش ئەوانەی کە خۆیان زۆر بە سۆسیالیست، دیموکراسیخواز و بەرخودانکار دەزانن بەئەرک نەبێت لەگەڵ ئەم ڕستانەدا خۆیان بەراورد بکەن. ئایا کامەیان زیاتر لە راستییەوە نزیکە؟ دەست بخەنە سەر ویژدانی خۆیان، لێپرسینەوەیەکی ویژدانی لەگەڵ خۆیاندا بکەن. ئایا ئەمانە واقیعیترین بیرکردنەوە نین؟ بەڵێ ئەمانە بیرکردنەوەی ڕاست و گەورەن. ئەی ڕێگەیان بۆ بەرخودانییەکی گەورە نەکردۆتەوە؟ ئەگەر ویژدانێکی نەتەوەیی و دڵێکی نەتەوەیی بوونیان هەیە، دەبێت ڕۆشنبیرانمان و ئەوانەی گوایە خۆیان بەرێکخستن و پارتی شۆڕشگێڕو پێشکەوتنخوازیش دەزانن ڕێز لەمە بگرن.
لە یادمان نەچێت کە زۆرێکیان لە شۆڕشگێڕێک زیاتر دەرفەتی زانینی زۆر شتیان هەیە. کەم شۆڕشی جیهان، شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانی و سەرۆک هەن کەلە سەریان نە خوێندبێتەوە و شتیان لەبارەوە نەزانن. بەڵام ئەمەی زیلان کردوویەتی کەسایەتییەکە. بەڕاستی زۆر جێی داخە کە هەروەک هەڤاڵ زیلان یش ئاماژەی پێداوە، ئەمانە هێندە بوونەتە بیانی. واتا دڵیان هێندە بیانی بووە، ناتوانن لەسەر کچێکی کورد هیچ شتێک بڵێن، کە وەک ژنێک خۆی کردۆتە سیمبولێک و لە مێژووی جیهاندا نموونەیەکی تری نییە.
لەڕاستیدا دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەمە خۆبەخۆ ڕووداوێکە. چونکە ئەو گوایە ڕۆشنبیرە کوردانەی هەر لە مێژووی دوژمنەوە تا دەچێتە مێژووی گەلانی ئەفریقیا هەمووی زۆر باش لێکدەدەنەوە و تەنانەت هێندە بە سۆزن کە هۆنراوەیان بۆ دەنووسن، دڵیان بۆ کچێکی کورد نابزوێت کە زەحمەتە نموونەیەکی تری لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هەبێت، ناتوانن هیچ بڵێن و هیچ بنووسن، ئەمە پەتا، کەوتوویی و بیانی بوونێکە. ئەم جۆرە مرۆڤانە هیچ خێرێکیان لێ ناوەشێتەوە.
بەردەوام دەبم لەسەر خوێندنەوەی بڕگەکانی نامەکەی هەڤاڵ زیلان:( سەرۆکایەتی پارت لەناو واقیعێکی زۆر لاوازەوە دەرکەوتووەو تێڕوانین و هەڵوێستێکی زۆر تایبەت و زانستییانەی بۆ کێشەی ئایین، کەسایەتی، ژن و خێزان هەیە. تەنانەت لینینی سەرۆکی شۆڕشی ڕوسیاش لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی ژنەوە زۆر لەرووکاری بابەتەکەدا ماوەتەوە. بەسوپابوونی ژنان، لەم ئاستەدا کۆنفرانس و کۆنگرە گرتنی ژنان، شتێکە کە لەسەر ئاستی شۆڕشەکانی جیهاندا بۆ یەکەمجار ئێمە کردوومانە. شێوازی ژیانی سەرۆکایەتی پارت، فیداکاری، بوێری، قووڵی، وریایی، زیرەکی، پێشبینی، توانای لێکدانەوە، پابەندی، زانستێتی، ئەزموون و ئاستی کەڵەکەبوونی ئەمانە تێیدا، فرە ڕەهەندە و لەئاستێکدایە کە لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی تردا بەراورد ناکرێت. بە شێوەیەکی دۆگماییانە ڕووداوەکان تاوتوێ ناکات. سەرۆکایەتی پارت زۆر باش ڕاستینەی کوردستان و شۆڕشەکانی جیهانی شیکردۆتەوە، ئەزموونی لێ بە شێوازی لاسایی کردنەوە و قاڵبگیرانە نا، بەڵکو بە شێوازێکی زۆر خولقکارانە تاوتوێی کردووە. زۆر جوان پێکهێنانی سۆسیالیزمی شیکردۆتەوە و زۆر جوانیش سەرۆکاتیدا ڕاستینەی گەلەکەی خۆیدا گونجاوویەتی. Pkk لە خودی سەرۆکایەتیدا گوزارشت لەخۆی دەکات).
لێرەشدا ڕووبەڕووی شێوازێکی زۆر ڕۆشنگەرو سەرنجڕاکێشی زیلان دەبینەوە. کۆمەڵێک شیکردنەوەی زۆرمان لەسەر ئایین، کەسایەتی، ژن، خێزان، ئاستی کۆمەڵایەتی و دەروونی کوردستان هەیە، زیلان بە کەسایەتی خۆی دەبێتە هەڤاڵێک کەکەم تا زۆر توانیویەتی سوودیان لێوەربگرێت. جگە لەمە لەگەڵ شۆڕشی ڕوسیادا بەراوردی دەکات و دەڵێت کە تەنانەت لینینیش لە کێشەی ژندا لە رووکاری بابەتەکەدا ماوەتەوە. دەیەوێت تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە کارێکی ئەوتۆیان بۆ خەباتی تایبەتی ژن نەکردووەو لە ئاستی پەیوەندیدار بوون بەچەند ژنێکەوە لایان نەداوە. ڕاست دەکات، ئێمەش ئەوەی لام لایەنەوە دەیکەین تا ڕادەیەک لە پێناوی ڕێزگرتنە لەیادی ئەم شەهیدە ژنانە.
هاوکات شێوازی ژیانی سەرۆکایەتی زۆر بەچاکی هەڵدەسەنگێنێت. لەڕاستیدا زۆر کەس کە پەیوەندیدارییەکیان بۆ ئەم چالاکییە هەیە، گەلەکەمان و دۆستانمان و لەسەرووی هەمووشیانەوە ملیتانەکانمان ئەگەر دەیانەوێت لەمە تێبگەن و باس لە پابەندی بەبەهاکانەوە دەکەن، با لەم دەستەواژە سەرنجڕاکێشانەی تێبگەن، ئەگەر بکرێت لە کەسایەتی خۆیاندا بەرجەستەی بکەن و ئەو وەڵامە بدەنەوە کە لێیان چاوەڕوان دەکرێت. هەڤاڵ زیلان زۆر لەمە تێگەیشتن و ڕاستگۆیانە وەڵامدانەوەی ڕاستی سەرۆکایەتی بەئەرکی خۆی زانیوە و گەورەترین سەروەریشی لەم خاڵەدایە. هەڵبەتە هەموو کەسێک دەتوانێت ئەو ڕستانە بڵێت کە زیلان وتوونی، بەڵام زۆر زەحمەتە هەڤاڵێک ببینرێت کە وەک ئەم لێیان تێگەیشتبێت، پێکهێنان و بەرجەستەی کرد بن. لە شیکردنەوەکانهی ئەم دواییەمدا سەرنجی خۆم لەسەر ئەوە کۆکردۆتەوە، کە بۆچی لە نێوان تێگەیشتن و واقیعدا هێندە پێچەوانەیی و لێکدابڕاوی هەیە. مرۆڤەکان شتێک دەڵێن کە بەڕاستی دەزانن، کەچی کردەوەیان تەواو پێچەوانەی ئەوانەیە کە دەیڵێن، بۆچی؟ پێموایە کە ئەمە واقیعێکی سەردەمەکەمانە. مرۆڤایەتی لەدرۆدا دەژی، ئەوە هیچ کە لەراستینەی گەلەکەی ئێمەدا هەموو شتێک هەر درۆو دەلەسەیە. هەموو کەسێک بەڵێن دەدات، زۆر سوێند دەخوات و ڕۆژانە وتەی سەدی سەد پێچەوانەی خۆی دێنێتە زمان، بەڵام زۆر کەم کەس دەر دەکەون کە ئەو وتانە لە کردەوەیاندا پێکبهێنن.