کەسایەتی شەهید زەینەب کناجی تێگەیشتن لە بیر و بڕوای رێبەر ئاپۆ و خەتی ژنی ئازادە
28 حوزهیران, 2022لە سەردەمی گەشانەوە و هەڵکەوتنی کەس و رێخستنی رادیکاڵ و پێشەنگ لەنێو ژنانی جیهاندا کە لە بەرامبەر پەرگالی ڕەگەزپەرەستەوە، ڕاوهستان و ڕادەوەستێن و هەڵوێست و هێزی ڕزگارکردنی دونیا لە قڕکردن و هەڵوەشاندنەوە دادەنێنە مەیدان، ڕیکەوتی٣٠حوزێرانی ساڵڕۆژی گیان بەخت کردنی سەمبۆلی تێکۆشانی سەرکەوتوویی ژنان، هەڤاڵ زەینەب کناجی ناسراو بە زیلان بە ڕێزدارییە وەبیر دەهێنینهوه. وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان «کژار» له سەردەمێکی نۆێ لە خەبات و تێکۆشانمان لە ڕێڕەوی ئەو شەهیدە مەزنەدا، بۆ لە ناوبردنی پەرگالی داگیرکەر و کۆژەری ژن و سروشت سوێند و پەیمانمان دووپات دەکەینەوە.
ئەوڕۆ ژنان لە جیهاندا بە پێشەنگایەتی و فیداکاری بێ وێنەی ژنانی کورد، شەپۆلێکی نۆێی تێکۆشانیان بە زانیاری زۆرتر و بە شێوازێکی رێخستن کراوتر بە مەبەستی وەدەست هێنانی ماف و پێگەی مرۆڤ بوون بەرزکردووەتەوە و بێگۆمان ئەمەش ترس و دڵەڕاوکەیەکی گەورەی لەنێو پەرگالی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتی هەرێمی ساز کردووە، جا بۆیەش سیاسەتی کوشتن و سڕینەوەی ژن لە ئاستی ناسنامەی جەستەیی و زەینییەتی لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان پەیرەو دەکەن. بەڵام لە بەرامبەری ئەو هەموو هێرشانە ژنانی کورد بە بێ راوەستان، شێوەیەکی نۆیان بەخشیوە بە ئەو شەڕەی کە زهنییەتی پاوانخوازی پیاوی دەسەڵاتدار لەسەر کۆمەڵگا و سرۆشتی دەیسەپێنێ. ئیدی ژن و کۆمەڵگا نابن بە قوربانی ئەو شەڕە و ڕۆلی دیارکەریان هەیە لە خۆڕاگری و داڕشتنی پەرگالی ئاڵتێرناتیڤ و پڕۆژەی چارەسەری بۆ ئەو قەیرانە دەسکردەی پەرگالی دەسەڵاتدار، دەتوانین بڵێین ئەمانە هەمووی لەسەر هێڵی تێکۆشانی پێشەنگ و ڕێبینی ڕێگای ئازادی هەڤاڵانێ وەکوو هەڤاڵ زەینەب کناجی شێوەی گرتووە.
هەڤاڵ زیلان لە ساڵی ١٩٩٦ بە چالاکی فیداییانە لە بەرامبەر ئەرتەشی رژێمی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا، هەڵوێستی بۆ رزگاری نەتەوەیی و پاراستنی گەوهەری راستەقینەی ژنی ئازاد نواند. بێگۆمان ئەم چالاکییە تەنیا لە بەرامبەر سەربازی رژێمی فاشیست نەبوو، لەڕاستیدا وەک لە نامەی ئەو شەهیدە بەرز و بەڕێزە دیار کراوە، چالاکییەک بوو بۆ سەلماندنی حەقیقەتی دۆزی گەلی کورد و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنی کورد لە بەرەی پێش و تێکۆشان بۆ پاراستنی نرخ و ناسنامەی مێژوویی خۆی. هەڤاڵ زیلان بە پەیامی خۆێ بۆ رێبەر ئاپۆ کە خۆڵقێنەر و هێزی بووژانەوەی ژن و کۆمەڵگای ژێردەست و داگیرکراوە، دیار دەکات کە چەندە لە بیر و بڕوای خۆیدا زووڵاڵ و زانیارە و لە گەیشتن بە سەرکەوتن بەبڕیارە. بێگومان دەنگی تەقینەوەی چالاکییەکەی هەڤاڵ زیلان، هەموو کوردستان و بە تایبەت ژنانی جارێکی تر هۆشیار کردەوە کە لە پێناو گەیشتن بە ژیانی ئازاد و خۆڵقاندنی کەسایەتی بە ئیرادە ڕوو لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی بکەن. هەر لەم بنەمایەدا یەکێک لەو هەڤاڵە پێشەنگانەی تەڤگەری ئاپۆیی کە نەتەنیا ناوی شەهید زیلانی هەڵگرتبوو بەڵکوو دەیهەویست خۆی لە بیر و بڕوای ئازادیخوازی قووڵ بکاتەوە، هەڤاڵ زیلان پەپوولە بوو. هەڤاڵمان لەتیفە سەلامەت ناسراو بە زیلان پەپوولە کە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، بە کەلتووری نیشتمان پەروەری لەسەر بنەمای مێژووی خۆڕاگری ژنی کورد راهاتبوو و بە ناسینی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە کەسایەتی هەڤاڵ زەینەب کناجی خۆی نواندبوو. ئەو ژنە قارەمانە بێ سەردانەواندن و دوودڵی لە ڕێپێوانی ڕێگای شۆڕشی ئازادی کە هەڤاڵ زەینەب کناجی سەرقافڵەکەی لەئەستۆ گرتبوو، لە ٣٠ حوزێرانیی ساڵی ٢٠٠٦ لە شاری مەریوان لە بەرامبەر هێزی داگیرکەری کۆماری سێدارەی ئێران جارێکی تر ئاگری مەشخەڵی ڕزگاری گەل، نەتەوە و هاوڕەگەزانی گەشاندەوە. هەڤاڵ زیلان کە بۆ راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕی خۆی کە پەروەردە و بە رێخستن کردنی ژنان و کۆمەڵگا لە بەرامبەر پەرگالی چەوسێنەری بەناو ئیسلامی بوو، کۆبوونەوەیەک بۆ بیرەوەری ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ زەینەب کناجی ساز دەکات، لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی رژێم و بە کرێگیراوانی کۆماری سێدارە بریندار و پاشان ئەسیر دەبێت. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەم مامۆستا مەزنە، گواستنەوەی ئەو ڕاستینە مێژووییەی ژنی کورد و ئەو جیهانبینییەی کە هەڤاڵ زەینەب کناجی لە سەر رووابوو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بوو و هەتا رۆژی ئەوڕۆش ژنانی رۆژهەڵات بەو پەروەردەیە کە لە شەهید زیلان پەپوولە وەریان گرتووە لە هەوڵدانی بۆنیادنانی کۆمەڵگای ئازادن.
لە سەردەمێکدا ئێمە نزیکی ساڵڕۆژی شەهادەتی ئەو ژنە پێشەنگانە دەبینەوە کە ژنان لە هەموو بوارێکەوە ڕووبەڕووی هێرشی رژێمی ئێران و پێکهاتە چەتە سفەتەکانی دەبنەوە، بۆیە لەو بڕوایەداین کە هێڵی تێکۆشان و شیوەی ژیان و خەباتی زیلانەکان تاکە رێگای چارەسەری کێشەی ژنانە کە وەکوو بنەمای تەواوی قەیران و ئالۆزییە کوژەرانەیەکە بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووەتەوە. ئەم هێڵە تێکۆشانە بۆ ئێمە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بانگەوازی یەکگرتن و پتەوکردنی تێکۆشان بۆ خۆبەرێوەبردن و پاراستنی گەوهەرییە لەبەرامبەر هەرجۆرە دەستدرێژی، سێدارە، چەوساندنەوەی گەلان، توواندنەوە و سەرکوت کردنی جەوانان. ئەوڕۆ هێزی پاراستنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان HPJ لەنێو پەرگالی KJAR کە پەرگالی کۆنفەدێڕاڵیزمی دیمۆکڕاتیکە بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە بە هێمای ورە، هیوا و ئاواکردنی هێزی ژنان.
لەسەر ئەم بنەمایە لە کۆتاییدا جارێکی تر سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی ساڵڕۆژی هەڤاڵانی شەهیدمان لە مانگی حوزێرانی سوێندی بەرزکردنەوەی تێکۆشانمان لە بەرامبەر پەرگالی فاشیست و پیاوسالار بۆ پێشخستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە، ئێران و کوردستان دووپات دەکەینەوە و لەو بڕوایەداین کە تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی سروشتی خۆمان دەتوانین شۆڕشی ژنان مسۆگەر بکەین.
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کژار) – ٣٠ حوزێرانی ٢٠٢٢