• تاگەکان: , ,

    شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن

    5 ئایار, 2021

    لە کەسایتی ڕێی هەڤاڵی شەهیدمان ، دایە نیشتمان تەواوی شەهیدانی ڕێگای  ئازادی گەل و نیشتمان بەبیر دەهێنینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لە بەردەم قامەتی شەهیدان دادەنەوێنین .

    وەک بزووتنەوەی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بە بۆنەی شەهادەتی هەڤاڵ نیشتمان سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و گەلی کورد دەکەین .

    ڕێی هەڤاڵی شەهیدمان ، هەڤاڵ نیشتمان لە ناوچەیەک لە دایک بوو کە بە شوێنی تێکۆشان و بەرخۆدان لە مێژووی گەلی کوردا پێناسە دەکرێت و بێگومان ئەم تایبەتمەندیەش لە کەسایەتی دایکی شۆڕشگێڕمان دایە نیشتمان دا خۆی بەرجەستە کردبوو و هەر بەو ڕۆحیەتەوە گەورە بوو و بوو بە دایکێکی نموونەو ڕۆڵەکانی لە سەر بنەمای نێشتمان پەروەری پێگەیاند و لە پێناو بەدیهێنانی مافەڕەواکانی گەلەکەی پێشکەشیانی کرد بە بزووتنەوەی ئازادی خوازی کورد. هەر بەمەشەوە نەوەستاو دواتر خۆی و هاوژینی بڕیاری بەشدار بوونیان لە ڕێزەکانی گەریلا دا و بەشداری بزووتنەوەی ئازادی خوازی بوون و بۆ تەنیا ساتێکیش بە دوو دڵی نەژیا و پەرەی بە تێکۆشان و خەباتی خۆی دا.

    دایە نیشتمان نەتەوەیی بوونی لە کەسایەتی خۆی دا پێک هێناو هەر بەو ڕۆحیەتەوە ئەو سنوورە دەستکردانەی کە داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان دایاننابوو شکاندی و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە دژی عەقڵیەتی داگیرکاری خاک و نیشتمان پەرەی بە تێکۆشان و خەبات دا و هاوکات لە پێناو بەهێز کردن و بەئیرادە کردنی ژنان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە لە بواری بیردۆزی دا خۆی قۆڵتر بکات تا بتوانێت ببێت بە وڵام دەرەوەی داخوازیەکانی ژنانی ئازار چێشتووی وڵاتەکەی .

    بێگومان ژنانی شۆڕشگێڕی وەکوو دایە نیشتمان وزە و ئیرادە دەبەخشێت بە بزووتنەوەی ئازادی خوازی و مایەی شانازی و سەربەرزیە بۆ ئێمە وەکوو گەلی کورد کە دایکانی وەکوو دایە نیشتمانمان هەیە ، لە ڕاستیدا هەڤاڵ نیشتمان بەرپرسیاریەتی ناوی خۆی کە نیشتمان بوو له ئەستۆ گرت و لەو پێناوەش دا گەیشتە ئاستی بەرزی شەهادەت .

    بێگومان ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەی کە ڕێی هەڤاڵی شەهیدمان “شەهین جیهانی” ناسراو بە” دایە نیشتمان ” لە سەر شانی دانابوو وەکوو میراسێک بۆ ئێمەی بەجێ هێشتووە و لە ئێستادا پێویستە کە گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بەتایبەت ژنان بە بڵند کردنی ئاستی تێکۆشانیان ببن بە میرات گری  تێکۆشانی هەڤاڵ نیشتمان و بیکەن بە نموونە و لە سەر ئەم بنەمایە ڕۆڵەکانی خۆیان پەروەرده بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی شەهیدان کە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیکە .

    جارێکی دیکە وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕوژهەڵاتی کوردستان (کژار) پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد دەکەین و پەیمانی خۆمان نوێ دەکەینەوە تا بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی شەهیدانمان لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین.

    کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار

    ۲۰۲۱/٥/٤



    کژار