ئاکامی ھەڵبژاردنێک کە بنەماکەی “رجل سیاسی” (پیاوانی سیاسی ) بێت، قەڵاچۆ کردنی ژنانە

25 نیسان, 2021

هەڵبژاردن یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسیە، کۆمەڵگایەک کە بتوانێت لە چوارچێوەی ئێرادەیەکەی ئازاد، خۆی بەڕێوە ببات و هەموو چین و تووێژی کۆمەڵگا، جیاوازییە نەتەوەیی، کولتووری، زمانی و باوەڕییەکان لەو بەڕێوەبەریەدا بەشداریان هەبێت، بێگومان ئەو کۆمەڵگایە، کۆمەڵگایەکی زیندووە. مودێڕنیتەی _کاپیتالیزم و مودێلی دەوڵەت_نەتەوە، بۆ  هێشتنەوە و بەردەوامیدان بە هەبوونیان، لە چوارچێوەی سیاسەتی قۆرخکارانەی خۆیان، لە درێژەی تەمەنی خۆیاندا، ویستویانە هەموو هێزەکانی کۆمەڵگا، بە تاک و کۆمەڵەوە بغافلێنن و بیانخەنە ناو  وەهمی بەشداری کردن لەسیاسەت. لە راستیدا، بە بەکارهێنانی تەڵەکەی لیبرال دیموکراسی، هەول ئەدەن کە لەژێر ناوی مافی دەنگدان، ئیرادەی کۆمەڵگا بێدەنگ بکەن.

 بێگومان لە نەتیجەی سیاسەتێکی بەو  چەشنە، سیستەمێکی قەیراناوی و ئاڵۆز دێتە ئاراوە کە رۆژ لە دوای رۆژ  گۆڕەپانی ژیان زیاتر بۆ کۆمەڵگا بەرتەسکتر دەبێتەوە. دەوڵەت ــنەتەوە، هەمووکات هەوڵی ئەوە دەدات کە بە دەمامەکی دیموکراسی و بە دانانی یاسا و رێسا و گەمارۆدانی کۆمەڵگا، چالاک‌بوون و زیندووبوونی کۆمەڵگا لە ناو ببات. دەوڵەتی ئێران هاوتەریب و بە شێوەیەکی قەیراناویتر، لە گەڵ ئەم ئاڵۆزییە جیهانییە، بەرەو  پێش دەڕوات و رۆژ بە دوای رۆژ زیاتر قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری ، کولتووری و…، لە ژێر سێبەری سیستەمی وەلایەتی فەقی بەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێت و رێگای هەناسەدانی لێ ئاستەنگ دەکات.

سیاسەتی سەرمایەی جیهانی و کاریگەرییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوین و هاوکات کردەوەکانی سیستەمی وەلایەتی فەقی لە گەلێک بوارەوە پێکەوە گرێدراون و  بۆ بەردەوامی هەبوونی  سیستەمی سەرمایەداری تەواوکەری یەکن. ئەگەر ئاوڕێک لە کارنامەی ٤٢ ساڵەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەینەوە، پڕاوپڕە لەو سیاسەت و کردەوانەی کە بۆ بەردەوامی هەبوونی خۆی لە سەر کۆمەڵگا سەپاندوویەتی. کۆمەڵکۆژیەکانی دەهەی ٦٠ لە سەرتاسەری ئێران، کۆمەڵکۆژیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تورکەمەن سەحرا لە سەرەتای بەسەرکارهاتنیەوە،  قەتڵە زەنجیرەیەکانی دەهەی ٧٠، سەرکوت کردنی ناڕەزایەتییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (آبان ماه ١٣٩٨)، کۆمەڵکۆژ کردنی گەلی بەلوچ، رەشبگیریەکانی رۆژهەڵاتی کۆردستان و…. هەریەکەیان لاپەڕەیەکن لەو کارنامە رەشەی کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران چەندە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا دەکەوێتە ناو ئاڵۆزی و لاوازی لە بەرانبەردا ئەوەندە لە ناوخۆ کۆمەڵگا دەچەوسێنێتەوە. لەم چوارچێوەشدا دەست دەبات بۆ هەر چەشنە کردەوە و سیاسەتێک بۆ لە ناوبردنی ئیرادەی کۆمەڵگا. کردەوەگەلێک لە چەشنی گرتن، زیندانی کردن، ئەشکەنجە، ترساندن و تۆقاندن، ئێعدام و هەر کردەوەیەکیتر بۆ بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا.

گوشاری دەرەکی، پەرتەوازەیی و کەلێنی نێوان بەرێوەبەری رژێم، قەیران و گەمارۆ ئابووریەکان و بارودۆخی نالەباری کۆمەڵگا لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە هەوڵدانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە هەرێمەکەدا، لە ئاستێکی بەرزدا کۆمەڵگای تەنگەتاو کردووە. وەک دەزانرێت سەبری ئیستراتژیک، دروشمی دەوڵەتی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانانە بوو، بەڵام ئەوەی کە دیارە، دەنگی دروشمی سەبری ئیستراتژیک، تەنیا لە سەر سفرەی خالی کۆمەڵگا دەبیسترێتەوە.

لە راستیدا سیستەمی وەلایەتی فەقی لە کارنامەی ٤٢ ساڵەی خۆیدا، بە سیاسەتی برسی هێشتنی کۆمەڵگا، فەلسەفەی چاوەڕوانی (ئینتزار)ی پێش خستووە  و ئەیهه وێ کۆمەڵگا بگەینێ بەو قەناعەتە کە بۆ خۆی ئیرادەیەکی ئەوتۆی نیە و هەموو کات پێویستە چاوەڕوان بێت کە هێزیک بێت و رزگاری بکات و ببێت بە فریاد رەسی.

بە نزیک بوونەوە لە سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری، ئەوەی کە دیارە، رژیم هەوڵ دەدات ئەو بار و دۆخە ئاڵۆزە بقۆزێتەوە و بیکات بە دەرفەتێک تا جارێکی دیکە رەوایەتی بدات بە هەبوونی خۆی. بۆیە فەلسەفەی چاوەڕوانی خستووەتە گەڕ. لە سیاسەتی دەرەوە پەنا دەبات بۆ هەرزانفرۆشکردنی جوغرافیا و دوڵەمەندی ژێرزەوی و سەرزەوی گەلانی ئیران و گەڕانەوە بۆ سەردەمی گرێبەستی تورکەمانچای و لە سیاسەتی ناوخۆیش ئەیەوەێ بە کەڵک وەرگرتنی ئامرازی و کەرەسەیی لە کۆمەڵگا و بە تایبەتی ژنان، بۆ جارێکی دیکە رەوایەتی بدات بە هەبوونی خۆی. بەڵام ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوو  بینیمان، ئەوە بوو کە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، گەلانی ئێران لە سەر شەقام وڵامیان داوەتەوە نە لە سەر سەندۆقەکان. ئەم پەیامەی کۆمەڵگا زۆر راشکاوانە دیاری کردووە کە کاتێک پێوان و پێوەری دیموکراسی پارێزراو نەبێ ، دەنگدان لە سەر شەقامە، نە لەسەر سەندۆق.

لە ڕاستیدا، رژیمی دژە ژنی ئێران، هەرە زۆر بازار گەرمی خۆی لە سەر ژنان و جه وانان بەرێوە دەبات. لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی١٤٠٠، دیسان کایە بە وشەکان (بازی با کلمات ) دەستی پێ کردووە. بەکارهێنانی رجلی سیاسی (پیاوانی سیاسی)  کە بەردەوام لەلایەن سیستمە پیاوسالارەکان، بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی وەلاخستنی رۆڵی ژنان لە سیاسەتدا، کەڵکی لێ وەرگیراوە و لەم رێگەدا سیاسەتی دیموکراتیک بەلاڕێدا براوە، جارێکی دیکە ئەبیتە رۆژەڤی گەرم لەلایەن شورای نگەهبانەوە. لە مێژووی تێکۆشانی ژنان لە ئێران دا و لە شوڕشی مەشروتەوە تا ئەمڕۆ، ئەوەی کە روون و ئاشکرایە، ژنان هەموو کات یەکێک لە هێزەکانی پارێزەری دیموکراسی بوونە. شوێن پەنجەی ژنان لە شۆڕشی مەشروتە و شۆڕشی گەلانی ئێران دیارە. بەڵام لە کۆتاییدا، شۆڕش بووەتە بە دژە شۆڕش و بەرامبەر بە ژنان بە کار هێندراوە. ژنان کە لە شۆڕشی مەشرووتە پێشەنگایەتیان دەکرد، مافی دەنگدانیان پێنەدرا. ئەمڕۆش دەبینین کە بە چەشنێکی تر مێژوو بۆ ژنان دووپات دەبێتەوە و لە رۆژی ئەمڕۆ دا، دەبینین کە رۆحانی بە وەعدی هەبوونی ژن لە کابینەی خۆی دا و بە رەنگی مۆر کە نیشانەی رەنگی ژنە، دێتە گۆڕەپانی هەڵبژاردن، بەڵام دوای ئەوەی کە لە پرد دەپەڕێتەو، دەلێ ژنان لەو ئاستە دا نین کە سیاسەت بکەن و  تەنیا رجلی سیاسین کە دەتوانن لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بن.

 لە ماوەی ٨ سال سەرۆکۆماری رۆحانی دا، ١١١ ژن لە سیدارە دراون و ئەمەش بەشێک لە پلانە رەشەکانی دەوڵەتی تەدبیر و هیوایە کە بۆ ژنانی دیار کردووە. قڵاچۆکردن و لە ناوبردنی ژنان تەنیا بە جەستە نیە و دەتوانین بڵین: لەناوبردنی جەستەیی بۆ ژنان کە دەکوژرێن یا لە بێچارەیی کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، دوایین رێگەیە کە بەرۆکی ژنان دەگرێتەوە. ئەوەندە زۆر زووتر لەوە لە گۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری ژنان رووبەڕووی کوشتن بوونەتەوە. بۆ وێنە ژنان بۆ ئەوەی کە ببن بە خاوەنی منداڵ یان نەبن، بڕیاردەر نین و ئەوە هاوژین، قاضی و مەلاکانن کە بریاردەرن و دیاری دەکەن کە ژن دەتوانێ کورتاژ بکات یان ناتوانێت. ئەمە بۆ خۆی نموونەیەکە کە دێتە واتای قەڵاچۆکردنی ژنان.

ئەوەی کە زور لە بەر چاو ە، تابلویەک پڕ لە ناکۆکی و پارادۆکسە کە لە یاسای بنەڕەتی ئێران دا هەیە. لە مژاری هەبوونی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی دا لە ئەسڵی ١١٥ی یاسای بنەڕەتیدا، دەبینین کە پیاو بوون وەکوو شەرتی بنەڕەتی سەرۆکۆماربوون نیە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو پارادۆکسەش تا ئێستا شورای نگەهبان هیچ روونکردنەوەیکی بۆ وشەی رجالی سیاسی دیار نکردووە. لە راستیدا، چاوەڕوانی لەوەی کە رژێمێکی دژە ژن وەک کۆماری ئیسلامی، رۆڵ و پێگە بدات بە ژن،  خەون و خەیاڵێک زیاتر نییە. لە ژێر سیستەمێکی وادا، جێگا و دەنگی ژنانی ئازادیخواز و  پەیجۆری ئازادی لە ئێران، پشتی مێڵەکانی زیندانە. کاتێک بنەمای یاسایەک بەپێ زێهنییەتی رەگەزپارێزی، ئیسلام گەرایی و نیژادپەرەستی پێکدێت و خۆی بە سەر کۆمەڵگا دا دەسەپێنێ، ناتوانین بڵین کە چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان و جیاوازییە نەتەوەیی، کولتووری و باوەڕیەکان دەتوانن هەبوون و ئێرادەی خۆیان تێدا ببینن. بۆیە دەسکەوتی رژیمی وەلایەتی فەقی و  یاسا و رێساکانی بۆ ژنان و گەلان شتێک جیاوازتر لە قەڵاچۆکردن و لەسێدارەدان نەبووە و نییە.

 ئەوە راستییەکی کۆمەڵگایە، تا کاتێک ژنان لە هەموو گۆرەپانەکان هەبوونیان نەبێت، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگا نایێتە ئاراوە. رژیمی پیاوسالار و ژرنتۆکراسی (پیر سەروەری) ئێران هەموو گۆڕەپانەکانی ژیانی ئاراستەی رجلی سیاسی (پیاوە سیاسییەکان) کردووە و تەنیا ئەو ژنانە دەتوانن لە مەیدان بن کە بە رواڵەت و جەستە ژن بن، بەڵام بە زێهنییەت نوێنەری پیاو بن. بۆ  وێنە جێگری (معاونی) کار و باری ژنان و بنەماڵە کە ژنە و لای خۆیەوە ناوەندەکەیان یەکێک لەو ناوەندانەیە کە بە پلان و پروژەکانی، مەشروعیەت ئەدات بە سیاسەتی دژە ژن و لەم بوارەدا گەڵاڵەی جورواجور بۆ پاراستنی ژنان و گوایە بۆ دابین کردنی ئاسایشی ژنان دەداتە دەرەوە، بەڵام کاتێک ژنێک وەک، زەهرا ئیسماعیلی سەرەڕای ئەوە کە جەڵدەی دڵ لێدابوو، لە سێدارە دەدرێت، نقەیان لێوە نەهات. بە پێچەوانەی بانگەشەیان لە رەوشێکی وەهادا، هیچ باسێک لە دابین کردنی ئاسایشی ژنان ناکرێت و پلان و پروژەیان نامێنی. بۆیە لێرە دەتوانین بڵێین کە زێهنیەتی رجلی سیاسی و مەزهەبی، ئەم جارە بە دەستی ژن، ژن لەناو دەبات و هەست و روانگەی ژن بێکاریگەر دەکات. ئەمەش بۆ خۆی چەشنێک لە قەڵاچۆکردنی سیاسەت، ژن و کۆمەڵگایە.

لە دۆخێکی ئاواهادا ئێمە وەکوو  _کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان _کەژار، لە چوارچێوەی هەڵمەتی _لە دژی سێدارە و قەڵاچۆکردنی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە _ ، هەموو سیاسەتە دزێوەکانی ئێران کە لە سەر ئەساسی زەعیفە کردنی ژنان و زەعیفە کردنی کۆمەڵگایە، مەحکوم دەکەین و دەیخەینە ژیر لێپرسینەوە. ئەمە لە ڕاستیدا ڕێز لێنان و خاوەنداریکردنە لە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆڕاگرانە و ڕادیکاڵی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە بەرانبەبەر هەموو جۆرە سیاسەتە دژە ژنەکانی ڕژیمی نادێمۆکراتیکی ئێران. نزیک بوونەوە لە هەلبژارتنەکانی سەرۆكۆماری و شۆرای شار و گوندەکان، لە چوارچێوەی کەمپەینی _لە دژی سێدارە و قەڵاچۆکردنی سیاسی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە_ ، هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەکەین. ئەوەی کە گەلانی ئێران لە درێژەی ١٢ خۆلی پێشووی هەڵبژاردنەکان بە دەوڵەتیان سەلماند، ئەوەیە کە لە پێناسەی راستەقینەی دیموکراسی دەگەڕن و دەوڵەتەکانی پێشو و دەوڵەتی تەدبیر و هیواش (تدبیر و امید)  لە گەڵیبێت، بە هیچ شێوەیەک نەیانتوانیوە داهاتووی کۆمەڵگا گەرەنتی بکەن. دووپاتی دەکەینەوە کە گەرەنتی هەبوونی کۆمەڵگا لە یەکگرتنی شەپولی خۆڕاگری گەلان دایە کە خۆیان لە بازنەی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی دوورخستووەتەوە. ئیتر گەلانی ئێران و نەتەوە بندەستەکان بە دوای فەریادڕەس لە دەرەوەی خۆیان ناگەڕن و ئەیانەوێ خۆیان ببن بە هێزی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان. ئەمەش دێتە واتای زیندووبوونی هێزی خۆبەڕێوەبەری گەوهەری کۆمەڵگا و هێلی سێهەم.

لە راستیدا ئاستی هوشیاری کۆمەڵگا ئەوەندە بەرزە، کە گەلان بتوانن بژاردەی خۆیان بە پێ زیندوو بوونی پێوانە دیموکراتیکەکان دەست نیشان بکەن. لەم مژارەدا پێویستە کۆمەڵگا بە گشتی، ژنان و جەوانان بە تایبەتی هوشیار بن کە ئێرادەی خۆیان نەفرۆشن و بە زانابوونەوە هەڵسەنگاندن بۆ زیندووکردنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازاد بکەن . کە ئەوەش نە لە سەر سەندوقەکان، بەڵکوو لە سەر شەقامەکان دیار دەبێت.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کۆردستان، کەژار

25.04.2021