• تاگەکان:

    ئەو یەکێتییەی لە ناو پەکەکە دا هاتۆتەدی گەورەترین عەشقە

    20 ئازار, 2021

    لەبەرگیراو لە پەرتووکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ژیانی نوێ (عەبدوڵڵا ئۆجالان)

    رۆژی جیهانی ژنان لەهەمان‌کاتدا رۆژی کوردانیشە. یەکەمجار لە ٨ی مارسی ١٩٨٧دا هەوڵم‌دا کە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ بکەم. هەر لە یەکەم رۆژەوە وتم کە پێویستە کێشەی ئافرەت و هاتنەدی ئازادییەکەی لە ناو پەکەکەدا لەولاتری کێشەی رەگەزێکەوە و بە نزیکایەتییەک کە لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی قورسترە تاوتوێ بکرێت. ئەمەش جگە لەوەی کە نزیکایەتییەکی لەجێی خۆیدایەم هاوکات ئەو نزیکایەتییە راستەشە کە بۆ کێشەکە بکرێت. ئێستا ئەمە باشتر مایەی تێگەیشتنە، چونکە دەرفەتە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانی پارتمان لەمبارەیەوە لە قوڵبوونەوە و گەشەسەندندایە. لە رووی تاوتوێ‌کردنی دیاردە چینایەتی و نەتەوەییەکانەوە چەندە قوڵاییمان بەدەست هێناوە، ئەوا بەو ئەندازەیەش رەهەندی ترمان لەسەر تاوتوێ‌کردنی دیاردەی ئافرەت و تەنانەت پیاوانیش زیادکردووە.

    هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەوەیە کە ئەگەر لە جێگایەک ئافرەتێتی گەیشتبێتە رادەی بەرگەنەگرتن، هەروەها پیاوێتیش تا ئەو سنوورە هاتبێت، ئەوا یەکەم کار کە بکرێت ئەوەیە سەرت بخەیتە نێوان هەردوو لەپی دەستت و دەست بە بیرکردنەوە بکەیت لەسەر ئەوەیکە ئەمە بۆچی وەهای لێهاتووە.

    بەم دواییانە شێت‌بوون وەک مەیلێک لە کۆمەڵگادا دەستی بە پەرەسەندن کردووە؛ ئەوەی مناڵەکانی خۆی سەردەبڕێت، ئەوەی لە بەرزایی و پردەکانەوە خۆی فڕێ دەداتە خوارێ، دیسان ئەوانەی کە خۆیان دەکەنە ئامرازی سۆز و ئارەزووی هەرزان و بە جۆرێکیان لێدێت کە ناناسرێنەوە هەر یەکەیان بە جۆرێک نمونەی زۆربوونی ئەم شێتێتیییەیە. بە ئەندازەی ئافرەتان، پیاوانیش هەموو رێگاکانی پێشکەوتنیان بەلاوەناوە. لە بابەتی ئافرەت‌دا ئەوپەڕی خۆیان بەکار دەبەن، بە رادەیەک نازانرێت مردووە یان زیندوو و هیچ بە پێویستی نازانێت سنوورێکی روونی لە نێوان هەردووکیان‌دا هەبێت.

    سەرەتا بە پەیوەندی نێوان ئافرەت و ئازادی ئافرەت، پیاو و ئازادی پیاو دەست بە بابەتەکە دەکەین بەڵام، ئەمە بابەتێکی تابڵێی زەحمەتە. بێگومان ئەمە بابەتێکی زۆر هەمە لایەنە و ئێمە ناتوانین تیشک بخەینە سەر هەموو لایەنەکانی، تەنها ئەوەندە نەبێت کە سەرنجراکێشینە سەر هەندێک لایەنی و زیاتریش ئەو واتایەی کە لەناو مێژووی تێکۆشانەکەمان‌دا هەیەتی.

    ئافرەت بە وێنەی کاڵا و موڵکێک لە پێناویدا هەرەسهێنراوترین پەیوەندی دەگیرێتە بەر، بەڵام وەک هەبوونیش هیچ ناناسرێت، ئەوەیە کە دەڵێن بێ ئەو ژیان ناچێتە سەر و بەڵام لە هەمان‌کاتدا بەم رەوشەشیەوە هەرگیز ژیانی لەگەڵ نابرێتە سەر؛ ئەم پەیوەندیانە کە زۆرترین وابەستەبوویان هەیە و بەڵام لە راستیدا وابەستەیی چەواشە و بێ واتا دەکەن، بەتایبەتیش رەهەند و پێشکەوتنەکانی خێزان وەک دامەزراوەی سەرشێتی کۆمەڵایەتی لە ژیانماندا، مەودای ئەو پەیوەندیانەی کە بە شێوەیەکی زۆر سەیر کۆتایی بە ژیانی کۆمەڵایەتی دێنن، جیهانێکی تاسە و ئارەزوو کە هیچ واقعییەتێکی نەماوە، ئەو پەیوەندییانەی کە زۆر کوێرانە بۆی رادەکەن و بەڵام رووبەڕووی گەورەترین خیانەت دەبنەوە تێیدا و …هتد لە ژێر تەواوی ئەمانەدا ئێمە چۆن بەرگە بگرین؟ ئێمە چۆن لە ژێر ئەوەدا هەستینەوە: پەیوەندییەک کە زۆرترین رێز و باڵایی دەوێت، کراوەتە هەرەساوترین پەیوەندی کە  زۆرترین بێ رێزی تێدا دەکرێت؟

    کێشەکە لەسەر ئاستی جیهان‌دا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەر وڵات و نەتەوەیەک لە ئاست خۆیەوە کەم تا زۆر دەیەوێت شتێک پێشکەش بکات و بۆ ئەمەش لە ئافرەتان و خێزانەکانی خۆیانەوە دەست پێ دەکەن. رەنگە ئێستا هێزمان تێری ئەمە نەکات. مەبەستم ئەوەیە کە با لەبارەی نزیکایەتییەوە بۆ کێشەکە لەسەر ئاستی جیهان‌دا زۆر قسەی زل نەکەین، تەنانەت پێم وایە کە دەبێت لەسەر ئاستی کۆمەڵگەکەی خۆشمان‌دا هەمان  شت نەکەین. بەو پرسیارە دەست پێدەکەین کە ئایا دەکرێت ئەم کۆمەڵە بچووکەی پارتەکەمان چۆن ئامادە بکەین؟ لەمبارەیەوە خۆمان بە بەرپرسیار و ئەرکدار دەزانین. ئافرەت لە ئافرێتی خۆی و پیاویش لە پیاوێتی خۆی پەشیمانە. ئەگەر کارەکان لە جێگایەک راوەستن و ژیان لە هەموو روویەکەوە لەژێر هەڕەشەدایە و بواری درێژە پێدانی نەماوە، ئیتر دەکرێت باس لە کامە ئافرەت یان پیاو، کامە پەیوەندی و حەزلێکردنیان بکرێت؟ راستینەی پەکەکە لەم رووە رەوشێکی شایەستە بە سرنجی هەیە. بۆخۆی  تایبەتمەندی کورد بە گوێرەی تایبەتمەندی ئافرەتە. هەرچەندە لافی پیاوپارێزیش لێبدات ئەمە وەهایە. ئافرەت لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە چۆن چۆنی کرابێتە هیچ، ئەوا کۆمەڵگای کوردی و پیاوی کوردیش لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەهەمان شێوەن یان بە واتایەکی‌تر دەچنەوە سەر ئافرەت. ئەمە شتێکی شایستە بە لێکۆڵینەوەیە. پێم وایە کە تاکە جیاوازی نێوان ئافرەت و پیاو جیاوازییەکی زۆر سروشتی بایۆلۆژییانەیە کە یەکێکیا نێرە و ئەوەی‌تریان مێیە و بەدەر لەمە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوورییەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە. ناچارین لەمە تێبگەین چونکە بە جۆرێکی‌تر ناتوانین دەست دانێینە سەر برینەکە.

    پێشکەوتوویی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتیش  سیاسی و سەربازی شتێکن کە بۆ ئافرەت زۆر بیریان لێ ناکرێتەوە. وەک ئەوەی هەر لە ئەزەلەوە مەحکومی مێردێک و بەندکراوی دەستی بێت. لەناو کورددا پیاویش زۆر بە شوێن پێشکەوتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە نییە. پیاو چەندە مێردی ئافرەتە ئەوا داگیرکاران و قۆرغکارانیش بەو ئەندازەیە مێردی پیاوی کوردن. لێکچوونێکی زۆر سەیرە! بەڕاستی ئەمە واتایەکی زۆری هەیە. ئەوەی زۆر سەیرترە چەندە پیاو زیاتر لەم لایەنەوە لە ئافرەت بچێت، ئەوا کۆمەڵگا پیاوەکەشمان بەو ئەندازەیە سەوداسەری پیاوێتییەکی فیزیۆلۆژییانە دەبێت. زۆر بە ئاسانی دەتوانین لە رووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتووری، سەربازی و تەنانەت ئابووریشەوە بیسەلمێنین کە مرۆڤی کورد لە کۆمەڵگا وەدەرنراوە. هەر لە خۆتان بپرسن ئایا ئێوە سەربازن؟ نەخێر. ئەی سیاسەتمەداریتان پێ دەکرێت؟ نەخێر. باشە هیچ چالاکییەکی ئەوتۆی ئابووریانەتان هەیە؟ ئەمەشیان هەر نەخێر. ئەی لە کلتووری رەسەنی خۆتاندا دەژین؟ دیسان هەر نەخێر. ئافرەتیشمان هەر بە هەمان شێوەیە. کەواتە بۆچی ئەوەندە حەزتان لە تایبەتمەندی پیاوانەیە؟ بەڕاستی ئێوە تەنها سەوداسەری ئەوەن کە نمایشی پیاوێتییەکی فەلسەفەجییانە بکەن.

    شیمانەی هەرە لە پێش ئەمە لە ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە سەرچاوە دەگرێت. پیاوێک بێننە بەرچاوی  خۆتان کە لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا لە هەموو بوارێک وەدەرنرابێت، ئەو کۆمەڵانە بژمێرن کە لە خزمەتی داگیرکاریدان و گوایە ئەم پیاوە کراوەتە سەردەستێک بەسەریانەوە، ئینجا دەبێت ئەم پیاوە کە گوایە سەروەری هەموویانە چی بکات و لە چ رەوشێکدا بێت؟ چۆن رەوشی ئافرەت رەوشێکە هیچ بەرگەی ناگریت، رەوشی ئەم پیاوەش بە زیادەوە هەمان شتە. ئەم پیاوە لە هەموو بوارەکانی چالاکی کۆمەڵایەتیدا دۆڕاوە. کەواتە چۆن سەردەستی خۆی دەسەلمێنێت؟ تەماشای ئەملا و ئەولای خۆی و پیاوانی کۆمەڵگا و نەتەوەکانی‌تر دەکات و وەک ئەوەی وابێت بە خۆیشی دەڵێت پیاو! ئەگەری زۆری هەیە ئەم پیاوێتییەی خۆی بە فەنتێزیای  پیاوێتی سەرەتایی و تەقینەوە بەسەر ئافرەت‌دا پیشان بدات. پێویستە بەم جۆرە لە بەرەی دواوەی پیاوی کورد تێبگەین. لە کاتێکدا پیاوێکی زۆر بێ هێز و لاوازە و چاک دەزانێت کە چۆنیش بێ هێز کراوە، بۆ پەردەپۆش کردنی ئەمە شەیدای خۆ نەمایش کردنە وەک پیاوێکی بەهێز و هەوڵیش دەدات ئەمە بە هێزی سێکس بسەلمێنێت. لە راستیدا لە رووی سێکسیشەوە هێندە بەهێز نییە بەڵام، ناچارە خۆی وەها بنوێنێت و فێڵ بکات. پێم وایە ئەمە لە رێگای جل و بەرگ و خۆسەپاندنە پیاوانەکانییەوە لەناو خێزان‌دا دەکات.

    لە راستیدا لە هەموو روویەکەوە پیاو داخی دڵی خۆی لەبارەی دۆڕانییەوە، لەناو خێزان‌دا لەرێی خۆ زاڵ کردنەوە و بە بوون بە سەرۆک خێزانێکی دواکەوتوو بە ژن و مناڵەکانی دەرێژێت. بۆیە تاکی نێو خێزانی کوردی زۆر سەرلێشێواو و چەواشەیە. ئافرەت دەخرێتە رەوشێکی تێکشکاو و هەرەساوەوە، مناڵیش ناتەواو بەخێونەکراو گەورە دەکرێت. ئەم پیاوە لە ئافرەت زۆر زیاتر بەڵایەکی گەورەیە. لێخوڕینی ئافرەت لە لایەن پێگەی کۆمەڵگای پیاوسالارەوە مێژوویەکی کۆنی هەیەم، تا رۆژی ئەمڕۆشمان بە شێوە گۆڕینەوە درێژەی هەیە. ئەمەیان رەوشێکی گشتییە، بەڵام سەبارەت بە پیاو کەم کۆمەڵگا هەیە پیاوی وەک پیاوی کورد بێت. چەند کۆمەڵگا لە جیهان‌دا هەیە کە پیاوەکانیان وەک پیاوی کورد بن؟ بەڕاستیش ئەگەر دەست بە ژماردن بکەین دەبینین ئەمەی خۆمان لە رووی ئەم تایبەتبوونەیەوە تاقانەیە. هەر بۆیە من کێشەی پیاو زۆر بە قورستر دەزانم. چونکە پیاوێکی وەها لە هیچ کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا  بەدی ناکرێت. لێرەشەوە ئەگەر باش نەیناسین ئەوا سەبارەت بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکانیش نابێتە خاوەنی دەستنیشانکردنێکی راست. ئەگەر شێکردنەوەکانمان سەبارەت بە پیاو پێشنەخەین ناتوانین پیاوان بێنینە سەر رێ. بڕواناکەم پیاوێک شینەکرابێتەوە بێتە سەر رێی پارت‌بوون. پیاوێک لەناو خێزاندا وەها گەورە بوونێت و لە کۆمەڵگاشدا وەها سوڕابێتەوە هەرگیز نابێتە کەسێکی پارتانە.



    کژار