لەکەسایەتی شەهید سەکینە سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بە بیر دێنینەوە
9 كانونی دووهم, 2021هەشتەمین ساڵڕوژی تیرۆری سێ کەسایەتی تێکۆشەر و پێشەنگی گەلی کورد هەڤاڵ ساکینە جانسز ، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کەلە پاریسی پایتەختی فەرانسە بە دەستی تاریک پەرەستانی زەمانە بە توندی شەرمەزار و مەحکوم دەکەین و لە کەسەیەتی ئەو شەهیدانە تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەبیر دێنینەوە .
هەر وەک دەزانین هەڤاڵ سارا یەک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ئازادی خوازی گەلی کورد و هاوکات پێشەنگی ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن بوو و تەواوی ژیانی خۆی بە بێ دەقەیەک دوو دڵی و بێ پسانەوە تەرخان کرد لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلەکەی و هاوکات ژنان ، دەتوانین بڵێین کە تێکۆشانی هەڤاڵ سارا لە باکووری کوردستان دەستی پێ کرد و بەڵاوی پارچەکانی دیکەی کوردستان و هاوکات نەتەنیا کوردستان بەڵکوو دەکرێت بڵێین کە تێکۆشانی ئەو گەردوونی بوو ، گەردوونی بوونی خەباتی ئەو لە کاتی بەڕێ کردنی تەرمەکەی بۆ ماوای خۆی بە بەشداری هەزاران ژن لە کورد و نەتەوەکانی دیکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە .
ئەو تێکۆشانەی کە لە ئێستادا لە هەر چوار لای کوردستان بەڕێوە دەچێت ئەنجامی تێکۆشانی بێ وچانی هەڤاڵ سارا و ئەو هەڤاڵانەیە کە گیانی ئازیزیان لە پێناو پاراستنی خاک و گەل بەخت کرد ، ئەگەر چی لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەڤاڵ سارا بەجەستە لە ناو گەلەکەی دا نەبوو بەڵام ئەو بەساڵانێک بوو هەستی ئازادی وڵاتەکەی لە دڵ و ڕۆحی خۆیدا چاندبوو .
تێکۆشانی هەڤاڵ سارا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوازێکی بەرچاو لە سەر دەستی شەرڤانانی ئازادی گەیندرایە لووتکە و کاریگەری لە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد بێگومان ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ بەش نەبوو و ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانەی هەڤاڵ سارا کە لە شاخ و هاوکات لە ناو زیندانەکانی دەوڵەتی فاشیست و داپڵۆسێنەری تورکیا لە بەرامبەری عەقڵیەتی ڕەگەز پەرەست و قڕکەر بەڕێوەی برد بەهەمان شێوە قوتابیەکانی ئەو قوتابخانەیە لە شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناو زیندانەکانی ڕژێمی ئێران بە خوێنی خۆیان تۆوی بەرخۆدان و ئازایەتییان چاند و چۆکیان بە سیستەمی داپڵۆسێنەری ئێران دا هێنا و نموونەی هەرە بەرچاو هەڤاڵ شیرین عەلەمهوولی کە پەتی سێدارەی لە بەرامبەر داخوازییەکانی گەلەکەی دا مل کەچ کرد و هەر وەها بەرخۆدانی بێ وێنەی زەینەب جەلالیان و چەندەها زیندانی دیکە .
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت تێکۆشانی سارا ، مێژووی ئازادی ژنانە هەر بۆیەش بۆ بەردەوام کردنی ئەم تێکۆشانە و بە لووتکە گەیاندنی ئەم مێژوویە پێویستە ئێمەی ژنان لە هەر کوێیەک دەژین بە ڕۆحیەتێکی سارا ئاسا خۆیان بەڕێخستن بکەن و پەرە بە کار و خەباتی خۆیان بدەن .
لە کۆتایی دا جارێکی دیکە دەستی ڕەشی پشی ئەو قەتلووعامە شەرمەزار و مەحکووم دەکەین و بەڵێنی بەردەوام کردنی ڕێگای هەڤاڵ سار و هەڤاڵانی دەدەین .
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار
۲۰۲۱/۱/۹