گەڵاڵەی بودجەی ١٤٠٠ لە قوڵکەوە کەوتنە نێو بیرە

29 كانونی یه‌كه‌م, 2020

جوانا سنە

 

هەر دەچێ دەبینین کە لە هەناسە دواییەکانی دەوڵەتی روحانی ، هەوڵدان و پەلەقاژەکان بۆ درێژ کردنی تەمەنی رژیم زۆرتر دەبێ. لە هەمان کات‌دا دیاردەبێ ،کە روحانی هەوڵ دەدات کە بە بیرەوەریکی جوان، رۆژە رەشەکانی کۆمەڵگا پەردەپوش بکات . لە بەر ئەوەی کە سەرەتای بەرجام لە ناسنامەی دەولەتی ١٢ـهەم وەکوو دیتنی ئەو سەرابە بوو کە سالها وەکوو خەیالێک لێان دەڕوانی بەڵام، بۆ ماوەیک ئەو سەرابە کرا بە حەقیقەتێک. چەندەش بە رای روحانی هاتنی ، گوایە گەش بوو بەڵام، ڕۆیشتنی رەش بوو. چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و چڕکردنەوەی گەمارۆەکان لە سەر رژیمی ئێران بووە هۆی داڕمانی زیاتری ئابووری، هەژاری ، بێکاری و برسییەتی زیاتر .هەڵبژارتنەکانی سەرۆکۆماری ئامریکا و پێشبڕکی نێوانی ترامپ و بایدن ، دڵخۆشی بۆ گەڕانەوەی بایدن بە بەرجام لە دڵی دەوڵەت دا گەش کردۆتەوە بەڵام، ئەگەر گەڕانەوەش هەبێ ، چۆن و بە چ بەهایەک دیار نییە. تەنیا لە هەوڵی ئەوەدان کە بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەیان و درێژترکردنی تەمەنیان بیرەوەریە تاڵەکان، لە بیری کۆمەڵگا بسڕنەوە. بۆیە بە دوای دروست کردنی چاڵاوی نوێ بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێن. ناکوکیەکانی نێوان مەجلیس و دەوڵەت رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. کە ئەمە لە پەسەند کردنی پرۆژەیێک بە ناوی (اقدام راهبردی برای لغو تحریمها) واتا هەوڵدانی ستراتێژی بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان کە لە ٩ی سەرماوەزی ٩٩ مەجلیس پەسەندی کرد و یەک لە مادەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بوو ، کە نەک تەنیا گەمارۆ ئابووریەکانی هیچ کەم نەکردووە، بە پێچەوانەوە هەڵوێستەکان و گەمارۆەکانی زۆرترکردووە.ئەمەش  ئەوە دەخاتە بەر چاو کە لە ناکۆکیەکانی نێوان مەجلیس و دەوڵەت دیسانەوە کۆمەڵگا دەبێتە قوربانی .

  مێژوو و کارنامەی ٤٢ساڵەی رژێمی داگیرکەری ئێران پڕاوپڕە لە لاپەرەی سووری کۆمەڵکۆژی گەلان، ژنان، گەنجان ، باوەریەکان و …هتد.  ئەمە تابلۆیێکی نوێ نییە بەڵام، لە دەوڵەتی ١٢ـهەم ئەم شێوازە بە تەواوەتی رەوا کرا و هەوڵی ئەوە درا کە کۆمەڵگا لە بناخەوە بڕزێنن . وایان لێکرد کە مروڤ ببێ بە گورگی مرۆڤ. وای لێهات کە باوک بە داس سەری کچی خۆی ببڕێ. مندالی ٩ ساڵە لە بەر نەبوونی تەبلێتێک بۆ دەرس خۆێندن، خۆی بکۆژێ. کە جوانێک لە بەر داخوازی بۆ ماڤی رەوای خۆی لە سێدارە بدرێت. ئیتر چرکە بە چرکە ژینۆسایدی سروشت دەبینین. چرکە بە چرکە شەهیدی نانمان هەیە.هەر رۆژ خەڵک لە بەر لافاوەکان دا ماڵ وێران دەبن . هەر رۆژ دەستەواژەیەکی نوێ بۆ دیموکراسی، ئازادی و ئابووری دەدۆزنەوە. دیموکراسی دەکرێت بە گەلسالاری ئایینی(مردم‌سالاری دینی)، ئازادی بە زەنجیر کێشانی بیر و بڕوایە، ئابووری کراوە بە ئابووری خۆڕاگڕ(اقتصاد مقاومتی) کە ئەو خۆڕاگرییە بە تەنیا لە سەر کۆمەڵگا دەسەپێنرێت . لە بانگەوازی خامنەئی‌دا دەبینین کە کۆمەڵگا دەعوەتی یەکێتی نەتەوەیی دەکات، هەڵبەتە ئەو یەکێتی نەتەوەییە تەنیا بۆ گەلی سەردەست و برەودانی فاشیزمە. بەڵاو بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، سەرکۆتی ئازادیخوازان، زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و سڕینەوەی ئاسەواری دادپەروەری رۆژ لە دوای رۆژ زۆرتر دەبێ ، لێرە زۆر راشکاوانە دەیبینین کە دەوڵەت بووە بە لەڤیاتانێک کە کۆمەڵگا دادەقورتێنێت. ئەو بارودۆخە کە رژێمی داگیرکەری ئێران تێیدایە، کائووس و ئاڵۆزییەکە، کە بە هیچ مانۆڕێکی سیاسی ناتوانێ پەردەپوشی بکات و بیشارێتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە روحانی بۆ پێشکەش کردنی گەڵاڵەی بودجەی ١٤٠٠ دەڵێت:" ئەم گەڵاڵەیە بە تەواوەتی بە پێی داخوازییەکانی کۆمەڵگایە." پرسیار لێرەدایە کە داخوازی گەلان، داخوازی نان و کار و ئازادییە، داخوازی رەوای گەلان ،کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازادە . لە کۆمەڵگایەکی وەهادا چ پێویستی بە دوبەرابەر کردنی بودجەی سپاە و ئەرتش هەیە؟ لە بارودۆخێک کە گرانی لە لووتکە دایە و پاندێمی کۆرۆنا لە ئاستێکی هەره بەرزدا، داوێنی خەڵکی هەژاری گرتوە؛ بودجەی بەشی تەندروستی بۆ زیاتر نەکراوە؟ لە کاتێک کە هەر رۆژ لە کوردستان و باشووری ئێران بومەلەرزە و لافاو ماڵی خەڵك وێران دەکات، بۆچی بۆ بابەتە قەیرانییەکان (مسائل بحرانی) بودجە دابین نەکراوە؟ بودجەی رێکخراوی مێرک و دارستان  بە تەنیا٥٣٠ میلیارد تمەنە و ئەمە لە حاڵێكدایە کە تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە ٢٥ هەزار هیکتار لە دارستان و مێرگەکان بە دەستی رژێمی داگیرکەر سووتێندران. چاو خشاندنێک بە سەر گەڵاڵەی بودجەی ١٤٠٠ زۆر راشکاوانە پیلانی دەوڵەت بۆ گەلان دیار دەکات، کە  میلیتاریزە کردنی زۆرتری کۆمەڵگا، گرتن و سەپاندنی سیاسەتی بێدەنگی و بێ ئیرادەکردنی گەلان، باوەڕییەکان و نەتەوەکان بنەمای ئەو پیلانەیە. بێگومان ئەمە هەنگاو و سیاسەتێکی نوێ نییە بەڵام، بەرزترکردنی سیاسەتی نکۆڵی‌کردن و لەناوبردنی کۆمەڵگا دیار دەکات. لە کاتێک دا کە لە گۆرەپانی ئابووری هیچ جێگایک بۆ ژن نەماوە و رۆژانە خۆکۆژی ژنان دەبینین، دابین کردنی ٨ میلیارد و نیو بۆ پرۆژەی بنیادی قاسم سولەیمانی کە بە رێوەبەری زەینەب سولەیمانی بەرێوە دەڕوات. پارادوکس(ناکۆکی)ـەکان دەخاتە روو. بابەتێک کە دورروانین و فیکرە زێڕینەکانی دەوڵەت زۆرتر دەخاتە بەر چاو ئەوەیە کە ئەو بودجانەی کە گوایە بۆ کۆمەڵگا دیار کراوە لە کاتێک دا، دەتوانرێت دابین بکرێت کە گەمارۆە ئابووریەکان دابەزێت و دەوڵەت بتوانێت رۆژانە ٢ میلیون و ٣٠٠ هەزار بۆشکە نەوت بفروشێ کە ئەمەش وەکوو چیرۆکی ئەو مریشکەی لێهات کە کاتێ برسییە ، خەونی بوونی لە نێو عەنباری گەنم دا دەبینێ . ناشاردرێتەوە کە  پارەی ئەم پرۆژانە هەموو لە سەروەت و سامانی گەلانی ئێرانەوە دەدزرێت.

کۆمەڵگا و گەلانی ئێران و بە تایبەتی ژنان و گەنجان پێویستە ئەو بزانن کە دەوڵەت هیچ رێگا چارەسەرییەک بۆ دەرکەوتن لەم تەنگەژانە نادۆزێتەوە . لە بەر ئەوەی کە بۆ بەردەوامی خۆی، پێویستە هەموو کات کائووس و ئاڵۆزی هەبێ واتا رەمزی مایەندەبوونی دەوڵەت لە خۆڵقاندنی ئاڵۆزی بۆ کۆمەڵگایە. بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا هەموو کات پێویستی خۆی بە دەوڵەت ببینێ ،کە ئەمە لە کارنامەی رەشی ٤٢ ساڵەی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرایەوە دیاربوو.بۆیە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا ئەم سیاسەتانەی دەوڵەت-نەتەوە پووچەڵ بکاتەوە، پێویستە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک بناسێت و هەبوونی خۆی لە نێو ئەم سیستمە ببینێت . ئەوەی کە ناتوانین حاشای لێ بکەین هێزی کۆمەڵگایە و لە ناو کۆمەڵگاش هێزی ژنان و گەنجانە. کۆمەڵگا دەتوانێت بە پشت بەستن بە هێلی سییەم کە بڕوایە بە هێزی گەلان و بەرزگرتنی پاراستنی گەوهەری کۆمەڵگا، خۆی لە بەرامبەر سیاسەتی نکۆڵیگەری رژێمی داگیرکەر بپارێزێت و هەبوونی خۆی لە رێکخستن کردنی کۆمەڵگای دیموکراتیک دا ببینێت.