پارادۆکسەکانی رژیمی ئیران لە مێژە ئاشکرا بووه

22 تشرینی دووه‌م, 2020

جوانا سنە

مێژووی مروڤایەتی لێوانلێوە لە ئەو لاپەڕانەی کە مرۆڤ بۆ سەلماندنی هەبوونی خۆی، تیکۆشانی کردوە.  هەر چەشنە ئێش و ئازاری لەڕێگەی خۆڕاگری دا بە گیان پەژراندوە بۆ ئەوەی کە بە هەبوونی خۆی بگات و  لە هەمان کات دا لە واتای ژیان تێبگات. بۆ تێگەیشتن لە هەبوون و واتای ژیان لە بەرامبەرسروشت، مرۆڤ و هەر جورە مەترسییەک کە تەهدیدی کردوە لە ناو میکانیزمێکی خۆپاراستن دا بووە . دەتوانین بڵێین کە هەموو ئەو هەنگاوانە لە پێناو گەیشتن بە واتای ژیانە. لە بەر ئەوەی کە لە شوینیک کە واتا نەبێ ژیانیش نابێ  و تا تێگەیشتنیش نەبێ، گەیشتن بە واتا مسۆگەر نابێ. زۆر بوون، ئەو کەسانەی کە لە دوی گەیشتن بە واتای ژیان بوون بە لێگەڕوان و گەیشتن بەو وەڵامە کە بوونی واتا لە ژیان، بوونی ئازادیە و ئەمانە بئ یەک نابن. زیندوو بوونی ئەم دەستەواژانە دێتە واتای هەبوونی دەرفەتی گۆڕانکاری. کاتێک چاو بە سەر مێژووی ژن دا دەخشێنین، دەبینین که بە هەزاران ساڵە لە سێبەری زیهنییەتی پیاوسالاردا  ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی هەبوون بووەتەوە. بە تایبەت دوای فۆرم گرتنی دەوڵەت-نەتەوه، کێشەی ژن قووڵتربۆتەوە، هەر لە سەر ئەو بنەمایەیە کە رێبەر ئاپۆ دەڵێت ژن لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە دا بەرفراوانترین نەتەوەی داگیرکراوی کۆمەڵگەیە.لە کۆمەڵگەی ئەوڕۆدا تاک ۆ کۆمەڵگە لە یەک دابڕاون و لە هەمان کاتدا بنەما ئەخلاقی و سیاسیەکانی کۆمەڵگە داڕزاوە و دەتوانین بڵێین کە دەستەواژەکانی تاک، کۆمەڵگە، ئازادی و هەبوون بە لارێدا براون. ئەمەش هاوکات لە گەڵ خۆی دا دابەزینی ئاستی زانابوونی کۆمەڵگا و سست بوونی بنەماکانی کۆمەڵگا دێنێتە ئاراوە.ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئیسباتی هەبوون و زیندووبوونی کۆمەڵگا لە بار و دۆخی ژن لەو کۆمەڵگادا دیار دەبێت. کە ئەگەر لەم بابەتە دا چاو لە ئێران بکەین جگە لە هەوڵدان بۆ چیمەنتۆ کێشان بە سەر زیهنی کۆمەڵگا و راکێشانی چارشێوی رەش بە سەر شعوری کۆمەڵگا شتیکی دیکە نابینین. نزیک بوونەوە لە ٢٥ی نوامبر ساڵڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی تۆند و تیژی دژی ژنان جارێکی دیکە ئەم راستییە دەخاتە بەر چاو که ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو کێبڕکێی ژیان دان. بۆ پاراستنی روومەتیان، چرکە بە چرکە  شەپۆلی خۆڕاگری بەرزتر دەکەنەوە. هەر وەک دەزانین رژێمی پیرسالار و دژە ژنی ئێران، دەروازەکانی ژیانی بەرەو رووی ژنان دا بە تەواوەتی داخستوە و ژن هێشتا لە بن چەپۆکی ئەو زیهنیەتە دایە. سیاسەتی ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگا پێشەکی لە سەر ژنان دەسەپێنرێت، بە زیندان، سێدارە، ئەسیدپاشی، حیجابی زۆرە ملێ، فحوش، مادەی هۆشبەر و هەزاران کێشەی دیکە هەوڵی ئەوە دەدات کە گۆڕەپانی تێکۆشان بۆ ژنان تەسکتر بکاتەوە .بەڵام لەم ساڵانەی دوایی دا شەپۆلی خۆڕاگری ژنان نیشانی دا کە حیسابی پیرسالارەکان هەڵەی زۆری تێدایە و ئیدی ئاستی هۆشیاری و زانا بوونی ژنان بەرزتر لەوەیە کە بکەونە داوی نە چیروانەکانیان.

بە قۆناخێک دا تیپەر دەبین کە پارادۆکسەکانی سیاسەتی رژیمی ئێران بۆ کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان ئاشکرا بووە و ئیتر ناتوانێ دەرسەکانی دونیای سەرمایەداری بە نیقابی ئیسلامیەوە بە سەر کۆمەڵگا دا بسەلمێنێ. تایبەت تر لە بابەتی ژن دا کە وەکوو کرێکارێکی بێ دەستڕەنجی لێ کردوە و لە هەمان کات دا بە کڵاوە شەرعیەکانی ژنی کردوە بە ئۆبژەیەکی جنسی. ئەمانە هەموو بۆ ژنانی ئیران و رۆژهەلات وەکوو پشت پەردەگەلێکە کە ئاشکرا بوونە ئیتر ناشارێنەوە.

زیندان بووەتە قەڵای خۆڕاگری ژنان، رژێمی داگیرکاری ئێران ئەوە باش دەزانێ کە بە گواستنەوەی زەینەب جەلالیان لەم زیندان بۆ ئەو زیندان ناتوانێ ورەی ژنان دابەزێنێت و شەڕی دەروونی لە بەرامبەر کۆمەڵگا بەڕێوە ببات، چونکە ئەو راستییە دیارە، کە کاتێ ژنێک هێزی خۆی ناسی و گەیشت بە خۆبوونی خۆی، هیچ هێزێک ناتوانێ ئەو ورە و خۆباوەڕیە دابەزێنێ. بە پێچەوانەوە ئەرکی ژنان لەم قۆناخە و بە تایبەت لەم رۆژانە ئەمەیە کە ئەو سیاسەتە دژە مرۆڤانە و دژە ژنانەی رژێمی داگیرکار بخەنە روو و شەرمەزاری بکەن. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە خۆڕاگری ژنانێک وەکوو زەینەب جەلالیان، نەسرین ستودە، مەریەم ئیبراهیم وەند و هەزاران ژنی دیکە ئەوەی بە دوژمن سەلماندوە کە شەپۆلی خۆڕاگری سەردەکەوێ. پێویستە ژنان چاوەڕوانی ئەوە نەبن کە ئێران کێشەکانیان چارەسەر بکات لە بەر ئەوەی کە دەوڵەت بۆ خۆی فاکتۆری سەرەکەی دروست بوونی کێشەیە. بۆیە چاوەڕوانی چارەسەری لە رژێم وەکوو سەرابێکە کە گەیشتن پێی تەنیا وەکوو خەیاڵێکی خاوە. بە پێچەوانەوە تەنیا کلیلی چارەسەری کێشەی ژنان، ژنان و نەتەوەکان بۆ خۆیانن. لە سەر فیکر و ئیرادەیەکی ئازاد و پشت بەستن بە بنەمای خۆ رێکخستن کردن. لە بەر ئەوەی کە ئەساس و بناخەی ئازادی رێکخستن کردنە کە ئەوەش  مومکین نابێ مەگەر بە یەک گرتن و تێکۆشانێکی بە هێز.