رووی شاراوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی
9 تشرینی دووه‌م, 2020
نەرگیز ئەحمەدی
«پیاوان شه‌ڕ ده‌سپێده‌كه‌ن، ژنانیش به‌ڵا و ئازاره‌كه‌ی ده‌كێشن»
پێشتر نووسینێكم خوێنده‌وه كه باش له بیرم نه‌ماوه نووسه‌ره‌كی كێ بوو، رسته‌یه‌كی جوانی تێدابوو كه ده‌مهه‌وێت به‌و رسته‌یه ئه‌م نووسینه‌م ده‌سپێبكه‌م. لام وایه یه‌ك له بهواتهترین رستهكانه كه به‌باشی گوزاره له ناوه‌رۆكی ئه‌م گوتاره ده‌كات. لەو نووسینه‌دا وه‌ها هاتبوو: «پیاوان شه‌ڕ ده‌سپێده‌كه‌ن، ژنانیش به‌ڵا و ئازهرهكهی ده‌كێشن». له‌و قه‌ناعه‌ته‌دام كه له‌م دونیایه‌دا، ته‌نانه‌ت یه‌ك شهڕهشیش نه‌بووه كه ژنان ههڵیانگیرساندبێت. پێش نووسینی ئه‌م گوتاره، زۆر لێكۆڵینم كرد، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك زانیاری و ئاماژه‌یه‌كم ده‌ستنه‌كه‌وت كه ژنان شه‌ڕێكیان هه‌ڵگیرساندبێت.
ئەگەر لەسەر ئەم بابەتە لێکۆڵین بکرێت، له ئه‌نجامدا ده‌گه‌ین به‌و حه‌قیقه‌ته! هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر چاوێك له دیمه‌ن و وێنه‌كانی رابردوو هه‌تا رۆژی ئه‌مڕۆمان بكه‌ین، زۆر ئاسه‌وار و لێكهوتهوی هۆڤانه‌ی شه‌ڕ له سه‌ر ژنان ده‌بینین. له‌و دیمه‌ن و وینانهدا، ئه‌و مرۆڤانه، به تایبه‌ت ژنانێك ببینین كه ئێش و ئازاره‌كانی شه‌ڕ له‌سه‌ر روخساریان نه‌خشی به‌ستووه، بێ هیوا بوونه و له به‌خته‌وه‌ری دوورن. له سه‌ره‌تای مێژوو هه‌تا رۆژگاری ئه‌مڕۆ، ژنان بوونه‌ته قوربانی شهڕەكان. هه‌موو جۆره شه‌ڕێك، بۆ ژنان ره‌هه‌ندێكی هۆڤانه‌ی هه‌یه، به‌تایبه‌ت شه‌ڕە ناوخۆییه‌كان ده‌بنه هۆكاری له‌تمه و برینگهلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی قووڵ كه سارێژ نابن. له هه‌موو فهرههنگۆكهكاندا پێناسه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی به‌جیاوازییه‌كی زۆركهمهوه هه‌ر وه‌ك یه‌كه. «شه‌ڕی ناوخۆیی یان شه‌ڕی هاووڵاتی» بریتییه له: هه‌رجۆره شه‌ڕێكی چه‌كداری كه له نێوان باڵ و لایه‌نه جیاوازه سیاسی و ئایینیه‌كانی نێوان وڵاتێك به‌ڕێوه بچێت. هه‌رچه‌ن شه‌ڕی ناوخۆیی له هه‌ر وڵاتێكدا به‌چه‌شنی شه‌ڕی گرووپه چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته پێناسه بكرێت، به‌ڵام هه‌ر تێكهه‌ڵچوونێك بە واته‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی نییە. بۆ نمونە، كاتێ چین و توێژێك یا ره‌وتێكی ناو كۆمه‌ڵگا به هۆی ناڕەزایهتی له ده‌سه‌ڵات شه‌ڕ ده‌سپێده‌كات، ئه‌وه به‌واته‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی نییه. كاتێ ده‌توانی دهستهواژەی شه‌ڕی ناوخۆیی به‌كاربێنی كه گرووپه جیاوازه‌كانی ناو وڵات بكه‌ونه ناو شه‌ڕێكی به‌كاریگه‌ر و هه‌ر گروپێك به‌شێكی وڵات بخاته ژێر كۆنتڕۆلی خۆیه‌وه. به‌ڵام مه‌رج نییه كه له كۆتاییدا پارچه‌بوون و جودایی بێته ئاراوه. بۆ وێنه؛ له شه‌ڕی ناوخۆیی سووریادا كورده‌كان ئه‌و دۆخه‌یان له ئاراسته‌ی بهرژەوهندییهكانی گه‌لان به‌كارهێنا و شۆڕشێكیان سه‌رخست كه بوو به هۆی دامه‌زراندنی سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتیك. هه‌نووكه رژێمی سووریا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر به‌شێك له وڵات‌دا نه‌ماوه، به‌ڵام هێشتا درێژە به هه‌بوونی خۆی ده‌دات. ده‌توانین بڵێن ماڵ وێرانی و زه‌ره‌ر و زیانی شه‌ڕی ناوخۆیی له شه‌ڕی نێوان وڵاتان به‌یه‌كه‌وه، زیاتره. گرینگ‌ترین هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و تێكۆشان و شهڕەی كه له ناوخۆی وڵات‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت، به به‌راورد لەگه‌ڵ ئه‌و تێكۆشان و شهڕەی كه له‌به‌رابه‌ر وڵاتێكی دیكه هه‌یه، لێكه‌وته و برێنێكی گه‌وره‌تر له‌گه‌ڵ خۆی دێنێتە ئاراوه كه چاره‌سه‌ركردنی زۆر ئه‌سته‌م تره. هۆكاری سەرەکی ئه‌م ئه‌سته‌می و قووڵ بوونی برینه، ئه‌و به‌ڵا و ئازارانه‌یه كه به‌سه‌ر ژناندا دێت.
مه‌به‌ستی سەرەکی و په‌یامی ئه‌م بابه‌ته، دهرخستنهڕوو و ئاشكرا كردنی ئه‌و زهنییه‌ته باوك سالارییهیه كه له شه‌ڕی ناوخۆیدا ژنان ده‌كاته ئامانج و تووشی نه‌هامه‌تی و زیانیان ده‌كات. به‌واتایه‌كی دیكه، ئاشكرا كردنی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه له‌لایه‌ن زهنییه‌تی پیاوسالارهو بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ژناندا له ئارادایه. له بنگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی باوك سالاریدا، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ژن بخرێته ژێر كۆنتڕۆل، ده‌ستدرێژی و ئەتك كردن وه‌ك چه‌كێك به‌كار ده‌هێنرێت. له ململانێ و تێكهه‌ڵچوونی نێوان دوو كه‌س یا ئه‌و گرووپانه‌ی كه ده‌یانهه‌وێت له بواری سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی یا ئایینی‌دا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر یه‌كترا بسه‌پێنن، ژن وه‌ك ئۆبژەیهك به‌كار دێت، به‌چه‌شنی پارچه زه‌وینێك كه پێویسته فه‌تح بكرێت، جه‌سته‌ی ژن وه‌ك ئامرازێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. به پێی سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌كان، له شه‌ڕی بۆسنی، ده‌یان هه‌زار ژن رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی هاتوون. ده‌ستدرێژی سێكسی كه وه‌ك شه‌هوه‌تی جنسی پێناسهدهكرێت، له بنهڕەتدا، ئامانجی ده‌سه‌ڵاتداریه و واتایه‌كی ئایدیالۆژیكی هه‌یه. به‌گشتی، ده‌ستدرێژی و به‌زۆره‌ملێ به‌كارهێنانی جه‌سته‌ی ژن به‌چه‌شنی كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ تێركردنی شهههوتی جنسی له لایه‌ن پیاوه‌و پێناسه ده‌كرێت. به‌ڵام له بنگه‌ی ئه‌مه‌دا، زیاتر له شه‌هوه‌تی جنسی، به به‌كارهێنانی توندوتیژی هه‌وڵده‌دات ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له سه‌ر ژن به‌ڕێوه‌ببات، و ده‌یهه‌وێت به ژن و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بسه‌لمێنێت كه ده‌توانێ حوكم بكات. له كاتی شه‌ڕدا، ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر جه‌سته‌ی ژن ده‌كات، واتا جه‌سته‌ی ژن تاڵان ده‌كرێت. جه‌سته و رۆحی ژن ده‌كه‌ن به كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ خۆیان. له سیسته‌می باوك سالاریدا، هه‌ر له كۆنه‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی كه ژن وه‌ك ئۆبژەی كه‌س، گرووپ یان كۆمه‌ڵگایه‌ك له قهڵمدراوه، ئه‌وه‌ی كه له ئه‌نجامی تێكهه‌ڵچوون و شه‌ڕی لایه‌نه‌كاندا تووشی زه‌ره‌ر بووه، هه‌ر ژن بووه.
شه‌ڕ و ده‌ستدرێژی
له‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی كه له‌ناو شهڕەكاندا روو ده‌ده‌ن، جیا له ده‌ستدرێژی تاكه كه‌سی، زهنییه‌ت و تێگه‌یشتنی مڵكایهتی گرووپێك و هێرش كردن له لایه‌ن گرووپی به‌رامبه‌ر شاراوه‌یه. هه‌ربۆیه، له میانه‌ی شهڕەكاندا به تایبه‌ت شه‌ڕی ناوخۆیی، هۆكاری هێرشی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بۆ سه‌ر جه‌سته‌ی ژن و به‌كارهێنانی به چه‌شنی كه‌ره‌سه‌یه‌ك، پێویسته ببێت به بابه‌تی لێكۆڵین.
سه‌دان ساڵه كه ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژن به چه‌شنی «تاكتیكی شه‌ڕ» له لایه‌ن گرووپێكه‌وه له به‌رامبه‌ر گرووپی دیكه به ئامانجی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی به‌كاردێت. ده‌ستدرێژی سیسته‌ماتیك و به‌كۆمه‌ڵ، وه‌ك تاكه كه‌س ژنی وێران كردووه و له‌تمه و زیانی زۆری له بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگا داوه. به‌درێژایی مێژوو و له هه‌موو شهڕەكاندا، ده‌ستدرێژی هاتووه‌ته ئاراوه. له شه‌ڕی خاچپه‌رستان، شوالیه و حاجیه‌كان، له شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م، ئاڵمانیه‌كان كاتێ كه‌وتنه نێو بلجیكیا، له شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، كاتێ سوپای رووسیا به‌رەو به‌رلین پێشڕەوی كرد، سوپای پاكستان له به‌نگلادش و له ڤییێتنام سوپای ئه‌مریكا ده‌ستدرێژی سیستهماتیكیان پێكهێناوه و ئه‌و كاره‌شیان وه‌ك هێمای سه‌ركه‌وتن پیشانداوه. له كامپی نیشته‌جێ كردنی دیلكراوان ده‌ستدرێژی زۆر رووی داوه، هه‌روه‌ها له‌و شوێنهتایبهتانهی كه بۆ رابواردنی سه‌ربازه‌كان دروست كراون، له شه‌ڕی جیهانی دووه‌م بۆ ئه‌تك كردن و شكاندنی شكۆی ژنان به‌كارهاتوون. «براون میلر» ئه‌مه وه‌ك «قیزه‌ونترین شیوازی ئه‌تك و شكاندنی شكۆی ژن» پێناسه ده‌كات. ژنان له‌م كامپانه‌دا به بێ ئه‌وه‌ی كه دژكرده‌وه‌یان هه‌بێ له به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژی، ناچارن ئه‌و بارودۆخه قه‌بووڵ بكه‌ن، چوون ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست نیشان بده‌ن، ئه‌وا ده‌كوژرێن. له رۆژگاری ئه‌وڕۆشماندا _ كه رۆژێك نیه باسی مافی مرۆڤ نه‌كرێت و زانست و ته‌كنۆلۆژیاش گه‌یشتووه‌ته لووتكه_ دۆخه‌كه زۆر له‌وه جوداتر نییه. له نانكینگ، بوسنی، كۆزۆوا، روئاندا، سوودان، كۆلۆمبیا و ئێراق، ده‌ستدرێژی سیسته‌ماتیك وه‌ك تاكتیكی شه‌ڕ به‌كار دێت. جه‌سته‌ی ژن وه‌ك شار و وڵات مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و تاڵان ده‌كرێت. «میلیو» هۆكاری روودانی ئه‌و هه‌موو ده‌ستدرێژیه به سێ خاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی_ كه‌لتووری ده‌به‌ستێته‌وه كه بریتین له؛ «پێوانه كه‌لتووریه‌كانی ره‌گه‌ز و ئه‌وانه‌ی سه‌باره‌ت به ره‌گه‌زن»، ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و هێز. ژن له‌و كاته‌وه كه له‌دایك ده‌بێت له نێو ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه تیایدا گه‌وره ده‌بێت، وه‌ك ئۆبژە ته‌ماشا ده‌كرێت. وه‌ك هه‌موو گرووپه‌كانی دیكه، له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و روانگه‌شه‌وه فۆرم ده‌گرێت، ده‌یخه‌نه پله‌ی دووهه‌مین و وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌كی ئیفادهكردن كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن. ژن بوون، دێته واته‌ی له‌دایكبوون له شوێنكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پیاو، هه‌ر بۆیه وه‌ك به‌شێك له سامان و موڵكی پیاو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. كاریگه‌ری، تێگه‌یشتن و بۆچوونی پیاو به‌رده‌وام له‌سه‌ر ژن زاڵ ده‌بێت و ده‌روونی ده‌كرێت. هه‌ر له قۆناخه‌كانی ده‌سپێكی مێژوو هه‌تا رۆژی ئەمڕۆ، جه‌سته‌ی ژن وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی ئیفادهكردن به‌كار هێنراوه. كه‌لتوور و ئایدیالۆژیا به‌پێی به‌كارهێنانی جه‌سته‌ی ژن شکڵی گرتووه. ئه‌و پۆزسیۆنهش ژنی كردووه به كه‌ره‌سه. هه‌ر له كۆنه‌وه هه‌تا رۆژگاری ئەمڕۆ، ژن له لایه‌ن باوك، باوه ژن و براوه چاودێری و پارێزراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه به بێ پاراستن و چاودێری ناتوانێت ببێت به خاوه‌ن جه‌سته‌ی خۆی و به‌چه‌شنی سامان و ماڵێك كه پێویستی به پاراستن هه‌یه، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه. ئه‌وه‌ش بۆته هۆكاری ئەوەیکە تاقه_هاوسه‌ری و بهكارهت ببێتە مه‌رج و مهجبووریهت. ده‌ستدرێژی و تاوانێك كه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژن پێكهاتووه، وه‌ك ده‌ستدرێژی و تاوانێك له‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی پیاو هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه. وه‌ها دۆخێك، ئه‌نجامی سروشتی پێكهاته‌ی باوك سالارییه. ژن یه‌كه‌مین گرووپه كه له مێژوودا داگیركراوه. له بنگه‌ی ئه‌م داگیركاریهش، روانگه و بیروكهیهك شاراوه‌یه كه سه‌رچاوه‌ی خۆی له باوك سالاری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ده‌گرێت. زه‌خت و گوشار له سه‌ر ژنان له هه‌موو گۆڕەپان و كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ڕێوه ده‌چێت.
«ئانیا لۆمبا» له په‌رتووكی «كۆلۆنیالیسم_پوست كۆلۆنیالیسم» كه له ساڵی ۲۰۰۰ دا چاپ و بڵاو بۆته‌وه، له‌و باوهڕەدایه كه په‌یوه‌ندی ره‌گه‌زی و كۆلۆنیال له‌یه‌ك ده‌چن. لۆمبا سه‌رنج راده‌كێشێته سه‌ر ئه‌وه‌یكه له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كاندا، به‌تایبه‌ت له وێنه‌كاندا، وڵاتان به شكڵی ژن پیشانده‌درێن و وه‌هاش ده‌توانن خاوه‌نداریه‌تی لێ بكه‌ن، تاڵانی بكه‌ن، بیدۆزنه‌وه، فه‌تحی بكه‌ن. ژن و وڵات وه‌ك یه‌ك چاولێدهكرێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له قۆناخه‌كانی كۆلۆنیال له سه‌ره‌تاوه هه‌تا كۆتایی جه‌سته‌ی ژن هێمای وڵاتێك بووه كه فه‌تح كراوه. به‌پێی بیر و رای لۆمبا، فرۆیدیش ژیانی رەگەزی ژنان وێكچووی «وڵاتی ره‌ش» ده‌زانێت. پیاوانی كۆلۆنیالیست و ئه‌وانه‌ی كه ده‌بن به كۆلۆنی، هه‌رچه‌ن له‌بابەتی جۆراوجۆردا دژی یه‌ك تر بن، به‌ڵام له‌سه‌ر بابەتی ژن هاوڕا و هاوهه‌ڵوێستن. توندوتیژی و زه‌خت له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌چه‌ڵه‌ك و توندوتیژی ره‌گه‌زی له ده‌ستدرێژیدا یه‌ك ده‌گرن و ده‌بن به یه‌ك.
چه‌ن نموونه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی
به درێژایی مێژوو زۆر وڵات بوونه‌ته گۆڕەپانی شه‌ڕی ناوخۆیی، لێره‌دا ئاماژە به هێندیك له‌و شه‌ڕانه ده‌كه‌ین.
شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌مریكا له میانه‌ی ساڵانی ۱۸۶۱ تا ۱۸۶۵، شه‌ڕی ناوخۆیی ئێسپانیا ۱۹۳۶ تا ۱۹۳۹، شه‌ڕی ناوخۆیی لوبنان ۱۹۷۵ تا ۱۹۹۱، شه‌ڕی ناوخۆیی بۆسنی_كۆزۆوا له ۱۹۹۲ هه‌تا ۱۹۹۵، شه‌ڕی ناوخۆیی روئاندا له ۱۹۹۴ هه‌تا ۱۹۹۵، له ساڵی ۲۰۱۱ به‌م لاوه‌ش شه‌ڕی ناوخۆیی سووریاش ده‌ستیپێكرد و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه. به‌گشتی كاتێ لێكۆڵین له سه‌ر ئه‌و شه‌ڕانه ده‌كرێت، تابلۆی فێمێنیسید ده‌كه‌وێته به‌رچاو.
شه‌ڕی ناوخۆیی له ئه‌مریكا (۱۸۶۱ – ۱۸۶۵)
له‌م شهڕەدا زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س كوژران و له مێژووی ئه‌مریكادا، به‌گه‌وره‌ترین شه‌ڕ ده‌ناسرێت. هۆكاری ئه‌و شه‌ڕەش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا «ئابراهام لینكلن» (كه دواتر تیرۆر كرا) ویستی كۆیله‌داری له‌و وڵاته هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش بوو به هۆكاری هاتنه ئارای را و بۆچوونی جیاواز و دژكرده‌وه له ئه‌یاله‌ته‌كانی ئه‌مریكا. ئه‌یاله‌ته‌كانی باكووری ئه‌مریكا ئه‌و بڕیاره‌یان په‌سند كرد، به‌ڵام ۱۳ ئه‌یاله‌ت له باشوور له دژی ده‌ركه‌وتن. له سه‌د ساڵی نۆزده‌هه‌مین، له هه‌رێمه‌كانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا، كشتوكاڵ زۆر گه‌شه‌ی كردبوو و ببوو به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرینگ و گه‌وره‌ی ئابووری ئه‌و وڵاته. یه‌ك له‌و هۆكارانه‌ی كه ئه‌یاله‌ته‌كانی باشوور له دژی بڕیاری نه‌هێشتنی كۆیله‌داری بوون، ئه‌وه بوو كه، له مه‌زراكانی تووتوون و نهیشهكهردا، كه‌سانی ره‌شپێست كه له ئه‌فریقا به‌زۆره‌ملێ هێنابوویانن بۆ ئه‌مریكا، وه‌ك كۆیله كاریان پێده‌كردن. خاوه‌ن كار و كۆیلهداره سپی پێسته‌كان، ئازاد كردنی ئه‌و كۆیلانهیان به زهر و زیانێكی مه‌زن بۆ بهرژەوهندی خۆیان ده‌دیت، هه‌ر بۆیه له‌دژی بڕیاره‌كه‌ی لینكلین دهركهوهتن و ده‌ستیان دایه چه‌ك. له ئاكامی ئه‌م ململانێ و ئاڵۆزیانه‌دا، له ساڵێ ۱۸۶۱ دا شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌ستیپێكرد. ئه‌و شه‌ڕە هه‌تا ساڵی ١٨٦٥ كه كۆیله‌داری به ته‌واوه‌تی له‌و وڵاته هه‌ڵوه‌شایه‌وه، به‌رده‌وامی كرد. به‌پێی ئامار و به‌ڵگه فه‌رمییه‌كان، ۸۲۳ هه‌زار كه‌س له هه‌ر دوو لایه‌ن كوژراون. ۵۰۰ هه‌زار كه‌س بریندار و بێ سه‌روشوێن بوون. له كۆتایی شهڕەكهشدا، زۆربه‌ی ئه‌و مافانه‌ی كه به ره‌ش پێسته‌كان درابوو، له لایه‌ن سپی پێسته‌كانه‌وه دیسان زه‌وت كران. ره‌ش پێسته‌كان مافی ده‌نگدانیان پێ‌درابوو، به‌ڵام ئه‌و مافه ته‌نیا پیاوانی له‌خۆ ده‌گرت. به‌داخه‌وه ژنان له پاش ساڵی ۱۹۲۰ مافی ده‌نگدانیان پێدرا. ئه‌نجامی شهڕەكه ئه‌وه بوو كه قازانج و ده‌ستكه‌وتی ناڕەوای سپی پێسته‌كان له سه‌ر ره‌نج و كاری ره‌ش پێسته‌كان كۆتایی پێهات و ئابووری كشتوكاڵی سه‌رله‌نوێ بونیادنراوه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه زیاترین زه‌ره‌ر و زیانیان به‌ركه‌وت، ئه‌و ژنانه‌ی بوون كه هاوژین، باوك و برایان له‌ده‌ست دابوو.
شه‌ڕی ناوخۆیی له سوودان (۱۹۵۵ تا ۱۹۷۲_ ۱۹۸۵ تا ۲۰۰۵)
قۆناخی یه‌كه‌می شه‌ڕی ناوخۆیی سوودان له ساڵی ۱۹۵۵ ده‌ستیپێكرد و هه‌تا ساڵی ۱۹۷۲ به‌رده‌وام بوو، له ساڵی ۱۹۸۳ جارێكی دیكه شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا و هه‌تا ساڵی ۲۰۰۵ به واژۆ كردنی په‌یمانی ئاشتی كۆتایی پێهات. به پێی به‌ڵگه فه‌رمییه‌كان، نزیكه‌ی ۲ ملیۆن كه‌س گیانیان له‌ده‌س داوه. شهڕەكه له نێوان حكوومه‌تی سوودان و ئه‌ڕته‌شی رزگاری گه‌لی سوودان كه خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی باشووری وڵات بوون هاته ئاراوه. له كۆتایی شه‌ڕدا په‌یمانی ئاشتی واژۆ كرا و باشووری سوودان سەربەخۆیی وه‌ده‌ست خست و له ساڵی ۲۰۱۱ دا به ته‌واویی سه‌ربه‌خۆیی خۆی راگه‌یاند. به‌ڵام سارێژ كردنی برین و زامه‌كانی شه‌ڕ، كارێكی ئاسان نه‌بوو. برسییه‌تی، قات و قڕی و نه‌خۆشی له لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه‌وه، به ملیۆنان كه‌س له زێد و شوێنی خۆیان ده‌ركران و له تاراوگه‌دا تووشی نه‌هامه‌تی و كێشه‌ی زۆر بوون. له‌م شهڕەشدا، ژنان رفێنداران، كوژران و رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی بوونه‌وه، به‌رده‌وام بوونه قوربانی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی پیاوان. ئه‌و له‌تمه و ئێشه‌ی كه ژنان رووبه‌ڕووی بوونه‌وه، له ئاكامی ئه‌و مهحكهمانهی كه به‌ڕێوه‌چوون و ژنان بۆ خۆیان باسیان لێوه كرد، ئاشكرا بوو.
شه‌ڕی ناوخۆیی له جه‌زائێر (۱۹۹۱ تا ۲۰۰۲)
ئه‌م شه‌ڕە له نێوان گرووپه ئیسلامییه‌كان و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته له ساڵی ۱۹۹۱ تا ۲۰۰۲ هاته ئاراوه. ئه‌م وڵاته له ساڵی ۱۹۶۲ سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستخست و به حوكمی یه‌ك حزب به‌ڕێوه ده‌چوو، له ساڵه‌كانی ۱۹۸۰دا، ده‌سه‌ڵات به‌پیری داخوازی لایه‌نگرانی یه‌كسانی و به‌رابه‌ری چوو و له ئاكامی هه‌ڵبژاردنێكی فره حزبیدا، ئیسلامیه‌كان سه‌ركه‌وتن. لایه‌نه سكۆلاره‌كان نارازی بوون و له ئاكامدا شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا. له‌و شهڕەدا كه تا ساڵی ۲۰۰۲ به‌رده‌وام بوو، حكومه‌ت كۆنتڕۆلی ته‌وای وڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت و شه‌ڕ كۆتایی پێهات. له ساڵی ۱۹۹۹ سه‌رۆك كۆمار، «عه‌بدۆلعه‌زیز بوتفلیقه» له په‌یامی لێبووردنی ئیسلامییه‌كاندا، رایگه‌یاند لێبووردن ته‌نیا ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه كه به‌شداری جه‌نایه‌ت، ده‌ستدرێژی و هێرش كردن به بۆمبه نه‌بوونه. ئه‌و لێدوانه پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه له‌م شهڕەدا هه‌تا ئاستێكی به‌رز فێمێنیسید پێكهاتووه.
شه‌ڕی ناوخۆیی ئانگۆلا (۱۹۷۵ تا ۲۰۰۲)
ساڵی ۱۹۷۴ ئانگۆلا سه‌ربه‌خۆیی خۆی له وڵاتی پۆرتهقال وه‌رگرت، ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخه ناله‌باره‌ی كه به‌گشتی له كیشوه‌ری ئافریقا له ئارادا بوو، بوو به هۆكاری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆیی. ئه‌م شه‌ڕە كه بۆماوه‌ی 27 ساڵ درێژەی كێشا، بوو به هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی ۵۰۰ هه‌زار كه‌س. له ساڵی ۲۰۰۲ لایه‌نه‌كان گه‌یشتن به رێككه‌وتن و حكومه‌تێكی هاوبه‌شیان پێكهێنا. باس كردن له نه‌هامه‌تی و ئازاره‌كانی ئه‌وه شه‌ڕە به‌راستی زۆر ئه‌سته‌مه و ته‌نیا به‌گوتن و هێنانه زمانی وشه‌ی ئێش و ئازار ناتوانین ئه‌وه‌ی كه روویداوه باسی لێوه بكه‌ین. به‌س مهگر ئه‌وانه‌ی كه بۆ خۆیان له‌ناو جه‌رگه‌ی شهڕەكهدا بوون و به‌هه‌موو شێوازێك رووبه‌ڕووی ئازاره‌كانی بوونه‌ته‌وه بتوانن گوزاره‌ی لێبكه‌ن، به‌تایبه‌ت ژنان.
كاتێ ده‌ڵێن شه‌ڕ، چی دێته بیرتان؟
فرمێسكی سه‌ر گۆنای ئه‌و هه‌زاران ژنه‌ی كه هاوژینان له ده‌ست داوه؟ یان ده‌ستدرێژی به‌كۆمه‌ڵی هه‌زاران هۆڤ و دڕنده بۆ سه‌ر ژنان له پێش منداڵه‌كانیان، ئه‌وانه‌ی كه ناوی خۆیان ده‌نین پیاو؟ دوایین هاواری گه‌نجێك كه فیشه‌ك له سینگی كه‌وتووه؟ بێ وه‌ڵام مانه‌وه‌ی پرسیاری ئه‌و مناڵه‌ی كه به‌هۆی ده‌ستدرێژی له‌دایكببوو و كاتێ مه‌زن بوو، پرسیاری ده‌كرد دایك و باوكی من كێن؟ كامه‌یان؟ هه‌موویان یان هیچكامه‌یان؟ یان هیچكام له‌وانه ناتوانێت گوزاره له شه‌ڕی ناوخۆیی لوبنان بكات. به ده‌یان فلیم و دیمه‌ن تۆمار كراون، كران به گۆرانی و بابه‌تی رۆمان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێستا له ژنێك كه شه‌ڕی ناوخۆیی بینیوه و تێیدا ماوه پرسیار بكه‌یت، ده‌ڵێت: «كه‌س نازانێت من چیم به‌سه‌ر هاتووه!"
شه‌ڕی ناوخۆیی له لوبنان (۱۹۷۵ تا ۱۹۹۰)
قۆناخی شه‌ڕی سارد به شێوه‌یه‌كی جددی كاریگه‌ری له‌سه‌ر لوبنان دانا. به هۆی بونیاد نانی ئیسرائیل و نیشته‌جێ كردنی په‌نابه‌ر فه‌لستینییه‌كان له لوبنان (۳۵% حه‌شیمه‌تی لوبنان ئه‌و په‌نابه‌رانه بوون كه له نێوان ساڵه‌كانی ۱۹۷۶ تا ۱۹۹۰ هاتبوونه ئه‌و وڵاته) بوونه هۆكاری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئایینی. سه‌ره‌تا له نێوان مه‌سیحییه‌كانی لوبنان و په‌نابه‌ره فه‌لستینییه‌كان تێكهه‌ڵچوونی بچوووك هاتنه ئاراوه، دواتر به هاتنی گه‌ریلاكانی (رێكخستنی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین) بۆ لوبنان، په‌نابه‌ره‌كان ده‌ستیان دایه چه‌ك و له ئاكامدا شه‌ڕ له‌نێوان گرووپه جیاوازه‌كاندا هه‌ڵگیرسا. باكووری وڵات له لایه‌ن سووریا و باشووری وڵاتیش له لایه‌ن ئێسرائیل داگیركرا. ناكۆكی سووریا و ئێسرائێل له سه‌ر خاكی لوبنان له‌بواره جیاوازه‌كاندا په‌ره‌ی سه‌ند. له میانه‌ی ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی ۸۰ به‌یرووت بوو به وێرانه و خه‌ڵكه‌كه‌شی تووشی نه‌هامه‌تی و ئازاری زۆر بوون. له ساڵی ۱۹۷۵ هه‌تا ۱۹۹۰ كه شه‌ڕ كۆتایی پێهات، ۱۵۰ تا ۲۳۰ هه‌زار كه‌س له‌ناو چوون. نزیكه‌ی ۳۵۰ هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌سیش ناچار كران كه ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێ بهێڵێن. ئامارێكی وه‌ها بۆ وڵاتێكی بچووك وه‌ك لوبنان كه حه‌شیمه‌تێكی زۆری نییه، به‌واتای رووخاندنی ته‌واو بوو. هونه‌رمه‌ند «فیرووز» كه له كاتی شه‌ڕ وڵاته‌كی به‌جێ نه‌هێشت له گۆرانییه‌كی خۆیدا به‌ناوی «بۆ به‌یرووت» هه‌ست و ئازاره‌كانی زۆر كه‌سی لوبنانی هێناوه‌ته زمان و گوزاره له‌و كۆمه‌ڵكوژی و رووداوه بهئێشانهی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات. له روانگه‌ی ژنانه‌وه، هه‌موو شهڕەكان هۆڤانه و ترسناكن. لوبنان بوو به شاهیدی فێمێنیسیدێكی دیكه. له‌میانه‌ی شه‌ڕی ئه‌و گرووپانه‌دا، ژنان تووشی تهنگەتاوی بوون و نه‌هامه‌تییه‌كی زۆر بوون و باجی ئه‌و شهڕەیان دا كه به ده‌ستی پیاوان هه‌ڵگیرسابوو. ژماره‌یه‌كی زۆر له ژنانی ئه‌و وڵاته به هۆی شهڕەوه بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ده‌س چوو.
شه‌ڕی ناوخۆیی ئێسپانیا (۱۹۳۶_۱۹۳۹)
ئه‌م شه‌ڕە له نێوان نه‌ته‌وه په‌ره‌سته‌كان و كۆماریخوازهكاندا هاته ئاراوه. فرانكۆ له ساڵی ۱۹۳۶ له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی نێوان نه‌ته‌وه‌په‌ره‌سته‌كان ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت و له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانانی به‌ره‌ی گه‌ل راوه‌ستا. به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕە ناخۆییه‌وه كه سێ ساڵ به‌رده‌وام بوو، قۆناخێكی دیكتاتۆری هه‌تا ساڵی ۱۹۷۵ و مردنی فرانكۆ باڵی به سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا كێشا. به پێی به‌ڵگه‌كان، له‌م شهڕەدا، له‌نێوان ۵۰۰ تا ۶۳۰ هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا. پابلو پیكاسو له تابلۆی ره‌ش_سپی كه به‌رزییه‌كه‌ی ۵/۳ و دریژایی ۸/۷ مه‌تره، له روانگه‌یه‌كی هونه‌رییه‌وه هێرش بۆ سه‌ر مرۆڤه‌كان و ئازادی به‌باشی پیشان داوه. له‌م تابلۆ به‌ناوبانگه‌دا، ژن و دایكانێك پیشاندراون كه بۆ مناڵه كوژراوه‌كانیان هاوار ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی كه سه‌رله‌نوێ ئه‌و هیوایه‌ی كه له‌ده‌ستیاندابوو زیندووی بكه‌نه‌وه، چرایێكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه. ژنان به شێوازێكی تایبه‌ت بوونه ئامانجی هێرشی هێزه نه‌ته‌وه په‌رسته‌كان كه له‌ژێر فه‌رمانی فرانكۆدا بوون.
بۆسنی/ كۆزۆوا
له شه‌ڕی نێوان بۆشناك و سربهكاندا كه لانیكه‌م ۱۰۰ هه‌زار كه‌س كوژران، زیاترین نه‌هامه‌تی و ئازار رووبه‌ڕووی ژنان بوویه‌وه. ساڵی ۱۹۹۲ كاتێ بۆسنی سه‌ربه‌خۆیی و جودا بوونی له یۆگوسلاوی راگه‌یاند، سرب، كرۆوات و موسڵمانه‌كانی ئه‌و وڵاته كه‌وتنه ناو شه‌ڕێك كه سێ ساڵ به‌رداوم بوو. له‌م سێ ساڵه‌دا، ۵۰ هه‌زار ژنی موسڵمانی بۆسنیایی له لایه‌ن ئه‌رته‌شی سربهكانهوه له نێو كامپه‌كاندا رووبه‌ڕووی ئه‌شكه‌نجه و ده‌ستدرێژی بوونه‌وه، ئامانجی سربه‌كان، پاكتاوكردنی ئه‌تنیكی موسڵمانه‌كان بوو.
له راپۆرتی ساڵی ۲۰۱۰ ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، باس له راستییه‌كی وه‌ها به‌ئێش كراوه: «هیچ كات كه‌س نه‌یتوانیوه روونی بكاته‌وه كه له بۆسنی هرزگوین چه‌ن ژن رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی بوونه‌ته‌وه، یان به‌هۆی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌وه چه‌ن منداڵ له‌دایكبوونه، به‌س مەزەندە ده‌كرێت كه ئه‌م ئاماره به‌ده‌یان هه‌زار كه‌س بێت».
له‌پاش ۲۸ ساڵ، هێشتا نه‌هامه‌تی و ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و شه‌ڕە له‌سه‌ر ژنان ماوه. له‌و مه‌حكه‌مه‌یه كه دواتر له دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه چوو و چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وام بوو، زیاتر له هه‌ركه‌س ژنان باسیان له تاوانه‌كانی ئه‌و شه‌ڕە كرد و به‌دواداچوونیان بۆ كرد. له دادگای تاوانه‌كانی شه‌ڕ له لاهه چه‌ندین كه‌س وه‌ك؛ سه‌رۆكی پارتی سرب «رادۆڤان كارادزیج»، فه‌رمانداری ئه‌رته‌شی سرب «راتكۆ ملادیج» و ڤۆژادین پۆپۆویج به تۆمه‌تی پێكهێنانی كۆمه‌ڵكوژی له سربستان دادگایی و سزا دران. بۆ ئه‌وه‌ی كه ژنان باس له روودا و تاوانه‌كانی ئه‌و شه‌ره بكه‌ن، دواتر مهحكهمهیهكی تایبه‌ت به ژنانیش كرایه‌وه.
ده‌ستدرێژییه‌كان له شه‌ڕی ناوخۆیی بۆسنی
بۆ سزا دانی ئه‌و گرووپانه‌ی كه له دژی رژێم بوون یا ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه كه‌سێكیان به‌شداری چالاكی سیاسی له دژی رژێمی ده‌كرد، ده‌ستدرێژیان ده‌كرده سه‌ر ژنه‌كانیان و وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌كاریان ده‌هێنان. بۆ نموونه؛ زیاترین رێژەی ده‌ستدرێژییه‌كان هه‌تا ساڵی ۱۹۸۸ له بۆسنی، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ژنانه پێكهاتووه كه بنه‌ماڵه‌كانیان لایه‌نگری ئه‌رته‌شی ئازادی كۆزۆوا بوون. به پێی وته‌ی ئه‌و ژنانه‌ی كه له‌و هێرشانه رزگاریان بووه، ژنان له پێش چاوی برا، باوك یان ئه‌ندامانی دیكه‌ی بنه‌ماڵه‌یان رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی و هه‌تك بوونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه جه‌سته‌ی ژنان وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ سزا دان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه به‌كار هاتووه. «مهزناریج» (۱۹۹۴) وه‌ها باسی بارودۆخی ئه‌و كاته‌ی بۆسنی ده‌كات: «به هه‌زاران كه‌س بوونه قوربانی ده‌ستدرێژی به‌كۆمه‌ڵ، به‌تایبه‌ت كچانی ته‌مه‌ن ۷ تا ۱۴ ساڵ، ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ش له لایه‌ن چه‌ندین هێرشكار و له‌نێو بنه‌ماڵه‌كاندا ده‌قه‌ومان». له‌و شهڕەی كه له میانه‌ی ساڵه‌كانی ۱۹۹۲ هه‌تا ۱۹۹۵ له بۆسنی هاته ئاراوه، به‌شێوازێكی سیسته‌ماتیك ده‌ستدرێژی و توندوتیژی ره‌گه‌زی پێكده‌هات. ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی كه له بۆسنی ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته سه‌ر، ۲۰ تا ۵۰ هه‌زار كه‌س به‌راورد ده‌كرێن.
پێش ده‌سپێكردنی شه‌ڕ له بۆسنی، پێكهاته جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته كه به سه‌دان ساڵ به ئاسایش و ئارامی پێكه‌وه ژیاون، ۱۰% ی حه‌شیمه‌تیان به‌هۆی شهڕەوه، له‌ناوچوون. به‌پێی ئاماری سه‌رژمێری سالی ۱۹۹۱ حه‌شیمه‌تی ئه‌و وڵاته، ۴۳٫۵% موسڵمان، ۳۱٫۳% سرب، ۱۷٫۳% كرۆوات و ۶% یۆگۆسلاو بوونه. ئه‌وه‌ی دیكه‌ش پێكهاتبوو له كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك؛ چنگهنه، مه‌جار، قه‌ره‌داغی و یه‌هوودی. زیاترین هێرش و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنانی موسڵمان ئه‌نجام درا، هه‌ڵبه‌ت ژنانی پێكهاته‌كانی دیكه‌ش تووشی نه‌هامه‌تی و ئازاری زۆر بوونه. كوشتنی گه‌نجان و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر ژنانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه سرب نه‌بوون، به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك به‌ڕێوه‌ده‌چوو، یه‌ك له ئامانجه سه‌رەكییه‌كانی ئه‌و هێرشانه‌ش، كه‌م كردنه‌وه‌ی حه‌شیمه‌تی موسڵمانه‌كان بوو. سربه‌كان، له مانگی ته‌باخی ساڵی ١٩٩٢ له بۆسنی ۹۴ و له سربستان ۱۱ كامپی نیشته‌جێ كردنی دیله‌كانیان دروست كرد. هه‌روه‌ها به‌پێی به‌ڵگه‌كان، له ۱۷ خانووی تایبه‌تدا، ئه‌و ژنانه‌ی كه دیل كرابوون رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی ده‌كرانه‌وه.
سۆمالی
له شه‌ڕی ساڵی ۱۹۹۱ تا ۱۹۹۲ له سۆمالی، هه‌زاران كه‌س كوژران و نزیكه‌ی ۳۰۰ هه‌زار كه‌سیش به هۆی شه‌ڕ و هه‌ژاری ناچار بوون كۆچبه‌ر بن و ئه‌و وڵاته به‌جێ بهێڵن. به سه‌دان ژنی سۆمالیایی له نێو كامپی په‌نابه‌ران له كێنیا، له لایه‌ن سه‌ربازه‌كانه‌وه ده‌ستدرێژیان كرایه سه‌ر. ئه‌مه‌ش له راپۆرته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ئاماژەی پێكراوه. به‌پێی هه‌ندێك له‌و راپۆرتانه، كچی ته‌من ۴ ساڵیش ده‌ستدرێژی كراوه‌ته سه‌ر.
رواندا
له شه‌ڕی ناوخۆیی رواندا كه له ساڵی ۱۹۹۴ تا ۱۹۹۵ هاته ئاراوه، نزیكه‌ی ۸۰۰ هه‌زار مرۆڤ كوژراون. له‌م شهڕەدا كه رۆڵی فەرانسا و بلجیكیا تێدا بوو، هووتیهكان ده‌ستدرێژیان كرده سه‌ر ۲۵۰ تا ۵۰۰ هه‌زار ژنی «توتسی» كه بوو به هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ۵ هه‌زار منداڵ له دایك بن. ژنانی ئه‌و وڵاته له پێناو تیمار كردنی برینه‌كانی شه‌ڕ و نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و كاره‌ساته، هه‌نگاوی باشیان هه‌ڵگرت، ئێستاكه له كۆی ۸۰ ئه‌ندام پارلمانی ئه‌و وڵاته، ۵۴ كه‌سیان ژنن. له پاش ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه، كۆمه‌ڵێك یاسای باش سه‌باره‌ت به به‌رابه‌ری و یه‌كسانی ره‌گه‌زی له پارلمان په‌سندكران. له ئه‌نجامی تێكۆشان و هه‌وڵی ژنان، ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان وه‌ك تاوان له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤایه‌تی پێناسه‌كرا.
به‌نگلادش
له شه‌ڕی ساڵی ۱۹۷۰ كه له نێوان پاكستان و به‌نگلادشدا هاته ئاراوه، نزیكه‌ی ۲۰۰ هه‌زار ژنی به‌نگلادشی له لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی پاكستانه‌وه رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی بوونه‌وه. له ئه‌نجامی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌دا، ۲۵ هه‌زار ژن دووگیان بوون.
ئه‌فغانستان
ئه‌م وڵاته له ساڵی ۱۹۷۹ له لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و له ساڵی ۲۰۰۱ له لایه‌ن ئه‌مریكاوه داگیركرا، لێره‌ش هه‌مان كاره‌سات هاته ئاراوه. به‌پێی راپۆرته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هێزه داگیركه‌ره‌كان چوونه‌ته هه‌ر ناوچه‌یه‌ك، ده‌ستدرێژیان كردۆته سه‌ر سه‌دان ژن. ژنانیان ناچار كردووه كه به‌شداری فیلمی پۆرن بن و هه‌روه‌ها به‌شێكیشان فرۆشتن به‌و كه‌سانه‌ی كه بازرگانی به له‌شی ژنانه‌وه ده‌كه‌ن. له‌م وڵاته كه بووه به گۆڕەپانی شه‌ڕی ده‌وڵه‌ته ئێمپریالیسته‌كان، ژنان له پێناو پاراستنی خۆیان، ده‌ستیان دایه خۆبهرێكخستن كردن. ئه‌فغانستان خاوه‌ن پێشینه و كه‌لتوورێكی به‌رخۆدانی و تێكۆشانه، ژنانیش له‌به‌رامبه‌ر توندوتیژی ئیسلامییه كۆنه‌پارێز و پیاوسالاره‌كان و هه‌روه‌ها داگیركاری وڵاتانی ده‌ره‌وه، ساڵی ۱۹۷۷ «رێكخستنی ژنانی شۆرشگێری ئه‌فغان» یان دامه‌زراند. ئه‌م رێكخستنه و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی له رێكخستنه‌كانی ژنانی ئه‌و وڵاته، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ژنانه ده‌كه‌ن كه هێشتا سوورن له سه‌ر تێكۆشان و به‌رخۆدان.
عێراق
به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینانهی كه پاش داگیركردنی عێراق له لایه‌ن ئەمریكاوه له ساڵی ۲۰۰۳، ئه‌نجامدراون، زیاتر له سه‌د هه‌زار كه‌س كوژراون. ۴۴% قوربانیانی ئه‌و شه‌ڕە ژنان بوون. به هه‌زارن ژنی دیكه‌ش هاوژین و مناڵه‌كانیان له‌ده‌ست داوه. ژنان رووبه‌ڕووی تیرۆری ره‌گه‌زی بوونه‌ته‌وه كه هێشتاش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌كات. هێشتا ژماره‌ی ئه‌و ژنانەی كه كوژراون، ئه‌وانه‌ی كه بێوه‌ژن بوونه به روونی دیار نییه. ژنانی ئه‌و وڵاته له خۆپێشاندانه‌كانی دژی رژێم پێشه‌نگایه‌تیان كرد و تا ده‌چێ له پێناو به‌ده‌ست خستنی مافه‌كانیان په‌ره به به‌رخۆدان و تێكۆشان ده‌ده‌ن.
ئه‌نجام
لاپهڕەكانی مێژوو، پڕن له ئه‌و نه‌هامه‌تی و ئازارانه‌ی كه له‌ئه‌نجامی شهڕەكاندا مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌ت ژنان تووشی بوونه، به‌داخه‌وه به‌شێوه‌ی پێویست و باش ده‌رسی لێوه‌رنه‌گیراوه. ده‌ستدرێژی زۆر كرایه سه‌ر ژنان و به‌چه‌شنی كه‌ره‌سه‌یه‌ك به‌كاریان هێنان. له لوبنان، به‌نگلادش، ڤییێتنام و له زۆر شوێنی دیكه، ئه‌م ره‌وته له رۆژگاری ئەمرۆشماندا هه‌ربه‌رده‌وامه. له هه‌ر شوێنێك كه شه‌ڕی ناوخۆیی روو بدات، ژنان به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی فێمێنیسید ده‌بنه‌وه. كاتێك سه‌رنج بده‌یه‌نه سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی كه له ئه‌نجامی شهڕكاندا رووده‌ده‌ن، به باشی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌تا چ ئاستێك ژنان له بواری جەستەیی، سایكۆلۆژی و ره‌گه‌زییه‌وه تووشی رووخان و له‌تمه ده‌بن. هه‌تا تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌باره‌ت به ژنان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌یێت، بێگومان ئه‌و دۆخه هه‌ر به‌رده‌وام بكات. هه‌ر بۆیه پێویسته هه‌موو كۆمه‌ڵگا و له پێش هه‌ر كه‌سه‌وه ژنان به فێمێنیسید بڵێن ئیدی به‌سه و به شێوازێكی رێكخستنی تێكۆشان بكه‌ن.