فێمێنیسید چییە؟
5 تشرینی دووهم, 2020گۆلرۆخ حاتەمی
کاتێک ئێمە لە بواری مێژوویی، زانستی، وێژە، هونەر، پەروەردە، یاسا و رەهەندەکانی تر سەبارەت بە گۆڕەپانی ژیانی کۆمەڵایەتی لێکۆڵینەوە بکەین، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە دروشمی: "دەستپێک ژن بە ئامانج بگرن یان خود دەستپێک دەبێت ژن بمرێت" دووپات دەبێتەوە. کاتێک کە ئەوەش روودەدات؛ بە واتای سەپاندنی هەژموونی و زەوت کردنی مافی سرووشتی ژیان لە ژنە. سەرەڕای لەمپەرەکان لێپێچینەوە لەسەر بابەتەکان، یاسا، رێوەبەر و ئاکادێمیەکان رەوایەت بەم دۆخە کارەساتبارە دەدرێت. دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژن سەرلەنوێ و دووبارە ئاوا دەکرێت. دەتوانین بە بەرفراوانی باس لە پێشێل کردنی مافی ژیانی ژنان بکەین بەڵام، تایبەتمەندی سەرەکی بن پێکردنی مافەکان، بەسیستماتیک کردنیەتی. هۆکاری سەرەکی بە سیستماتیک بوونیشیان بریتین لە: سیاسەتی دەوڵەت کە بە زانابوون و بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە نێو سیستەمی کۆمەڵایەتی، سیاسی، یاسایی، پەروەردەیی، ئابووری و …هتد؛ کە بێ وەچان و بە زانابوونەوە ریزیان دەکات و چینایەتی ئاوا دەکات، ناهێڵێت کە ژنان وشیار بن، ناچار و دەستەمۆیان دەکات و بەمشێوەیە دوژمنایەتی ژن بە شێوەی چالاکی، گوتار و کرداری تەشەنە پێ دەدات. لە درێژایی مێژوو تا بە ئەمڕۆ لەسەرجەم قۆناخەکاندا چالاکانی ژن لە دژی قڕکردنی ژن وەستاونەتەوە و تێدەکۆشن.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا جەنایەت یاخود کوشتنی ژنان بۆتە هۆی لەباربردنی مافی ژیانی بە سەدان و تەنانەت بە هەزاران ژن. ژن بە شێوەیەکی سیستەماتیک یەک لە دوای یەک دەکوژرێن بەڵام، ئەو کوشتنانە وەک رووداوێکی تاکانە و بە تەنیا لەقەڵەم دەدرێن، تاکوو لایەنی سیاسی ئەم کوشتنانە پەردەپۆش بکرێت. راستییەک کە ژن لە ئەنجامی دەستووری بنەڕەتی، سزانەکردن و دوژمنایەتی پیاو و دام و دەزگای دەوڵەتەکانەوە دەکوژرێن، هەڵدەسەنگێندرێت. ئەگەر ئەمڕۆ وتەی:" جەنایەتی ژن" کەوتۆتە سەر زارمان و بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم دەستەواژەیە کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ئەو کاتە ئاشکرایە کە ئەمە تەنیا لە قووڕنەیەکی جیهاندا بوونی نییە؛ چونکە ئەمە لەلایەن زیهنییەتی پیاوسالار، سەرمایەدار و کۆمەڵگای رەگەزپارێزەوە بۆتە خاوەن چۆنایەتییەکی گەردوونی. لەم سۆنگەیەوە؛ پێویستە چارەسەریش لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێشبخرێت. بۆ ئەوەی کە بتوانین بە شێوەیەکی راستەقینە باس لە ناوەڕۆکی دەستەواژەکانی بێرحم بوون، دوژمنایەتی و رەوایەت بەخشینی کردارەکانی سەر ژن بکەین، پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی باش بۆ دەستەواژەکانی: قڕکردنی ژن، قڕکردنی رەگەز، جەنایەتی ژن، فێمێنیسید (Femenicide) بکەین. بەڵام، هاوشێوەی ئەوەی کە لە هەر بابەتێکدا ناکۆکی یەکگرتن هەیە، هەمان دۆخ بۆ ئەم بابەتەش لە ئارادایە و زۆر بیر و رای جیاواز لەسەر ئەم بابەتەدا هەیە. ئێمە لەم بابەتەدا لەسەر دەستەواژە و شێوازی بەکار هێنانیان لێکۆڵینەوە دەکەین.
قڕکردنی ژنان لە زمانی نێونەتەوەییدا
قڕکردنی ژن لە لیتراتۆری نێونەتەوییدا وەک دەستەواژەی ' فێمێنیسید' گوزارشتی لێکراوە. فێمێنیسید لە ساڵی ١٩٧٠ بە دواوە بە پیاوێتییەک کە لەلایەن سیستەمەوە بەهێز کراوە و گۆڕەپانی دەسەڵاتی بۆ ئاواکراوە و بە هەوڵدانەکانی بۆ چەوساندنەوەی ژن، وەکوو دەستەواژەیەکی سیاسەتی قڕکردنی سیستەماتیک لەسەر ژن؛ بەکار هێندراوە. هەرچەندە بە گشتی فێمێنیسید وەک" کوشتنی ژن یاخود کچان بە زانابوونەوە" پێناسە کرابێت، پەیوەست بە گۆڕانکاری کلتوورە جیاوازەکان، فێمێنیسید (جەنایەتی ژن) گوزارشتە لە تاوانێکی نەفرەتی کە خۆی دەسپێرێتە رەگەزپارێزی. نووسەری فێمێنیست دایانا راسێل ( Diana E.H.RUSSELL) کە خەڵکی ئەفریقای باشوورە، بە داهێنەر و تەشەنەپێدەری ئەم دەستەواژەیە لە ساڵی ١٩٧٦دا ناسراوە. ئەم دەستەواژەیەی بە " ژن، بە هۆی ژن بوونییەوە لە لایەن پیاوەوە دەکوژرێت" پێناسە کردووە. بەڵام سەرجەم فێمێنیستەکان لە سەر ئەم بابەتەدا هاوڕا نین. بە گوێرەی هێندێک لە فێمێنیستەکان ئەم شیکارییە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ بتوانێت فێمێنیسید پێناسە بکات، قەتیسە و پێویستە گرنگی ئامانجێک کە بە تایبەت ژن بە هۆی ژن بوونییەوە بە ئامانج دەگیردرێت، بخرێتە بەرچاو. بابەتێکیتر کە شایانی ئاماژە پێکردنە ئەوەیە کە ئەو ژنانەی بە هەزاران ساڵە لە ژێر چەپۆکی زهنیەتی باڵادەستی پیاو دەژین و لە نێو سیستەمێکدا کە پیاوسالارە گەورە دەبن، دەتوانن هاورەگەزەکانیان بە ئامانج بگرن و بیانکوژن. بابەتێک کە بە گشتی هاوڕان ئەوەیە کە پێویستە کوشتنی ژنان، لە کوشتنی گشتی جیا بکرێنەوە.
ئیدی وێڕای هۆمیسید (homicide) کە بە واتا کوشتنی یەک کەسە، فێمێنیسیدیش کە ئاماژە بە رەگەزی کەسێک کە کوژراوە دەکات، چۆتە نێو لیتراتۆرەوە. لە ساڵانی ١٩٩٠ـیشدا بە سایەی تێکۆشانی ژن و ئاکادێمیستەکانی ژنەوە دەبێتە خاوەن ناوەڕۆکێک کە دەتوانێت پێشوازی لە رەگەزی کۆمەڵگا بکات. کوشتنی ژنان بە هۆی هۆکارگەلێک کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ رەگەزپارێزی کۆمەڵگا، نیشاندەری مەترسی دۆخێکە کە لە جیهاندا بەرفراوان بووە و ئەمەش وایکرد کە بەکارهێنانی فێمێنیسید لە زمانەکانی جیا لە زمانی ئینگلیزیش پەرەی پێ بدرێت.
هەڵبەتە لەو کاتەدا پێناسەکردنی بابەتەکە لەروانگەی کوژەر، چۆن و بەهۆی چییەوە کوژراوە، جیاوازییەک درووست دەکات. کوشتنی ژنان بە بیانووگەلێکی وەک: نامووس، کوشتنی نەژادپەرەستی، لە پەیوەندی ئێنسێست ( ensest) واتا دەستدرێژی نێو خێزان و لە ئاکامی دەستدرێژیدا مردن یاخود لە کوشتنی ژن و منداڵانیش، دەبینرێت کە دیاردەی جیاوازیش هەیە. هەروەها لە جوگرافیای جیاوازدا، نەدانی بەشە میراتی ژن، بێ ئیزنی خێزان هاوسەرگیری کردن، پەیوەندی دانان یاخود هاوڕێیەتی کردن لەگەڵ پیاوێک کە ئەندامی بنەماڵە نییە و بۆ خێزانگەلێک کە وەکوو بووک بچێت، جیاز نەبردن و …هتد لە هۆکارەکانی کوشتنی ژنانن.
ئەو کاتە هۆکاری سەرەکی ئەو جەنایەتە لەلایەن پیاوە چییە؟ ئایا لەبەر ئەوەوەیە کە ئەو جەنایەتە لە بەرامبەر ژنان بە هۆی رەگەزپارێزییەوە دەکرێت؟ پێویستە کە ئێمە راستی کوشتنی ژنان لە یاد نەکەین کە بەهۆی دوژمنایەتی ژنانەوە پێکدێن و ژن تەنیا لە لایەن پیاوەوە ناکوژرێت. بۆ نمونە لە هیندوستان ئەگەر بوکە تازەکان جیازەکەیان کە بۆ ماڵی زاوای دەبەن کەم بدرێت، ئەو ژنە دەسووتێندرێت و لێرەدا رۆڵی سەرەکیش خەسوو دەیگێڕێت. بەم رووداوە دۆوری فێمێنیسید " dowry feminicid" واتا کوشتنی ژنان بۆ جیاز دەگووترێت. یاخود بەوێنەی زۆر لە کوشتنەکانی ژنان کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەبینرێت، پێش کوشتنی ژنان، ژن بەشداری مەجلیسی "خێزان" دەکرێت و ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە بە هۆی میسۆژینیست((misojinist واتا دوژمنایەتی ژن، ژنان دەکوژرێن.
بۆ نمونە لە رۆژنامەکانی ئەمڕۆکەدا، دۆخێک کە هەیە: جیا لەوەی کە فێمێنیسید وەک هەستی دوژمنایەتییەک لە دژی ژن کرابێت، پێناسە دەکەن؛ هێندێک کەسیش هەنە لایەنگری پێناسەیەکی بەرفراوان و نوێن، بەرگری لە بیر و رایەک دەکەن کە هێندێک لە کوشتنەکان لە چوارچێوەی تاوانی گشتی دان و وەک جەنایەت لەقەڵەم نادرێت، بۆیە پێویستە وەک جەنایەت پەسەند بکرێن. دیسانەوە دەگوترێت کە: هەرچەندە ئامانج کوشتنیش نەبێت ژنانێک کە بە هۆی ئاکامی توندوتیژییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیش دەمرن، پێویستە لەو چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێن.
سەرەڕای جیاوازیەکانیش زۆربەی ئەو کەسانەی کە گرێدراو بەو بابەتە تێکۆشان و خەبات بەڕێوەدەبەن، سەبارەت بە هێندێک خاڵ خاوەن فیکری هاوبەشن. یەک لە گرنگترین ئەو خاڵانەش ئەوەیە کە جەنایەتگەلێک کە دەکرێن تەنیا لایەنێکی توندوتیژی لەسەر ژنن و بە واتایەکیتریش تاکانە نییە، بە پێچەوانەوە سیستەماتیکن. تەنیا لەنێو خێزاندا پێک نایەن بەڵکو، لە سەرجەم شوێن و دام و دەزگاکانی کۆمەڵگادا رووبەڕووی ئەو نمونانە دەبینەوە. گرنگترین بابەتیش ئەوەیە کە: میسۆژنیست(دوژمنایەتی ژن) وەک ئەوەیکە لە بابەتی نەژادپەرەستیشدا دەبینرێت، خۆی لە هێزێک کە دواتریش فێر دەبن خاوەن دەکات. لەم سۆنگەیەوە؛ لە جیاتی ئەوەیکە تاکەکەسی ببینرێت، پێویستە مرۆڤ وەکوو کێشەی کۆمەڵایەتی بیبینێت و بزانێت کە دەستەواژەیەک کە گوزارشت لە کوشتنی سیستەماتیکی ژنان دەکات فێمێنیسیدە.
نووسەری فێمێنیست دایانا لە بابەتی کوشتنی ژناندا تێزی خۆی لەسەر بنەمای رەمەکە رەگەزییەکانی پیاو ئاوا کردووە و لە بەکارهێنانی وشەی ژنیشدا زۆر بە بژارە دەجوڵێتەوە. لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ ئەوەی کە ژن پێناسە بکرێت هەم وشەی woman هەمیش female بەکار دەهێندرێت. سەرچاوەی وشەی woman لە ئینگلیزی کۆنی wifmanـەوە دێت. واتای وشەی "wifman"ـیش ژنی پیاوە. وشەیەکە کە لە بواری واتاوە، ژن بێ بەها دەکات و دەستەواژەیەکی نێرینەیە. لە سۆنگەی ئەو هۆکارەشەوە نووسەری فێمێنیست دایانا راسێل لە هەڵبژاردنی وشەدا زۆر بە ئاگادارییەوە دەجوڵێتەوە و وشەی female بە بنەما دەگرێت. لەجیاتی ئەوەیکە womancide بەکارهێنانی Feminicide بە باشتر دەزانێت. کاتێک کە راسێل کوشتنی ژن پێناسە دەکات، لەو بڕوایەدایە کە نزیکایەتیگەلێکی بە وێنەی دوژمنایەتی پیاوان لە بەرامبەر بە ژن، نەفرەتکردن لە ژن، خۆ بە زل زانین لە بەرامبەر بە ژن، چێژی رەگەزی یان دیتنی ژن وەک موڵک، وادەکات کە پیاوان پەنا بۆ هەر جۆرە شێوازی جیاوازی رەگەزپارێزی و کوشتنی ژنان ببەن.
راسێل بەم شێوەیە باس لە پێناسەی بەرفراوانی کوشتنی ژنان دەکات:" هەر شتێک کە لە دژی ژن وەکوو تیرۆرێک بەردەوام دەکرێت، سەرەتا وەک ' کوشتنی ژن، دەستدرێژی، ئەشکەنجە، کۆیلەتی رەگەزی(رووسپێتی)، چەوساندنەوەی رەگەزی لە دژی منداڵان و ئێنسێست، نزیکایەتی خراپ لە بواری جەستەیی و هەستیاری و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کە بە وتن و جەستەیی دەستدرێژی لە خۆیان دەگرن و لە بواری بێ وەچان کردەوەی زێدەڕۆش کە دەکرێن؛ پەلاماردانی رەگەزی،( لەسەر تەلەفون، لە کۆڵانەکاندا، لە دامودەزگا و مەکتەبەکاندا)، بریندارکردنی گێنیتاڵ (klitoridektomi egsizyon fibulasyon)، نەشتەرگەری بێ واتای ژنۆکۆلۆژی (histerektomiـیە بێ هۆکارەکان) ، دایکێتی زۆرە ملێ (کۆنتراسێپسیۆن و لەباربردنیان هێناوەتە ئاستی تاوان)، لە هێندێک کلتووردا لە ژێر ناوی نەشتەرگەری کۆزمێتیک و بۆ جوانکردنی ژنان، قەدەغەکردنی خواردن و بۆ جوانکاری هەمووجۆرە بریندارکردنەکانی دیکەش جێگای خۆیان دەگرن. ئەگەر ئاکامی ئەو شێوازانەی تیرۆر، مردن بێت؛ ئەوکاتەش فێمێنیسید پێک دێت." دایانا راسێل لە کلتوورگەلێکی بە وێنەی هیندوستان و چین، بە هۆی داخوازی منداڵی کوڕ بە شێوەیەکی شاراوە قەتڵکردنی کۆرپەڵەی کچ، لەباربردن وەک دۆخێکی تاوان بۆ دام و دەزگا کۆمەڵایەتییەکان حیساب کردن و باوبوونی سوننەتی ژنان و سەرکەوتوو نەبوون لە دژی ئەم بابەتانەش وەک جەنایەتی ژن واتا فێمێنیسید پێناسە دەکات.
کوشتنی ژنان پۆلیتیکە
راسێل وەبیردێنێتەوە کە جاری یەکەم نووسەری کۆریایی کە لە بڵاوکراوەیەکی ئاکادەمیکدا دەنووسێت: دەستەواژەی کوشتنی ژنان لە ساڵی ١٨٠١دا وەک "کوشتنی ژنێک" بەکار دەهێندرێت و لە یاسای ئانگلۆساکسۆنیشدا لە ساڵی ١٨٤٨دا دەستەواژەی قەتڵکردنی ژن بەکار دەهێندرێت و لە ئاکامی بەکارهێنانی ئەمەشدا لە بواری یاساییشەوە ئەم دەستەواژەیە دەناسرێت. بەمشێوەیە "هۆمیسید" کە لە لیتراتۆری داد و یاساییدا بۆ بەناو کردنی جەنایەتان و لە واتای کوشتنی کەسێکدا بەکار دەهێندرێت، قەتیس دەکرێت و پێویستە فێمێنیسید کە سەرنج رادەکێشێتە سەر رەگەزی کەسێک کە کوژراوە، بە لیتراتۆرەکە زیاد بکرێت. خەباتی کۆمەڵناسە فێمێنیستەکان سەبارت بە توندوتیژی لەسەر ژن وایکردووە کە دەستەواژەی سێکس، رەگەزی کۆمەڵگا واتا جێندێر(gender)ـش لەخۆ بگرێت. ئانا کارسێدۆ(Ana Carcedo)ـش ئەم دەستەواژەیە وەک ئەوەیکە راسێل دەڵێت:" ژن بەهۆی ژنبوونییەوە دەکوژرێت" بەکار دێنێت بەڵام، ئەو پێناسەیە بە شێوەی:" ژن لە لایەن پیاوەوە دەکوژرێت و بەهۆی پیاوەوە دەمرێ" بەرفراوان دەکات. بەم هەوڵدانانەوە دەستەواژەی فێمێنیسید بۆ بەناو کردنی کوشتنگەلێک کە لە ئاکامی رۆڵ و ئەرکی نەرێنی کە لەسەر ناسنامەی ژن لە گۆڕەپانی کۆمەڵگادا بارکراوە، بەکار دەهێندرێت.
سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە جیهاندا زانیاری بەرفراوان لە ساڵی ٢٠١٨دا لە راپۆڕتی جەنایەتی جیهانی کە لە لایەن بیرۆی ماددەی هۆشبەر و تاوانەکان UNODC (United Nations Office on Drugs and Crime) ـیەوە بە شێوەی ئامار ئامادە و بڵاو کراوەتەوە. بە گوێرەی UNODC لە ساڵی ٢٠١٧دا بە گشتی لە سەرانسەری جیهان ٨٧٠٠٠ هەزار کوشتنی ژنان تۆمار کراوە. سەدا ٦٠ی کە دەکاتە نزیکەی ٥٠٠٠٠ کەس لە لایەن ئەندامانی خێزان، لە لایەن پیاوانێک کە لەگەڵیان لە پەیوەندی دابوون، وەک هاوسەر، خۆشەویست، هاوسەری پێشووەوە بووە، سەدا ٣٦یش لە ژیانیاندا رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە. لە ژیانی سەرجەم ژنان دا توندوتیژی لەلایەن هاوڕێ یاخود هاوسەر، لە ١٠ ژنیشدا کاریگەری لەسەر ٣دانەیان دادەنێت. مەزەندە دەکرێت کە سەدا ١٥ی جەنایەتە جیهانییەکان لە لایەن پیاوانی خزمی نزیکەوە پێکهاتوون. ئەو جەنایەتە بە گوێرەی رەگەز حیساب دەکرێت.
گرێدراو بەم جەنایەتانەشەوە کە لە ئاکامدا ژنان بوونەتە قوربانی، سەدا ٤٠یان هاوسەرەکەی بەرپرسیارە؛ ئاکامی جەنایەتگەلێک کە پیاویش لە لایەن هاوسەرەکانیان بۆتە قوربانی سەدا ٦ـە. چەندە قەتڵکردنی ژنان لە بواری کۆمەڵناسییەوە باسی لێدەکرێت، پێویستە ئەوەندەش لەلایەنی سیاسییەوە باسی لێبکرێت. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا قەتڵکردنی ژنان بە سیاسەتگەلێک کە لەسەر بنەمای رەگەزییەوە لە دژی ژنان پێشدەخرێت، دۆخێکی سیستەماتیکیان لەخۆ گرتووە. دروشمی:" کوشتنی ژنان پۆلیتیکە" کە بۆ سەرنج راکێشان لەسەر قڕکردنی ژنان پێشخراوە؛ ئاماژە بە پیاوێتییەک دەکات کە خۆی دەسپێرێتە ئەو زهینیەتەی کە داتاشراوە و ئەوەش هاوکاری زیهنییەتی پیاوسالاری و سیستەمی دەسەڵات دەکات.
خاڵێکی گرنگیتریش ئەوەیە کە لە کوشتن و جەنایەتی ژناندا تەنیا بکوژان تاوانبار نین بەڵکو، دام و دەزگا و دەوڵەتگەلێکیش کە رێگری لە کوشتنەکان ناکات و ژنان ناپارێزن، بەرپرسیارن. بەرفراوان کردنی پێناسەی توندوتیژییەک کە ژن بەدەستی پیاو یاخود بەهۆی پیاوەوە رووبەڕووی دەبێت و بە گوێرەی دۆخی هەرە دواییش بە بەڵگەی نوێی جیهانییەوە، هاوئاهەنگی؛ خاوەن گرنگییەکی تایبەت بە خۆیەتی. هەروەها لە کاتێکدا کە کوشتنی گوماناوی روویان لە زیاد بوون کردووە، زۆربوونی گوشاری هەلومەرجی قەیرانە ئابوورییەکان و رووداوە جیاوازەکان کە ئەمڕۆکە روودەدەن، بەرپرسیارێتی تایبەتی بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهان بەرۆژەڤ دەکرێن.
قڕکردنی رەگەز
بە گوێرەی بۆچوونی زۆر کەس کۆمەڵکوژی ژنان یاخود جەنایەتی ژن وەک "قڕکردنی رەگەز"ـیش پێناسە دەکرێت بەڵام، ئەو پێناسەیە فێمێنیسید رەت ناکاتەوە و بەپێچەوانەشەوە دەیپارێزێت. قڕکردنی رەگەز بەواتای دوژمنایەتی بێ وەچانی سیاسی و بەزانابوون لە لایەن رەگەزی دەسەڵاتە کە رەگەزیتر بە کەم دەبینێت و کەڵک لە توندوتیژی وەردەگرێت، دەکوژێت یاخود قەتڵ دەکات. بە گووتنێکیتر، رەگەزێک کە لە لایەن سیستەمەوە بەهێز کراوە، پشتگیری دەکرێت و گۆڕەپانی دەسەڵاتی بۆ ئاوەڵا کراوە؛ چەوساندنەوە و دەسەڵاتداری، هەرجۆرە توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەک کە بە شێوەیەکی بێ وەچان لەسەر رەگەزیتر بەکار دەهێندرێت، وەکوو قڕکردنی رەگەز دەناسرێت. بۆ نمونە لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا رۆژانە لە لایەن پیاوەوە ٥ ژن دەکوژرێت و بەهەزاران ژنیش رووبەڕووی توندوتیژی و هێرشی رەگەزی و قڕکردن دەبنەوە.
پارتی ئازادی ژنانی کوردستان PAJK قڕکردنی ژن وەک قڕکردنی کۆمەڵگاش پێناسە دەکات. پێناسەی PAJKبۆ قڕکردنی ژن-کۆمەڵگا بەمشێوەیەیە:" سیستەمی دەسەڵاتداری پیاو بە هەموو خێرابوونییەوە لەناوبردنی کلتووری دەوروبەری ژنی بە ئامانج گرتووە. بێ وەچان توندوتیژی پێکدێنێت، لە هەر ساتێکدا پەلامار و دەستدرێژی پێشدەخات و رێ بۆ کوشتن خۆش دەکات. بۆ ئەمەیە کە ئەوەی دەکوژرێت تەنیا ژن نییە. لە کەسایەتی ژندا شەڕەفی مرۆڤایەتی و گەوهەری کۆمەڵگای سروشتی کە ژن پیرۆز دەبینێت، دەکوژرێت. لەم سۆنگەیەشەوە هەتا توندوتیژی لەسەر ژن بەردەوام بێ، ویژدانی مرۆڤایەتیش پێشێل دەکرێت."
هەبوونناسی فێمێنیسید
پێشتر نووسەری فێمێنیست کارۆڵ ئۆرلاک (Carol Orlock) لە ساڵی ١٩٧٥دا ئانتۆلۆژی فێمێنیسیدی ئامادە کردووە بەڵام، بڵاوی نەکردۆتەوە. لەو رێکەوتە بە دواوە زۆر ئاکادێمیسیەکان لەسەر دەستەواژەی فێمێنیسید گفتوگۆی زۆریان کردووە و سەرلەنوێ پێداچوونەوە بۆ دەستەواژەکە کراوە و ناوەڕۆکەکەی بەرفراوان کراوە و فێمیسید-فێمێنیسید (femicide/feminicide) بەکار هێندراوە. لە ساڵی ١٩٧٦ـیشدا دەستەواژەی فێمێنیسید بۆتە خاوەن ناوەڕۆکێکی یاسایی و لە دادگای نێونەتەوەیی جەنایەتی ژندا (İnternasyonel Tribunal On Crimes Against Women) کە لە بروکسێل درووست بوو، لە چوارچێوەی تاوان لە دژی ژن ئەو دەستەواژەیە بەکار هێندراوە و سەرنج راکێشراوەتە سەر ئەوەیکە کوشتنی ژنان ئەنجامی سیاسەتی رەگەزین. ئەو دادگایە بە ئامانجی ئەوەیکە لە سەرجەم کلتوورەکاندا بتواندرێت تاوانگەلێک کە لە دژی ژنان دەکرێن، بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات؛ دامەزراوە. ئەم دادگایە سەرنج رادەکیشێتە سەر لێپێچینەوە نافەرمییەکانی دامودەزگاکان و نابەرابەرییەک کە ژن رووبەڕووی دەبێتەوە.
شارەزای تەندروستی کۆمەڵگا و ئاکادێمیسیەنی ئەمریکی(جاکوێڵین کامپبێڵ) Jacqueline Campbell ـیش لە ساڵی ١٩٩٢دا بەشداری هەڵسەنگاندن و شیکارییەک کە رۆژانە پێشدەکەون، دەبێت. کامپبێڵ بە سەردێڕی " هەموو ژنان لە ژێر مەترسی فێمێنیسید دان" وتارێک دەنووسێت و لەم وتارەدا سەرنج رادەکێشێتە سەر ئەوەیکە لە جیهانێک کە ئەمڕۆکە تێیدا دەژین، هیچ ئەمنییەتێک بۆ ژن نییە و باس لە زیادبوونی رۆژانەی زیهنییەتێک کە تەواوی ژنان دەخاتە نێوخۆی، دەکات .
دێکلراسیۆنی فێمێنیسید
لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ئەنجامی کۆبوونەوەی چوارەمینی پسپۆڕانی CEVI کە لە واشنگتۆن پێکهات، دێکلراسیۆنیەک پیشکەش دەکرێت. دێکلراسیۆنی فێمێنیسید جاری یەکەم لە رێکەوتی ١٥/٨/٢٠٠٨ دا پێشکەش کرا و دەستەواژەی فێمیسید و فێمێنیسید بەیەکەوە بەکارهێندران. لەو دێکلراسیۆنیەدا فێمێنیسید وەک " کوشتنی ژنان، بەهۆی ژن بوونیانەوە، لەبەر پەیوەندی نێو خێزان یاخود پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە، یاخود لە سۆنگەی خراو بینینی ژن لە لایەن ئەندامانی جەماوەرێک یان دەوڵەت و دامودەزگاکانییەوە" پێناسە کراوە.
لە ساڵی ٢٠١٢ـشدا لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە ڤییەنا پێکهات، دێکلراسیۆنیەکی نوێ پیشکەش دەکرێت. لەو دێکلراسیۆنیەی فێمێنیسید دا:" قڕکردنی ژن، قڕکردنی رەگەز و هەرچی لە ناوەڕۆکی فێمێنیسید دا هەیە" یەک بە یەک باسیان لەسەر کراوە و ١١جۆری توندوتیژیش لەسەر دەستەواژەکە زیاد کراوە.
١١ خاڵەکان بریتین لە:
١- لە نێو خێزاندا کوشتنی پارتنێر(کوشتنی هاوژین، هاوڕێ و …هتد)
٢- ئەشکەنجە و کوشتن بەهۆی دوژمنایەتی ژن
٣- لەژێر ناوی نامووس، کوشتنی ژن و منداڵی کچ
٤- لە کاتی شەڕدا بە ئامانج گرتنی ژن و منداڵی کچ
٥- کوشتن لەبەر هۆکارە جیاوازەکان
٦- بە هۆی ناسنامەی رەگەزی کۆمەڵایەتی و مەیلی رەگەزی، کوشتنی ژن و کچانی گەنج
٧- لە سۆنگەی داب و نەریتی ناوچەیی کوشتنی ژن و کچانی گەنج
٨- کوشتنی منداڵانی کچ لەبەر داخوازی رەگەزی نێر
٩- بە هۆی سەقەتبوونی ئەندامی رەگەزی ژن لە ئاکامی لەبار بردنی منداڵ، کوشتنی ژن
١٠- کوشتنی ژن لەژێر ناوی تاوانی سێحربازی
١١- کوشتن بەهۆی ماددەی هۆشبەر، بازرگانی بە مرۆڤەوە، تاوانی بە رێکخستنکراویش جێگای خۆیان لەنێو فێمێنیسید دا دەگرن. تەنانەت هێندێک جار دەستەواژەی "تیرۆر لە دژی ژن"ـیش بەکار دەهێندرێت.
ئەو دێکلراسیۆنە زەنگی مەترسی بابەتەکانی قڕکردنی ژن، قڕکردنی رەگەزی و فێمێنیسید لێ دەدات و سەرنج رادەکێشێتە سەر راستی کۆمەڵگا کە بۆ بێ هێز کردن، ژن دەخەنە دۆخێکی وەهادا کە گرێدراوی پیاو بێت، بۆ ئەمەش ژنێک کە بێ پاراستن دەمێنێت، رۆژانە رووبەڕووی مردن دەبێتەوە.
وتووێژی دەستەواژە سەبارەت بە "کوشتنی ژن و فێمێنیسید" کە لە ئاستی هەرە زۆردا توندوتیژییەک کە خۆی دەسپێرێتە رەگەزپارێزی کۆمەڵگا، خاوەن مێژوویەکی کۆنە. پەیوەست بە تێکۆشانی ژنانەوە، لە زۆر شوێنی جیهاندا سەبارەت بەم دەستەواژەیە گفتوگۆ دەکرێت.
تێکۆشانی سەدان ساڵە: فێمێنیسید
لە جیهاندا گفتوگۆکردن لەسەر دەستەواژەی کوشتنی ژنان ماوەیەکی درێژە دەکرێت و سەبارت بەمەش لیتراتۆرێکی گرنگ کەڵەکە کراوە. وتووێژ کردن، نیشاندەری ئەوەیە کە ئێمەش بەشێکین لەم گەردوونە و لەم سۆنگەیەشەوە زۆر ئەرێنییە. بەڵام، لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا دەستەواژەی "فێمێنیسید" کە لە بواری گەردوونییەوە بە شێوەیەکی هاوبەش پەسەند کراوە؛ بە شێوەیەکی گشتی بەکار هێنان و پیشخستنی، گرنگە. لەبەر ئەوەی دەستەواژەیەکی تاقانەیە کە نیشاندەری توندوتیژی نایەکسانی کۆمەڵگایە کە هەر لە کاتی کەوتنە نێو منداڵدانی دایکەوە گرێدراوی هەبوونی ژن دەستپێدەکات.
وێڕای رێزگرتن لە هەموو فیکرە جیاوازکانیش، دەبێت باسی بکەین کە ئەو هەڵبژاردە گەردوونییانە لەخۆڕا نین و بە پێچەوانەوە پەیوەست بە تێکۆشانی بزوتنەوەکانی ژنان لەم دوو سەدەی دوایی و تاقیکردنەوەکانیان وەک پەیدا کردنی زانستی پێشخران. دەستەواژەکان هەرگیز لەپڕەوە ناکەونە نێو مێژووەوە. پەیداکردنی ئەم دەستەواژەیە و پەسەند کردنی بە هاسانی نەبووە. لە ئاکامی تێکۆشانێکی چالاک و بە بەدەڵدانەوە هەتا رۆژی ئەمڕۆمان هاتووە و لە دۆخی هەییدا بەهۆی نەبوونی دەستەواژەیەک کە گوزارشت لە هەموو ئەم شتانە بکات، ئەم دەستەواژانە بەکار هێندراون.
بۆ بەکار هێنانی هێندێک لە دەستەواژەکان:
١- ناتوانین لەجیاتی کوشتنی ژنان بڵێین "قڕکردنی رەگەز" لەبەر ئەوەی تەنیا وشەی رەگەز بۆخۆی بێ لایەنە. بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ژن یان پیاو بکات، گوزارشت لە هێرش لەسەر رەگەز دەکات بەڵام، ئەنجامی بەکار هێنانی دەستەواژەی "قڕکردنی رەگەز" قڕکردنی ژن واتا فێمێنیسیدە کەچی، کاتێک دەگووترێت "قڕکردنی رەگەز" ئەوە دیار نابێت کە ئەوانەی دەکوژرێن ژنن.
٢- لەجیاتی خەباتی ژنان ناتوانین بڵێین:" خەباتی پیاوێتی" چونکە دیسانەوە بەم گووتنەوە، چەوساندنەوەی رەگەزی ژنان و لەبەرامبەر بەمەش پێشخستنی تێکۆشانێک کە پێویستە بە پێشەنگایەتی ژنان بکرێت، پەردەپۆش دەکرێت. ئەمە راستییەکە کە پێویستی خەباتکردن لەسەر پیاوێتیش هەیە بەڵام، دەبێ سەرنجدانێکی زۆر هەبێت کە لە بیرنەکرێت کە سەری دنکە شقارتە کە دەسووتێت ژنن و بەم رێبازانەوە ناهێڵین کە ئەمە لە بیر بچێتەوە.
٣- لەم ماوەی دواییدا بەکارهێنانی دەستەواژەی "جەنایەتی باوکسالار" لە هەمووان زیاتر کێشە دەخوڵقێنێت. لە بنەمادا توندوتیژییەک کە لەسەر ژن بەڕێوەدەچێت، بەهۆی زیهنییەتی باوکسالارە و بێ گومان ئەمەش راستییەکە بەڵام، بەم گووتنانەشەوە نابێت ناڕوونییەک درووست ببێت. ئەوەی کە دەبێتە قوربانی ئەو زیهنییەتە ژنن، پێویستە ئەمەش بە نەبینراو لەقەڵەم نەدرێت. ئەو دەستەواژەیە سەرجەم کوشتنەکان دەکاتە یەک. لە نێوان کوشتنی ژن و پیاوەوە جیاوازی ناهێڵێت.
پێویستە کە ئیدی ناوی بنێین قڕکردنی ژن، قڕکردنی رەگەز، فێمێنیسید و تاوانی مرۆڤایەتی. بۆ ئەمەش دادگای سزای نێونەتەوەیی دەتوانێت لە بواری یاساییدا یارمەتیدەر بێت. لە بەڵگەی ستاتۆی رۆما لە خاڵی ٧ـەمیندا توندوتیژی لە دژی ژن بە شێوەیەکی بەرفراوان لە چوارچێوەی هێرشی سیستەماتیک کردن بۆسەر گەلی سڤیل ئاماژەی پێ دەکرێت و بابەتگەلێک کە ناوەڕۆکی فێمێنیسیدە وەکوو:" بە زانابوونەوە کوشتن و بریندارکردن، کۆیلەکردن، ئەشکەنجە، تاکەکان لە ئازادی بێبەش کردن، بۆ تاقیکردنەوەی زانست بەکار هێنان، هێرشی رەگەزی کردن، چەوساندنەوەی منداڵان، بە زۆرەملی رووسپێتی پێکردن، سیاسەت، نەتەوەیی، کلتووری، باوەڕی، بە هۆکاری رەگەزییەوە شتگەلێک کە بە شێوەیەکی جیددی ببێتە هۆی زەرەر و زیان بۆ رۆح و تەندروستی جەستەیی و چالاکیگەلێک کە بە زانابوونەوە لە دژی مرۆڤایەتی بەکار دەبردرێن، وەکوو "تاوانی دژە مرۆڤایەتی" پەسەند دەکرێن. کەچی یەکگرتنێک لە بابەتی یاساییدا هەم لە ئەوروپا و هەمیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بواری یاسای ناوخۆیی و دادگای سزای نێونەتەوەییدا نییە و لە بابەتی فێمێنیسیدیشدا بە هۆی پێداگری دەوڵەت بۆ سزانەدان و کەمتەرخەمی لەمەڕ تاوانباران، زیاتر رێگا لەبەردەم جەنایەتەکان دەکرێتەوە.
ئەمرۆکەش دەسەڵاتدارەکان یاخود دەوڵەت-نەتەوەکان زۆر لە تێگەیشتنی ئەمە بەدوورن کە کوشتنی ژنان تاوانێکی قورسە کە لەبەرامبەر مرۆڤایەتی دەکرێت. لە بواری تاوانی دژە مرۆییانەدا زۆر بە روونی دەبینین کە لە نێو یاسای ناوخۆییدا و دادگای سزای نێونەتەوەیی دا فەرق و جیاوازییەکی زۆر هەیە. دادگای سزای نێونەتەوەیی لە هەلومەرجی ئاساییدا ناتوانێت ئەرکی دادگاییکردنی وڵاتەکان بگرێتە ئەستۆ. پەیمانی هەیی لەسەر بنەمای "پێوەری تەواوکەری (کامڵ)"ـیە. دادگای سزای نێونەتەوەیی لە بابەتی توندوتیژی لەسەر ژن و فێمێنیسید دا، لە کاتی دادگایی وڵاتەکاندا بەتایبەتیش بۆ بەرپرسە پایە بەرزەکان و هاووڵاتییەکانیان دادگایی بکەن و لە کاتی دۆخی شەڕی ناوخۆییدا و کاتێک کە سیستەمی دادی وڵاتەکان هەڵدەوەشێت یاخود ئیدی بگاتە ئاستێک کە نەتوانێت کار بکات، دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت. کاریگەری دادگاییکردنی دادگای سزای نێونەتەوەیی لە دادگاکانی دیکە جیاوازترە، چونکە؛ دادگای سزای نێونەتەوەیی تاوانگەلێک کە لە سەرانسەری جیهان دەکرێت، دەگرێتە نێو بازنەی خۆیەوە و خۆی بە ناوچەیەک و کاتێکی دیاریکراوەوە سنووردار ناکات. بەم هۆیەشەوە لە یاسای دادگای سزای نێونەتوەییدا پێداگری کردن لەسەر ئەوەیکە توندوتیژییەک کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەسەر ژن دەکرێت، بۆ سەرجەم یاسای دەوڵەتەکان، وەکوو ئەشکەنجە پێناسە بکرێت و جێ بە جێکردنی ماددەگەلێکیش کە سەبارەت بەم بابەتە هەیە، دەتوانێت لە بواری یاساییدا پێش لەم شتانە بگرێت.
ئێمە وەک ژنان بەهۆی ژن بوونمانەوە دەشێ کە هەمووشمان رووبەڕووی فێمێنیسید ببینەوە. بۆ ئەوەی پێش لەمە بگرین، پێویستە چی بکەین؟ ژن چەندە دەتوانێت خۆی بە دادپەروەری بگەیێنێت؟ ئاخۆ ئەوانەی کە تووندوتیژی پێکدێنن، بە گوێرەی پێویست سزا دەدرێن؟ لە سزاکردن دا چۆن مافی وروژاندن (تحریک) بە شێوەیەکی ناحەق بەکار دەهێندرێت؟ ئاخۆ مامۆستایانی ئایینی دەتوانن بە دوعا پێش لە کوشتنی ژنان بگرن؟ هاوشێوەی ئەم پرسیارانە دەتوانین زۆر پرسیتریش زیاد بکەین.
پێویستە چی بکرێت؟
بە زانابوونی ئەوەیکە ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگایە؛ پیشخستنی خەباتی پەروەردەی ژنان خاوەن گرنگییەکی دیاریکەرە بەڵام، ئەو پەروەردەیە پێویستە بە زیهنییەتی زانستی پۆزێتیویزم (ئەزمونگەرێتی)ی رۆژگاری ئەمڕۆمان نەبێت بەڵکو، لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا کە رێبەر ئاپۆ بۆ شۆڕشی ژن وەکوو تێگەیشتنی زانستی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات و ئەمەش خۆی دەسپێرێتە پارادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ژینگەپارێز و ئازادیخوازی ژن، پێشخستنی گرنگە.
دەتوانین تیۆری "دابڕانی بێ کۆتایی" لە چوارچێوەی دابڕان لە سەرجەم پێکهاتەکانی زیهنییەت و رۆحی سیستەم و وەک ژیان لە جیهانی واتای خۆیدا ئاواکردنیش بگرینە دەست.
شۆڕشی رۆژئاوا و بەرخۆدانی شەنگال کە بە پێشەنگایەتی YJA-STAR دەستی پێکرد، دەتوانن زانابوونی پاراستنی گەوهەری و رێکخستن بوونی خۆیان بەرفروانتر بکەن و بڵاوی نێو ژنانی جیهان بکات.
لەم چوارچێوەیەدا بە پێشەنگایەتی ژنان سەرەتا پەروەردەکردنی پیاوان و منداڵانی کچ و دواتریش سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا، بە رێگای ئاکادێمیا، دەزگاکانی راگەیاندن، کۆبوونەوەکانی گەل، پلاتفۆڕمی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن و زۆر رێگا و رێبازی جیاوازەوە خۆ بگەیێننە هەر کەس.
بە شێوەیەکی هاوبەش و گشتی بە تێگەیشتن لە پاراستنی گەوهەری هەم تاکەکەسی و هەمیش بەگشتی لە نێو ژنان دا پاراستنی گەوهەری ئاوا بکرێن.
بە زانابوونی ئەوەیکە ئەوانەی کە لەنێو شەڕ و پێکدادانانەکاندا بە ئامانج دەگیردرێن و قڕ دەکردرێن ژنن، لەم سۆنگەیەشەوە لە قۆناغی دانوستاندنان دا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ژنانیش بەبنەما بگیردرێت.
لە شوێنگەلێک کە فێمێنیسید پێکهاتووە، دادگای ژنان ئاوابکرێت یاخود لە دادگایی کردنی کەیسەکانی شەڕدا ژنانیش بەشداری قۆناغ و دادگاییکردنەکان بکرێن.
پێویستە ژنان بزانن کە هەرگیز ناتوانن خۆیان لە زیهنییەتی پیاوسالار و دەوڵەتێک کە نوێنەرایەتی ئەم زیهنییەتە دەکات، بپارێزن، بۆ ئەمەش ژنان دەتوانن بە ئاواکردنی سیستەمی هاوبەشی پاراستنی گەوهەری ژنان لە بواری لەشکەری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و …هتد دەست بە گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی بکەن.