ئەوین نەژدەت:

7 نیسان, 2020

ئەوین نەژدەت، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک) لە بەرنامەیەکی تایبەتی رادیۆ دەنگی وڵات ٤ی نیسان، رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ و ساڵیادی دامەزراندنی پەژاکی هەڵسەنگاند.ئەوین نەژدەت لەم بەرنامەیەدا لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆی وەکوو لەدایکبوونی گەلی کورد پێناسە کرد و سەبارەت بە سێ قۆناغی لە دایکبوونی سەرۆک ئاپۆ و گۆڕانکاریگەلێک کە رێبەر ئاپۆ لە دۆخی ژنانی دا پێکهێنا و هەروەها بنەماکانی دامەزراندنی پەژاک هەڵسەنگاندنی کرد و لە کۆتاییدا بۆ پیرۆز کردنی ٤ی نیسان بانگەوازی لە گەلی کورد کرد.

ئەوین نەژدەت ئەندامی مەجلیسی پەژاک، لە سەرەتای بەرنامە دا ئەم رۆژەی لە رێبەر ئاپۆ، دایکە عۆوەیش و سەرجەم دایکی شۆڕشگێڕان و گەلی وڵاتپارێز و سەرجەم هاوڕێیانی و بیسەرانی رادیۆ دەنگی وڵات بەتایبەت گیراوانی رێگای ئازادی پیرۆز کرد.

"لەدایبوونی رێبەر ئاپۆ ژیانەوەیەکە بۆ گەلی کورد"

ئەوین نەژدەت چواری نیسان رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆی وەکوو رۆژی لەدایکبوونی تەواوی گەلی کورد بەناو کرد و وتی:" گەلی کورد چواری نیسان وەکوو جێژنێک دەبینێت و پیرۆزی دەکات، ئەمڕۆژە بۆ گەلی ئێمە لە بنەمادا رۆژی لەدایکبوونی خۆیەتی. پێش ئەوەی رێبەر ئاپۆ بێتە دونیا و دەست بە تێکۆشانێکی بەرفراوان بکات؛ لە سەرجەم کوردستان هێزە داگیرکەرەکان سەرهەڵدان و راپەڕینەکانی پێشوویان تێکشکاندبوو و رێبەرەکانیان لەناوبربوون. لەنێو گەلی کوردیشدا بێ بڕوایی، پارچەبوون و بێ هیوابوون لە ئاستێکی زۆردابوو. ژنانی کورد لە دۆخێکدان کە ناتوانن هەناسە بکێشن، هەبوونی نەتەوەیی ئەوان نکۆڵی لێدەکرێت و هەرکە دەچێت دۆخی ئابووری کوردستان نالەبارتر دەبێت هەموو ئەمانە لەنێو خێزان و کۆمەڵگاشدا دۆخێکی قەیراناوی دەخوڵقێنێت. کاتێک ئێمە باسی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ دەکەین بەواتای دەرکەوتن لە هەموو ئەم دۆخانە دێت؛ لە بنەمادا ژیانەوەیەکە بۆ گەلی کورد. بە هاتنی رێبەر ئاپۆ هێڵێکی تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیانە، سیاسیانە، فەلسەفیانە، کۆمەڵایەتییانە و فیکریانە دەستپێدەکات. بۆ ئەمەیە کە گەلی کورد ئەمڕۆژە ئەوەندە بە گرنگ دەبینێت و لە هەموو کوردستاندا ئەمڕۆژە پیرۆز دەکرێت. ئەگەر رێبەر ئاپۆ بەم تێکۆشانەیەوە دەرنەکەوتبا پێشکەوتنکانی ئەمڕۆی گەلی کورد پێکنەدەهات."

"لەدایک بوونی رێبەر ئاپۆ، لە دایکبوونێکە کە لەگەڵ خۆی گۆڕانکاری جددی و بەرفراوان دێنێت"

نەژدەت سەبارەت بەوەیکە رێبەر ئاپۆ لە دایکبوونی خۆی وەکوو سێ قۆناغ بەناو دەکات، بەمشێوەیە ئاماژەی بەم سێ قۆناغە کرد:" لەدایک بوونی رێبەر ئاپۆ، لە دایکبوونێکە کە لەگەڵ خۆی گۆڕانکاری جددی و بەرفراوان دێنێت. سەرۆک ئاپۆ هەر لە سەرەتای لە دایکبوونی جەستەیی خۆی و لە منداڵییەوە دەست بە خۆ پەروەردە کردن دەکات و بەردەوام لەنێو ناکۆکی بەرفراوان دایە. دۆخێک کە کۆمەڵگا تێیدایە پەسەند ناکات و ناتوانێت لەگەڵ ئەم دۆخە رابێت و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە بەشتی جیاوازتر بگات؛ بەمشێوەیە لەدایکبوونی یەکەمی کامڵ دەکات. رێبەر ئاپۆ هەر لە سەرەتای ژیانی لەگەڵ داب و نەریتی باوی کۆمەڵگا و کۆنەپارێزییەکانی لەنێو ناکۆکی دایە و پەسەندیان ناکات. کاتێک کە سەرۆکایەتی دەگاتە سەردەمی گەنجایەتی خۆی فیکر و فەلسەفەی سۆسیالیزم دەناسێت. سەرۆکایەتی ئەم قۆناغە وەکوو لەدایک بوونی دوویەمی خۆی پێناسە دەکات لەبەر ئەوەی لەم قۆنا‌غەدا دەیهەوێت وڵامی ئەو لێگەڕینانەی بداتەوە کە تا ئەوکاتە لەگەڵی بووە. بۆ کێشەی نەتەوەیی کوردیش وڵامێک دەدۆزێتەوە و رووەو تێکۆشانی نەتەوەیی دەچێت؛ ئەم قۆناغە لە ١٩٧٣ تا ١٩٩٩ بەردەوام دەبێت. لە قۆناغی دوای ١٩٩٩ بەدواوەش سەرۆکایەتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد و خۆگەیاندن بە راستی حەقیقەتی کۆمەڵگا لەنێو لێهوربوونێک دایە. لەم قۆناغەدا بە پارادایمێک کە پێشیخست گەلی کوردیش لە دایکبوونەوەی سێیەمی پێکهێنا.

"رێبەر ئاپۆ بە تایبەت بۆ ژنان رێگایەک دەگرێتە بەر کە لە ئەنجامدا دەگات بە شۆڕشی ژن"

نەژدەت لە دریژەی بەرنامەدا بەمشێوەیە باسی لە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ بۆ شۆڕشی ژن کرد:" پێش ئەوەی سەرۆکایەتیش دەست بە تێکۆشان بکات لە زۆر شوێنی جیهان و بە تایبەت لە وڵاتانێک کە تێیدا بیری سۆسیالیزم پێشکەوتووە، ژنان لەنێو جموجۆڵێکی بەرفراوان دان و لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و …هتد زۆر چالاکن. لە کوردستاندا تێکۆشانێک کە زۆر بانگی ژن بکات و بتوانێت راستی ناسنامەی ژن دەرخات، نەبوو. بانگەوازییەکیش کە بزووتنەوە سۆسیالیستەکان بۆ ژنانی دەکەن بانگەوازی چینایەتییە و لەسەر بنەمای ناسنامەی راستی ژنان نییە و بۆ ژنان بەڵێنی یەکسانی و ئازادی ناهێنێت؛ ژنان بەشداری شۆڕش دەکەن نەک ئەوەیکە شۆڕش بۆ ژن بکەن. ژنانیش تا ئاستێکی بەرفراوان بەشدارییان لەم شۆڕشانەدا کرد و تێکۆشانیشیان کرد بەڵام، لە ئەنجامدا گۆڕانکارییەکی لەبواری دۆخی کۆمەڵایەتی و ژندا ئاوا نەکرد. رێبەر ئاپۆ بە تایبەت بۆ ژنان رێگایەک دەگرێتە بەر کە لە ئەنجامدا دەگات بە شۆڕشی ژن. تا ئەو کاتە هیچ کەسێک ئەو رێگایەی نەگرتبووە بەر. بەم هۆیەوەیە کە تا ئێستاکە ژنان بە پێشنیاز و پرۆژەی سەرۆکایەتی و لە هەنامکاتدا بە خەباتێک کە بەڕێوەی برد، لە ئاستێکی بەرزدا ژنان ناسنامەی خۆیان دەزانن و گەیشتوون بە خۆبوون؛ لەسەر چۆنێتی ژیان و بۆچێ ژیان کردن لێهوربوونێکی قووڵیان هەیە. بە تایبەت لە رۆژئاوای کوردستاندا دەبینین کە ژنان لە هەموو  رەهەندەکانی کۆمەڵگادا بە ناسنامەی خۆیانەوە بەشدار دەبن. ئەمە وایکرد کە تێکۆشانی ئازادی کوردستان یەکرەنگ، یەک لایەنە و هێمۆژن نەمێنێت. کاتێک ژن بە رەنگی خۆیەوە بەشداری تێکۆشان دەبێت؛ روانگەی دەسەڵاتداری دەگۆڕدرێت، ویژدانی ئەخلاقی پێشدەکەوێت، بابەتە کۆمەڵایەتییەکان دەردەخاتە مەیدان. رێبەر ئاپۆ دەزانێت کە بە بەشداری ژن، لایەنێک لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە کەم دەمێنێت، کامڵ دەبێت. پرۆژەیەک کە لە لایەن رێبەر ئاپۆوە دەستپێکراوە هەتا رۆژگاری ئەمرۆمان بە بەرفراوانی و بە بەهێزییەوە بەردەوام دەکات. ئەمڕۆکە زایەڵەی ئەم تێکۆشانە گەیشتۆتە تەواوی جیهان. هەم ژنانی کورد و هەم ژنانی هەموو جیهان پێویستە ٤ی نیسان وەکوو لەدایکبوونەوەی خۆیان هەڵسەنگێنن."

"رێبەر ئاپۆ پەژاک وەکوو ئاگرێکی کە رووناکی دەداتە رۆژهەڵاتی کوردستان و زاگرۆس پێناسە دەکات"

نەژدەت لە درێژەی گفتوگۆیەکەدا ئاماژەی بە هەلومەرجێک کرد کە پەژاک تێیدا دامەزرا و وتی:" لە دوای سەدەی بیستەم خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان چڕوپڕ دەبێت. هەوڵدان بۆ پاراستنی هەرێمەکان و مافی گەل لە لایەن بزووتنەوە و خێڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. ئەمانە بۆ ئێمە میراتی گرنگن و ئێمە خاوەندارێتی لە سەرجەم بوها و شەهیدانی ئەم بزوتنەوانە دەکەین. لەو قۆناغەدا کە تێپەڕیی بوو تا ئاستێک تێکۆشانیش بەڕێوە چووبوو بەڵام، نەیتوانی بوو ببێتە وڵامدەرەوە یاخود ئەو ئاستەی سەرکەوتنی بەدەست نەخستبوو و لە هەمانکاتدا پێویست بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا میراتێک کە لە رابردووماندا هەبووبوو، وەربگرین و ئەمجارە بە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆوە رێکخستنێک ئاوا بکرێت. دەوڵەتی ئێران بە لەناو بردنی رێبەرانی بزووتنەوەی کوردی وایدەزانی کە ئیتر کۆتایی بە تێکۆشانی کوردان هێناوە و پارچەی کردووە و جارێکیتر رۆژهەڵاتی کوردستان نایەتەوە سەرخۆی و جارێکیتر ئەم گەلە خاوەن رێکخستن نابێت؛ بەمشێوەیە خەیاڵی خۆی خۆش دەکرد. لە ساڵی ١٩٩٩یانی قۆناغی لەدایکبوونی سێیەمی سەرۆکدا کاتێک رێبەر ئاپۆ یەخسیر گیرا؛ رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان خاوەندارێتی لە رێبەر ئاپۆ کرد؛ بەسەدان گەنج لەم رێگایەدا دەستبەسەر کران و شەهید بوون. لەم قۆناغەدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە رێکخستنێک هەبوو کە بتوانێت لە بەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران تێکۆشان بکات، بتوانێت جارێکیتر رووناکییەک بخاتە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە رێبەر ئاپۆش پەژاک وەکوو ئاگرێکی کە رووناکی دەداتە رۆژهەڵاتی کوردستان و زاگرۆس پێناسە دەکات؛ لەسەر ئەم بنەمایانە لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٤ ئامادەکاری دامەزراندنی پەژاک دەکرا. بۆ ئەمەش ئەم رۆژە یانی ٤ی نیسان هەڵبژێردرا چونکە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کوردستاندا جێگای هەڵهاتنی خۆرە و هەڵهاتنی خۆری ئێمە یانی رێبەر ئاپۆ و پڕشەنگەکانی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پێویست بوو. ئێمە ویستمان وەکوو پەژاک ژیانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان دووجار بکەین یانی دوو ئاوابوونان پێک بێنین و مزگێنی رۆژی نوێ و هەڵهاتنی خۆر بۆ گەلەکەمان ببەین؛ بۆ ئەمە ئەم رۆژەمان وەکوو رۆژی دامەزراندنی پەژاک دیار کرد."

"پەژاک لەبواری یەکێتی نوتەوەییەوە هەنگاوی مەزن و گرنگی هەڵێنا"

نەژدەت لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە بنەماکانی دامەزراندنی پەژاک و سەبارەت بە گۆڕانکاری گەلێک کە ئاوای کردووە، گووتی:" پەژاک بۆئەوەی بتوانێت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا خەباتی خۆی دەست پێبکات سەرەتا پێویست بوو ئەو هەڵوەشاندنانەی رژێمی داگیرکەری ئێران لەسەر گەلی بەڕێوە بردووە باش هەڵسەنگێنێت و لە هەمانکاتدا سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگای رۆژهەڵات ببینێت؛ بە هەڵسەنگاندنی ئەمانەوە پێداویستییەکانی گەلی رۆژهەڵات دیار بکات و لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی بەهێزی مێژوویی بتوانێت خەباتە سیاسی و رێکخستنییەکانی بەڕێوە ببات. پێش لەوەی پەژاک دامەزرێت هەڤاڵان لێکۆڵینی بەرفراوانیان لە هەموو بوارەکانەوە سەبارەت بە رۆژهەڵات دەست پێکردبوو. لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینانە پەژاک بەو ئەنجامە گەیشت کە پێویستە سەرەتا خەباتێکی ناساندنی پەژاک دەست پێبکرێت. پێویست بوو گەل ئەمە دەستنیشان بکات کە بۆ ئەوەی بگات بە ئازادی خۆی دەتوانێت چ هەنگاوێک هەڵێنێت، کام رێ ئەو دەگەیێنێتە ئەم داخوازییەی؛ لەسەر ئەم بنەمایە سیستەمی کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک پرۆژە و سیستەمی هەرە گونجاو دیترا. ئێستاکە ئێمە تێپەڕی ساڵی ١٧یەمی دامەزراندنی پەژاک دەبین؛ هەڵبەتە کە ئێمە هێشتا لە سەرەتای ڕێگاین و رێگای جێگایەک کە پێویستە پێی بگەین لە پێشمانە و زۆر ئەرکی گرنگ لەسەر شانمانە. گەلی رۆژهەڵاتی کوردستانێش کاتێک پرۆژەی پەژاکی دیت و بۆ داخوازییەکانی خۆی گونجاوی دیت، پەژاکی ئەرێ کرد کە ئەم قۆناغە دەتوانین وەکوو رێفراندۆمێک بۆ پەژاک پێناسە بکەین؛ چونکە گەل بە بەشدار بوون و شەهادەت و قارەمانێتییەک کە ئاوا بوو، ئەوەی نیشاندا کە ئەوانیش لەگەڵ ئەم پرۆژەیەن. ئێستاکە تێکۆشانی گەلەکەمان گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر داگیرکاری و ترسێک لە دڵی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بە بەشداربوونی ژنان و گەنجان بۆناو ریزەکانی ئازادیدا درووست بووە. پەژاک لەبواری یەکێتی نوتەوەییەوە هەنگاوی مەزن و گرنگی هەڵێنا. بە خەباتی پەژاک لە بواری یەکێتی نەتەوەییەوە بوارێکی بەهێز بۆ یەکگرتنی نەتەوەکانی تری ئێرانیش رەخساوە."

" ئەرکی ئێمە لە بەرامبەر شەهیدان هەڵبەتە کە بێجگە لە پێکهێنانی شۆڕش، شتێکی تر نییە"

نەژدەت لە کۆتایی بەرنامەکەدا شەهیدانی رێگای ئازادی وەبیرهێنایەوە و بەمشێوەیە بانگەوازی لە گەل کرد:" پەژاک بە وەبیرهێنانەوەی تەواوی شەهیدانی ئازادی و بەتایبەت شەهیدانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شەهیدانێک کە لە بەرامبەر فاشیزم بە قارەمانانە تێکۆشان و شەڕیان کرد و گیانیان بەخت کرد و شەهیدانی ریزەکانی تێکۆشانی پەژاک تێکۆشانی بەڕێوەدەبات و پێکهێنانی ئامانجەکانی ئەم هاوڕێیانە و گەیشتن بە سەرکەوتن بۆ ئێمە بنەمایە. بە وەبیر هێنانەوەی ئەم شەهیدانە پێویستە ئاستی تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە و ئەرکی ئێمە لە بەرامبەر شەهیدان هەڵبەتە کە بێجگە لە پێکهێنانی شۆڕش، شتێکی تر نییە. لە چواری نیساندا گەلەکەمان لە هەر شوێنێک  بە پێشەنگایەتی ژن نەمام دەنێژن؛ هەڵبەتە نەمام چاندن بۆ ژینگەیە و ئەمە بۆ ئەوەیە کە داگیرکارییەک کە لەسەر جوگرافیای کوردستان پێکدێت تا ئاستێک چارەسەر بکەین؛ لە هەمانکاتدا بەرای من پێویستە شتڵێکی تریش بنێشترێت کە هەڵبەتە چاندراوە بەڵام، لە هەر ٤ی نیسانەدا پێویستە شتڵی زیاتر لە مێشکماندا، لە رۆحماندا، لە هەستماندا، لە فیکرماندا و لە بڕواماندا بنێژین و ٤ی نیسان بکەین بە دارستانێکی رامانی ئازادی و یەکێتی. پێویستە لەبەرامبەر ئەو زیهنییەتانەی کە پارچەبوون پێشدەخەن راوەستین و لە دڵی هەر کوردێکدا بێستان و دارستانی ئازادی بچێنین."