كێشه‌ی دانیشتوان، خێزان، ژن و ره‌گه‌زپەرستی كۆمه‌ڵگا
2 نیسان, 2020کێشە کۆمەڵایەتییەکان:
(لەبەرگیراو لە پەرتووکی سۆسیۆلۆژیای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان)
٧ــ كێشه‌ی دانیشتوان، خێزان، ژن و ره‌گه‌زپەرستی كۆمه‌ڵگا
لە روانگەی بایۆلۆژیەوە هەڵسەنگاندنی ژن وه‌ك ره‌گه‌زێکی جیاواز، له‌سه‌رووی ئەو هۆكارانەوە دێت کە نابینایی سه‌باره‌ت به راستینه‌كانی كۆمه‌ڵگا دێت. جیاوازی ره‌گه‌ز به‌ته‌نیا سه‌ربه‌خۆ نابێته هۆكاری هیچ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگا. هه‌روه‌كو چۆن دوالیزمی هیچ گه‌ردیله‌یه‌كی ناو هه‌بوونه‌كانی گه‌ردوون وه‌ك كێشه تاوتوێ ناكرێت، دوالیزمه‌كه‌ی هه‌بوونی مرۆڤیش وه‌ك كێشه نابینرێت. به‌ڵام ته‌نیا ده‌شێت له ڕێگه‌ی فه‌لسه‌فیه‌وه وه‌ڵامی پرسیاری "بۆچی هه‌بوون و ژیان دوالیزمه؟" بدرێته‌وه. ده‌شێت شیكاری ئۆنتۆلۆژی (زانستی هه‌بوون) له وه‌ڵامی پرسیاری (كێشه نییه) بگه‌ڕێت. وه‌ڵامی من به‌م جۆره‌یه: له‌ده‌ره‌وه‌ی دوالیزم، به‌چه‌شنێكی دیكه هه‌بوون و ژیان نه‌ده‌بوو. دوالیزم شێوازی فه‌راهه‌مكردنی هه‌بوونه. ئه‌گه‌ر ژن و پیاو له‌دۆخی ئێستادا نه‌بن، ته‌نانه‌ت ناتوخم (بێ هاوتا)بن، له‌م دوالیزمه رزگاریان نابێت. ئه‌مه‌یه ئه‌و بوویهرهی به‌جووت ره‌گه‌زی (نێره‌مووك) ناوده‌برێت. پێویسته نه‌شڵه‌ژێین و سه‌رسوڕماو نه‌بین. به‌ڵام دوالیزمه‌كان به‌رده‌وام مه‌یلیان به‌لای دروستكردنی جیاوازیهوهیه. هه‌روه‌ها له‌م مه‌یله دوالیزمه‌دا ده‌توانرێت به‌دوای به‌ڵگه‌ی ژیری ره‌های گه‌ردوون (geist)دا بگه‌ڕێن. هه‌ردوولایه‌نی دوالیزم نه‌باش، نهخراپن: ته‌نیا له‌یه‌كتر جیاوازن، ناچارن جیاواز بن. ئه‌گه‌ر دوالیزمه‌كان وه‌ك یه‌كتریان لێبێت، هه‌بوون فه‌راهه‌م نابێت. بۆ نموونه: له‌رێگای دوو ژن به‌یه‌كه‌وه، یان دوو پیاو كێشه‌ی زۆربوونی هه‌بوونی كۆمه‌ڵگا شیكار ناكرێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه؛ پرسیاری"بۆچی ژن یاخود پیاو؟" بێ به‌هایه یاخود هه‌ر به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا بگه‌ڕێین، ده‌توانرێت وه‌ڵامێكی فه‌لسه‌فی به‌م جۆره‌ی بدرێته‌وه، گه‌ردوون ناچاره ( ئاره‌زووی وه‌هایه، مه‌یلی وه‌هایه، ئه‌قڵی وا ده‌خوازێت) به‌مجۆره پێكبێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌و تاوتوێكردنی ژن وه‌ك چڕبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ته‌نیا واتادارنییه، به‌ڵكو لە هەمانکاتدا سه‌باره‌ت به شیكاركردن و تێپه‌ڕكردنی گرێكوێره‌كانی كۆمه‌ڵگاش بایه‌خێكی مه‌زنی هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی روانگه‌ی پیاوسالاری جۆرێك له لێخۆشبوونی به‌ده‌ستهێناوه، شكاندنی ئه‌و نابیناییهی سه‌باره‌ت به ژن له ئارادایه، به واتایه‌ك له واتاكان هاوشێوه‌ی پارچه‌كردنی ئه‌تۆمه. بۆ شكاندنی ئه‌م كوێرایهتیهش پێویستی به پیشاندانی هه‌وڵێكی گه‌وره‌ی رۆشنبیری و رووخاندنی پیاوێتی باڵاده‌ست هه‌یه. هه‌رچی له‌به‌ره‌ی ژندایه، به‌و ڕاده‌یه‌ی شیكاركردنی ئه‌و ژنه پێویسته كه له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاواكراوه، ته‌نانه‌ت كردوویه‌تی به شێوازی هه‌بوونی خۆی، له هه‌مانكاتدا رووخاندنیشی پێویسته. ئه‌و بێ ئومێدی (پراكتیزهنهبوونی ئۆتۆپیا، به‌رنامه‌و پره‌نسیپه‌كان)یه‌ی له‌سه‌ركه‌وتن یان سه‌رنه‌كه‌وتنی ته‌واوی تێكۆشانه‌كانی ئازادی، یه‌كسانی، دیموكراتی، ئه‌خلاقی، سیاسی و چینایه‌تیه‌كان جێگای باسه، شوێنپه‌نجه‌ی شێوه‌ی په‌یوه‌ندی (نێوان ژن و پیاو) باڵاده‌ستی (ده‌سه‌ڵاتداری) له‌خۆوه ده‌گرێت كه نه‌شكێنراوه. سەرجەم ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی ته‌واوی نایه‌كسانی، كۆیلایه‌تی، سته‌مكار، فاشیست و ملیتاریستهكان تێر خۆراك ده‌كات، سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی خۆی له‌م شێوه‌یه‌ی په‌یوه‌ندیه‌وه وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌ر خوازیارین ئه‌و لایه‌نه په‌سه‌ندو ماقوڵانه له زاراوه‌كانی یه‌كسانی، ئازادی، دیموكراسی و سۆسیالیزم باربكه‌ین كه بێ هیوایی ناخوڵقێنێت، ناچارین تۆڕی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه شیكارو پارچه‌پارچه بكه‌ین كه له‌ده‌وروبه‌ری ژن چێنراوه‌و هێنده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵگا-سروشت كۆنه. جگه له‌مه هیچ رێگایه‌كی دیكه به‌ره‌و دیموكراسی، یه‌كسانی و ئازادیه‌كی راسته‌قینه‌و ئه‌خلاقێكی دوور له دووڕوویی ناچێت.
له‌سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی پلهدارییهوه واتای ئایدیۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات له ره‌گه‌زپەرستی باركراوه. ئه‌مه‌ش له‌نزیكه‌وه گرێدراوی جیابوونه‌وه‌ی چینایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه. ته‌واوی لێتوێژینه‌وه شوێنه‌وارناسی، ئه‌نترۆپۆلۆژی و تێڕوانینه هه‌نووكه‌ییه‌كان پیشانیده‌ده‌ن كهقۆناخێك هه‌بووه ژن سه‌رچاوه‌ی دەستڕۆیی (ئۆتۆریتە)بووه‌و ئه‌م قۆناخه‌ش درێژخایه‌ن بووه. ئه‌م كاریگه‌رییه، كاریگه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نییه كه له‌سه‌ر زێده-به‌رهه‌م ئاواكراوه، به‌پێچه‌وانه‌وه كاریگه‌ریه‌كه سه‌رچاوه‌ی خۆی له سوودبه‌خشی و وه‌چه‌خستنه‌وه (زاوزێ) و هێزه‌كانی هه‌بوون (ژیان) وه‌رده‌گرێت. ژیری سۆزداری كه كاریگه‌ریه‌كه‌ی له ژن‌دا زیاتره، رایه‌ڵه‌ی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئافراندن (هه‌بوون)ـه دا هه‌یه. به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق و به‌رچاو جێنه‌گرتنی ژن له‌ناو شه‌ڕه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌سه‌ر زێده-به‌رهه‌م ئاواكراوه، په‌یوه‌ندییان به پێگه‌و شێوازی هه‌بوونه كۆمهڵایهتیهكهیەوە هه‌یه.
دۆزینه‌وه مێژوویی و تێبینیه هه‌نووكه‌ییه‌كان روونیده‌كه‌نه‌وه كه پیاو رۆڵی پیشه‌نگایه‌تی په‌ره‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی گرێ‌دراو به سیسته‌می ده‌وڵه‌تی و پله‌داری بینیوه. له‌م پێناوه‌شدا پێویستی به‌تێپه‌ڕاندن و شكاندنی كاریگه‌ری ژن هه‌بوو، كه تا دوا قۆناخی كۆمه‌ڵگای نیولیتیك به‌هێزبوو. دیسان دۆزینه‌وه مێژوویی و چاودێرییه رۆژانه‌ییه‌كانمان ده‌یسه‌لمێنن كه له‌م باره‌یه‌وه تێكۆشانی درێژخایه‌ن، هه‌مه‌لایه‌ن و مه‌زن ئه‌نجامدراوه. به‌تایبه‌تیش میتۆلۆژیای سۆمه‌ر كه لەم بارەیەوە وه‌ك یادگای مێژوو و سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه، له‌م لایه‌نه‌وه تابڵێی رۆشنكهرهوهیه.
مێژووی شارستانیه‌ت له‌هه‌مانكاتدا مێژووی دۆڕاندن و ونبوونی ژنیشه. ئه‌م مێژووه به خوداوه‌ندو به‌نده‌كانیه‌وه، حوكمڕان و رهعیهكانیهوه، ئابووری، زانست و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه مێژووی پته‌وبوونی كه‌سایه‌تی پیاوی ده‌سه‌ڵاتداره. له‌م سۆنگه‌یه‌وه؛ دۆڕاندن و ونبوونی ژن، به‌ناوی كۆمه‌ڵگاوه كه‌وتن و دۆڕانێكی مه‌زنه. كۆمه‌ڵگای ره‌گه‌زگه‌را به‌رئه‌نجامی ئه‌م كه‌وتن و دۆڕاندنهیه. پیاوی ره‌گه‌زپه‌رست كاتێك فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له‌سه‌ر ژن ئاوا كرد، هێنده ئاره‌زوومه‌نده كه هه‌مووجۆره په‌یوه‌ندیه‌كی سروشتی ده‌كات به نمایشێكی باڵاده‌ستی. دیارده‌یه‌كی بایۆلۆژی وه‌ك په‌یوه‌ندی زایه‌ندی به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی لێ باركراوه. ئەو پەیوەندییە زایەندییەی پیاو لەگەڵ ژنی دەبەستێت بە هەوای بەدەستهێنانی سەرکەوتن ئەنجامیدەدات. له‌م لایه‌نه‌وه خوو و راهاتنێكی به‌هێزی ئاواكردووه. لەم لایەنەوە چه‌ندین گوته‌ی داهێناوه، چه‌ندین چیرۆك و وشه‌ی وه‌ك "خراپم كرد"، "ئیشیم ته‌واوكرد"، "ماچه (حولحولی)"، "جاشولكه له سكی و قامچی له‌سه‌ر پشتی كه‌م مه‌كه!"، "له‌شفرۆشی، قه‌حپه"، "كوڕێكی كچانه"، "ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ت سه‌ربه‌ست كه‌یت راده‌كاته لای ده‌هۆڵچی یان زوڕنا ژن"، "زوو سه‌ری گرێده" باس ده‌كرێت. زۆر ئاشكرایه كه په‌یوه‌ندی زایه‌ندی و ده‌سه‌ڵات چۆن و تا چ راده‌یه‌ك له‌ناو كۆمه‌ڵگا به‌كاریگه‌ره. راستییه‌كی سۆسیۆلۆژییه كه له رۆژی ئه‌مڕۆشماندا "مافی كوشتن"یشی له‌ناودا، هه‌ر پیاوێك خاوه‌ن مافێكی بێ سنووره له‌سه‌ر ژن. ئه‌م "ماف"انه رۆژانه جێبه‌جێده‌كرێن. په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر كاره‌كته‌ری ده‌ست بۆ بردن و لاقه‌كردنی هه‌یه.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م روانگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا خێزان وه‌ك ده‌وڵه‌ته بچووكه‌كه‌ی پیاو ئاواكراوه. به درێژایی مێژووی شارستانیه‌ت به‌رده‌وام تۆكمه‌كردن و بهكاریگهركردنی شێوازی كامڵكردنی ئه‌و ده‌زگایه‌ی خێزانی پێده‌ڵێن، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به ئامێره‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ده‌گه‌یه‌نێت. یه‌كه‌میان؛ خێزان له تەوەرەی پیاوه‌وه ده‌كرێت به‌ده‌سه‌ڵات و بۆ خانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌چه‌رخێنرێت. دووه‌میان؛ لە رێگای خێزانەوە كاركردنی بێ سنوور‌و بێ به‌رامبه‌ری ژن ده‌خاته ژێر گه‌ره‌نتیه‌وه. سێیه‌میان؛ منداڵ به‌خێو ده‌كات و پێویستیه‌كانی ژماره‌ی دانیشتوان فه‌راهه‌م ده‌كات. چواره‌میان؛ وه‌ك مۆدێلی رۆڵ بینین، ئاڵووده‌بوون و كۆیلایه‌تی لهناوتهواوی كۆمه‌ڵگادا بڵاوده‌كاته‌وه. به‌م ناوهڕۆكهیهوه له راستیدا خێزان ئایدیۆلۆژیایه‌كه. ئه‌و ده‌زگایه‌یه كه ئایدیۆلۆژیای خانه‌دانێتی تێیدا چالاك بووه. له‌هه‌ر خێزانێكدا پیاو خۆی به‌خاوه‌نی خانه‌دانێك داده‌نێت. ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه‌ی خانه‌دانێتی زۆر به‌كاریگه‌ره له‌وه‌ی وه‌ك راستینهیهكی گرنگ ده‌رك به‌خێزان بكرێت. خێزانێك چه‌نده ژماره‌ی ژن و منداڵه‌كانی زیاد بێت، پیاو به‌وڕاده‌یه سه‌ربه‌رزه‌و دڵنیایه. به‌م دۆخه‌ی ئێستایه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی خێزان وه‌ك ده‌زگایه‌كی ئایدیۆلۆژی بایه‌خداره. به‌م ره‌وشه‌ی ئێستایه‌وه ئەگەر ژن و خێزان له‌ژێر سیسته‌می شارستانیه‌ت، واته له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت بكێشنه‌وه، ئەوا به‌ناوی سیسته‌مه‌وه شتێكی زۆركه‌م ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام باجه‌كه‌ی ئه‌م شێوازه، شێوازی هه‌بوونێكی ناكۆتای ژنه كه له‌ژێر ئازار، هه‌ژاری، ئاڵوودهو دۆڕاوی دۆخی شه‌ڕێكی به‌رده‌وامی توند‌و ئاست نزمی ئاشكرا‌و راگه‌یه‌نراودا ده‌ناڵێنێت. "پاوانی پیاو" كه وه‌ك زنجیره‌ی دووه‌می پاوان به‌سه‌ر جیهانی ژن‌دا سه‌پێنراوه، وه‌ك بڵێی هاوشێوه‌و هاوته‌ریبی پاوانه‌كانی سه‌رمایه‌یه كه به درێژایی مێژووی شارستانیه‌ت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌یان بردووه. له‌هه‌مانكاتدا كۆنترین و به‌هێزترین پاوانێتی. له‌م خاڵه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌بوون (ژیانی)ی ژن وه‌ك كۆنترین جیهانی داگیركراو به‌ره‌و ئه‌نجامی راست و واقیعیترمان ده‌بات. ئه‌گه‌ر له‌باره‌یانه‌وه بڵێین: ژنان كۆنترین گه‌لی كۆڵۆنیكراوە كه نه‌بووه به میلله‌ت (ئوممه‌ت) راستتره.
سه‌رباری ته‌واوی رازاندنهوهكانی لیبڕالیزم، وه‌ك چۆن مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ستاتۆ كۆنه‌كه‌ی نەرووخاندو ژنی بەرەو یه‌كسانی و ئازادی نەبرد، ئه‌ركی دیكه‌شی لێ باركردووه و ژنی خستۆته ژێر باری ستاتۆیهكهوه كه زۆر له‌هی جاران قورستتره. ستاتۆكانی له‌جۆری هه‌رزانترین كرێكار، كرێكاری ماڵه‌وه، كرێكاری بێ به‌رامبه‌ر، كرێكاری نه‌رم و خزمه‌تكاری پیشانیده‌دات كه ره‌وشی قورستتر بووه. له‌سه‌ر ئه‌مه‌شه‌وه به‌كارهێنانی وه‌ك ئامرازێكی ریكلام و كه‌ره‌سته‌یه‌كی مهگازنی راگه‌یاندن قووڵتركراوهتهوه. ته‌نانه‌ت جه‌سته‌كه‌شی وه‌ك ئامرازێكی هه‌مه‌لایه‌نی به‌كارهێنان و قۆستنه‌وه كاڵایه‌كه سه‌رمایه ده‌ستبه‌رداری نابێت. به‌رده‌وام ئامرازی وروژاندن و هاندانی ریكلامكردنه. به‌كورتی، به به‌رهه‌مترین نوێنه‌ری كۆیله‌ی مۆدێرنه. ئایا ده‌توانرێت بیر له كاڵایه‌كی به‌مجۆره بكرێته‌وه كه هه‌م له‌و كۆیله‌یه به‌هادارتره كه زۆرترین قازانج به‌ده‌ست دێنێت، هه‌م ئامرازێكی ئاره‌زووه ناكۆتاكانه؟
كێشه‌ی دانیشتوان له‌نزیكه‌وه گرێدراوی ره‌گه‌زپەرستی، خێزان و ژنه. زۆری ژماره‌ی دانیشتوان، واتای سه‌رمایه‌یه‌كی زیاتره. "ژنێتی یان ژنی ماڵه‌وه" كارگه‌ی زیادكردنی دانیشتوانه. ده‌توانین به‌كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و موڵكه "منداڵ" به‌نرخانه ناوی ببه‌ین كه سیسته‌م پێویستیه‌كی زۆری پێیه‌تی. به‌داخه‌وه له‌ژێر سایه‌ی سیسته‌می باڵاده‌ستی پاوانخوازدا خێزان خراوه‌ته ناو ئه‌م ره‌وشه‌وه. له‌كاتێكدا باجی ته‌واوی ئێش و ئازار‌و زه‌حمه‌تیه‌كان به‌سه‌ر ژن‌دا ده‌بڕێت، هه‌رچی به‌های موڵكه‌كه‌یه به‌هادارترین دیاری سیسته‌مه. زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان هه‌ره زێده ژن په‌رێشان ده‌كات. له ئایدیۆلۆژیای خانهدانێتیشدا ره‌وش به‌مجۆره‌یه. به‌رچاوترین و شیرین‌ترین ئایدیۆلۆژیای مۆدێرنیته خێزانگهراییه، كه دواقۆناخه خانه‌دانێتی پێی گه‌یشتبێت. ته‌واوی ئه‌م بابه‌تانه به‌زیادیشه‌وه له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیای ده‌وڵه‌تگه‌رایی ــ نه‌ته‌وه ده‌بێت به‌یه‌ك. چی له‌پێگه‌یاندنی به‌رده‌وامی منداڵ بۆ ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه به‌هادارتره؟ چونكه زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوانی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه، واتای هێزی زیاتره. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه دێت كه به‌رژه‌وه‌ندی ژیانی پاوانه‌كانی پیاو و سه‌رمایه‌ی به‌رته‌سك له‌ژێر ته‌قینه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتواندا شاراوه‌یه. زه‌حمه‌تی، خه‌م و په‌ژاره، سووكایه‌تی پێكردن، ئێشوئازار، تاوانباری، هه‌ژاری و برسێتی گشتی به‌شی ژنه: هه‌رچی شادی و قازانجه دڵخۆشكهرهكهشه هی "به‌گ"ـه‌كه‌ی و سهرمایهدارهكهیه. هیچ سه‌رده‌مێك له‌مێژوودا وه‌ك رۆژی ئه‌مڕۆمان هێزو ئه‌زموونی ئه‌وه‌یان پیشاننه‌داوه كه ژن وه‌ك ئامرازێكی قۆستنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌ن به‌كاربێنێت. ژن وه‌ك یه‌كه‌مین و دواترین كۆڵۆنی له هه‌ستیارترین ساتی مێژووی خۆیدا ده‌ژیت.
له‌كاتێكدا ژیانێكی هاوبه‌ش كه پابەندی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی باركراو به دیموكراسیخوازی، یهكسانخوازی و ئازادیخوازیهكی ریشه‌یی له‌گه‌ڵ ژن رێكبخرێت، له بهركهماڵترین ئاستدا توانای به‌رقه‌راركردنی جوانی، چاكی و راستی هه‌یه. من خۆم له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م ستاتۆیه‌ی له ئارادایه ژیان له‌گه‌ڵ ژن، شانبه‌شانی ئه‌وه‌ی زۆر به‌كێشه ده‌بێت، له هه‌مانكاتدا زۆر قێزه‌ون، خراپ و هه‌ڵه‌ی ده‌بینم. ژیان لەگەڵ ژنێکی ژێر ئه‌م ستاتۆیه‌دا بابه‌تێكه هەر له‌منداڵیه‌وه لێی ترساوم. ئه‌وه‌ی له ئارادایه‌و جێگای باسه ژیانێكه ته‌نانه‌ت رهمهكێكی به‌هێزی وه‌ك زایه‌ندیش ده‌خاته ژێر لێپرسینه‌وه. ره‌مه‌كی زایه‌ند له‌پێناو به‌رده‌وامكردنی ژیانه. یه‌كێك لهسهمهرهكانی سروشته‌و شایسته‌ی پیرۆز بینینه. به‌ڵام پاوانی پیاو و سه‌رمایه تا راده‌یه‌ك ژنیان پیسكردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌م توانا سه‌مه‌ره‌یه‌ی سروشتیشیان بۆ ده‌زگایه‌ك"كارگه‌ی منداڵ" گۆڕیوه كهوتووترین كاڵا به‌رهه‌مدێنێت. له‌كاتێكدا له رێگای ئه‌م كاڵایانه‌وه كۆمه‌ڵگا سه‌راوبن ده‌كرێت، ژینگه‌ش له‌ژێر قورسایی ژماره‌ی دانیشتوان (ئێستا شه‌ش ملیاره: به‌م خێراییه به‌رده‌وام بێت، ده یان په‌نجا ملیار بێت ژینگه چی ده‌كات) سات به سات له‌ناو داڕووخاندا ده‌ژیت. بێگومان ژیان له‌گه‌ڵ ژن و منداڵ له‌ناوه‌ڕۆكدا بوویهرێكی پیرۆزه، نیشانه‌ی كۆتایی نه‌هاتنی ژیانه. وا ده‌كات هه‌ست به‌نه‌مری بكه‌یت. ئایا دەشێ سۆز‌و هه‌ستێكی له‌مه به‌هادارتر هه‌بێ؟ له‌ژێر ئه‌م راستینهیهدا به هه‌موو جۆرێك لهناوجۆشی هه‌نگاونان بۆ نه‌مری ده‌ژیت. به‌تایبه‌تیش ئه‌م ره‌وشه له‌مرۆڤی رۆژی ئه‌مڕۆماندا هه‌روه‌ك شاعیرێك ده‌ڵێت "وه‌چه‌كانمان به‌ڵای سه‌رمانن" به‌ئاستێكی به‌مجۆره گه‌یشتووه. لێره‌وه ناتوانرێت نكوڵی له‌و راستیه بكرێت: جارێكی دیكه رووبه‌ڕووی هه‌ڵه، قێزه‌ونی و بێ ئه‌خلاقییه گه‌وره‌كه‌ی پاوانخوازێتی پیاو و سه‌رمایه‌ین كه پێچه‌وانه‌ی سروشتی یه‌كه‌م و دووه‌مه.
ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی مرۆڤ ئاواكراوه، ده‌کرێ به‌ده‌ستی مرۆڤیش بڕووخێنرێت. لێره‌دا نه یاسایه‌كی سروشت، نه چاره‌نووسێك، هیچیان جێگای باس نین. ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت رووخاندنی دابه‌شكردن و هه‌ڵاواردنی پاوانه‌كانه كه ده‌ستێكی ژیانی هۆرمۆنی و شێرپه‌نجه‌یی دەستەکانی سیسته‌مه‌كانی تۆڕ، پیاوی به‌هێزو فێڵبازو پاوانه‌كانه. به‌رده‌وام له‌ناخه‌وه هه‌ستم به پێویستی قووڵایی واتاداربوونی سه‌مه‌ره‌ترین جووتی (هێنده‌ی كه زانراوه) ژیانی گه‌ردوون كردبوو. بوێری ئه‌وه‌م پیشاندا سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ژن بیر بكه‌مه‌وه، دواتر له‌باره‌ی كات و شوێن و راده‌ی خراپه‌كاریه‌كانی سه‌ری و چۆنیه‌تی به لاوه‌نانی، گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كرد؛ ئه‌وه‌شم خسته پێشه‌وه‌ی ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ ژن‌دا. بێگومان ته‌نیا ئه‌و ژنه‌ی به‌هێزه، ژیره، باشه، جوانه‌و ده‌توانێت بڕیاری راست بدات، به‌مجۆره كاتێك منیش تێپه‌ڕده‌كات و شه‌یدام ده‌كات و ده‌توانێت ببێته موخاتهبم، هه‌ڵبه‌ته له‌سه‌رووی بژاره‌كانی لێگه‌ڕینی فهلسهفیمهوه دێت. به‌رده‌وام له‌و بڕوایه‌دا بووم كه نهێنیه‌كانی لێشاوی ژیانی گه‌ردوون له‌گه‌ڵ ئه‌م ژنه‌وه له‌میانه‌ی باشترین، جوانترین و راستترین لایه‌نه‌وه واتاداربێت. به‌ڵام به‌ڕاده‌یه‌ك كه هیچ پیاوێك تێیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، بڕوام به‌ئه‌خلاقی خۆم هه‌بوو كه هه‌رگیز هورمزی نه‌وه‌د هه‌زار مێردهو موڵكی "پیاو و سه‌رمایه" ناكاته هاوبه‌شی شێوازی هه‌بوون و ژیانم. له دۆخێكی وه‌هادا لهفێمینیزم به‌ولاوه ده‌شێت دەستەواژەی "ژنۆلۆژیا" (زانستی ژنناسی) باشتر وه‌ڵامی ئامانجه‌كه بداته‌وه.
بەردەوامە…