كێشه‌ی ئیندوستریالیزمی كۆمه‌ڵگا
31 ئازار, 2020(لەبەرگیراو لە پەرتووکی سۆسیۆلۆژیای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان)
٥ــ كێشه‌ی ئیندوستریالیزمی كۆمه‌ڵگا
شۆڕشی پیشه‌سازی كه هێنده‌ی شۆڕشی كشتوكاڵ بایه‌خداره، له‌سه‌ر بنه‌مای توانای كه‌ڵه‌كه‌بووی هه‌زاران ساڵه‌ی مێژوو له‌كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م قه‌ڵه‌مبازێكی چۆنایه‌تی ئه‌نجامداوه و تارۆژگاری ئه‌مڕۆمان درێژه به‌ئاراسته‌ی هه‌ڵكشان-دابه‌زینی خۆی ده‌دات. نازانرێت له‌كوێ، كه‌ی، چۆن ده‌وه‌ستێت، یاخود ده‌وه‌ستێنرێت. ئه‌و شۆڕشه خاوەن تایبه‌تمه‌ندیه‌كی له‌مجۆره‌ی ئه‌قڵی ئهنالیتیكه کە تەقینەوەی ئەنجامداوە، خۆشی به‌رهه‌می ئه‌م ئه‌قڵه‌یه. له‌ژێر حوكمڕانی مسۆگه‌ری سه‌رمایه‌دایه. هیچ گومانێكی تێدا نییه كه سه‌رمایه خۆی داهێنه‌ری زۆربه‌ی ئامرازه‌كانی پیشه‌سازی نییه. بەڵام هه‌موو كاتێك به بایه‌خه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كردووه، تاوەکو بۆ ئامرازگەلێک بیانگۆڕێت کە قازانج بەدەست دێنێت، ئه‌وانه‌ی پێویستی بینیون كردوونی به‌موڵكی خۆی. به‌رهه‌مهێنانی خێرا‌و هه‌رزان، ده‌رفه‌تێكی مه‌زنی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگایه. ئه‌و پیشه‌سازیه‌ی له‌خزمه‌تی كۆمه‌ڵگادا بێت وه‌ك ئه‌قڵ هێژاو به‌نرخه. كێشه له‌خودی پیشه‌سازیدا نییه، به‌ڵكو له‌شێوازی بهكارهێنانیدایه. پیشه‌سازیش وه‌ك توانای ناوكییه. كاتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی پاوانه‌كاندا به‌كاربهێنرێت، بۆ ئامرازێك ده‌گۆڕێت كه شه‌ڕو كاره‌ساتی ئیكۆلۆژی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت و ژیان ده‌خاته ژێر مه‌ترسیه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی له رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا به ئامانجی قازانج به‌كارده‌هێنرێت، وێرانكاری ژینگه‌ی خێراكردووه. هه‌روه‌ها به‌خێرایی به‌ره‌و كۆمه‌ڵگای وه‌همی مه‌ودا ده‌بڕێت. به‌خێرایی رۆبۆته‌كان جێگای ئۆرگانه‌كانی مرۆڤ ده‌گرنه‌وه. به‌مجۆره به‌رده‌وام بێت، ته‌نانه‌ت خودی مرۆڤیش بێ‌واتا ده‌بێت.
بۆچوونێكی هاوبه‌شه كه له‌دۆخی ئه‌مڕۆی ژینگه‌دا نه‌ك ته‌نیا كۆمه‌ڵگا به‌ڵكو ژیانی ته‌واوی گیانله‌به‌ران له‌ژێر مه‌ترسیدایه. پێویسته به بایه‌خه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێته‌وه، به‌ته‌نیا دیاریکردنی دیارده‌ی پیشه‌سازی وه‌ك به‌رپرسیاری ئاراستەی ئه‌م دۆخه شێواندن و چه‌واشه‌كردنێكی ته‌واوه. سه‌ربه‌خۆ به‌ته‌نیا پیشه‌سازی فاكته‌رێكی نۆتره (سفره). پیشهسازیهك كه له‌گه‌ڵ بیانوو و پێویستیه‌كانی هه‌بوونی كۆمه‌ڵگا ببێت به یه‌ك، رۆڵێكی دیاریكه‌ر ده‌بینێت له‌وه‌ی کە جیهان بۆ مرۆڤ و ته‌واوی گیانله‌به‌ران، تەنانەت ژیان بۆ سروشتی سێیه‌م وه‌رچه‌رخێنێت. خاوه‌ن ماته‌وزه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌یه. ئه‌گه‌ر به‌مجۆره بێت ده‌شێت پیشه‌سازی پیرۆزیش بكرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌قورسایی بكه‌وێته ژێر كۆنترۆڵی قازانج-سه‌رمایه‌وه، جگه له گروپێكی پاوانخواز دونیا بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌كات به دۆزه‌خ. له رۆژی ئه‌مڕۆماندا بارودۆخه‌كه بەشێوەیەکی سەرەکی به‌م ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕوات. راستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه ئه‌م ره‌وشه مرۆڤایه‌تی خستۆته ناو ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی قووڵ و مه‌زنه‌وه. پاوانی پیشه‌سازی ئیمپراتۆریه‌تێكی راسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری كۆمه‌ڵگا ئاواكردووه. به‌رامبه‌ر به‌تاكه سوپه‌ر ههژموونگهراکهی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ده‌یان هه‌ژموونی پیشه‌سازی له ئارادایه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ژموونی سیاسی-سه‌ربازی بوه‌ستێنرێت، هه‌ژموونه‌كانی پیشه‌سازی به ئاسانی ناوه‌ستێنرێن. چونكه ئیتر ئه‌وانیش بوونه‌ته جیهانگه‌را. ئه‌گه‌ر وڵاتێك كه وه‌ك ناوه‌ند به‌كاری دێنێت، داهاته‌كه‌ی سنووردار بێت، ده‌توانن یه‌كسه‌ر جێگایه‌كی دیكه، وڵاتی نوێ بكه‌ن به ناوه‌ندی خۆیان. كێ ده‌زانێت له‌وانه‌یه ئیمپراتۆریه‌تی پیشه‌سازی ئه‌مریكا، سبه‌ینێ چین وه‌ك ناوه‌ند هه‌ڵبژێرێت! ته‌نانه‌ت له رۆژی ئه‌مڕۆشماندا ده‌توانرێت تێبینی بكرێت كه دوای ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كان لهبارتربن هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ئه‌مه به‌دیدێت.
پیشه‌سازی زه‌برێكی كوشنده‌ی له شاده‌ماری كشتوكاڵ داوه. فاكته‌ری بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ و ئامرازی ههبوونهكهی، واته كشتوكاڵ، به‌رامبه‌ر به پیشه‌سازی دووچاری داڕووخانێكی مه‌زن هاتووه. ئه‌م چالاكی و كرده پیرۆزه‌ی پێنج هه‌زار ساڵه مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رپێیان هێشتۆته‌وه، ئه‌مڕۆ فه‌رامۆشكراوه. بۆ هێشتنه‌وه‌ی له‌ژێر باڵاده‌ستی پیشه‌سازیدا ئاماده كراوه. وه‌ك مه‌زه‌نده ده‌كرێت پێویسته بەشداریکردنی پیشه‌سازی وابەستەی سەرمایە – قازانج لهكشتوكاڵدا وه‌ك دەرفەتی به‌رهه‌مهێنانی زۆر و خێرا شرۆڤه نه‌كرێت. له‌میانه‌ی یاریكردن به بۆهێڵی تۆوەكان و پیتاندنی ده‌ستكرد له‌لایه‌ن پاوانه‌كانی پیشه‌سازیه‌وه خاک ده‌خرێته ره‌وشی دایكایهتیهكی ساخته‌وه کە لەرێگای پیتاندنی دەستکردەوە دەبێتە خاوەن منداڵ. هه‌روه‌كو چۆن ناشێت له رێگای سپێرمێكی بیانی دووگیانی و دایكایهتیهكی ته‌ندروستانه فه‌راهه‌م ببێت، ئه‌وا پیتاندنی خاکیش له‌میانه‌ی ئه‌و تۆوانه‌ی یاری به بۆهێڵهكانیان كراوه نایخاته ناو ره‌وشی دایكایهتیهكی باشه‌وه. پاوانەكانی پیشه‌سازی سه‌باره‌ت به كشتوكاڵ خۆیان بۆ سه‌رشێتییه‌كی له‌مجۆره ئاماده ده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه گه‌وره‌ترین دژه شۆڕشی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌بواری كشتوكاڵدا رووبدات، ته‌نانه‌ت ده‌ستیشی پێكردووه. زه‌وی و كشتوكاڵ، هه‌ردووكیان ئامرازی به‌رهه‌مهێنان نین، هه‌ریه‌كه‌و به‌شێكی كۆمه‌ڵگان كه‌لێی جیانابنه‌وه‌و یارییان پێناكرێت. كۆمه‌ڵگای مرۆڤ پاڵپشت به خاك و كشتوكاڵ بونیادنراوه. دابڕاندنی له‌م جێگا‌و به‌رهه‌مهێنانه، به واتای به‌ركه‌وتنی زه‌برێكی كوشنده له ههبوونهكهی دێت. راستینه‌ی شار كه وه‌ك شێرپه‌نجه زیاد ده‌كات، هه‌ر له ئێستاوه به‌شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا ئه‌م مه‌ترسییه پیشانده‌دات. تاڕاده‌یه‌كی به‌رز و بهشیمانهیهكی مه‌زنه‌وه رزگاری له بزووتنه‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌دا ده‌بینرێت: ئه‌ویش بزووتنه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه له شاره‌وه بۆ خاك و كشتوكاڵ. به‌هه‌رحاڵ وه‌ك دیار ده‌بێت له‌وانه‌یه دروشمی سه‌ره‌كی ئه‌م بزاڤه به شێوه‌ی " كشتوكاڵ و خاك له‌پێناو هه‌بوون، یان له‌ناوچوون" ده‌ستنیشان ده‌كرێت. قازانج-سه‌رمایه، پیشه‌سازی و خاك و كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناكاته یه‌ك، له رێگای په‌یوه‌ندی ژیانی و دۆستایه‌تیه‌وه به یه‌كتریان نابه‌ستێته‌وه. به‌ڵكو ناكۆكی گه‌وره‌ی بە قەدەر شاخیان له‌نێواندا دروست ده‌كات، ده‌یانكات به دوژمنی یه‌كتری.
ناكۆكییه چینایه‌تی، ئه‌تنیكی، نه‌ته‌وه‌یی و ئایدیۆلۆژیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا به ئاستی شه‌ڕو پێكدادان ده‌گه‌ن. به‌ڵام ئه‌مانه ناكۆكیه‌ك نین ده‌رفه‌تی چارەسەرکردنیان نه‌بێت. هه‌روه‌كو چۆن به‌ده‌ستی مرۆڤ ئاواكراون، به‌هه‌مانشێوه دەکرێ بە دەستی مرۆڤ نه‌هێڵدرێت. به‌و سیفه‌ته‌ی ئامرازی سه‌رمایه‌یه ناكۆكی پیشه‌سازی، له‌گه‌ڵ خاك و كشتوكاڵ كۆنترۆڵی مرۆڤ تێپه‌ڕ ده‌كات. خاك و كشتوكاڵ به‌ملیۆنان ساڵ له‌بواری ئیكۆلۆژیهوه خۆیان ئاماده‌كردووه. ئه‌گه‌ر دووچاری خراپبوون و تێكچوون ببن، به‌ده‌ستی مرۆڤ ئاواناكرێنهوه. هه‌روه‌كو چۆن دروستكردنی خاك (زه‌وی) به‌ده‌ستی مرۆڤ نییه‌و ناشێت، به‌رووبوومه كشتوكاڵیه‌كان و گیانله‌به‌رانی دیكه‌شی به‌هه‌مانشێوه‌یه، بۆ نموونه ئافراندنی رووه‌كیش ئێستا به‌ده‌ستی مرۆڤ نییه، شتێكی له‌مجۆره‌ش چاوه‌ڕوان ناكرێت. له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م توانا‌و ده‌رفه‌ته به‌شێوه‌ی مرۆڤ خوڵقینراوه. دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له ئارادایه ده‌رفه‌ت و واتای نییه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی بابه‌تێكی فه‌لسه‌فی قووڵه هێنده شۆڕنابمه ناخیه‌وه. هه‌روه‌كو چۆن فیرعه‌ون ته‌نیا له‌میانه‌ی گۆڕستانه‌كانی شێوازی ئه‌هرامه‌كانه‌وه خوازیاربووه ئایینده‌ی خۆی ئاماده بكات، شێوازی خوڵقاندنی رۆبۆتیش له‌لایه‌ن ئیندوستریالیزمهوه داهاتووێك نائافرێنێت ده‌رفه‌تی ژیانی تێدا هه‌بێت. به‌ڵكو ئه‌م شێوازە به‌رامبه‌ر به مرۆڤیش بێرێزییه. له‌كاتێكدا هه‌بوونێكی شكۆدارو سه‌رسوڕهێنه‌ری وه‌ك سروشت له ئارادایه، رۆبۆت و كۆپیه‌كانی چی واتا‌و بایه‌خێكیان ده‌بێت؟ لێره جارێكی دیكه سه‌رشێتی و هاربوونی قازانجی سه‌رمایه رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه. با بڵێین رۆبۆته‌كان هه‌رزانترین به‌رهه‌مهێنانیان فه‌راهه‌مكرد. ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌بێت به‌كاریان بێنێت ئه‌مانه به‌كه‌ڵكی چی دێن؟ له‌ملایه‌نه‌وه ئیندوستریالیزم فاكته‌ری سه‌ره‌كی بێكاری كۆمه‌ڵگایه: گه‌وره‌ترین چه‌كی سه‌رمایه‌یه به‌رامبه‌ر به‌پیتی به‌رهه‌مهێنه‌ری كۆمه‌ڵگا. هه‌م له به‌كارهێنانی كه‌مترین ژماره‌ی كرێكاران، هه‌م له رێگای دابەزاندنی نرخه‌وه كاتێك وه‌ك ده‌خوازێت بازاڕ كۆنترۆڵ بكات، سه‌رمایه به‌رده‌وام چه‌كی پیشه‌سازی به‌كاردێنێت. له‌ده‌ره‌نجامدا به‌ملیۆنان مرۆڤی بێكار، برسی و هه‌ژارو كاڵای رزیوو ده‌بنه قوربانی ئه‌م قه‌یرانانه.
بە سیفەتی سروشتی دووەم كۆمه‌ڵگا ته‌نیا له‌میانه‌ی وابه‌سته‌بوونێكی توند به‌ژینگه‌وه كه به‌رهه‌می ملیۆنان ساڵ و شوێنی گونجاوه ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌هه‌بوونی خۆی بدات. هیچ هه‌بوونێكی پیشه‌سازی ناتوانێت شوێنی ژینگه بگرێته‌وه كه سه‌مه‌ره‌یه‌كی گه‌ردوونه. هه‌ر له ئێستاوه له‌سه‌ر زه‌وی، ئاسمان، ده‌ریاو فه‌زا رووداوه‌كانی هاتووچۆو گواستنه‌وه به‌ئاستی كاره‌سات گه‌یشتوون. پیشه‌سازی كه به پاشماوه‌ی سووته‌مه‌نیه‌كان كارده‌كات، به‌رده‌وام كه‌ش و ژینگه ژه‌هراوی ده‌كات. ته‌واوی ئه‌م كاره‌ساتانه، به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كردنی قازانجی دووسه‌د ساڵه‌یه. ئایا ئه‌م كهڵهكهبوونه هێژای ئه‌م هه‌موو كاولكارییه بوو؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه وەک چۆن ئه‌و كاولكارییه‌ی له‌ئارادایه كۆی شه‌ڕه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌هێناوه، ئه‌و زیانه گیانییه‌ی لێی كه‌وتۆته‌وه هیچ رووداوێكی دیكه‌ی سروشت یان ده‌سكردی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆی نه‌یهێناوه.
ئیندوستریالیزم وه‌ك ئامێرێك و ئایدیۆلۆژیایه‌كی پاوانخواز یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كیه‌كانی كۆمه‌ڵگایه. بۆیه پێویسته له قووڵاییدا لێپرسینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكرێت. ته‌نیا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی خولقاندوویه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م لێپرسینه‌وه به‌سه. ئه‌گه‌ر جانهوهرهكه گه‌وره‌تر بێت و له‌ژێر كۆنترۆڵ ده‌رچێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه ئه‌و لێپرسینه‌وه‌و ته‌گبیرانه‌ی که به‌رامبه‌ری وه‌رده‌گیرێت دره‌نگ و بێ‌واتا ببێت. بۆئه‌وه‌ی نه‌هێڵێن كۆمه‌ڵگا له‌ناوه‌ڕۆكی خۆی دووربخرێته‌وه و به‌دۆخی كۆمه‌ڵگای وه‌همی بگه‌یه‌نرێت، پێویسته ئه‌م جانه‌وه‌ره له ده‌ستی پاوانه‌كان ده‌ربهێنرێت، سه‌ره‌تا ماڵیبكرێت، دواتر كاتی ئه‌وه‌یه بكرێته دۆستی سروشت.
كاتێك تێكۆشان به‌رامبه‌ر به ئیندوستریالیزم ده‌كه‌ین، جیاكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنان و هەڵوێستی ئایدیۆلۆژی پاوانخوازی ته‌كنۆلۆژیای پیشه‌سازی له‌گه‌ڵ شێوازی به‌كارهێنان و بونیاده گونجاوه‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگا، گرنگترین ئه‌ركی خه‌باتی زانستی و تێكۆشانی ئایدیۆلۆژییه کە بەم ئاراستەیەدا ئەنجام دەدرێت. ئه‌و گروپانه‌ی دابڕاو له‌پێگه كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیه‌كه‌ی له‌سه‌ربنه‌مای مرۆڤپهروهریهوه بانگه‌شه‌ی تێكۆشان به‌رامبه‌ر ئیندوستریالیزم ده‌كه‌ن، چاوه‌ڕوانی گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان لێناكرێت. ئه‌م گروپانه به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تی به‌پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانیان ده‌كه‌ونه‌وه، ده‌كه‌ونه دۆخێكه‌وه خزمه‌ت به ئیندوستریالیزمی پاوانخواز بكه‌ن. چونكه لهمهزندهكان زیاتر ئیندوستریالیزم خاوه‌ن كاره‌كته‌رێكی ئایدیۆلۆژی، میلیتاریستی و چینایه‌تییه. چونكه زانست و ته‌كنۆلۆژیایه له بواری ئایدیۆلۆژیدا. ته‌نانه‌ت نوێنه‌رایه‌تی ترسناكترین ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و زانست و ته‌كنۆلۆژیایه ده‌كات كه له‌م لایه‌نه‌وه به‌كارده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها جانه‌وه‌ری پیشه‌سازی له‌خۆیه‌وه سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه. پێویسته به یادی خۆمانی بێنینه‌وه: كاتێك بۆرژوازی ئینگلته‌را له دوورگه، ئه‌وروپا و جیهان هه‌ڵمه‌ته مێژووییه‌كه‌ی ئیمپریالیزمی ئه‌نجامدا، چینێكه كه هه‌م ئیندوستریالیزمی رێكخستووه، هه‌م به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و به‌رفراوان به‌كاریهێناوه. دواتر به ریزه ئیندوستریالیزم بۆته چه‌كی هاوبه‌شی بۆرژوازی ته‌واوی وڵاتان. هه‌روه‌ها فه‌راهه‌مبوونی باڵاده‌ستی چینی بۆرژوازی له‌ئاستی جیهاندا له سه‌ده‌كانی نۆزده‌هه‌م و بیسته‌م كه له‌ناو سێیانه‌ی فینانس ــ بازرگانی ــ پیشه‌سازیدا زیاتر سه‌رده‌می پیشه‌سازییه، به‌شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا ئه‌م راستییه ده‌سه‌لمێنێت.
چه‌نده جێگای داخ و په‌ژاره‌یه كه كارل ماركس و بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیزمی بونیادنراو كۆمه‌ڵگا ناسهرمایهدارهكانیان بهكۆنهپهرست راگه‌یاندووه‌و رێككه‌وتنی ستراتیژییان له‌گه‌ڵ بۆرژوازی پیشه‌سازی په‌سه‌ند كردووه، ئه‌گه‌ر به ئه‌نقه‌ست و به‌ئاگاییشه‌وه نه‌بێت، تراژیدیترین بزووتنه‌وه‌یه، بگره بزاڤی سۆسیالیزمی بونیادنراو له‌سه‌رووی ئه‌و بزاڤانهوه دێت كه له مێژوودا پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی خۆیان بوونه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌نی بابه‌تیه‌وه به واتای خیانه‌ت دێت. ئه‌مه‌ش هه‌روه‌كو ئه‌و دۆخه‌یه كه به‌سه‌ر كرستیانهكانیش هات: به‌درێژایی سێسه‌د ساڵ ئایینی ئاشتی بوو، له ئاكامی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تی، زیاتریش به ئاگاییه‌وه پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی خۆی بوویه‌وه‌و خیانه‌تی كرد. كرستیانیش له دواشیكاردا شه‌یدای سه‌رنجڕاكێشی پاوانی ده‌سه‌ڵات بوو، پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی خۆی كه‌وته‌وه و له‌بوون به ئایینی شارستانیه‌ت رزگاری نه‌بوو. هه‌رچی ئیسلامه، هێشتا حه‌زره‌تی محه‌مه‌د زیندوو بوو ده‌ستی پێكرد. له ده‌ره‌نجامدا به‌رامبه‌ر به پیشه‌سازی ده‌سه‌ڵات تێكده‌شكێن و چۆكدادهدهن.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌روه‌ك بڵێی كاتژمێره‌كانی قیامه‌ت لێده‌دات سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ده‌ستی به هاوار كردووه، پێویسته له‌ژێر رۆشنایی نموونه‌ی بزووتنه‌وه‌ی هاوشێوه‌وه ده‌رك به ره‌هه‌نده‌كانی چین و كۆمه‌ڵگای مێژوویی وێرانکاریەکانی ئیندوستریالیزم بكرێت، وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی هه‌بوونی كۆمه‌ڵگا په‌سه‌ند بكرێت و بە شێوازی بزاڤێكی ئایینی نوێ و پیرۆز تێكۆشان دەست لێبەرنەدراوە. هه‌روه‌كو چۆن مه‌حاڵه ئاگر به ئاگر بكوژێنرێته‌وه، تا ژیانی ناو زه‌لكاوی ئیندوستریالیزم لێپرسینه‌وه‌ی له‌باره‌وه نه‌كرێت و ده‌ستبه‌رداری لێنه‌كرێت، ناتوانرێت تیكۆشانی ئیكۆلۆژیش به‌ڕێوه‌ببرێت. ئه‌كه‌ر ناخوازین دووچاری هیچ تراژیدیایه‌كی نوێی هاوشێوەی تراژیدیا‌کانی كرستیانی، ئیسلامی و سۆسیالیزمی بونیادنراو ببین، ئه‌وكاته پێویسته په‌ندو ئه‌زموون وه‌ربگرین و به‌شێوه‌یه‌كی راست و ته‌ندروستانه تێكۆشانی زانستی ــ ئایدیۆلۆژی و ئه‌خلاقی ــ سیاسی تاوتوێ بكه‌ین.
بەردەوامە…