هاوسەرگیرییەک کە نەسڵێک دەکوژێت..
6 ئهیلول, 2019پەیمان ڤیان :ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار
کێشەیەکی بنەڕەتی کە زۆر بە ئایدۆلۆژیایانە وەکوو کۆمەڵکوژییەک لەسەر ژن و کۆمەڵگای ئێران بەڕێوەدەچێت، هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکدایە کە زەبرێکی گەورە لە روح، مێشک و جەستەی ژن دەدا؛ لەم بابەتەدا تەنیا کچان نابن بە قوربانی، هاوتەریب لەگەڵ ویش منداڵانی کوڕیش قوربانییانی ئەم دیاردەیەن کە دژبەری کلتوور و رەوشتی کۆمەڵگایە. هەر لە سەرەتاوە کە رژێمی ئێران پەتی دەسەڵاتی لە دەستی خۆی گرت؛ هێرشەکانی خۆی لەسەر ئیرادەی ژنان پێک هێنا و بە رێگەی یاساکانی دژ بە هەبوونی ژنان رەوایەتی بەمانە بەخشی. یەکێک لەم هێرشانە، هاوسەرگیری منداڵانە کە بە زیهنییەتی دەوڵەتگەرای نەتەوەپەرەست و دوگماتیسمی ئایینی، بە دەستتێوەردانێکی رەگەزپەرەستانە لە ئیرادەی ژن کرا.
رژێمی ئێران ئەم سیاسەتەی خۆی بە شێوازێکی زۆر تایبەتی ئایدۆلۆژیانە لەسەر هەبوونی ژن بەڕێوە برد کە هەتا رۆژی ئەمڕۆشمان هەر بەردەوامە. ئەم بابەتە رۆژەڤی بنەڕەتی لەناو کۆمەڵگادا ئاوا کردووە؛ تا مەجلیسی ئێرانێش چوو، بەڵام رژێم ئامادە نەبوو تەنانەت گۆڕانکارییەکی بچووکیش لەم بابەتەدا بکات. چونکە نەرمکردنی سیاسەتەکانی لە بابەتی ژندا، نەرم کردنی ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقییە کە هەر رۆژ لە هەر بوارێکەوە بە تایبەت لە بواری روحی و هزریدا ژن دەکوژێت. هاوسهرگیری لە تەمەنی بچووکدا، رێگرتنە لە ناسینی هزر و بیری ئازادیخواز. منداڵێکی ١٣ساڵانە بکەوێتە ژێر بارێکی ئەوەندە قورس، دەتوانێت چی لە ژیان و ئازادی تێبگات؟ ئەمە سیاسەتێکی تایبەتە کە لەم تەمەنە دا واتاکانی ژیان بۆ منداڵانی کچ دەکوژن و رازانەوەی ژیانێکی ئازاد لە هزری ئەواندا دەکوژن. ئەمەش راستەوخۆ خزمەتی زیهنییەتی پیاوسالار، کە سەرجەم گۆڕەپانەکانی ژیانی بۆ ژن بەرتەسک کردۆتەوە، دەکات. بە بێ ئەوەی بزانێت ئاخۆ چ داخوازیان هەیە و پێویستە چۆن ژیان بکەن، ئیرادەیان بن پێ دەکات و مافی ژیانیان لێدەستێنێ. لەم تەمەنەدا دەکەونە ناو بنبەستێک کە ئیتر لێی دەرناکەون. لە کەسایەتی ژندا زەرەرێکی گەورە لە سەرجەم کۆمەڵگا دەدات. یەکێک لە هۆکارەی ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ئێران خۆکوشتنی ژنان، رووکردن لە کاری خەراپ وەکوو رووسپییەتی، هەڵاتن لە خێزان، گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر و تەڵاق زۆر پێش کەوتووە، ئەم سیاسەته دژه ژنانهیه کە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژن و کۆمەڵگا، ئەوەی ئەمە رەوا دەکات خودی رژێمە، لە بنگەدا ئەمە لەناو بردنی بههاكانی کۆمەڵگایە.
لە دوای ساڵەکانی ٧٠، یاسایەک سهبارت به هاوسەرگیری دەركهوت کە منداڵانی کچ لە ٩ ساڵی و منداڵانی کوڕ لە ١٥ ساڵیدا دەتوانن هاوسەرگیری بکەن، بە هۆی ناڕەزایەتی گەلێک کە پێشکەوتن؛ دوای ماوەیەک تەمەنی کچان بوو بە ١٣ سال. ئەگەر کچ یاخود کوڕ تا تەمەنی ١٨ ساڵی مافی دەنگدانی نییە، ئاخۆ دەتوانێت کێ بەئیرادەی خۆی هەڵبژێرێت، چۆن دەتوانێت لە تەمەنی ١٣ ساڵی دا دەرحەق بە ژیانی خۆی بڕیار بگرێت؟ ئەگەر هەتا ١٨ ساڵی ناتوانێت گەواهی نامە(تەسدیق) بگرێت، چۆن دەتوانێت لەم تەمەنەدا بکەوێتە بن بارێکی ئەوەندە گران کە داهاتووی دیار دەکات. ئەگەر لەم تەمەنانەدا ناتوانێت ئەمانە هەڵبژێرێت، چۆن دەتوانێت ژیانی خۆی هەڵبژێرێت؟
ئەم یاسایانە، تاک و کۆمەڵگای بە جددی خستۆتە ناو کێشەگەلێکی قووڵەوە؛ لەبەر ئەمەش بۆتە رۆژەڤێکی بنەڕەتی. ئەوکاتە کە ئەو کێشانە چوون بۆ مەجلیس، وڵامی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی قۆوەی قەزاییە ئەوە بوو:" نەنکی منیش لە تەمەنی بچووکدا هاوسەرگیری کردووە و هیچ کێشەیەکیش دەرنەکەوتووە." ئەمە سووکایەتی کردنە لە داخوازی ژن و کۆمەڵگا؛ چونکە ئەم یاسایە بە زیهنییەتی ئەوان دامەزراوە و خزمەتی بەرژەوەندی ئەوان دەکات، چۆن ئیزن بدەن کە بگۆڕدرێت؟! هەر رۆژ له پێش چاومان منداڵانی کچی ٩-١٠ساڵە بە پیاوی ٤٠-٥٠ساڵە دەفرۆشرێن، نموونە بەرچاوەکەشی لەم ماوانەی دواییدا لە ئیلام دەرکەوت؛ باوكێكی موعتاد لەبەر قەرز کچە ١١ساڵەکەی کە لەناو خەیاڵەکانی منداڵێتیدا ژیانی دەکرد، بە پیاوێکی ٥٠ساڵە فرۆشت.
لە بەلووچستان منداڵان لە خوێندن بێبەشن، لەبەر دژواری ژیان هەر رۆژ دەفرۆشرێن؛ ئەم فرۆشتنانە لەبەر ئەوەیە کە کچ وەکوو میوان و موڵک دەدیترێت، بۆیە هەر کات پێویستیان پێی هەبێت بە بێ ئەوەی ئەو کچە بزانێت کە چی دەقەومێت، بە چاو و مێشکێکی گیراو دەیفرۆشن. لە ماڵەوە باوک و براکەی خاوەنی ئەون، کاتێکیش شووی کرد ئیتر ئەو پیاوە خاوەنییەتی، چۆن بیهەوێت دەتوانێت بیچم(شکل)ی پێبدات. ئەم خاوەنە کاتێک لە بەرامبەر بە خۆی ناڕەزایەتی ببینێت، بە بیانووی ئەوەی کە موڵکی ئەوە بە هەر شێوازێک کە بیهەوێت دەتوانێت ئەشکەنجەی بکات و تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی هۆڤانە بیکوژێت؛ هیچ حیسابێکی لێناخوازرێت، چونکە ئامانجی بنەڕەتی رژێمیش هەر ئەمەیە. ئەگەر ئەمە کۆمەڵکوژی نییە، چییە؟! ویژدان و ئاکاری کۆمەڵگا چۆن ئەمە پەسەند دەکەن؟! لە بەرامبەر ئەم هۆڤێتییە، کاردانەوەی کۆمەڵگا چۆن دەبێت؟!
رژێمیش ئەم دیاردەیە بە یاسا دەکات، بەڵام رۆڵی بنەماڵە لەم بابەتە دا بنگەیە. ئەوه زیهنییەتی دەوڵەتگەرایە لە کەسایەتی باب و برا دا لەناو خێزان رێکخراوە. لێرەدا گووتنێك ههیه کە دەڵێت:"خێزان، دەوڵەتی بچووکە." حەقیقەتێکە؛ چونکە خێزانە کە ئەم زیهنییەتە رێکدەخات و ئامانجی رژێم پێکدێنێت. رۆڵی خێزان ئەوەیە کە ئەم زیهنییەتە لەناو ببات و خاوەندارێتی لە رەوشت و هەبوونی خۆی بکات. دەوڵەت ئاکار و هەبوونی کۆمەڵگا بەرەو داڕزان دەبات، ئەوان ناچاری برسێتی دەکات و هەموو جۆرە بێ رەوشتییەک پێشدەخات، پۆتانسیل(ماتەوزە)ی کۆمەڵگا لەناو دەبات، هزر و کۆمەڵگایەکی رزاو پێش دەخات. پێویستە گرنگی بە پەروەردە و زانستی خێزان بدرێت، مەجلیسی ئێران کە خاوەن زیهنییەتێکی باوکسالار و دژی هەبوونی ژنە، بۆخۆی ئەم یاسایەیی دەرخستووە، بەڵام پێویستە ژنان ئەوەندە خۆیان بەهێز بکەن كه ئەوان ناچار بە گۆڕینی ئەم یاسایە بکەن. لە هەمانکاتدا رۆڵی دایکەکان، رۆڵێکی بنگەییە، دایک بۆخۆشی قوربانییە؛ بۆیە پێویستە بەهیج کلوجێک نەهێڵێت کە کچەکەشی هەمان چارەنووسی ئەوی هەبێت. پێویستە بە هەستیاری و بوێرییەوە بجوڵێتەوە؛ ئەم یاسایانە لەناو خێزاندا بشکێنن. باوک و برا کە لەناو چەپەڵی سیستەمدا خنکاون، کاتێک دەبینن کە ناتوانن خۆیان خەڵاس بکەن ئەو کاتە کچان لە خۆیان لاوازتر دەبینن و قوربانییان دەکەن. ئاشکرایە کە هەر دایکێک کە کچەکەی لەم تەمەنەدا قوربانی دەبێت، نە ویژدان و نە مێشکی ئەمە پەسەند ناکات، بۆخۆی هەر شتی لێوهرگیراوه، بۆیە پێویستە تێبکۆشێت و خاوەن ئیرادەی خۆی بێت. وای لێهاتووە کە زۆر ژن کە پارێزەری ئەم زیهنییەتەن، هەیە؛ بە زیهنییەتی پیاوسالار پەروەردە کراون و هەربۆیەش ئەم زیهنییەتە رەوا دەبینن. کاتێک کە لە مەجلیس پێشنیازی لابردنی هاوسەرگیری منداڵان کرا و ئەم بڕیارە خسترا دەنگدانەوە؛ هێندێک ژن هەبوون کە لە دژی ئەمە دەرکەوتن و نهیانهێشت کە ئەم یاسایە بگۆڕدرێت. ئەو ژنانە بۆ پاراستنی مافی ژنان لەو مەجلیسەدا نین بەڵکو بەرژەوەندی زیهنییەتی پیاوسالار دەپارێزن، پێویستە ئەم ژنانە بزانن کە سیستەم چ سیاسەتێک لەسەر ئەوان بەڕێوە دەبات. بۆ ئەمە ئێمەی ژنان پێویستە بە زانابوونەوە لە سەرجەم گۆرەپانەکانی ژیان دا بۆ مافەکانمان تێکۆشان بکەین؛ ئەگەر سەرەتا ئەم یاسایانە لەناو خێزاندا بشکیندرێن و کۆمەڵگا کاردانەوەیەکی بەهێزی هەبێت، هیچ واتایەکی یاساکانی دەوڵەت نامێنێت و بێ واتا دەبن. بۆ شکاندنی ئەم یاسا کۆنەپارێزانە لە رۆڵی دایکەوە بگرە هەتا رۆڵی سیاسەتمەداران و هونەرمەندان، لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری بنەمایە. بە تێکۆشان و یەکێتی ژنان مسۆگەر زیهنییەتی پیاوسالار بندەکەوێت؛ ئەگەر ئێمە بە شێوازێکی رێکخراو یەکبگرین، ئەوکاتە تێکۆشانی ئێمە دەتوانێت هەزاران کچ کە ناچار بەم زیهنییەتە کراون، رزگار بکەین.