شەونەمی ئازادی
2 كانونی دووهم, 2019
هاورێکەم! شەونەمی چاوت لەسەر خونچەی کوڵمەت نیشتووە
تروسکەی لە چاوم دەدرێت و شەونەمی چاوی منیش دەبێتە هاورێی شەونەمی چاوی تۆ
لێوە قەڵشیوەکانت من دەخاتە بیری بیابانێکی تینو کەوا
لەناو دڵیدا سەرەڕای ئەو پەڕی تینوێتی دارێکی سەوزی تێدا روواوە
دارەسەوزەکەی ناو دڵت پەیامێکم پێدەدات، ئەویش هێز و هیوادارییە
هیواداری بە ژیانێک کەوا خەریکن لێتی دەستێنن
هەوڵدانت بۆ ژیان کردن من دەخاتە بیری ئەو ماسییە ڕاوکراوەی پەلەقاژە دەکات بۆ ئاو
تاوەکو دەمی لە داو دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە ناو سەرچاوەی ژیانی
تۆش هەوڵ دەدەی بۆ بەدەست هێنانی ئەو ژیانەی لێتیان ساندووە
تۆ تینوی ئاوی و دوژمن تینوی خوێنی من و تۆ
تۆ برسی نانی و دوژمن برسی گیانی من و تۆ
من و تۆ بۆ ژیان کردن هەوڵ دەدەین و ئەوان بۆ ژیان گرتن
من و تۆ دەستی یەک دەگرین بۆ نەمری و ئەوان دەستی یەک دەگرن بۆ کوشتنی من و تۆ
من و تۆ لە یەک تێدەگەین و بەس
من دەزانم دەتهەوێ بێیتە لە ژێردەست
من دەزانم قەڵشینی لێوت نە برسێتی نانە و نە تینوێتی ئاو
من دەزانم ئەو شەونەمە عەشقی ئازادییە، نە فرمێسکی چاو
من دەزانم دارە سەوزەکەی ناو دڵت داری ئازادییە
سەربەخۆییە ئاواتت، هیوات یەکسانییە
گەر بە بێ نان و بە بێ ئاو بمێنیت لەو دونیایەدا
نامری تۆ ،چونکە خواستت نەمرییە.
تەوار ژیروان