• ژنۆلۆژی

    9 ئه‌یلول, 2017

    @page { margin: 2cm }
    p { margin-bottom: 0.25cm; direction: ltr; line-height: 120%; text-align: left; orphans: 2; widows: 2 }

    بەشی دووەم

    نەجیبە قەرەداخی


     

    ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە لە ٩ هەزار ساڵی شێوەگرتنی ژن و پیاو و پێگەکانیان دەکات، لە نۆ قات“چین یان تەبەقە“دا بە وردی لەوە دەکۆڵێتەوە کە لە ژن چۆن بە میتۆلۆژی، دواتر ئایین، هەروەها بە فەلسەفە و دوایینیشیان لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەداری گەیشت بەم دۆخەی ئێستای. ئەگەر بمەوێ بە سادەیی گوزارەی لێبکەم، ژنۆلۆژی لە کاروانی ٩ هەزار ساڵی ژن دەکۆڵێتەوە و سیحری دەوڵەت و دەسەڵاتداری بەتاڵ دەکاتەوە و درۆکانیان ئاشکرا دەکات و هەم بە کاروباری ئەرکۆلۆژی ڕاستیەکان هەڵدەکۆڵێ و شکۆ بۆ ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە بوون بە ژێر کاولاشی دەوڵەت، ئیمپراتۆریەکان، هەم کۆدی دەقە متیۆلۆژییەکان کە دواتر دەبنە بناخەی سەرەکی ئاینەکان دەکاتەوە.

    یەکێكیتر لەو بوارانەی کە زۆر گرنگە لە ژنۆلۆژی دا ڕەخنەگرتنی ڕیشەییە لە فێمینیزم، چونکە زۆرێک لە ڕەوتە فێمینیستەکان پێیان وایە کە فێمینیزم هەبێ ژنۆلۆژی بۆچیە؟ لە تیۆڕی و پراکتیکی ژنۆلۆژی دا بە فراوانی ئەوە دەخرێتە ڕوو کە نکوڵیکار مامەڵە لەگەل فێمێنیزم ناکات، بەڵکو بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە کە فێمینیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە. ژنۆلۆژی پێی وایە کە ڕەوت و بزووتنه‌وه‌کانی فێمێنست ڕاستە کە پرسی ژنیان زەق کردۆتەوە، ڕەخنەیان لە نێرسالاری و سێکسیزم گرتووە و زەمینەی بەشداری ژنانیان لە زۆر بواردا کردەوە، بەڵام ژنۆلۆژی ڕەخنە لە دیدی ئۆرێنتالیستانەی فێمینیزم دەگرێت کە هێشتا لە ژێر کاریگەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دایە. ژنۆلۆژی دەکرێت دەروازە و میکانیزمایەک بێت بۆ فێمینستەکان کە لەگەڵ کۆمەڵگە یەکیان بخاتەوە، چونکە فێمینستەکان بوونەتە توێژێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، وادەزانن کە تەنیا کاری ئەوان قسەکردنەو بەرهەمهێنانی تێزە. ژنۆلۆژی تەنیا ڕەخنە ناگرێت، بەڵکو ئەلتەرناتیڤی پێویستیش دەخاتەڕوو بۆ کۆمەڵگە و زەمینەی گۆڕانکاری ڕیشەییڕادیکاڵ دەکاتەوە.

    ڕەخنەی ئەو ڕێکخراو و سیستەمانەی کە لە چوارچێوەی ژنۆلۆژی دا خۆیان ڕێکخستن دەکەن لە ڕەوتە فێمینیستیەکان ئەوەیە کە لەئاست ئەو شەڕەی لە جیهان دا بەرپاکراوە، پەرتەوازە، بێ ڕێکخستن و نە ڕەخنەیان هەیە و نە چالاکی. لەو دەوڵەتانەی کە کاریگەریان لەو شەڕەدا هەیە، فێمینیستەکان بێدەنگن بۆ ئەوەش ژنۆلۆژی پێی وایە کە دەبێ سەرلەنوێ فێمینیستەکان پێناسەی دۆست و دوژمن بکەنەوە. لە تیۆڕی و ڕوانگەی ژنۆلۆژیەوە گەورەترین دوژمن هەژمون و سیستەمە باڵادەستەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری و زهنیەتی پیاوسالاری و زهنیەتی کلاسیکانەی ژن لە هەموو جێیەک دوژمنی هاوبەشن. دوژمن بەو واتایەی کە تێکۆشان لەبەرامبەری دەکات کە ئەو ئاستەی کە گۆڕانکاری ڕیشەیی تێدا دەکات یان ڕەتی دەکاتەوە تا ئاستی خۆلێدابڕان بۆ نمونە لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری و و هەموو چەمک و دەزگاکانی. لەم قۆناخەی ئێستاش دا ژنۆلۆژی بۆتە مایەی سەرنجی زۆرێک لە بزووتنه‌وه‌کانی ژنان لە جیهان دا و دەیانەوێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و لێی تێبگەن.

    ژنۆلۆژی زانستێک نیە کە تەنیا سنوردار بێ بە ژن، بەڵکو لێکۆڵێنەوەی وردی لەسەر دەوڵەت، دەسەڵاتداری و مێژوویی سەرهەڵدانی باوکسالاری هەیە نەک بەو رێباز و ئامرازانەی کە کۆمەڵناسی باو کاری لەسەر کردووە، بەڵکو لە ڕێباز دا چەمکی حەقیقەتی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی سۆبژەئوبژە نیە و ڕەهای ناکات، چونکە پێی وایە کە جیاکاری سۆبژەئۆبژە بەرهەمی عەقلیەتی باڵادەستی „زهنیەتی هەژموونی“ یە. ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە و زەمینەسازی پراکتیکی دیدی ژن بۆ مێژوو و ئەمرۆی کۆمەڵگە چ لە بواری سیاسی، ژینگەیی، دیمۆگرافی ، تەندروستی، پەروەردە و ئابوری و زۆر بواری دیکە کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان ڕووکەشیانە بایەخی پێداوە.

    ژنۆلۆژی لە چاکسازی لە سیستەمێکی بنبەست و داڕماو زیاتر کار لەسەر تێزی گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکات بۆ ئەوەش لە گۆڕینی یاسایی و چاکسازی یاسایی و دەزگاکان دا کار لە سەر گۆڕانکاری زهنی لە کۆمەڵگە و تاکەکانی دا دەکات. بە واتایەکی تر ژنۆلۆژی پاکردنەوەی زهنیەتی کۆمەڵگەیە لە هەموو کاریگەری و خەوشەکانی دەسەڵاتداری، لەبەرئەوەی کە دەسەڵاتداری لە شێوەی ٤٠٠ ساڵی دوایی دا کە قۆناخی هەڵکشانی سەرمایەداری بوو، گەورەترین وێرانکاری لە زهنیەتی کۆمەڵگەدا دروستکردووە. دابڕان لە کۆمەڵگە و تاکڕەوێتی و بوونە توێژی „ڕۆشەنبیر، دەسەڵاتدار، سەرمایەدار، … هتد“ وەک مۆدێرنبوون وێنە دەکا. کام یەکێک لە ئێمە باوک و دایکممان وەک کەسی دواکەوتوو نەبینیوە؟ یان بە ڕێکردن لەگەڵیان لە جێگا گشتیەکان دا هەستمان بە شەرم نەکردبێ؟ یان خۆنیشاندانمان وەک کەسی مۆدێرن هەزاران درۆمان نەکردبێ؟ ئەمانە هەموو نەخۆشی مۆدێرنیتەن، دوورکەتنەوە لە کۆک، دوورکەوتنەوەن لە کۆمەڵگەبوون.

    لەوانەیە گرنگترین پرس لەمەسەلەی ژنۆلۆژی دا ئەوە بێ کە داخۆ لە کوێ ئەم زانستە و بەچ ڕێ و ڕێبازێک بگاتە کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەتی؟ یان تەنیا ژنان دەگرێتەوە یان پیاوانیش؟. دەبێ بزانرێ کە دامەزراندنی ئاکادیمیاکان و ناوەندەکانی پەروەردەی ئەلتەرناتیڤ گرنگترین میکانیزمان، بەڵام ئەگەر ئەمانە نەبن، بەو واتایە نایەت کە پەروەردە و دەستڕاگەیشتن بە مەعریفەی نوێ لەچوارچێوەی ژنۆلۆژی دا هەر چاوەڕیی ئەو میکانیزمانە بێ، بەڵکو لە هەرکوێیەک دەرفەت بڕەخسێ دەکرێت جێی پەروەردە بێ. لە ماڵێک دەبێ یان کونجی دەزگایەک، لە باخچەیەک دا دەبێ یان بن تاشەبەردێکی چیاکان، لە هەر جێیەک دەکرێت بێ درەنگ کەوتن بکرێتە جێی پەروەردە کردن لەسەر زانستی ژنژنۆلۆژی، بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگە دەبێ ئاکادیمیای ئەلتەرناتیڤی خۆی بونیاد بنێت لەبەرامبەر بە دەزگا پەروەردەییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری کە ئامانجیان هێشتنەوەی ئەو کۆیلایەتیە کە هەزاران ساڵە بە سەر ژن دا سەپێنراوە و ڕەوایی دانە بە مانەوەی پاوانی دەوڵەت لەبەرامبەر کۆمەڵگە. ئامانجی سەرەکی ژنۆلۆژیش ئەوەیە ژن و کۆمەڵگە ببێتە خاوەنی زانیاری لەسەر خۆی، چونکە ژنۆلۆژی زانستی ژن،ژیان و کۆمەڵگەیە. ژنۆلۆژی دارشتنی زانستێک نیە کە لە سفرەوە دەست پێبکات، بەڵکو هەڵگر و درێژپێدەری هەموو ئەو بەهایانەی کۆمەڵگەیە کە بە درێژایی ٥٦ هەزار ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارەکان هەوڵی لەناوبردنیان دا، ژنۆلۆژی ئەو بەهایانە زیندوو دەکاتەوە و دەرفەتی ژیان و گەشەکردنیان بۆ فەراهەم دەکات. ژنۆلۆژی گەیشتنەوەی ژنە بەو حەقیقەتەی کە هەزاران ساڵە ئاوەژوو کراوەتەوە و ون کراوە. بۆ ئەوەش ئاکادیمیا و ناوەندەکانی پەروەردە لەهەموو بوارەکانی ئابوری، دیمۆگرافی، ئەکۆلۆژی، مێژوو، تەندروستی ، پەروەردە ، سیاسەت و ئەتیکئەستاتیک دەبێت لە هەموو جێیەک و بەپێی پێویستی هەر جێیەکی بایەخی پێبدرێت، دەکرێت بەپێی هەر جێیەک ئەولەویەت لە بوارێک دابێت. بە کورتی ژنۆلۆژی زانست و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیە، هەر ئێستاش لە سەروبەندی شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستان ئەم زانستە زیاترین زەمینەی پەرەسەندن و پراکتیک کردنی هەیە. هەر ئەوەشە کە هاندەر و پاڵنەری ژنانە و کۆمەڵگەیە لەو بەشەی کوردستان دا. ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت و ژنۆلۆژیش دەروازیەکی نوێیە، جێی مشتومڕێکی زۆر قوڵ، لە زۆرێک لەو وڵاتانی جیهان لەگەڵ فێمینیستەکان کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورە بەستراوە بۆ نمونە لە هەولێر، چیاکانی کوردستان، ڕۆژئاڤا و باکوری کوردستان ، کۆڵن، پاریس، زۆرێک لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین ، لە ئیسپانیا، هندستان و زۆر جێی تری جیهان. ئەم بابەتە بۆ خوێنەری کورد سەرەتایە و بەردەوامی دەبێت.

    @page { margin: 2cm }
    p { margin-bottom: 0.25cm; direction: ltr; line-height: 120%; text-align: left; orphans: 2; widows: 2 }

     


     



    کژار