• (شەهید کەمال) بەڕووحە نەتەوەییەکەی، هەموو سنورە دەسکردەکانی تێکشکاند

    12 نیسان, 2017

    لە یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی هەڤاڵی نەبەرد و بوێر شەهید ( کەمال پێنجوێنی) لەگەڵ هاوڕێکی تری بەناوی (وەستا صدیق) کە بە پلانگێڕێکی چەپەڵانەی کەسانی دژە ئازادی و نامرۆڤانە تیرۆرکران، ئێمە یادیان بەرز ڕادەگرین و لە کەسایەتی ئەواندا هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بەبیر دەهێنینەوە. هەر یەك لەم هەڤاڵانە وەك تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی کوردستان لەناو باشوری کوردستاندا بەدرێژی تەمەنیان لە خەبات نەوەستان و لە هیچ شتێك سڵیان نەکردۆتەوە، نەك تەنها باشور بەڵکو هەمیشە دڵیان لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان لێیداوە و هەمیشە هاوخەم و هاوڕێی خوشك و براکانی خۆیان بونە لە پارچەکانی تری کوردستاندا.

    ڕژێمی دژە ئازادی (کۆماری ئیسلامی ئێران) بە پلانگێڕێکی داڕێژراو شانبەشانی کەسانی نامرۆڤ و دوژمنانی گەلەکەیان ساڵێك بەر لە ئێستا واتە لە ڕێکەوتی ١٣/٤/٢٠١٦ لە قەزای پێنجوێن هەر یەکە لە (شەهید کەمال) و (وەستا صدیق) ڕفێنران و دوابەدوای ئەوە تێرۆرکران. تیرۆرکردنی هەریەکە لەم هەڤاڵانە بەواتای ئەوە دێت کە  دەوڵەتی ئێران و کەسانی خۆفرۆش و ترسەنۆکە لەبەرامبەر کەسانی ئازادیخواز و تێکۆشەری نیشتیمانەکیان کە دەیانەوێت ڕێگری بکەن لە هەوڵدان و تێکۆشانەکانی گەلی کورد بە تایبەت لە باشوری کوردستاندا، کە ئەمە واتا تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوان، چالاکوان، کەسایەتە دیارەکان…. بووە بە بابەتێکی باوی ترسناك.

    هاوڕێ و هاوڕێبازمان (شەهید کەمال) یەکێك بوو لە کەسایەتیە دیارەکانی باشوری کوردستان و قەزای پێنجوێن، ئەو هەمیشە بە لەخۆبوردەی و بوێری و ماندوونەناسانە لە تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا خەباتی کردوە و هەمیشە لەبەرامبەر زوڵم و زۆرداری وەستاوەتەوە، وە نەك تەنها خۆی بەڵکو وەك بنەماڵێکی تێکۆشەر لەناو تێکۆشاندا بوون، بەمەش ڕاستی و جوانی ژیانی ئازادی بۆ تەواوی کەسانی دەوروبەری و هەڤاڵانی دەرخست و بوو بە نموونەێکی هەمیشە زیندوو.

    لە کۆتایدا ئێمە وەك کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کەژار) جارێکی تر پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هەریەکە لەم شەهیدانە و تەواوی گەلە ڕەنجدەر و تێکۆشەرەکەمان دەکەن بەتایبەت لە باشوری کوردستان و خەڵکی ماندوو نەناسی  قەزای پێنجوێن، وە بەڵێنی بەردەومکردنی ڕێگەی هەڤاڵانمان و بەرزکردنی ئاستی تێکۆشان تا گەیشت بە ئازادی دەدەین، وە دەڵێن یادکردنەوەی شەهیدانمان ڕوونکەرەوەی ڕێگەی تێکۆشینمانە، نە کۆماری ئیسلامی ئێران وە نە بەکرێگیراوانی، بەم جۆرە پلانانە ناتوانن ببن بە ئاستەنگ و ڕێگر لەبەرامبەر تێکۆشان بۆ ئازادی، بە پێچەوانەوە هەوڵدان و تێکۆشانمان بۆ ئازادی زیاتر دەکەین.

     لەهەمان کاتدا بانگەوازیمان بۆ تەوای گەلەکەمان بەتایبەت لە باشوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەهەمان کاتدا ژنان و گەنجان کە بەردەوامکەری ڕێگەی شەهیدان بن و لە تێکۆشان و هەوڵدان لە دژی دەسەڵاتداران و کەسانی بەکرێگیراو سڵ نەکەنەوە، وە بەردەوامکەری ڕێگەی شەهید کەمال و هەڤاڵانی بن کە بە ڕووحە نەتەوەییەکەیان هەموو سنورە  دەسکردەکانیان بە تێکۆشانی خۆیان لابرد و ڕووح و دڵ و ژیانیان ئاوێتەی گەلەی خۆیان کرد لە پارچەکانی تردا، بەتایبەت لەکاتێکی وەك ئێستادا خاوەنداریەتی کردن لە بەرخودانی زیندانیانی باکوری کوردستان، بەمەش بەردەوامکردنی ڕێگەکەی شەهید کەمال بن کە یەکگرتن و ڕووحی نەتەوەییە.

     

     

    کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)

    ١٢/٤/٢٠١٧



    کژار