لە دوکەڵی مەرگەوە بەرەو ئاڵای سووری بەرخۆدان

17 ئازار, 2017

بۆردومانی کیمیایی ‌‌هەڵەبجه که له  ‌1988.3.16 له لایه ن ڕژێمی بەعسی عێڕاق ئەنجام درا، یەک لەم ڕۆژه ڕەشانەیه که هەتا ئەمڕۆش برینێکی ساڕێژ نەبووه بەسەر جەستەی دایکی نیشتمانەوه.

لەو ڕۆژەدا به تاوانی کورد بوون، جوانی و ڕازاوەیی، شارەکەی عادیله خانم بە گازی نەوەکانی میجرسۆن هەر وەک خونچە گوڵێکی نوێ پشکوتوو ژاکا!

هەزاران کۆترە باریکه بۆ نەجاتی بێچوەکانیان خۆیان کردە قه ڵغان!

هەزاران پەرەسێلکەی چاوگەش بێ ئەوەی بزانن کێن غەریب کەوتن!

هەزاران وەنەوشەی بۆن خۆش کە هێشتا تامی سێوی عەشقیان نەکردبوو برانە بەر خوانی گورگە لەش برسیەکانی بەعس!

هەزاران دایک لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەرخۆلەکانیان سۆمای چاوانیان بێ سۆما مایەوە!

کێ باوەڕ دەکات شارێک کە ڕەنگی بەهاری لە خۆ کردبوو، لە ڕۆژێکدا ڕەش پۆشی 5000 پەپوولە بێ!

کێ باوەڕ دەکات دەشتی شارەزوور کە هەر ڕۆژ بە بادی خۆش مۆروور نامەی نالی پێ دەگەشت، بە تۆفانی بیابانی جەهالەت تۆزی خەردەل و سارین و تابۆن لە چرکە ساتێکدا دایپۆشی!

29 ساڵە مرۆڤایەتی لەو ڕۆژە ڕەشەدا ڕادەبێ، باوێشکێک دەدا، ئەو ساتە مەرگاویانەمان ئەخاتە پیشانگا سەهۆڵینەکانیەوە و "فرمێسکی تمساح "مان بۆ دەڕژێ و بە سەمفۆنیایەکی دڵبرژێن برینە سارێژ نەبووەکانمان دەکولێنێتەوە و هاوخەمی خۆیمان پێ ڕادەگە یێنێت و دەین دارمان دەکات کە لە بیری نەکردووین!

بە ڕاستی بۆچی هەڵەبجە و بۆچی چەند ڕۆژ ماوە بۆ نەورۆز مەرگ بووە بەشی کەسانێک کە بێ تاوان بوون و بێ لایەن لە شەڕی "تەورەکەی تکریت" و "عابا ڕەشەکەی تاران"!؟

بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی ئەم وڵاتە بریندارە دەبینین کە لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافی هەمیشە کەوتۆتە بەر پەلاماری نەیاران و هەر وەها بەکارهێنانی وەک زەوی سووتاو بۆتە هۆی ئەوەی هەرکات شەڕێك ڕووی دابێ یەكەم چڕنووکی هێرش جەستەی وڵاتی ڕۆژی بریندار کردووە.

ڕژێمی بەعسی عێڕاق لەبەر ئەوەی ڕێگری بکات لە پێشچوونی ئێران بۆ ناو خاکی عێڕاق دەستی دایە نامرۆڤانەترین کارێك کە لە ویژدان بە دوور بوو و کێ لە کورد باشترە بۆ ئەوەی بیکاتە قۆچی قوربانی شەڕخوازی وهەوەسی بێ کۆتای وەحشی گەری و دڕندەیی خۆی؟ جا چ باشتر کە ئەو کەسانە کوردێك بن کە بە فەرمانی ئەنفالی خوداکانی بەعس دەبێ بمرن و مافێکیان بەسەر ژیانەوە نیە!

خاڵی دووهەمین کە جێی سەرنجە چەند ڕۆژ مابوو بۆ نەورۆز کە جەژنێکی دێرینی کوردانە،هەڵەبجە شاری گوڵ وجوانی بە ئاگری ڕق و نەفرەتی شەمشەمە کوێرەکانی بیابانی، جەرگی سووتا و دوکەڵی مردن دایپۆشی!

بە سەرنج دانێك بەم ڕووداوە تاڵانە کە لە مێژووی کوردستاندا ڕویان داوە دەبینین کە هەڵکەوتەی زۆرێك لەو ڕۆژانە شتێکی بەڕێکەوت نیە و پلان بۆ دارێژراوە. نمونەی هەرە بەرچاوی ڕۆژی پلانگێڕی نێونەتەوەیی دژ بە سەرۆک ئاپۆیە کە هاوکات بوو لەگەڵ دەسبەسەرکردنی شێخ سەعیدی پیران و هەروەها ڕۆژی ڕاگەیاندنی حوکمی لەسێدارەدانی سەرۆك کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی.

یان لەسێدارەدانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هەڤاڵانی کە لە كۆتایی هەفتەی مامۆستا لە ئێران بووکە پەیامێکی ئاشکرای بۆ گەلی کورد تێدا بوو. هەر بۆیەش بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنی ڕۆژی بۆردوومانی کیمیایی هەڵەبجە شتێکی ڕێکەوت نیە و ئەو پەیامەی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە داگیرکەران هیچ کات چاویان بە خۆشی گەلی کورد هەڵ نەهاتووە و هەمیشە ویستوویانە بە وەحشیانەترین شێوە خۆشیەکانی کورد تاڵ بکەن تا بەم جۆرە بێ ئیرادەی بکەن.

هەڵەبجە یەک لەو ڕۆژە تاڵانەی مێژووی کوردستانە کە دوژمنان بەسەر کورداندا دایانسەپاندووە، بەڵام ئەم گەلە بەرخۆدەرە وەک دار بەڕووە سەربەرزەکانی وایە کە قەت لە ریشە نایێ و ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە ئەمڕۆ نەك تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ مرۆڤایەتی تێدەکۆشن و بۆ ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکرات، فیداییانە تێدەکۆشن .