بە دەسپێشخەری کەژار سیمینارێک بۆ بەرنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو
24 تشرینی دووهم, 2016
ئێوارەى ئەمڕۆ کۆمەڵگاى ژنانى ئازادى کوردستان لە ناوەندى غەزەلنوس، لە شاری سلێمانی سێمینارێک لەژێر ناونیشانى بە ڕێکخستن و تێکۆشانى ژنان و کۆمەڵگایەکی دوورلە توندوتیژى بنیاد دەنێین سازکرد . هەریەک لە رۆناهى مەنگوڕ، کنێر عەبدوڵڵا، پەیمان ڤیان وەکوو ئاخاڤتنوان لە سەر بابەتەکان قسەیان کرد.
لە سەرەتاى سێمینارەکەدا روناهى مەنگوڕ باسى لە گرفت و کێشەکانى ژنانى رۆژهەڵاتى کوردستان کرد و وتى: "دەوڵەتى ئێران هەروەکو چۆن لە بەرامبەر پیاواندا سیاسەتێکى نەرم بەڕێوە دەبات، لەبەرامبەر ژنانیشدا بە هەمان سیاسەت کەسایەتى ژنان تیرۆر دەکات".
روناهى مەنگوڕ وتیشى: "ژنان لە ئێران بێجگە لە سزاى جەستەیى لەرووى دەروونیشەوە تیرۆر دەکرێن، هەم لەلایەن کۆمەڵگاوە هەمیش لەلایەن دەسەڵاتى ئیسلامى ئێرانەوە، ژنانیش لەبەرامبەر ئەمەدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە".
دواتر کنێر عەبدوڵڵا بابەتێکى پێشکەش کرد و لەمیانى بابەتەکەیدا وتى: "ئێمە لە باشورى کوردستان هەنگاوى باشمان ناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان، بەڵام ئەگەر سەیرى ئامارەکانى توندوتیژى دژى ژنان بکەین لە هەرێمى کوردستان هێشتا رەوشى ژنان لە بارێکى خراپدایە".
کنێر عەبدوڵڵا وتیشى "من پێشنیاردەکەم کە ژنانى باشور رۆژهەڵاتى کوردستان پێکەوە کاربکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو پێشێلکارییانەى بەرامبەر بە مافەکانیان دەکرێت، پێویستە ئێمەى ژنان بەدەم کێشە و داواکارییەکانى یەکترەوە بچین لە هەموو پارچەکانى کوردستان".
لە کۆتایى داپەیمان ڤیان وتى:"ئێمەى ژن لە ڕۆژهەڵات بە چەندین شێوە کەسایەتیمان تیرۆر دەکرێت، دەسەڵاتى ئێران ئەگەر نەیتوانى لەنێو خێزاندا بمانهێڵێتەوە ئەوا لەدەرەوەى خێزان فشارمان دەخاتە سەر، ئەگەر ئەوەش نەبوو زیندانیمان دەکات، ئەگەر بە شەو کەسایەتى زەوت نەکردین، لە زینداندا دەستدرێژى دەکاتە سەرمان".
پەیمان ڤیان وتیشى: "ئەوە گرنگ نییە کە دەسەڵاتدارانى ئێرانى چى بەرامبەر بە ژنان دەکەن، ئەوە گرنگە چۆن ئێمە رووبەڕووى ئەو توندوتیژییانە ببینەوە، ئەویش بە بڕواى من بە وشیارکردنەوەى ژنان و گەڕانەوەى ئیرادە دەبێت بۆ ژنانى رۆژهەڵات".