لە کاتێکدا بەرەو ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لە کوردستان و ئێراندا هەنگاو دەنێین، هەواڵی دڵتەزێنی گیانسپاردنی نیلوفەر موجاور—کە بە شێوازێکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوو و تووشی مەرگی مێشک ببوو—کۆمەڵگەی کوردستان و بە تایبەت بزووتنەوەی ژنانی تووشی خەمێکی قووڵ و تووڕەیییەکی جەماوەری کردەوە. کەیسی نیلوفەر ڕووداوێکی دابڕاو وتاکەکەسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێکهاتە و وێنەیەکی گەورەتری توندوتیژیی ڕێکخراو و هێرشی سیستماتیک بۆ سەر ژنان؛ هێرشێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە سیستەمی هەزاران ساڵەی پیاوسالاری و تیۆری «خاوەندارێتیی جەستە»دا کۆبووەتەوە و جەستەی ژن وەک شوێنی ئۆپەراسیۆنی دەسەڵات دەبینێت.
ئەگەرچی بیستنی هەواڵی ئەشکەنجە و ژنکوژی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە دیاردەیەکی نامۆ نییە و لە هەمبەریشیدا خەباتێکی بەردەوام لە ئارادایە، بەڵام ئەم توندوتیژییە چیتر تەنیا بەرهەمی نۆرمە نەریتییەکان نییە، بەڵکو ڕۆژانە بە شێوازێکی هەژێنەر، سیستیماتیک و بێبەش لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆیی سەر هەڵدەداتەوە و ڕوو لە زیادبوونە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا زیاتر لە بیست ژن بوونەتە قوربانی. ئەم ژمارانە ئاماژەیەکی مەترسیدارن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو «توندوتیژییە ساختارییە»ی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. تێکەڵبوونی هەژاریی کلتووری، ڕەگەزپەرستی، سێکسیزمی کۆمەڵایەتی و سیستمی دەوڵەتیی دژەژن—لەگەڵ قەیرانە ئابووری، ئاسایشی و لێکەوتەکانی ئابووریی سیاسیی جەنگ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە—ژینگەیەکی ئاڵۆزی ڕەخساندووە کە تێیدا توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەرکوت لە ئاستی گشتیدا.
لەبەر ئەمە، ناکرێت توندوتیژیی دژی ژنان تەنیا وەک تاوانێکی دابڕاو لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان شی بکرێتەوە. ئەم توندوتیژییە بەرهەمی ڕاستەوخۆی پەیوەندییە نادادپەروەرەکانی دەسەڵاتە لە ناخی سیستمێکی پیاوسالاردا؛ سیستمێک کە لە ڕێگەی یاسا، دامەزراوە فەرمییەکان و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدارییەوە نەک تەنیا ڕەوایەتی بە توندوتیژی دەدات، بەڵکو میکانیزمەکانی دووبارە پەیدابوونەوەشی بەردەوام دەکات. توندوتیژی و ژنکوژی لە ڕەهەندەکانی جەستەیی، دەروونی و فکڕیدا، تەنیا زیان بە تاک ناگەیەنێت، بەڵکو دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی دەروونی، کلتوور وپەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تەواوی کۆمەڵگە. کاتێک ژنێک ئەشکەنجە دەدرێت یان دەکوژرێت، کەرامەتی مرۆیی و حەزی ژیان لە سەرانسەری کۆمەڵگەدا دەکرێتە ئامانج.
ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڕوای بەهێزمان وایە کە تاقە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستمە دەسەڵاتخواز و ژنکوژە، پەرەپێدانی مۆدێلێکی هەمەلایەنەی «خۆپاراستنی جەوهەری»یە لە بوارەکانی فکر، ڕامان، پەروەردەی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی زەینیەتی نێرسالاری و ڕێکخستنی جەماوەریدا. ئێمە هەر جۆرە هەڵاواردن و توندوتیژییەک دژی ژنان لە کوردستان و ئێراندا بە توندی مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. داوا لە ویژدانی بێدار و هوشیاری کۆمەڵگەی کوردستان دەکەین کە لە بەرانبەر ژنکوژیدا بێدەنگ نەبن و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی، لە بەرانبەر سیستمی کۆشتن، ژیانی واتەدار بپارێزن.
ژن،ژیان،ئازادی
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار

٠٧-٠٩-٢٠٢٦