بۆ گەلی تێکۆشەر، ژنانی پێشەنگ و ئازادیخواز

لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» دا، سەرباری چەوسانەوە و هێرشە بەردەوامەکانی دەسەڵاتداران دژی کۆمەڵگە، بەرخۆدانی جەماوەری بە شێوازی جۆراوجۆر،، زیندوو و بەردەوامە. شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە گۆڕانکاری گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا؛ ڕاپەڕینێکی فرەڕەهەندی کە بە چاونەترسییەوە سنووری نایەکسانی ڕەگەزی، زۆرداری و چەوسانەوەی نیشان دا. ئەم بزوتنەوەیە توانی چەمکە بنەڕەتییەکانی ئازادی و ڕێزی مرۆڤایەتی لە ناوەڕاستی ژیانی ڕۆژانە و خەباتی ئازادی ژن دەربهێنێت و بیکاتە داواکارییەکی فرەنەتەوەیی و گشتگیر.

ئەو گۆڕانکارییە قووڵەی کە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا ڕوویدا، تابووەکانی ساڵانی زۆری تێکشکاند و نیشانی دا کە بەدیهێنانی هەر گۆڕانکارییەکی بەردەوام، دادپەروەرانە و دیموکراتیک، ناچار دەبێت لە ڕێگای بەرەسمی ناساندنی مافەکانی ژنان و ڕەتکردنەوەی تەواوی جیاکارییدا لە دژی چینە پەراوێزخراوەکان و ڕەگەزە چەوساوەکان تێبپەڕێت.

گەورەترین و بەردەوامترین دەستکەوتی ئەم شۆڕشە، پێکهاتنی هاوبەستنییەکی بێ‌وێنە بوو لە نێوان ژنانی ناوچە و نەتەوە جیاجیاکاندا. ئەم بزوتنەوەیە بە بەیەکگەیاندنی داواکارییە جۆراوجۆرەکان، «فرەڕەهەندی»ی کردە سەرچاوەیەکی هێزی کۆمەڵایەتی. ئەمڕۆ، دوای چوار ساڵ، شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەک هێمایەک بۆ هاوبەستنی، چاونەترسی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئێمەی بە یەکترەوە بەستووەتەوە.

لەبەر ئەمە، ئێمە کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوە مافی مرۆڤییەکان، لە بەردەوامیدا لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا، هێمای تێکەڵکراوی «قژی کراوە و چنراو( کەزی) لەگەڵ گەڵا و دار بەڕوو» ڕادەگەیەنین وەک هێمای هاوبەشی ئەم قۆناغەی خەبات.

پێویستە باس بکرێت کە ئەم نیشانەیە، تەنها دیزاینێکی هونەری نییە، بەڵکو بەرگری، ناسنامە و خەباتی کۆمەڵایەتیمانە. تێکەڵبوونی قژی کراوە (هێمای ئازادی و چاونەترسی)، قژی چنراو (هێمای هاوبەستنی و ڕێکخراوبوون) و داری بەڕوو (هێمای خۆڕاگری و ڕەگ داکوتان لە خاکدا)، نیشان دەدات کە ئازادی ژن و خەباتی کۆمەڵایەتی، ڕەگی لە خاکی مێژوو و پەیوەندی ڕێکخراوبووی ئێمەدا هەیە؛ ڕەگێک کە لە بەرامبەر هەر ئاگر و چەوسانەوەیەکدا خۆڕاگر دەمێنێتەوە و دووبارە سەوز دەبێتەوە.

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە و دامەزراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ:

  • ڕێکخراوی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار
  • پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فرە نەتەوەیی ژنان
  • ڕێکخراوی شیوار – بەلووچستان
  • ئەکادیمیای ژینا
  • مەجلیسی ژنانی حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
  • ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد – کۆمەڵە
  • فراکسیۆنی ژنانی کۆنگرەی ئازادی
  • ژنانی ئەنجومەنی ستراتیژی ناوخۆی وڵات
  • ئەنجومەنی شۆڕشیی ژنان
  • تۆڕی ئازادی( ئازادی نێتۆرک)
  • دامەزراوەی ڕۆییش
  • کۆلێکتیڤی ژن ژیان ئازادی لە ئیتاڵیا
  • کۆمیتەی ژنانی حیزبی دیموکراتی مەسیحی ئێران
  • هاوکاری کۆلێکتیڤ – کۆلن، دژە کۆلۆنیالیزم – کوئیرفێمینیستی – چەپ
  • ڕێکخراوی نەخێر بۆ تابوو، نەخێر بۆ توندوتیژی دژی ژنان
  • کەمپینی نەخێر بۆ سێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد
  • Women’s Learning Partnership