ئەمڕۆ گوتنی «نە بۆ سێدارە» تەنها دروشمێک نییە لە پشت میلەکانی زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ڕۆژانە دەنگی زۆرێک لە بنەمالە داغدارەکانیشە. دەنگێک کە هەموو هەفتەیەک و لە ڕاستیدا هەموو ڕۆژێک بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە. دەنگانێک کە هەرگیز لەبیر ناکرێن.

ڕێژیمی دژەژنی‌ ئێران کە لەم قۆناغە مێژووییەدا لە هەر کاتێکی تر لاوازتر و بێهێزترە، بۆ بەردەوامکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خۆی، لە سێدارە وەک ئامرازێکی ترساندن و تۆقاندن بەرامبەر کۆمەڵگا، بە تایبەتی ژنان، کەڵک وەردەگرێت. زیندان بۆ کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ئامرازێکە بۆ تەسلیم گرتنی ئیرادە و شکاندنی کرامەت و مرۆڤایەتیی خەڵک. کوشتنی ژنان، دەستدرێژی جنسی، تێکشکاندنی دەروونی و تەنانەت میلیتاریزەکردنی ژنان، نموونەیەکن لە سیاسەتی دژەمرۆڤی ئەم ڕێژیمە. میلیتاریزەکردنی ژنان واتە کۆیلەکردنیان بە شێوەیەکی فەرمی و ڕووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ یەکتری.

لە بەرامبەر زیهنییەتی دەوڵەت-نەتەوە، مێژوو هەمیشە شایەتی خەباتی ژنانێکی کردووە کە پێشەنگ و ڕێبەری هێڵی ئازادی بوون. ئەمڕۆش ئەم ژنانە لە زیندانەکانی ئێران بە خۆڕاگری خۆیان، زیندانیان کردووەتە قەڵای بەرگری، هاوپشتی و یەکگرتوویی. زەینەب جەلالیان، وەریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و نەرگس موحەممەدی تەنها چەند نموونەیەکی دیاری پێشەنگانی ئەم مەیدانەن.

زەینەب جەلالیان کە ئەمساڵ هەژدەهەمین ساڵی خۆی لە ژێر ئەشکەنجەدا بەسەر دەبات، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە هەموو جۆرە شێوازەکانی ئەشکەنجە بۆ تەسلیم گرتنی ڕووبەڕوو بووەتەوە. بەڵام زەینەب بە خۆڕاگریی گەورە و پابەندیی خۆی بە فەلسەفەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لە ڕاستیدا درێژەدەری ڕێگای شیرین عەلەمهۆلییە. هێڵێک کە هەرگیز تەسلیم‌بونی قبووڵ نەکردووە، چونکە ئایدیۆلۆژیی ئازادیی ژنی کردووەتە پێوەری سەرەکیی خۆی.

ئایدیۆلۆژیی ئازادییەک کە تۆوی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە چیاکانی زاگڕۆس چێندراوە و ژنانی خوداوەندی وەک ئیشتار و سارا لە ناویدا دەرکەوتوون. خۆڕاگریی زەینەب و شیرین لە زینداندا ئیلهامی خۆی لەم ڕۆحە خوداوەندییە وەرگرتووە؛ ڕۆحێک کە ئیتر شوێن و کات ناناسێت.

زەینەب جەلالیان کە ئەمڕۆ دۆخی جەستەیی لە هەر کاتێکی تر مەترسیدارترە، بەڵام بە ساڵانە لە دەرمان و مافەکانی تەندروستی بێبەش کراوە. چونکە ئەم ڕێژیمە دەسەڵاتخوازە باش دەزانێت کە زەینەب ئیتر تەنها تاکە کەسێک نییە، بەڵکو هێڵی ژنی ئازادە. دەیانەوێت دەنگی نەگاتە گوێی کەس، بەڵام باش دەزانن کە دەنگی ئێستا بووەتە دەنگێکی جیهانی. چاوەکانی لێ وەردەگرن، چونکە دەزانن زەینەب خۆی ڕووناکییە و زیاتر لە هەر کاتێکی تر حەقیقەت دەبینێت.

لە تەواوی ئەم ساڵانەدا بە بیروباوەڕ، وتار و کرداری باشی خۆی مانای بە ژیان داوە و لە ڕاستیدا فەلسەفەی ژیانی ئازادی فێری ئێمە کردووە. زەینەب پێی نیشان داوین کە ئازادی سنووردار بە شوێن و کات نییە، بەڵکو سەرچاوەی ئیرادە و مێشکێکی ئازادە.

دەنگی زەینەبەکان دەنگی پاراستنی ناسنامەی ژن، سروشت و دیموکراسییە. بۆیە پێویستە دەنگی ئەو و هەموو زیندانییە سیاسییەکانی تر بگەیەنینە تەواوی جیهان و بۆ ئازادکردنی ئەم تێکۆشەرانە خۆمان زیاتر ڕێکبخەین. بە یەکگرتوویی خۆمان و فراوانکردنی تۆڕە جۆراوجۆرەکان وەک «کەمپەینی نا بۆ سێدارە، بەڵێ بە ژیانی ئازاد» کە بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئازادە، هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ.

شکاندنی دەرگاکانی زیندان کە هێمای دەسەڵاتخوازی، پیاوسالاری و لە ڕاستیدا هەمان زیهنیەتی دەوڵەت-نەتەوەیە، دەتوانێت هەنگاوێکمان لە ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی نزیکتر بکاتەوە.

ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان و هەموو زیندانییە سیاسییەکان

ژن، ژیان، ئازادی

دەنیز دەریا
ئەندامی کۆردیناسیۆنی کژار

03.06.2026