ئێران لە چەند دەیەی رابردوودا لە ناو قەیرانێکی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەژی. ئەم قەیرانە تەنها کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک نەبووە، بەڵکو بووەتە هۆکاری ، هەژاری، بێکاری و فراوانبوونی شکافی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە. لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، دەسەڵات بە شوێنی گوێگرتن لە داواکارییەکانی خەڵک، زیاتر پشت بە سەرکوت، گرتن، ئەشکەنجە و ئیدام دەبەستێت. ئامانجی ئەم سیاسەتە ترساندنی کۆمەڵگە و بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتییە، بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ترس ناتوانێ بۆ هەمیشە دەنگی خەڵک کپ بکات. هەر کاتێک گۆشار زیاتر بووە، لە بەرامبەردا هۆشیاری و خۆڕاگریی کۆمەڵگە زیاتر گەشەی کردووە.

لە ئەم سەردەمەدا، کۆمەڵگە چیتر نایەوێت ژیانی خۆی لە ژێر ترس و بێمافییەوە بەسەر ببات. شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» نیشانی دا کە گەل بەرامبەر بە سەرکوت چۆک دانادات و دەنگی ئازادی ناکۆژرێتەوە. ئەم بزووتنەوەیە تەنها نارەزایەتییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی خواستی قووڵی کۆمەڵگە بو بۆ ئازادی، پاراستنی مافی مرۆڤ و ژیانێکی باشتر. ژنان لە ناوەندی ئەم خەباتەدا بوون و بوون بە هێمای ئیرادە و ویستی گۆڕانکاری. ئەو ژنانەی کە لە شەقامەکان دەنگیان هەڵبڕی، نیشانیان دا کە ئازادی تەنها وشەیەک نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە، و ئازادیی کۆمەڵگەبە بێ ئازادیی ژن واتای نییە.

دەسەڵات بۆ وەستاندنەوەی ئەم دەنگانە، بە شێوازێکی توند و سەرکوتکارانە مامەڵەی کرد. هەزاران کەس دەستگیر کران، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان بریندار یان کوژران و زۆر کەسیش بە حوکمی سێدارە ڕووبەڕوو بوونەوە. بەڵام هەر لەسێدارەدان و هەر سەرکوتێک، لە هەستی کۆمەڵگەدا بووەتە هۆکاری خشم و هاوپشتیی زیاتر. زۆرجار دەسەڵات هەوڵ دەدات سێدارە وەک ئامرازێک بۆ ترساندن بەکاربهێنێت، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا ئەو کەسانەی ئیدام کراون بوونەتە هێمای خۆڕاگری و خەبات.

لە سێدارەدانی چالاکوانان، تەنها بەهۆی داخوازیی ماف و ئازادی، ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمی دەسەڵات ئاشکرا دەکات. بە سێدارە و فیشەک ناتوانرێت بیر، هیوا و ویستی ئازادیخوازیی گەل بکوژرێت، چونکە کۆمەڵگە بە هۆشیارییەکی سیاسیی نوێ هاتووەتە مەیدان. ئەمڕۆ کەمپەینی «نە بۆ سێدارە، ئەرێ بۆ ژیانی ئازاد» بانگەوازێکە بۆ هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان تاکو دەنگی زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەوانە بن کە ژیانیان لە مەترسیدایە. بەشداری لەم کەمپەینەدا تەنها پشتگیرییەک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە بەرامبەر بە سیاسەتی لە سێدارەدان و سەرکوت.

مامۆستاکانی ژیان بۆ زۆر کەس تەنها ناوی مامۆستایەک نین، بەڵکو هێمای مرۆڤگەلێکن کە تەنانەت لە ناو زیندانیشدا باس لە هیوا و ئازادی دەکەن. نامەکانیان نیشان دەدەن کە چۆن مرۆڤ دەتوانێ تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانیشدا باوەڕ بە ژیان و ئازادیی داهاتوو هەبێت. ناوەکانی زەینەب، وریشە، پەخشان و نەرگس بوونەتە هێمای بەرخودان و خۆڕاگری؛ ژنانێک کە مێژوو بە ناویان ژیانێکی ئازاد دەنوسێتەوە.

یەکێک لە قورس‌ترین شێوازەکانی سەرکوت، فشارخستنە سەر بنەماڵەی زیندانیانە. زۆرجار بنەمالەکان  لە ترسی فشار و گرتن ناچار بە بێدەنگی دەکرێن. هەندێک کات هەواڵی حوکمی لە سێدارەدان یان سزای قورس پێش خۆیان لە ڕێگای میدیا دەزانن. ئەمە تەنها سزا دان بە زیندانی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ورەی بنەماڵەکان و دابڕانیان لە کۆمەڵگە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە دایک و باوک و … بوونەتە دەنگی ڕۆڵەکانیان و نەیان هێشتووە ناویان لە بیر بچێتەوە.

لە هەمان کاتدا، دەسەڵات بە پچرانی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی زانیاری هەوڵ دەدات ڕاستییەکان لە چاوی جیهان بشارێتەوە. لە زۆر شاردا، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، خەڵک ناتوانن وێنە و هەواڵ بڵاو بکەنەوە. ئەمە نیشان دەدات کە دەسەڵات لە دەنگ و سەرهەڵدانی خەڵک دەترسێت. چونکە کاتێک دەنگی زیندانیان و خەباتکاران دەگاتە جیهان، فشاری نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت و شانسێکی زیاتر بۆ پاراستنی ژیانیان دروست دەبێت. بۆیە ڕۆڵی میدیا، چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زۆر گرنگە.

وەڵامی سەرەکی بەرامبەر سەرکوت، هەمبەستگی و هۆشیاریی کۆمەڵگەیە. چالاکیی مەدەنی، هونەر، نووسین، موزیک و بڵاوکردنەوەی چیرۆکی زیندانیان دەتوانێ ببێتە بەشێک لە خەبات بۆ ئازادی. چونکە دەسەڵات زۆرجار هەوڵ دەدات مرۆڤەکان تەنها بکات، بەڵام هاوپشتی دەتوانێ ئەو تەنهایییە بشکێنێت.

هەروەها ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە. ئەگەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام فشار بخەنە سەر دەسەڵات، دەتوانرێت پێش بە زۆرێک لە ئیدام و ئەشکەنجە بگیرێت. بێدەنگیی جیهان زۆرجار دەبێتە هۆی ئاسانترکردنی سەرکوت. بۆیە گرنگە دەنگی خەڵک بگەیەنرێتە دەرەوەی سنوورەکان و جیهان بزانێت کە لە ناو ئێراندا چی ڕوودەدات.

 ئەم دۆخەئێستای ئیران تەنها لە گۆڕینی دەسەڵاتدا کورت نابێتەوە، بەڵکو پێویستی بە بینینێکی نوێ بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و بنەماکانی مودێرنیتەی دیموکراتیک دەتوانن ببنە ڕێگایەک بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان . ئەم بینینە پشت بە یەکدەستی و سەرکوت نابەستێت، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان گەلان، ئازادیی ژنان، دیموکراسی، ئیکۆلۆژی و بەشداریی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگەدامەزراوە.

لە مودێرنیتەی دیموکراتیکدا، کۆمەڵگەتەنها چاوەڕێی بڕیاری دەسەڵات نییە، بەڵکو خۆی دەبێتە هێزی سەرەکیی گۆڕانکاری. ئەنجومەن، ڕێکخراوی مەدەنی، یەکێتیی ژنان، ڕێکخراوە لاوان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ببنە بناغەی بەڕێوەبردنی ژیانی هاوبەش. ئەم شێوازە هەوڵ دەدات جێگای دەسەڵاتی ناوەندی و سەرکوتکار بە سیستەمێکی بەشداری و دادپەروەر بگرێتەوە؛ سیستەمێک کە لەسەر بنەمای ویستی خەڵک و بەشداریی ڕاستەوخۆیان کار دەکات، نەک لەسەر زۆرداری و ترس.

لە ئەم بینینەدا، ئازادیی ژن جێگایەکی ناوەندی هەیە. چونکە سەرکوتی ژن بنەمای هەموو شێوازەکانی تر لە سەرکوتە. بۆیە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» تەنها دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی ژیانە کە دەڵێت بە بێ ئازادیی ژن، کۆمەڵگەناتوانێ ئازاد بێت.

هەروەها، یەکێتی و هاوپەیمانی نێوان گەلان و پێکهاتە جیاوازەکان ــ کورد، فارس، بەلوچ، عەرەب، تورکمان و هەموو گرووپەکانی تر ــ دەتوانێ ببێتە هێزێک بۆ شکاندنی سیاسەتی دابەشکردن و ناڕەوایی. چونکە داهاتووی ئازاد تەنها کاتێک دروست دەبێت کە ماف و ناسنامەی هەمووان بە یەکسانی بناسرێت و هیچ دەنگێک لە حاشیەدا نەهێڵدرێت.

لە کۆتاییدا، ئالترناتیفی ڕاستەقینە بۆ ئێران ئەوەیە کە خەڵک خۆیان ببنە نووسەری داهاتووی خۆیان. ئەوەی دەتوانێ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دروست بکات، هۆشیاری، ڕێکخستن و هاوپشتیی کۆمەڵگەیە. کاتێک خەڵک بە باوەڕ بە یەکتر و بە هیوا بە داهاتوو یەکدەگرن، دەتوانن تەنانەت لە تاریکترین بارودۆخیشدا ڕێگا بۆ ئازادی بکەنەوە

ژیان هەورامان

ئەندامی  کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەژار

١٣.٥.٢٠٢٦

.