خەباتە بەردەوامەکانی ئەمڕۆ، بەرهەمی بەرخودانەکانی دوێنن کە لە زیندانەکانی ئێران، لەلایەن شیرین عەلمهۆلی و هاوڕێکانی دیکەمانەوە ئەنجام دران.
لە کاتێکدا دەچینە ناو شازدەهەمین ساڵیادی سیدارەی هاوڕێیانمان «شیرین عەلمهۆلی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی و عەلی حیدەریان»، لە لایەک هێرشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە ئازادیخوازان، بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی، زیاتر دەبن و لە لایەکی دیکەوە تێکوشانی کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت. کژار لەگەڵ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی ٩ی می، دەڵێت شەهید شیرین عەلمهۆلی و هاوڕێیانی دیکەی، بە خەباتەکانیان ژیانێکی بامانایان پێشکەشی کۆمەڵگا کرد.
هەر یەکێک لەم هاوڕێیانە، هەنگاویان ناوە ناو ڕێگایەک و بۆ گەیشتن بە ئامانجێک خەباتیان کرد کە دواتر لە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا ڕەنگی دایەوە. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە شیرین عەلمهۆلی لەسەر دیواری زیندان نووسیبووی، فەلسەفەی ژیانی خۆی بوو. شیرین عەلمهۆلی جگە لەوەی زیندانییەکی سیاسی بوو، وێنەی نەوەیەک لە ژنانی کورد و ژنانی ئازادیخوازی ئێران بوو کە ئامادە نەبوون لەبەردەم سووکایەتی، جیاکاری و سەرکوت سەری خۆیان دابنێن. دەنگی ئەم تێکۆشەرە دواتر لە ڕاپەڕینەکانی شەقامەکان لە سالی ١٤٠١ و ١٤٠٤ و دادخوازیی دایکانی ئاشتی و خەباتکاردا ڕەنگی دایەوە. ئەمڕۆش بەرخودانی ژنانی سیاسی وەک زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و زیندانیانی سیاسیی دیکە، لە فەرهەنگی «بەرخودان ژیانە» سەرچاوە دەگرێت؛ ئەو فەرهەنگەی کە شیرین عەلمهۆلی و هاوڕێکانی دیکەمان باوەڕیان پێی هەبوو.
فەرزاد کەمانگەر، ئەو مامۆستایەی کە بە هۆنراوە و نووسینەکانی ئەدەبیاتێکی نوێی هێنایە ناو تێکوشانی زیندان. ئەدەبیاتێک کە تێیدا ژیان بە نرختر و باماناتر دەبێت. نووسین و شیعرەکانی ئەم مامۆستای ئازادیخوازە، قوتابیگەلێکی پەروەردە کرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا سروودی ئازادییان لە پۆلەکاندا دەخوێندەوە. ئێعدامی فەرهاد وەکیلی و عەلی حیدەریان، مردنیسیاسەتی کۆماری ئیسلامی زیاتر ئاشکرا کرد؛ ئەوان لە دڵی خەڵکدا جاودانەتر بوون. زیندانیانی سیاسیی ئازادیخوازی کورد، بە چالاکییەکانیان نیشانیان دا چەندە بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک باوەڕیان هەیە و بۆی تێکوشان دەکەن.
ئەزموونی دەیانە ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامی لە سزای سێدارە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ پاراستنی دەسەڵات بەکاردێنێت. لە دەورانی خوێناوی سەرکوتەوە تا ئەمڕۆ، هەزاران مرۆڤ تەنها بەهۆی بیرکردنەوە، ناڕەزایەتی، چالاکیی سیاسی، بەرگری لە مافەکانی خەڵک یان تەنانەت ئارەزووی ئازادی، ڕووبەڕووی حوکمی مردن بوونەتەوە. زیادبوونی بەرچاوی سێدارەکان، بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینە گەلان، نیشان دەدات کە حکومەت هێشتا مانەوەی خۆی لە سەرکوت و دروستکردنی ترسدا دەبینێت.
ئەمڕۆ، لە بارودۆخێکدا کە چاوی جیهان لەسەر قەیران و شەڕەکانی ناوچەکە دایە، ژمارەی سێدارەکان لە ئێران بەردەوام لە زیادبووندایە و زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی، خوپێشاندەر و هاووڵاتیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی مردندان. بێدەنگی لەبەرامبەر ئەم تاوانە، تەنها ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی هەموارتر دەکات. لەبەر ئەوە، کژار داوا لە هەموو ژنان، دامەزراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیای سەربەخۆ و ویژدانی زیندووی جیهان دەکات کە لەبەرامبەر ئەم بازنەی مردنە، چالاکییەکانیان بۆ وەستاندنی سێدارە فراوانتر بکەن.
نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ کژار
١٩ی گولان ١٤٠٦ی هەتاوی ـ ٩ی مای ٢٠٢٦ی زایینی