شەهیدان تەنها یادەوەرییەکی مێژوویی نین؛ بەڵکو بنەمای هێزی دیموکراتیکیی کۆمەڵگەن و هێزی ئایدیۆلۆژیکیی شۆڕشی کۆمەڵایەتین. ئەوان بە ڕۆحی فیداکاری، هێزی بڕوا و خەباتی ڕێکخستن، بناغەی شۆڕشی کۆمەڵایەتییان دانا و ئیرادەی گەلەکانیان بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی ڕێکخست. شەهیدان بە خوێن و هزر و بڕوایان، مانای ئازادییان لە ئاستی وتارەوە گواستەوە بۆ ئاستی ژیان و کردار.

 شەهیدان خاوەنی راستەقینەی ئەم وەلاتەن .چون بە گیان و فیداکاری سنووری بەرژەوەندی تاکیان دەرباس کردووە  .لە بەرزترین ئاستی هۆشیاری و مرۆڤبوون دا دەژین . سنووری ترس و کۆیلایەتییان شکاندووە و بوونەتە هێزی ماناسازی ژیان و بەرخۆدان.

بە تایبەتی مانگی گولان، کە لە مێژووی بزوتنەوەی ئازادیخوازیدا بە مانگی شەهیدان ناسراوە، تەنها مانگی یادکردنەوە نییە؛. گولان مانگی نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ئەو خوێنانەی کە لە پێناوی ئازادی ڕژان. یادکردنەوەی شەهیدان کردارێکی سۆزداریی تەنها نییە؛ بەڵکو کردارێکی ڕێکخستنی و سیاسییە بۆ بەردەوامکردنی خەبات و پاراستنی هۆشیاریی کۆمەڵگە

شەهیدانی سێدارە لە مێژووی خەباتی گەلەکاندا، هێمای بەرزی بەرخۆدان و فیداکاریی شۆڕشگێڕانەن.هێزە دەسەڵاتدارەکان بە سێدارەدان هەوڵیان دا ترس لە ناخی کۆمەڵگەدا بچێنێنن و ڕۆحی بەرخۆدان بشکێنێنن، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەی ویستی سیستەمی سەرکوتکار بوو؛ چونکە هەر دارێک کە بۆ سێدارە هەڵکرا، بوو بە بەرزیی هۆشیاری و هەر خوێنێک کە ڕژا، بوو بە بانگەوازێک بۆ بەردەوامیی خەبات.

سیستەمی دەسەڵاتداری، وەکوو سیستەمێکی ناوەندی و پیاوسالار، هەموو کات هەوڵدەدەن هێژمۆنیای خۆیان لە ڕێگای سەرکوت، ترساندن و کۆنترۆڵکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە بپارێزن. بەڵام بەرخۆدان وەک پرۆسەیەکی ئایدیۆلۆژیکی و ڕێکخراو، ئەم هێژمۆنیایە دەشکێنێت و هۆشیارییەکی نوێ دروست دەکات. بەرخۆدان تەنها وەڵامدانەوە بە ستەم نییە؛ بەڵکو ستراتیژییەکی درێژخایەنەی دروستکردنی مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگایەکی هۆشیارە. لە ڕێگای بەرخۆدانەوە، تاک دەگۆڕدرێت بۆ ئەندامێکی چالاک لە پرۆسەی گۆڕانکاریدا و کۆمەڵگاش دەبێتە هێزێکی ڕێکخراو. لە بەر ئەوەی کە زانییارییەکی بێ هاوتا لە پشت هەمان خۆڕاگرییەوە هەیە. گەلی کورد ئێستا لە پەنا بەرخۆدانەوە، پێشەنگایەتی بۆ ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک دەکات. ئەمەش بە تێکۆشانی کەسانێ وەک شەهیدانی ٩ گولان بووە. شەهیدانی سێدارە، نموونەی هزر و بەرخۆدانی مێژوون. ئەوان زیندانیان کرد بە قوتابخانە و وانەی ئازادییان لە دیوارەکانی زیندانی ئەوین،نوسیەوە. شیرین زیندانی کردە جێگەی بەرز راگرتنی کلتوری خوراگری حەتا کوتای بو پاراستنی ناسنامەی ئازادی کومەلگە تێکوشا.بویەش وەک بانگەوازیکی ئازاد ئەمروو «ژن، ژیان،ئازادی »لە رۆژهەلات بە هێزی قەلەمی شیرین و فەرزاد و…وەک ئەوان سنووری زیندانەکانی شکاند.

دەسەڵات دەتوانێت جەستە بسڕێتەوە، بەڵام ناتوانێت مانا بسڕێتەوە. چونکە هەر شەهیدێک دەبێتە سەرچاوەی دروستبوونی هۆشیارییەکی نوێ و هەر خوێنێک دەبێتە زمانێکی نوێ بۆ بەرخۆدان. ئەو مانایەی شەهیدان بەرهەمی دەهێنن، لە ناخی کۆمەڵگەدا دەگۆڕێت بۆ ڕۆحی بەرخۆدان و خەباتی بەردەوام.

ئەمڕۆ شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەک قۆناغێکی نوێی ئەم هزرە دەردەکەوێت. ئەم شۆڕشە تەنها ناڕەزایەتیی سیاسی نییە؛ بەڵکو شۆڕشێکی کەلتووری و ئایدیۆلۆژیکییە کە ژن لە ناوەندیی گۆڕانکاریدا دادەنێت. ژنان لە پێشەوەی ئەم پرۆسەدان و ڕۆڵی سەرەکییان لە دروستکردنی هۆشیاری، ڕێکخستن و ئاراستەکردنی خەباتدا هەیە. بویەش یادکردنەوەی شەهیدانی سێدارە کردارێکی سیاسی، ئایدیۆلۆژیکی و ڕێکخستنییە بۆ بەردەوامکردنی خەبات و پاراستنی هۆشیاریی کۆمەڵگە. بەم مانایە، مانگی گولان دەبێتە قۆناغێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمان بە شۆڕش و بەردەوامی لە ڕێگای گۆڕانکاریی بنەڕەتی.بەو بەلێنەوە کە ئارمانجەکانیان بگەینینە سەرکەفتن .بەلێنی ئیمە ببێتە ئەوەی کە نەتەنیا زیندان و سێدارە لە هەر قادی ژیان دا لە گەل شەهیدان گەل بژین .

ژیان هەورامان

٠٨.٠٥.٢٠٢٦

ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کژار.