ئێران لە نێوان قەیران و دەرفەتی گۆڕانکاری دیموکراتیک

ئێران لە قۆناغێکی هەستیار و وەرچەرخاندا تێدەپەڕێت. ئەم قۆناغە، بە تایبەتی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشانەی قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییە. بەڵام هەمان کات، ئەم دۆخە دەرفەتێکی گرنگیش دەخاتە ڕوو بۆ نوێکردنەوە و ڕێکخستنی سیستەمێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

قەیرانەکانی ئێستای ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی سیستەمێکی ناوەندی و سەرکوتکار کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بەردەوام بووە. چونکە کاتێک دەسەڵات ناتوانێت ڕەزامەندی کۆمەڵگا بەدەست بهێنێت و تەنها پشت بە هێز ببەستێت، بەکارهێنانی توندوتیژی ناتوانێت چارەسەری درێژخایەن پێشکەش بکات، بەڵکو قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

لەبەر ئەوە، گۆڕانکاری دیموکراتیک وەک ڕێگەچارەیەکی بنەڕەتی دەردەکەوێت. دیموکراتیزەکردنی سیستەم بە مانای داننان بە ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە. ئەم پرۆسەیە دەتوانێت بنەمایەکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی سیاسەتی دیموکراتیک دروست بکات.

لە جۆگرافیای سیاسی ئێران دا، گەلێک نەتەوە و کەلتوور پێکەوە دەژین، هەموو ئەوە نەتەوانە خاوەن مێژوو و ناسنامەی تایبەت بە خۆیانن. کاتێ دەتوانین باس لە دیموکراسی بکەین کە مافی جیاوازییەکان بناسرێت. لە ئێستادا کە کۆماری ئێران، ناوەندگەرا و رەگەز پەرەستە، ناتوانێ وڵامدەری هیچ جۆرە کێشەیەک ببێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆڵی ژنان وەک بنەمایەکی سەرەکی لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە. بەهێزکردنی ژنان و داننان بە ماف و ئازادییەکانیان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگا. توێژینەوە زانستییەکان نیشان دەدەن کە ئەو کۆمەڵگایانەی بەشداری ژنان تێیاندا بەرزترە، سەرکەوتوتر و دیموکراتیکترن.

لە ئەم چوارچێوەیەدا، شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەک پارادایمێکی نوێ دەردەکەوێت کە توانای دروستکردنی بنچینەیەکی هاوبەش بۆ پێکەوەژیانی گەلان هەیە. ئەم شۆڕشە تەنها جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی فکری و سیاسییە کە بانگەشە بۆ ئازادی، دادپەروەری و هاوبەشی دەکات.

هاوپەیمانی نێوان هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەم قۆناغەدا پێویستییەکی مێژووییە. ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت ببێتە هێزێکی گۆڕانکاری بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دیموکراتیک. بە تایبەتی، یەکگرتنی گەل و ڕێکخستنەکان، بەهۆی هەبوونی گوتاری هاوبەش، دەتوانێت زەمینەساز بێت بۆ گواستنەوەی دیموکراتیک.

لە ڕوانگەی ستراتیژیکەوە، «نەتەوەی دیموکراتیک» وەک پرۆژەیەکی هاوبەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەتوانێت چارچێوەیەکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشە نەتەوەییەکان پێشکەش بکات. ئەم تیۆرییە بە پێکهاتنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای هاوبەشی و ئازادی گەلان دادەنرێت.

لە کۆتاییدا، گۆڕانکاری دیموکراتیک لە ئێران بەبێ بەشداری کارای ژنان و هاوپەیمانی گەلان ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. تەنها ئەلترناتیڤی ڕاستەقینە، سیستەمێکی دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، ئازادی و یەکگرتوویی دامەزرابێت.

ژیان هەورامان

ئەندامی کومیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەژار

١٤.٤.٢٠٢٦